گەڕانەوەی دیوارە كۆنكریتەكان.. كۆتایی بەهاری گەشبینی لە بەغدا

گەڕانەوەی دیوارە كۆنكریتەكان.. كۆتایی بەهاری گەشبینی لە بەغدا
2009-10-18T10:57:44+00:00

دیوارە كۆنكریتیەكانن و ئاماژەكان باس لە كۆتایی بەهاری گەشبینی و ئاسایش لە بەغدا دەكەن.

ئاژانسەكان باس لەوە دەكەن بۆ جارێكی دیكە دوودڵی و ترس باڵ بەسەر بەغدادا دەكێشێت و بەهۆی تەقینەوەكان ژیانی ئاسایی كە ماوەیەك بوو لە بەغدا بەرقەرار بوو، دیسان جێگەی خۆی دەدات بە توندوتیژی و هاووڵاتیان و دامودەزگاكانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی ئەمنی تازە خۆیان ئامادە دەكەن.

ئاژانسی ئەسوشیتێد پرێس دەگوازێتەوە كە كرێكاران بە كرێن خەریكی دووبارە دروستكردنی دیوارە كۆنكریتیەكانن لە دەوری وەزارەتی دەرەوە و بینا حكومیەكانی تر، دوای ئەوەی كە بەرپرسە عێراقیەكان مەترسی ئەوە دەكەن باری ئاسایش روو لە خراپی بچێت، لەدوای تەقینەوە گەورەكانی نزیك ئەو وەزارەتە و وەزارەتی دارایی كە بە هێمای دەوڵەت دادەنرێت و لە نزیكی ناوچەی سەوز بە چڕوپڕی پارێزگارییان لیدەكرێت.

ئەسۆشیتێد پرێس ئاماژە بەوە دەدات تەقینەوەكان بوونە هۆی لەناوچوونی ئەو متمانەیەی كە نوری مالیكی بە هۆی جێگیركردنی ئاسایش بۆ خۆی بنیات نابوو بۆ هەندێك وەكو قارەمانێكی لێهاتبوو و هەروەها دەبێتە هۆی هەڵگەڕانەوەی بڕیاری مالیكی بۆ لابردنی دیوارە كۆنكرێتییەكان، لە پێناو ئەوەی بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی سەرەتای ساڵی داهاتوو، ژیان لە بەغدا ئاسایی بخرێتە بەرچاو.

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشیار زێباری دەڵێت: لەوانەیە دەستێكی ناوخۆیی لە پشت تەقینەوەكانەوە بێت، لەبەر ئەوەی ناوچەی سەوز و ئەو ناوچەی كە بە هۆی هەڵكەوتنی وەزارەتی دەرەوە و دارایی، تەقینەوە توقێنەرەكانی لێ ئەنجام دراوە، زۆر بە توندی پارێزگارییان لێدەكرێت و دەرەفەتی ئەوە نییە كە بەو جۆرە هاتووچۆیان تێدا بكرێت.

نوری مالیكی پێشتر فەرمانی دابوو دیوارە كۆنكرێتییەكان تا بەر لە ناوەڕاستی ئەیلوول لاببرێن، بەڵام رەخنەگرانی حكومەتی مالیكی ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەو بە هۆی مەبەستی سیاسی و هەڵبژاردن، پێش لە وادەی خۆی رێیوشوێنە ئاسایشیەكانی هەڵگرتوون و ئەوەش بووەتە هۆی دووبارە تێكچوونەوەی باری ئاسایش لە عێراق كە خەریك بوو بە وردی دەكەوتە سەرپێ و قۆناغی ناسەقامگیری و توندوتیژی تێدەپەڕاند.

لە یەكەم كاردانەوەیدا بۆ هاووڵاتیانی عێراق نوری مالیكی سەرۆك وەزیر، لەسەر لۆمەكردنی هێزەكانی ئاسایش بەردەوام بوو و قامكەی تاوانیشی بەرەو پاشماوەكانی بەعسی سەدام حوسێن و ئەلقاعیدە رەوانە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كەسێك لە پەیوەندی بەو كەسانەی كە كاری تەقینەوەكانی ئەمدواییەیان ئەنجامداوە، گیراوە و زیاتر لەوەی ئاشكرا نەكردووە، وێڕای ئەوەی كە سووربوونی خۆی بۆ بە دەست خستنی ئاسایش وەكو گرنگترین دەسكەوت و پێویستی بۆ عێراقییەكان دووپات كردەوە.

لە دوای رووخانی رژیمی سەدام لە 2003دا، عێراق بۆ ماوەیەكی درێژ كەوتە ناو توندوتیژی و ناسەقامگیری و ئەو دۆخە تا 2007 درێژەی كێشا. دوای ئەوە بارودۆخی ئاسایش لە عێراق باشتر بوو و توند و تیژی و تەقینەوە تا رادەیەكی زۆر روو لە كەمبوونەوە رۆیشت، بەڵام ئێستا بۆ جارێكی تر باری ئاسایش روو لە تێكچوون دەچێت و نیگەرانی تازەی لای هاووڵاتیان و دەسەڵاتدارانی عێراق دروستكردووە.

هەرچەند كە مالیكی دەیهەوێت خۆی وەكو قارەمان و خاوەنی ئەو دەسكەوتانە پیشان بدات، بەڵام بە بڕوای چاودێران ئەو دەسكەوتانە زیاتر بەرهەمی پلانەكانی فەرماندەی تازەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقن، ژەنەراڵ رایمۆند ئۆدێرنۆ بوو تا هەوڵەكانی حكومەتی مالیكی و دۆخی نوێ لە دوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە شارەكان و ناوچە مەدەنیەكانی عێراق، ئەوەمان پێدەڵێت كە هێزەكانی ئاسایشی ئەو وڵاتە تا ئێستاش پێویستیان بە هاوكاری ئەو هێزانە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن جڵەوی ئاسایش بگرنە دەست.
Shafaq Live
Shafaq Live