ژنــە گەریـلایەك بەهێزترین كاندیدی سەرۆكایەتی بەڕازیلە

ژنــە گەریـلایەك بەهێزترین كاندیدی سەرۆكایەتی بەڕازیلە
2010-10-02T20:37:03+00:00

ژنە سیاسەتمەدار و رێبەری پێشووی گەریلا، دیلما رۆوسەف بەهێزترین كاندیدە بۆ سەرۆكایەتی داهاتوی وڵاتی بەڕازیل، كە بڕیارە لە 3 مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچن. ئەگەر دیلما رۆوسەف كە بەخۆڕاگری لەدژی دكتاتۆری سەربازی بەناوبانگە، لەهەڵبژاردنی داهاتوودا وڵاتەكەی سەربكەوێت دەبێتە بەهێزترین و لێهاتووترین ژن لەجیهان.

 

لەسایەی سەرۆكایەتی لولا دی سیلڤا وڵاتی بەڕازیل، كە گەورەترین وڵاتی كیشوەری ئەمریكای لاتینیە، بووە خاوەن بەهێزترین ئابووری ئەمەش سەنگی ئەم وڵاتەی لەئاستی نێونەتەوەیی بەهێزتر كرد. بەو ئامانجەی سەرۆكایەتیەكی نوێ بێتە سەركار و درێژە بە دەستكەوتەكانی ئەو بدات، لولا دی سیلڤا، جێگرەكەی دیلما رۆوسەف وەكو كاندیدی پارتی كاری بەڕازیل بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی كە بڕیارە لە 3 مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت دەستنیشان كرد. كۆمپانیاكانی راپرسیش بەر لەهەڵبژاردن پێیانوایە ئەو ژنە گەریلایە لە%50 دەنگەكان بەدەست دێنێت و بەڕێژەی %20 لەپێش هەموو ركابەرەكانی ترە. ئەگەر ئەنجامی ئەم راپرسیەش راست دەربكەوێت، بەم شێوەیە دیلما ۆوسەف دەبێتە یەكەمین ژنە گەریلا كە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی وڵاتێك دادەنیشێت. لەهەمان كات ئەم ژنە گەریلایە لەسەر ئاستی جیهان دەبێتە بەهێزترین رابەری ژن.

دیلما ۆوسەف لەتەمەنی 63 ساڵی دایە و لەبنەمادا خەڵكی وڵاتی بولگارستانە، تا ئێستا چ ئەركێكی سیاسی و حكومی گرتبێتە ئەستۆ بە سەركەوتوویی بەجێیهێناوە. ۆوسەف لەساڵی 1963 تا 1985 یەكێك بوو لەو رێبەرانەی لەدژی دەسەڵاتە سەربازیەكان لەئەمەریكای لاتین كە بە پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر دەسەڵاتبوون بەشداری یاخیبوونەكانی كردووە. هەر بەم هۆیەشەوە دەستگیر دەكرێت و دەخرێتە كونی زیندانەوە. ئەو لەتەمەنی 16 ساڵی دەبێتە ئەندامی رێكخراوی POLOP (سیاسەتی كرێكار) كە رێكخراوێكی جەماوەری بوو و هەوڵیدەدا بیرۆكەی سۆسیالیزم بە چەوساوەكان بناسێنێت، هەروەها لەدژی درژێمە دكتاتۆریە سەربازیەكان بەشداری لەچەندین بزوتنەوەی گەریلایی چەكدار وەكو (كۆمیتەی رزگاری نەتەوەیی) لەكۆڵۆمبیا و هەروەها رێكخراوی (هێزەكانی پێشڕەوی شۆڕشگێڕی چەكدار) لەپاماناس كردووە. لەبوارەكانی شەڕكردن لەگەڵ پۆلیس و پەیڕەوكردنی تەكتیكی گەریلایی شارەزایەكی باشی هەیە. بەڵام لەهەموویان زیاتر لەبواری رێكخستنی كرێكاران لەناو سەندیكا پیشەییەكان ناوی دەركردووە.

 

ئەم رێكخراوانە لەبەڕازیل لەنێوان ساڵانی 1960 تا 1970 بۆ ئازادكردنی هاوڕێكانیان دیپلۆماتە بیانیەكانیان دەڕفاندن و بەبارمتە دەیانگرتن. لەمبارەیەوە (یەك دیپلۆماتی ئەمەریكیان بەرامبەر بە 10 بەندیكراوی خۆیان، یەك دیپلۆماتی ئەڵمانی بەرامبەر بە 40 ئەندامی خۆیان و یەك دیپلۆماتی سویسڕی بەرامبەر بە ئازادكردنی 70 لەهاوڕێكانیان ئازاد دەكرد)، لەهەمان كاتدا هێرشیان دەكردە سەر ئەو بیانیانەی بۆ پەروەردەكردنی جەنەڕالە سەربازیەكان لەدژی شەڕی گەریلایی دەهاتنە ئەو كیشوەرە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ژنە سیاسەتمەدارە ئێستاشی لەگەڵ دابێت، دان بەوە دانانێت بەشداری هیچ جۆرە هێرشێكی بەم شێوەیەی كردبێت، بەڵام كاتێك لەساڵی 1970 دەستگیر دەكرێت، بە سەركردایەتیكردنی چەندین هێرش و ڕفاندنی چەندین دیپلۆمات دادگایی دەكرێت. دوای ئەوەی بە 25 مانگ زیندانیكردن سزا دەدرێت، رووبەڕووی ئەشكەنجە و سوكایەتی پێكردن دەبێتەوە. بەڵام دوای ئازادكردنیشی، رۆوسەف وەكو سەرۆكی پێشووی ئۆروگوای كە ئەویش رێبەرێكی گەریلا بووە و بەهەڵبژاردن هاتبووە سەر دەسەڵات، رایگەیاند كە شەرم لەرابردووی سیاسی خۆی ناكات، بەڵكو شانازی پێوە دەكات، چونكە بۆ گۆڕانی جیهان و دادپەروەری ئەم كارەی هەڵبژاردووە.

لەسەردەمی منداڵی خەیاڵی دیلما ئەوە بووە لەدواڕۆژ ببێتە دانسەرێكی بالێ یان پاڵەوانێكی سێرك. پارە بۆ ئەو هیچ نرخێكی نەبووە، كاتێك سواڵكەرێك لەدەرگای دابێت، ئەو پارەیەی هەبووە لەگەڵی بەشكردووە. رۆوسۆف لەباوكی فێری خوێندەواری بووە، دوای روخانی دیكتاتۆریەت لەساڵی 1986 لەهەرێمی سول بوو بەوەزیری دارایی. لەساڵی 1993 بووە وەزیری وزەو هەرێمەكەی لەكێشەی نەبوونی و بڕانی كارەبا رزگار كرد، لەساڵی 2000 بووە ئەندامی پارتی سەرۆكی ئێستای بەڕازیل لولا دی سیلڤا، لەساڵی 2003 بۆ جارێكی تر لەحكومەتی دا سیلڤا بوو بەوەزیری وزە، لەساڵی 2005 بووە سكرتێری گشتی سەرۆكی پارتەكەی. لەو سەردەمەی 24 ملیۆن بەڕازیلی لەژێر هێڵی هەژاری دەیناڵاند، حكومەتی دی سیلڤا لەسایەی بەرنامە رێكوپێكەكەی ئابووری وڵاتەكەی بوژاندەوە، ئەمەش وا دەكات شەنسی سەركەوتنی دیلما ۆوسەف زیاتر ببێ.

لەو كاتەی ئەندامێكی بزوتنەوەی چەكداری بوو دیلما رۆوسەف بۆ یەكەمین جار هاوسەرگیری دەكات، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم لە هاوسەرەكەی جیادەبێتەوە. دیلما كە ئێستا نەوەیەكی هەیە ساڵی رابردوو تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بوو، بەڵام بە هاوكاری سەرۆكەكەی ئەم نەخۆشیەی تێپەڕاند.

وەكو دەزگاكانی راپرسی و هەواڵ جەختی لێدەكەنەوە، بوونی دیلما رۆوسەف بەسەرۆكی داهاتووی بەڕازیل تەنیا مەسەلەی كاتە. بوونی ئەو ژنە گەریلایە بە سەرۆكی وڵاتێك كە خاوەن هەشتەمین ئابووری بەهێزە لەسەر رووی جیهان، وای لێدەكات ئەنگێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیا و هیلاری كلنتۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تێبپەڕێنێ و ببێتە ژنی هەرە بەهێزی جیهان.
























 

سڤیل: هێمن خۆشناو

 

 

Shafaq Live
Shafaq Live