ڕیفراندۆمی توركیا پێشڤەچوونێكی دیكەی دیموكراسییە

ڕیفراندۆمی توركیا پێشڤەچوونێكی دیكەی دیموكراسییە
2010-09-14T11:46:20+00:00

دیموكراسیدا، بژێ و. سوور بێت لەسەر بەرەو پێشڤەچوون. لە ئێراقەوە بگرین، كە لە دۆخی نیمچە كودەتاییەكی زەوتكردنی دەسەڵاتدایە، تا میسرو سوودان و یەمەن دەبینین گشت چەقیون. ناشتوانن تەكان بەخۆیان بدەن، بەڵكو حاڵەتی بەرگری لە ڕژێمەكانیان وەرگرتووەو هیچی تر. لە وڵاتی توركیادا پرۆسەیەكی زیندووی وەرچەرخان بەدیدەكەین، بۆچی دەبێ دان بەم هەقیقەتا نەنێین؟! ئاخر پرۆسەو ئەنجامی ڕیفراندۆمی 12ی ئەیلوول وەرچەرخانێكی گرنگە، كاریگەری پۆزەتیڤی (ئەرێنی) بەسەر گشت كوردستانەوە دەبێت، لەوانەش هەرێمی باشووری كوردستان. ڕاستە كە ڕێژەیەكی زیادی دەنگدەرانی كورد، بە پیری بانگەوازی BDPیەوە چوون و، لەسەر سەندوقەكان ئامادە نەبوون و، دەنگیان نەدا، كە بێگومان كاریگەری تایبەتی خۆیان هەبوو و خورتبوونی پێگەی جەماوەریی ئەم پارتەی گەیاند، كە لە حكوومەتی توركیا دەخواست مافەكانی گەلی كوردیش بخرێتە ڕیفراندۆمەكەوە بەرامبەر بەوەی دەنگی پێبدەن، لێ بەڵێ لە سەرێكی دیكەوە، وەك چاودێرو ئاگادارن دەڵێن، ڕێژەیەكی بەرچاوی دەنگدەرانی كورد چوونە دەنگدان و بڕیاری (بەڵێ)یان بە ڕیفراندۆمەكەی تەیب ئۆردۆگان چەسپاند، تا ڕادەیەكی هەندێ چاودێر لایان وایە كە ئۆردۆگان بە دەنگی كورد سەركەوتووە. ئەوەشیان سەیرە. چونكە ئەگەر وەها بووبێت ئەوە كورد، لە هەردوو لاوە (سەیرو سەمەرەی) نواندووە- لەلایەكەوە. ڕێژەیەكی كورد نەچوونە دەنگدان و گرنگی ڕێژەی دەنگی كوردیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەلماندووە. لەلایەكی دیكەشەوە ڕێژەیەكی دیكەی كورد چوونەتە دەنگدان و، كەم و زیاد، ناوەڕۆكی ڕیفراندۆمەكەیان سەرخستووە. لەم شەندوكەوەدا دەردەكەوێ كە: 1 -كوردی توركیا، لەم ڕیفراندۆمە گرنگەدا، یەكڕیزو یەكدەنگ نەبوونە. 2 -ئەوانەی كە چوونەتە دەنگدان كاریگەریی پۆزەتیڤیان هەبووە، چونكە جێبەجێكردنی هەموارەكانی دەستووری توركیا ڕێگە خۆشدەكات بۆ بەرفراوانی دیموكراسی و پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد. 3 -پرسیار ئەوەیە: ئەگەر ڕیفراندۆمەكە سەرنەكەوتبا كورد چی سوودێكی دەبرد؟! بەدیلی چی دەبوو؟ ئایا موعاریزانی ڕیفراندۆم، كە حزب و هێزە توندڕەوە ناسیۆنالیستەكانی توركیان، چییان بۆ كورد دەكرد؟ بڕوا ناكەم هیچیان هەبێت وەك لە مێژوویانا نەیانبووە. 4 -كەواتە، ئایا دەتوانین بڵێین كە بایكۆتی ڕیفراندۆمەكە، لەلایەن پارتی ئاشتی و دیموكراتییەوە، لە جێگەی خۆیدا نەبووە؟ لە كوێدا بە هەڵەدا چووە؟! بێگومان، بەو ڕێژەیەی كە بایكۆتیان كرد مەترسی ئەوەی هەبوو كە ڕیفراندۆمەكە سەرنەكەوێ. جا. دەنگدانی ئەو ڕێژەیەی كورد كە چوونە سەر سندوقەكان، چ ناوێكی لێبنێین؟ لێرەدا، ڕەنگە هەر ئەوە بتوانین ببێژین كە هۆشیاری خەڵكی كورد لە باكووری بە ڕادەیەكی وەها پوخت و بەرز گەیشتووە كە بتوانن جەوهەرو ناوەڕۆكی مەسەلەكان جیابكەنەوە لە دروشم و پڕوپاگەندەو عاتیفەو توێكڵ  5 -هەرچی بووبێت و، دامودەزگا سیاسییەكانی كورد هەر چۆنێكی لێكبدەنەوە. ئەوەی هیچ ئاگادارو چاودێرێكی بە ویژدان ناتوانێ نكووڵی لەوە بكات سەركەوتنی ڕیفراندۆمەكە، جگە لە سەركەوتنی مەعنەوی و حزبایەتیی تەیب ئۆردۆگان، چەند ئاكامی باشی بۆ دیموكراسی و دۆزی كورد لە وڵاتەدا لێكەوتووتەوە. لەوانەش: أ- مەترسی كودەتای عەسكەری لە توركیا كەمبووە، یا ئێجگاری نەماوە، بێگومان گەلی كورد هەمیشە یەكەم قوربانیی كودەتاكانی توركیاو وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووە. نەمانی ئەو مەترسییە هەم بۆ دیموكراسی و هەم بۆ داهاتووی كوردو گشت خەڵكی توركیا، مژدە هێنەرە. ب- دەسەڵاتی دەزگای قەزایی سنووردار بووە، كەواتە ئیتر حزبەكان، كەمتر (یا بەهیچ شێوەیەك) دووچاری سزای داخستن و هەڵوەشانەوە نابن، لەم بوارەشدا زۆرینەی حزبە كوردییەكان تا ئێستا داخراون، ئاخرینیان حزبی كۆمەڵگەی دیموكراتییە.  ج- ئازادیی دەربڕین و سیاسیی فراوانتر مسۆگەر دەبێت. د- گرنگتریش ئەوەیە، كە ئیتر حكوومەتی توركیا (چی لەسەردەمی ئۆردۆگان یا دوای ئەو) باشتر دەستیان دەكرێتەوە بۆ گۆڕانكاریی دەستووری و یاسایی لە بەرژەوەندی مەسەلەی كوردداو. ئومێدی باشترو فراوانتر لە پێش پڕۆسەی ئاشتییانەی مەسەلەكە دەخرێتە سەر پشت. كەواتە، كورد لەم ڕیفراندۆمەدا هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە، قازانج نەبێ، ئەویش قازانجی باش، دەبێ لە چاوی ئەم بەرژەوەندییە باڵاوە تەماشای ئەنجامەكە بكەین نەك لە چاوی پێشبڕكێی حزبی لەگەڵ ئەم و ئەو. جا. خەڵكی كورد دەبێ بۆ هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمەكانی داهاتوو ئامادەو وریاو هۆشیار بین و، نەترسن لە دەربڕینی دەنگی خۆیان بۆ هەر كەسێك كە بەرنامەی بەسوودی دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەلانی كوردو تورك.

له‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌باته‌وه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live