ڕای ئێمە و ئاڵۆزی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا

ڕای ئێمە و ئاڵۆزی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا
2010-01-18T16:20:49+00:00

هەردوو وڵات و دەزگاکانی میدیایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و جیهانیی گرتۆتەوە و هەردوولایەنی پەیوەندار و خاوەن کریسەکە دەم و پێنووس و گووتارییان زۆر توند بوو بەرامبەر بە یەکتر و هەندێک جاریش دەچووە بواری هەڕەشە و گووڕەشە و هەتا ئاستی بەرپەرچدانەوەی توندو هێرش کردنە سەر یەکتر بە زمانێکی زۆر زبر و تووند و زێدەڕۆی دوور لە عورفی دیبلۆماسی بەتایبەت تورکیا . کە دەتوانم بڵێم بەرپەچەکردارەکانی زۆر زۆر نابەجێ و رەق وزەق و تووندتر بوو لەوەی کە ئیسرائیل بەرامبەر باڵێوزی تورکیا و دواتریش دوای وەڵامدانەوە و هەڕەشەی تورکیا و "عەبدوڵا گوڵ" سەرۆک کۆماری تورکیا و مۆڵەتدانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە حکومەتی ئیسرائیل کە تا ئێوارەی 13-01-2010 پۆزش بهێنێتەوە و داوای لێبووردن لە حکومەت و گەلی تورکیا بکات بەرامبەر بەو زێدەڕۆییەی کردوویانە دەرهەق بە باڵیوزەکەیان. ئەوە بوو ئیسرائیل بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی کرد لە سەر زمانی "عالییت شالوم"  وەزیری دەوڵەت بۆ کارو باری پەیوەندییەکان ، کاتێ وتی ئێمە داوادەکەین کە هەڵس و کەوتی حکومەت و کارمەندانی دەوڵەتی ئێمە بە شێوەیەکی باش بێت لەگەڵ نوێنەران و میوانانی وڵاتانی تر لە ناو وڵاتەکەماندا . بۆیە ئەگەر هەڵس و کەوتێکی ناشیاو نالایەقیش کرا بێت لە ماوەی ڕابووردودا  بەرامبەر نمایندە و نوێنەر و میوانێک، ئێمەش داوای لێبووردن دەکەین !!! بەم شێوەیە ئەمجارەش ئەم قسانەی "عیلیت شاعوت" بە داوای لێبووردن و خاترجەم وەرگیرا و نێوان تورکیا و ئیسرائیل هێور بووەوە و بەلایەنی کەمەوە زمانی زبر و تووندو تیژ بەرامبەر یەکتر ڕاگیرا و وەزیری بەرگری ئیسرائیل یش " یەهود باراک" و سەرۆکی پارتی کار بەرە و تورکیا بەڕێکەوت بە مەبەستی هێور کردنەوەی  بارودۆخەکە و هەروەها گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بۆ دۆخی جاران و مۆرکردنی چەند پرۆتۆکۆل وپەیماننامەی دووقۆڵی لە هەموو بوارەکاندا و بەتایبەتی هاوکاری سەربازی وتەکنۆلۆژی نێوانیان، و لەهەموو شت گرنگتر چەند فایلی ترە کە ئەویش بریتین لە هەڵوێست و هاوکاری ئیسرائیل بۆ تورکیا بەرامبەر بەو شەڕەی پێی دەوترێت دژە تیرۆر کە لەلای تورکیا بە پارتی کریکارانی تورکیا بە" پەکەکە " دەناسرێت و لای ئیسرائیل و جیهانیش  بە شەڕی دژی ئیسلامی سیاسی توندڕەوە دەناسرێت ! وەک ڕێکخراوەکانی قاعیدە و حزبوڵا و حەماس وئێران هتد...!!

خاڵیکی تری  هاوبەشی نیوان تورکیا و ئیسرائیل بریتییە لە فایلی ئەتۆمی ئێران و شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەی کە لە ئاکامی ئەو پێشکەوتنەی ئێران لە بواری چەکی ئەتۆمی بە دەست هێناوە ،  هەروەها مەترسیەکانی هەڵایسانی شەڕ لە دژی ئێران و ئاکامەکانی و لە بەرامبەریشدا باڵا دەستی ئێران لە ناوچەکەدا . کە هەندێ لە چاودێرانی سیاسی و دەزگا سیخوڕییە جیهانیەکان  پێان وایە ئێران ئێستا خاوەن چەکی ئەتۆمیە و بەرنامەکەی خۆی تەواو کردووە لە پێش چەند ساڵ لەمەو بەر. ئەوەی ئێستاش دەیکات تەنیا کات بەسەر بردن و خۆڵکردنە چاوی ڕای گشتی جیهان و ئاژانسە ئەتۆمیەکەی و نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتە زلهێزو خاوەن بڕیارەکانە، بۆیە ئیسرائیل  هەرگیز نایەوێت هاوسێیەکی بەهێز و خاوەن توانا و پێگەی جوگرافی گرنگ و توانای سەربازی و  یەکەیەکی ئابووری جیهانی وەک تورکیا لە دەست بدات لەمانەش زێتر کە تورکیا وڵاتێکی ئیسلامیە و سەرۆکی رێکخراوی وڵاتانی ئیسلامیش لە ئێستادا هەر تورکەو خەڵکی تورکیاییە کە( پرۆفیسۆر کمال الدین ئیحسان ئۆغڵو )یە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامی و گەورەیە کە دانی نابێت بە ئیسرائیلدا . فایلێکی تر کە لەم سەردانەدا تاوتۆی دەکرێت کە سەربازیە ئەویش مەسەلەی کڕینی ( 130) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە کە تورکیا گرێ بەستەکەی مۆر کردووە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل تا ئێستا ئەم " پاکیتە" ی ڕاگرتووە ، بۆیە تورکیا دەیەوێت لەم سەردانەدا بەڵێن وەگرێت لەوەزیری بەرگری ئیسرائیل کە ئەو فرۆکانەیان ئەگەر بە تێکرایش نەبێت لە چەند قۆناغێکدا بداتێ ! لەگەڵ سپێرپارت و مەشق و ڕاهێنان  لەسەری و ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئیسرائیل لە زۆربەی بنکە سەربازییەکان و فرۆکەوانییەکانی ئەوان هەیە شان بە شان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا  و ناتۆ  بۆ نموونە بنکەی سەربازی " ئانجەرلیک" کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمەریکایە لە جیهاندا و هەرلەوێشەوە. هێزەکانی سەرپەرشتی شەڕوهاوکاری لۆجیستی دابین دەکەن بۆ ئەفغانستان و تا دەگاتە پاکستان و بەشێکیش لە هیندستان و وڵاتی خۆشمان بەشێکە لە چاودێری ئەمریکی و هەروەها وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و کۆمارە کۆمەنیستیەکانی یەکێتی سۆفیتی پێشوو !!

ئەمەی لەم پێشەکیەدا نووسیمان کورتە باسێکی ئەم قەیرانەی ئێستای ئیسرائیل – تورکیایە، بەڵام ئەم هەڵوێست وەرگرتن و ساردی سڕی  و ئاڵۆزییە ی نێوان ئیسرائیل و تورکیا باگکراوندەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵێک لە مەو بەر بەتایبەتی دوای هاتنە سەر کاری پارتی گەشە ودادپەروەری بە سەرۆکایەتی (ئۆردوغان ) کە هەڵگری هزرێکی موحافزکارانەی ئیسلامیە !! لە بنەڕەتیشدا دژ بە هزر و فەلسەفەی عیلمانیەتی  "کمال ئەتاتورکە" کە بنەما وسەرەتاکەی ئەو دایناوەو دایڕشتووە بۆ سیستەمی حکومڕانی و دەسەڵات لە کۆماری  نوێ ی تورکیادا .دیارە هاتنی ئیسلامیەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تورکیا خوڵقاند. لە زۆر بوارو ڕووەوە بۆ نموونە لە بواری کۆمەلایەتی  گەڕانەوەی پەچەی ئیسلامی و مانتۆ و جل و بەرگی خەلیجی وئێرانی و یەک دنیا لە خوو ڕەوشت و ڕووپۆش و ڕواڵەتی ئیسلامگەرایی و عارەبگەرایی و عوسمانلێتی و  کۆمەڵ گەلێک یاسا وڕیسا وبریارییان بۆ ئەو مەبەستە دەرکردوە لە هەمان کاتدا لە بواری ئابووری تورکیا نرخی دراووی خۆی بەرز کردەوەو سفری شەشی لە سەر دراوەکەی لابرد و سیستەمێکی نوێی مامەڵەی هێنایە کایەوە . بەڵام پتر لە ( 75 ) ملیار دۆلار قەرزی کەڵکە بووی لە سەرە کە رۆژ بە رۆژ ئەو بڕە قەرزە لە زیاد بووندایە ، هەرچەندە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمتر زەرەرمەند بووە لە چاو وڵاتانی ترەوە لەم کریسە ئابوورییەی ، ئێستا جیهانی گرتۆتەوە. لە سەر ئاستی پەیوەندییەکانیش تورکیا توانیوێتی تۆڕێکی گەورەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عارەبی و ئیسلامی پەرەپێدات و هاوکات  پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەکانیشی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا تا دەگاتە ئوسترالیا و دەریای هێمن و وکاریبی فراوان و گەورە بکات و گەشەییان پێ بدات !! لەمەش گرنگتر تورکیا لە ئەمرۆدا پەیوەندییەکی توند و تۆڵی بازرگانی و ئابووری و ڕۆشنبیری  و سیاسی هەیە لەگەڵ ئێراندا، هەروەها پەیوەندییەکانی تورکیا زۆر پتەو و فراوان بووە و دەتوانین بڵێین تا رێژەیەک لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەک ئازەربایجان و تاجیکستان و تورکمانستان و ئۆزبەکستاندا بەرزبۆتەوە بۆ ئاستێکی بەرز و بەرچاوو ، لە هەموو ڕوویەکەوە وهەروەها توانیوییەتی دوژمنایەتی مێژوویی خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان بگۆریت بۆ پەیوەندی دۆستایەتی و هاوسێتی چاک . ئەمە جگە لەوە تورکیا رۆڵی گرنگی  لە سەر ڕەوشی سیاسی عێراق و باشووری کوردستان و ئەفغانستان هەیە . هەروەها لە میانگیری وتوێژەکانی نێوان سوریاو ئیسرائیل ، تورکیا بزوێنەرو هاندەربووە و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی نێوانیانی کردووە .

دیارە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا وئیسرائیل کە کرۆکی ئەم ووتارەمانە . بە گەلێک پەرەسەندن و تەسک بوونەوەدا تێ پەڕیوە . واتە ساردی و گەرمی بەخۆیەوە بینیوە . بەڵام ئەو پەیوەندییانە زۆرتر تێکچوو لە بەر چەند هۆکار و فاکتەرێک ، لەوانە بڵاو کردنەوەی زنجیرەی درامای تەلەفزێونی بەناوی ( دۆڵی گورگەکان ) کە لەو زنجیرەیەدا ڕۆڵێکی نێگەتیفی ئیسرائیل و دوو کاربەدەستی ئیسرائیلی بە پلە ی ئەفسەر نیشاندەدا ، کە سەرپەرشتی باندێکی مافیای فڕاندنی مناڵان دەکەن، بەو هۆیەوە ئیسرائیل باڵیوزی تورکیای لە تەلئەبیب  بانکردو ناڕەزایی حکومەتی ئیسرائیلی پێ ڕاسپارد بۆ خۆی و بۆ حکومەتەکەی و وەک دەزگاکانی میدیا بڵاوییان کردەوە هەڵسوکەوتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل  زۆر ناشرین بووە و دوور بووە لە هەموو داب و نەریتێکی دیبلۆماسی و میوانداری . لەو کاتەوە ئیتر هێرشی ڕاگەیاندن زۆر توندو گەرم و خەست  بوو لە نێوان هەردوولادا، هەر پار ساڵیش لە نێوان گفت گۆکانی کۆربەندی ئابووری لە " دافۆس " سویسرا . دەمەقاڵی ڕوویدا لە نێوان سەرۆکی ئیسرائیل " شەمعون پیریس "کە ئەمەش لە ئاکامی پەرچەکرداری تورکیا بوو بەرامبەر بەو هێرشەی ئیسرائیل کردیە سەر کەرتی غەزە لە فەلەستین . چونکە تورکیا و سەرۆک و سەرۆک وەزیران و حزبەکەی ئۆردغان زۆر بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئیسرائیلیان کرد بۆ سەر کەرتی غەزە و رۆلی گرنگیان بینی بۆ وەستانی هێرشەکە و کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل و دواتریش هاوکاری مادی و معنەویی زۆری دابین کرد بۆ دانیشتوانی غەزە  کە ئەمڕۆ لەلایەن رێکخراوی "حەماس "ی خاوەن هزری ئیسلامی سیاسی تووندڕەوەوە حوکمڕانی دەکرێت،  ئەم ڕۆلە بەرچاوەی تورکیا لە هەموو قەیرانی شەڕەکە ولە وەستانیشیا ئیسرائیلی تووڕە کرد هەتا ئەو ئاستەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ( لیبرمان ) بە ئاشکرا لە پرێس کۆنفرانسێکدا  وتی ئیتر پێویستمان بە ناوبژیوانی تورکیا نیە . چونکە دەرکەوت میانگیرێکی بێلایەن نیەو بەڵکو تەرەفداری دەکات،  بۆیە هەوڵەکانیشی بە پێوویست نازانین !

ئێمەش وەک دەزگای ئیسرائیل – کورد . کە هەمیشە  دەمانەوێت دەزگایەکی دیارو بەرچاوبین بۆ لایەنگیری ئاشتی و سەقامگیری ڕەوشی سیاسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی و تورکیاش بەتایبەتی بۆیە داوا لە هەردوو لایەنی کێشەکە دەکەین کە بە عەقڵ و مەنتق ئەو ساردییە  لە پەیوەندییەکانیاندا هەیە و روویداوە  چارەسەری بکەن و پێمان وایە هەردوو دەوڵەت  دوو فاکتەری بە هێزو گەورەی سیاسی و ئابووری و سەربازیین لە ناوچەکەدا بۆیە دەبێت کۆتایی بەم قەیرانە بهێنن ،چونکە هەر کریس و کێشەیەکی لەو جۆرە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت لە سەر سەرجەم ناوچەکە و گەلان و نەتەوەکانی تر و هەروەها وڵاتانی تریش. لە نێویاندا نەتەوەی کورد. جا لەم ڕوانگەیەوە ئێمە لە دەزگای ئیسرائیل- کورد بە پەرۆشەوە داواکارین کە ناوچەکە ئارام بکرێتەوە . چونکە ناوچەکە خۆی لە ئیستادا لە قەیران و کێشە و شەڕ و شۆڕ ودایەو مەترسی زۆری تێدایە کە پێمان وایە ناوچەکە ناتوانێ لە مە زێتر خۆی رابگرێت لە بەردەم قەیران و کێشەی ئاڵۆز تردا. بۆیە هیوادارین ئەو پەیوەندییانە بگاتەوە بە ئاستێکێ چاک و پتەو بکرێتەوە کە لە خزمەتی گەل و نەتەوەکاندا بێت و لەخزمەت ئاشتی و پرۆسەی دیموکراسیە تدابێت چونکە گەلی ئیسرائیل و گەلانی تورکیا دۆستی یەکترن ، کە نابێت ئەم دۆستایەتیە بشێوێنرێ  یان لەکەدار بکرێت  و پێشمان وایە بەردەوامی قەیرانەکە زۆر زەرەر دەگەێنێ بە تورکیا و رۆڵی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بە تایبەتی و لەگەڵ ئەمەریکا و هەروەها وەرگرتن  و ئەندامیەتی تورکیا لە یەکیەتی ئەوروپا چەند قۆناغ و فەرسەخ دوور دەخاتەوە . هەروەها لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابووری و بازرگانیەوە گەلێک زەرەمەند دەبێت . بۆیە پێش ئیسرائیل دەبێت تورکیا بە خۆ بکەوێت و پەلە بکات لە گەڕانەوەی پەیووەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ، چونکە بە دڵنیاییەوە دەیڵێن .تورکیا هەمیشە پێویستی بە ئیسرائیل دەبێت ، سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایان کۆمەڵەگەلێک بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی وبازرگانی کۆیان دەکاتەوە ، ئێمەش لە دەزگای ئیسرائیل-کورد داواو هاوکارو لایەنگیری چاککردنەوەو بەرەو پێش بردنی ئەو پەیوەندییانەین .هەروەها ئێمە لە دەزگای ئیسرائیل –کورد .

پێمان وایە کە سیاسەت و پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییەکان هەمیشە لەو ڕوانگەیەوە ببینین و هەڵی سەنگێنین و مامەڵە لەگەڵدا بکەین، کە کاتی و دەمی نەبێت، بەڵکو درێژ خایەن و هەمیشەیی بێت.بۆیە هەر بۆچوونێک لە سەر هەر کێشەیەکی کە لە نێوان وڵاتان و حکومەتەکاندا روودەدات، ئێمەی کورد نابێت بەپەلە و بێ بیرکردنەوە. ڕاو بۆچوون وستراتیژیەتی خۆمانی لە سەر بنیاد بنێن ، ئەمە جگە لەوەی کە ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوەدەکەینەوە کە تورکیایەکی دیموکراسی و کراوەو مۆدێرن بۆ ئێمەی کورد باشە و هەروەها وڵاتێکی وەک ئیسرائیلی بە هێزو و خاوەن تواناش پاڵپشتە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران و حکومەتە ملهوڕو دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە یان چاویان لێ بکەن و یان خۆیان چاک بکەن، یان لێی بترسن و نەوێرن گەل و میللەتانی وڵاتانی خۆیان جینۆساید بکەن ، ئەمە جگە لەوەی کە بۆ یەکیتی ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو جیهانی دیموکراسیەت و ئاشتی پەروەر و مرۆڤدۆست و ئازادیخواز زۆر گرنگ و باشە و جێگای دڵخۆشیە کە دوو وڵاتی وەک و تورکیا وئیسرائیل کە قورسایی و پارسەنگی خۆیان هەیە لە سەر ئاستی جیهان پەیوەندیی باش و تووندو تۆڵیان هەبێت !!

لەگەڵ ئەوەشدا بە هەلی دەزانین ، کە سوپاس وستایشی رۆڵی بەڕێز " شەمعون پیریس " سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین کە زۆر بە بەرپرسیارییەتیەوە دەخالەتی کرد لە کێشەکە وتوانی رەوشەکە ئارام و هێور بکاتەوە ..!!!

داود باغستانی

سەرۆکی دەزگای ئیسرائیل-کورد

Shafaq Live
Shafaq Live