چوار ساڵ لە بەغدا

چوار ساڵ لە بەغدا
2010-02-01T20:25:42+00:00

رۆڵی ویژدانی پشتگوێنەخستووە، ئەمساڵ چوارەم ساڵی كورد لە بەغدا كۆتایی دێت و دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە، كەس ناتوانێ سەد لە سەد پێشبینی چوار ساڵی دیكە بكات، بەڵام دەتوانرێ چوار ساڵی رابردوو بكاتە بنەمایەك بۆ بەرچاو ڕوونی چوار ساڵی ئایندە.لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە هەلومەرجێكی نیمچە سەختی ناوخۆیی و دەرەكی وپاڵنەر و فشار و كەشوهەوای نالەبار رووی لە بەغدای پایتەختی ئێراقی نوێ، ئەو ئێراقەی دەیان نازناویان بە باڵدا هەڵكێشا، ئێراقی دیموكراسی، ئێراقی تەوافوقی، ئێراقی فیدراڵ، ئێراقی پێكەوەیی مەزهەبی و نەتەوەیی و فرە بۆچوون و جیاوازی حزبی و ئایینی و گۆڕەپانی نوێی ململانێی دیموكراسی كرد، لە كاتێكدایە هێشتا ئەم ئێراقە لە ژێر بەندی ماددەی 7ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە (وڵاتی داگیركراو) لە كاتێكدا متمانە و بڕوابوون چەقی نەستووە و ترس و دڵەڕاوكێ هێشتا وەك تارمایی هەستی پێدەكرێ، ئێراقێك هێشتا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر و دەستێوەردانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەورو دراوسیێ و هێزە دەرەكییەكان، لە ناوخۆشدا ململانیێ بۆ ماف و گەیشتن بە كەناری ئارام و بەركەوتنی پشكی شێر كەشێكی دیكەی دروستكردووە.

چەند رۆژی رابردوو لێدوانێكی بڕیاردەری لیستی هاوپەیمانی كوردستانم وەرگرت، ئەو یاساناس و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و گەنجێكی گەشبین و پڕجووڵە بووە لە چوار ساڵی لە نێو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران، سیروان زەهاوی گوتی: چوار ساڵ توانیمان لە 70%ی ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد وەدەستبخەین، بەڵام نەیشاردەوە (نان دەركردن لە قوڕگ و چنگی شێر، ئەستەمە، ئەگەر بەدانایی و لێهاتوویش بێت شێر بەشی خۆی دەبچڕێت) زەهاوی زیاتری گوت و دەڵێت: (تۆ) مەبەستی (لیستەكەیەتی) 20%ی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقە، كەواتە 80%ی لەگەڵ تۆ نیین، بەڵام ئیرادە و بڕوابوون توانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، بەواتایەكی دیكە هەموو كورد لە بەغدا سەربخات و تاڕادەیەك ئومێد و گەشبینی و بڕوابوون بچەسپێنێ لەلای ئەوانەی بە متمانەوە دەنگیاندا بەم لیستە.دوور و نزیك چ بەهۆی پیشەكەمەوە لە رۆژنامەی (خەبات) یاخود بەهۆی پابەندبوونم بە چارەنووسی خۆم و ئایندەم لەم ئێراقە ئاگاداری زۆرێك لە رووداوەكان و جموجۆڵەكانی ئەو چوار ساڵەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بووم لە ئەدا و هەڵسوكەوت و ململانییەكانیان، زۆر جاریش لەگەڵ ئەو بۆچوونە بوومە (ئەندامانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بێئاگا و كەمتەرخەمن) بەڵام دواتر رووداوەكان راستیەكان دەردەخات و نیشانی دەدات، نەك میزاج و دژە بۆچوون لە پێناو ئامانجێك كە زۆر بچووكترە لە ئامانجی نەتەوەیی، بەهەموو قەناعەتێكەوە دەڵێم: چوار ساڵ لە بەغدا كەمتر نەبووە لەو رەوشەی سەردەمانێك لە شاخ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد تێدا بووە، چونكە زۆربەی هێزە ئێراقییەكان (بەوتەی ئەندامانی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی) لە جۆری بیركردنەوەیان جیاوازی ناكرێت لەگەڵ ئەقڵیەتی بەعسییەكان، كەواتە زۆر زەحمەت بووە چوار ساڵ شەڕی دیموكراسی بكەی لەگەڵ مەنتقێكی نوێ، ئەویش شەڕی دەسكەوت دوور لە بەكارهێنانی هێزی چەكداری، چونكە ئەوان لەشەڕی چەكداری بەرامبەر كورد شكستیان هێناوە و دەیانەوێ بەشەڕی دیموكراسی و عەقڵیەتی توندڕەوانە و یاسا و رێسا و دەستوور بێنەوە بەرامبەر میللەتێك، نەك خواستی خۆی نییە لەگەڵیاندا بژێت، بەڵكو بۆی بلوێ رۆژێك زووتر نییە دەست لەم ئێراقە هەڵدەگرێ، هەرگیزیش ئامانجی نەبووە مافی ئەوانیش بخوات لە چوارچێوەی ئەم ئێراقە جا چ عەرەب بێت یاخود توركمان یاخود هەر مەزهەب و لایەنێكی دیكە بێت، كورد لەگەڵ ئاراستەی دیموكراسی بووە، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ یاخود دوورمانخاتەوە لەوەی باسی كەمتەرخەمی لیستەكە نەكەین، راستە كەمتەرخەمی هەبووە و تیمێكی تەواو تۆكمە نەبووە و هەستی نەتەوایەتی لە نێو ئەندامانی لیستەكەدا هاوسەنگ نەبووە، بەڵام ئامانجێك ئەوانی چوار ساڵ لە بەغدا كۆكردەوە زۆر لە ئامانج و مەبەستی شەخسی و حزبی گەورەتر بووە.بەهەرحاڵ ئێمە دەبێت بەرامبەر بەم چوار ساڵەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان سوپاسگوزار بین و ئەوەشمان لە یاد نەچێت ئێراق ئێستا لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی دیكەیە و هەڵبژاردن، كە بڕیارە مانگی 3ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و چاودێرانیش ئاماژە بۆ سەختی رەوشەكە دەكەن، ئەركێكی دیكە دەخاتەوە بەردەم كورد، بە هەموو لۆژیكێك پێویستی بە وردبوونەوە هەیە لەو چوار ساڵەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە بەغدا، كە ئەزموون و مەیدانی بوونیان لە بەغدا وانەگەلێكی فێركردوون لە(تەڵەكەبازی سیاسی و پێچ و پەنای رێسا و یاسا) و شایەنی رەچاوكردنن بۆ خولی چوار ساڵی دیكە، چ لەرووی دەروونیەوە بێت یاخود ژینگەی سیاسی، دەی با خەمی چوار ساڵی دیكەی بەغدا بخۆن.

Shafaq Live
Shafaq Live