هێزەكانی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬ئێراق ئامادەی‮ ‬وەرگرتنی‮ ‬فایلی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬وڵات نییە

هێزەكانی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬ئێراق ئامادەی‮ ‬وەرگرتنی‮ ‬فایلی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬وڵات نییە
2010-08-29T18:53:20+00:00

50  هەزار لە كۆی 77  هەزار 500  سەربازی هێزەكانی ئەمەریكایی لە ئێراق نامێنن كە ئێستە ئەركیان راهێنانی سەربازانی ئێراقییە، جگە لەوەی بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2011  هێزەكانی ئەمەریكایی بەتەواوی لە ئێراق بكشێنەوە. ئەمە لەكاتێكدا لە چوار مانگی رابردوودا ئاستی توندوتیژی لە بەغداو پارێزگەكانی دیكەی ئێراقی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بۆتەوە، لە سایەی بێ ئەنجامی وتووێژەكانی پێكهینانی حكوومەتی داهاتووی ئێراق، كەچی حكوومەت جەخت دەكاتەوە فایلی ئاسایش دوور لە فایلی سیاسی بەڕێوە دەچێ. ئەندامێكی ئیئتیلافی لستە كوردستانییەكان جەختیكردەوە ئەو پێشێلكارییە ئاسایشیانەی بەم دواییە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە دەری دەخەن، كە هێزە ئاسایشیەكانی ئێراق ئامادەیییان تێدا نییە فایلی ئاسایشی وڵات بگرنە ئەستۆ، لە دوای پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كۆتایی ئەم مانگەدا. مەحما خەلیل رایگەیاند "بازدانی جۆری لە كردە "تیرۆریستییەكان" و بە ئامانجگرتنی چەند جارەی هێزەكانی ئاسایش لەماوەی دواییدا، لاوازی توانای هێزەكانی ئاسایشی ئێراق و نائامادەیی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتیی فایلی ئاسایشی وڵات لە هێزەكانی ئەمەریكای لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەرخست". ئاماژەی بەوەش كرد "شیمانە هەیە لە قۆناخی داهاتوودا ئاستی ئەو جۆرە كردانە زیاتر بێ و پێویستە بارستە سیاسییەكان ئەو بابەتە لەبەرچاو بگرن، چونكە هۆكاری ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی ئێراق بۆ نەبوونی هاوڕێكی لە نێوان بارستە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە". گوتیشی "ئێستا بەهۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت بێزاری شەقامی ئێراقی گرتۆتەوە، ئەوەش پێویست بەوە دەكات پێش لە تەنگژەكە بگیردرێ و كارەكانی پشێوی بوەستێنرێن". ڕۆژنامەی "لائێكسپرێس"ی فرەنسایی كشانەوەی ئەمەریكا لە ئێراق لە نێو زیادبوونی مەترسی لە ئاژاوەگێڕی و دووبارەبوونەوەی توندوتیژی لە سایەی ئەو ساردبوونە سیاسییەی وڵات دێ. ڕۆژنامەكە گوتی "كشانەوەی ئەمەریكا لە ئێراق لە دوای خۆی مەترسی لە بۆشایی جێ هێشت، چونكە لەكاتێكدا ئێراق جێ دێڵێ كە ئەو وڵاتە لەدەست توندوتیژیی تایەفەكاری، ساردبوونی سیاسی و ناجێگیرییەوە دەناڵێنێ". بەپێی ڕۆژنامەكە "لە كۆتایی ساڵی 2011دا وڵاتە یەكگرتووەكان لە كونترۆڵكردنی ئاسمانیی ئێراق بەردەوام دەبێ و سەدان ڕاوێژكاری ئەمەریكایی بۆ بەشارستانی كردنی ئێراق لەو وڵاتەدا دەمێننەوە". "ئەركی ئەمەریكا بریتی دەبێ لە ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی كاركردن لەسەر تانك، باڵەفڕە شەڕوانەكان، دابینكردنی ئاسایش بۆ شوێنە نەوتییەكان و پاڵپشتیكردنی یەكەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەزگەكانی هەواڵگریی ناوخۆیی". ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا "ئەمە لە كاتێكدایە كە واشنتۆن لە سەرەتای ئەیلوولی داهاتوودا ژمارەی سەربازەكانی بۆ 50  هەزار سەرباز كەم دەكاتەوە، دوای ئەوەی ژمارەیان لە لووتكەی شەڕدا 150  هەزار سەرباز بوو، هاوكات ئەو هێزانەی لە ئێراقدا دەمێننەوە ئەركی مەشق پێدان و پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوپا و پۆلیسی ئێراق دەگرنە ئەستۆ". حكوومەتی ئەمەریكا لەگەڵ كشاندنەوەی 50  هەزار سەربازی وڵاتەكەی لە ئێراق، هەوڵی راهێنان و پێدانی رێنوێنی بە هێزە ئاسایشەكانی ئەو وڵاتە دەدات و، ئەركی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆو گواستنەوەی بەرپرسانی باڵای ئێراق لە ئەستۆ دەگرێ. تۆڕی هەواڵی (نیوز ئۆكەی) ئاشكرای كرد "پاراستنی ئاسایشی گەورە بەرپرسانی حكوومەتی نوێی ئێراق، بوونی كێشە و ناكۆكیی درێژخایەنی عەرەب و كورد لە ئێراق، راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی، پاڵەپەستۆ خستنە سەر حكوومەتی ئێراق بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاترو، هێنانەئارای كەشێكی گونجاو بۆ پێوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا، ئەركی ئەمەریكا پاش دەرچوونی سەرجەم هێزەكان لە ئێراق دەبێ". سەرچاوەكە باس لە گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەكات بەمەبەستی پێدانی كەلوپەلی ئاسایشی وەك هەلیكۆپتەر، ئۆتۆمۆبێلی دژە بۆمب و پێداویستی تری سەربازیی تایبەت بە هێزەكانی ئاشتیپارێزی ئێراقی. بەرپرسی فەرماندەگەلی بەغدا رایگەیاند، هێزی ئاسایش و سوپای ئێراقی تا ئێستە نەگەیشتۆتە ئاستێكی باش لە پڕچەككردن و مەشق و راهێنان. قاسم عەتا گوتی: "هێزەكانی ئاسایش و سوپای ئێراق چەند قۆناغێكی گرینگ و پێشكەوتوویان بڕیوە لە دروست كردنی توانستە شەڕوانییەكان، بەڵام لە ئاست ئەو قۆناخەدا نییە فایلی ئاسایشی وڵاتی پێ بسپێردرێ". عەتا گوتی: "لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانە، بەڵام هێزی سوپا نەگەیشتۆتە ئاستی كۆتا لە پڕۆسەی پڕچەككردن و مەشق و راهێنان، ماوەیەكی زۆر ماوە بۆ هێزە ئاسایشیەكان و سوپا تا راهێنانی پترو چەك و تەقەمەنی زیاتریان پێ بدرێ، بەر لەوەی هێزە ئەمەریكایییەكان لە كۆتای 2011  بە یەكجاری لە ئێراقدا بكشێنەوە". عەتا روونیكردەوە لایەنە پێوەندیدارەكان كار بۆ ئامادەكردن و مەشقپێكردن و پڕچەككردنی هێزە ئاسایشەكان و سوپای ئێراق دەكات بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەر مەترسییەك بێتەوە كە رووبەڕووی ئێراق ببێتەوە". سەركردەیەكی سەربازی ئەمەریكی ڕایگەیاند، ئەدای هێزە ئێراقیەكان باشتر دەبێت و دەتوانن بەبێ هاوكاری ئەمەریكا ئاسایش بپارێزن. "پاتریك هیگز" سەرۆكی هێزی تایبەتی ئەمەریكا لە ئێراق ڕایگەیاند، چیتر سوپای ئێراق پێویستیان بە ئەمەریكا نیە لە پاراستنی ڕەوشی ئەمنی ئێراق چونكە خۆیان بەرەو پێش دەچن. هیگز ڕایگەیاند، پێویستە ئەمەریكا لەڕوی زانیاری هەواڵگرییەوە هاوكاری سوپای ئێراق بكات و زانیاریان بخاتە. لەلایەكی دیكەوە وەزیری بەرگری ئێراق "عەبدولقادر عوبەیدی" رایگەیاند؛ دان بەوە دەنێن، دەزگای هەواڵگری سەردەمی بەعس زۆر بەهێزەوە كار دەكەن، كێشەی ئێمە ئەوەیە كە زانیاری هەڵەمان بە دەست دەگات. ئەمەو ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی "موەفەق ڕوبەیعی" داوای لە حكوومەتی ئێراقی كرد، پلانی ئەمنی خۆی بگۆڕێ و هەوڵە هەوڵگرییەكانی لەدژی گروپە چەكدارەكان چڕتر بكاتەوە. ڕوبەیعی گوتی: یاخیبوونی چەكداری هۆكاری سیاسی لەپشتە و پێویستە بەڕێگەیەكی سەربازی دیاریكراو بەرەنگاری ببینەوە، بەڵام ناتوانین بەرەنگاری ئەو گروپە چەكدارایانە بببنەوە، كە كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، تەنیا لە ڕێگەی كاری هەواڵگری نەبێ. هاوكات ڕاشیگەیاند؛ داخستنی شەقامەكان لەسەر خەڵكی و بڵاوكردنەوەی سوپاو پۆلیس لە خاڵەكانی پشكنین، هیچ بەرهەمێكی نابێ. داواشی كرد لەپێناو لەناوبردنی تیرۆر هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی بكرێ. هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە "غانم مالیكی" رایگەیاند، پێویستە كەرتی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێراق بەهێز بكرێن و، رێگە نەدرێ لە رووی زانیاری و هەواڵگرییەوە بۆشایی دروست بێ و درزو كەلەبەر هەبێ، چونكە شەڕی داهاتوو شەڕی كەرتەكانی سوپاو هێزە ئەمنییەكان نییە، بەڵكو شەڕی هەواڵگرییە.

Shafaq Live
Shafaq Live