مانەوەی قەیرانەکە

مانەوەی قەیرانەکە
2010-09-20T17:39:45+00:00

بۆ پێکھێنانی حکومەت خرانەڕوو، بەڵام سەرەنجام ھیچ یەکێک لەسیناریۆکان نەبوونە واقیع و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەت گەڕانەوە خاڵی سفر.

ھۆکاری سەرەکی لەدروستکردنی ئەم قەیرانەدا، ئەو ئەنجامانەن کە لەھەڵبژاردنەکەی رۆژی ٧/٣/٢٠١٠ کەوتوونەتەوە، نزیکی ژمارەکان بەتایبەت ژمارەکانی ھەردوو لیستی ئەلعیراقییەو لیستی دەوڵەتی یاسا، ئەو ھەستەی لەلا دروستکردن کە ھەردوولا خۆیان بەبراوەو شایەنی پێکھێنانی حکومەت بزانن و ھەریەکە لە نوری مالکی و ئەیاد عەللاوی بوونە کاندیدی لیستەکانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

لەحاڵەتێکی ئاوادا، بەتایبەت لەناو پێکھاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی وەک عیراقدا کەئەزموونی دیموکراسییەکەی ھێشتا ساوایە، ئاسان نییە لیستێک مەیدانەکە بۆ لیستەکەی بەرامبەری چۆڵ بکات و رێگا بدات لایەنی بەرامبەر حکومەت پێکبھێنێت و خۆیشی ببێتە ئۆپۆزسیۆن. لەبەرئەوە دۆزینەوەی چارەسەرو گەیشتن بەڕێککەوتن، کاتی زیاتری دەوێت و ھەرچەندە قەیرانی پێکھێنانی حکومەت دەرەنجامی خراپیشی لێبکەوێتەوەو کاردانەوەی لەسەر بارودۆخی ئاسایش و ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیانیش ھەبێت، لیستە براوەکانی ھەڵبژاردن لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا، درێژە بەمانەوەی قەیرانەکە دەدەن.

ئەو لایەنەی دەبێتە زەرەرمەندی یەکەمی بەردەوامی قەیرانەکە، ھاووڵاتیانی عیراقن، رۆژانە لەناوچە جیاجیاکانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا ژمارەیەک کاری تیرۆریستی روودەدەن و بەدەیان و سەدان ھاووڵاتی دەبنە قوربانی، ھەروەھا دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت، دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی ساڵی داھاتووی بەدوادادێت و بەسەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەرتاپای عیراقدا دوادەکەون لەجێبەجێکردن. لەئێستاوە دەرەنجامەکانی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت لەناو شەقامی عیراقیدا رەنگیانداوەتەوەو درێژەکێشانی قەیرانەکەش کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە لەناو رای گشتییدا.

قۆناغی ئێستای ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەت، قۆناغێکی جیاواز نییە لەقۆناغەکانی چەند مانگی رابردوو، تائێستاش ھیچ یەکێک لەدوو لیستە سەرەکییەکە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیران نەبوون، ھەرچەندە قسە لەبارەی کەسایەتییەکی وەک عادل عەبدولمەھدی لەلیستی ئیئتلافی نیشتمانی دەکرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کۆتایی بەململانێکانی نێوان نوری مالکی و ئەیاد عەللاوی ھاتبـێ، مانەوەی ململانێکان بەمانای مانەوەی قەیرانەکە دێت و بەمەش عیراق رووبەڕووی قەیرانی زیاتر دەبێتەوەو لەقەیرانە سیاسییەکەوە چەند قەیرانێکیتر سەرھەڵدەدەن.

Shafaq Live
Shafaq Live