تەنگژەی سیاسی عیراق و گرێی بەردەوامیی ھاوسەنگی ‌

تەنگژەی سیاسی عیراق و گرێی بەردەوامیی ھاوسەنگی ‌
2010-10-22T08:06:02+00:00

بەمەبەستی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامەو ھێشتا دوورە بڕیاری ئەوە بدەین کە ئەو لایەنانە لەخاڵی حەسم و کۆتایی نزیکبوونەتەوە، بگرە رووداوە خێراو دراماتیکییەکان ھەندێ جار ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کەھەنگاوەکان بەرەو دواوە پاشەکشێ دەکەن و لەھەندێ رووی بونیادیی کێشەکەوە ھەست بەگەڕانەوە دەکرێت بۆ گۆشە بەرتەسکەکەی سەرەتا.

دوای راگەیاندنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئازاری رابردوو چوار قەوارەی سیاسی گەورە بوونە پێکھێنەری ھاوکێشەیەکی ئاڵۆز کەتاڕادەیەک بزاوتە مەیدانییەکانیان بۆ پێکھێنانی حکومەت دەرەنجامی ھاوسەنگانەی لێدەکەوتەوەو ئەم ھاوسەنگییەش تا ئەم کاتە رێگری یەکەمە لەبەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێدا بەو شێوەیەی کە  یەکێک لەوانە بەفەرمی راسپێردرێت بەئەرکی پێکھێنانی حکومەت.

لیستە براوەکان و وڵاتانی ئیقلیمی

ھاوسەنگییەکە زیاتر نزیکی ئەو رێژە کورسییەی قەوارەکان دروستی کردبوو کەجیاوازی نێوانیان زۆر نییەو ململانێ و رکابەری پێ یەکلاناکرێتەوە، لەنێوان یەکەم و دووەمی براوەی ناو ئەو گەمە دیموکراسییەدا تەنیا دوو کورسی بوونی ھەیە، پاشان فاکتەری دەرەکی و ئیقلیمیش و پشتیوانی ھەر لایەکیان لەبەرەیەکی ناوخۆ ئەو ھاوسەنگییەی تائێستاش لەبارێکی تا رادەیەک نەگۆڕدا ھێشتووەتەوە.

کۆبوونەوەی لیستە بچووک و گەورەکانیش لەدەوری یەکترو پێکھێنانی میحوەرو ھاوپەیمانیەتی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەشی نێوانیان تائێستا دوو بەرەی ھاوسەنگی لەبەرامبەری یەکتردا داناوەو ئەو نابەرامبەرییەی لەگۆڕەپانە سیاسیە عیراقییەکەدا نەخوڵقاوە بەرەیەکیان زەمینەی پەرلەمانی و دەستووری بۆ برەخسێت و پێکھێنانی حکومەتی نوێی پێ بسپێردرێت.

سەرەتای ئەم ململانێیە لەڕکابەری توندی نێوان ھەردوو لیستی ئەلعیراقییە بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و لیستی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکییەوە دەستیپێکرد، کە لەنێوان کورسییە بەدەستھاتووەکانی ئەو دوو لیستەدا ئەو جیاوازییە گەورەیە نییە ھاوکێشەی رکابەرییەکەی بەخێرایی کۆتایی پێ بھێنایە، پاشان ھەوڵەکانی ھەریەکەیان لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ بەدەستھێنانی پشتیوانی ئیقلیمی پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەتی زیاتر دواخست، بەو پێیەی دەوروبەرە عیراقییەکە پێش ئەم پرسە عیراقییەش بەسەر دوو بەرەو ئەجێندای ئیقلیمیدا دابەشبوو بوو، زۆربەی ململانێ و رووبەڕووبوونەوە ناڕاستەوخۆکانیشیان لەچەند وڵاتێکی کێشەداری ناوچەکەدا ئەداکردووە کەیەکێک لەو وڵاتانە عیراقە.

کاراترین ئەو ئەجێندا دیارو کاریگەرانەی لەناوچەکەدا رکابەرو بەرامبەری یەکترن دوو لایەنی ناتەبای ئێرانی و عەرەبی بەڕێوەی دەبات، کەھەر لایەکیان بەرژەوەندیی خۆی لەھاتنە پێشەوەو باڵادەستی لایەنێک یان بەرەیەکی سیاسی عیراقیدا دەبینێتەوەو وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆی یان بەلایکەمەوە تەبا لەگەڵ ئەو بەرژەوەندییانەدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. لەم نێوەندەشدا ھەژموون و نفوزی ئێرانی لەوانیتر بەھێزترە، بەڵام فاکتەرە ناوخۆییەکە بواری ئەوەیان نادات لایەنێکی عیراقی بەسەر ئەویتردا بەتەواوی زاڵ بکەن، کەھەر ئەمەشە ئەو تروسکاییەی ھێشتووەتەوە کەبەشێک لەعیراقییەکان گەشبین بکات بەئاییندەو دڵیان بەوە خۆش بێت ھێزە سیاسییەکانیان بەتەواوی ئیرادەو بڕیاری نیشتیمانی خۆیان نەدۆڕاندووەو شتێکیان بۆ دیالۆگی ناوخۆیی ھێشتووەتەوە.

مالکی لەنێوان پشتیوانی و رەتکردنەوەدا

بۆ فراوانکردنی پانتایی ئەو جیاوازییە کەمەی لەنێوان رێژەی کورسییەکانی ئەلعیراقییەو دەوڵەتی یاسادا ھەیە دووەمیان ھەوڵەکانی لەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانیەتییەکی نوێدا چڕ کردەوە کەوەک قەوارەی ھەرە گەورەی ناو پەرلەمان بتوانێت لیستی ئەلعیراقییە تێپەڕێنێت، لەمەشدا سەرکەوتنی بەدەستھێناو لەگەڵ ھێزە سیاسییە شیعییەکانی تری ناو ئیئتیلافی نیشتیمانیدا ھاوپەیمانی نیشتیمانییان راگەیاند، بەڵام ئەو ھاوپەیمانیەتییە تا ئێستاش ئەو ئامانجەی بۆ بەدی نەھاتووە کە لەپێناویدا دروستبووەو بریتییە لەدیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق.

پێکھاتنی لایەنە سیاسیە شیعەکان لەسەر دروستکردنی قەوارەیەکی گەورەی پەرلەمانی و راگەیاندنی ھاوپەیمانی نیشتیمانی ئەو ھاوسەنگییەی سەرەوژێر کردەوە کەتائێستا فاکتەری دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتە، بەو پێیەی ژمارەی نوێنەرانی ئەو دوو لیستە ھاوپەیمانە لەناو پەرلەماندا زۆر لەپێشەوەی رێژەی نوێنەرەکانی ئەلعیراقییەوەیە، بەڵام کە لەسەر دیاریکردنی کاندیدەکەیان رێکنەکەوتن، تێکنەچوونی ھاوسەنگییەکە پرسە سیاسییەکەی عیراقی وەک خۆی ھێشتەوەو بگرە کێشە ناوخۆییەکانی نێوان لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی نیشتیمانی پرۆسەی چارەسەری تەنگەژە سیاسی و دەستوورییەکەی عیراقی زیاتر دواخست.

فاکتەرە ئیقلیمییەکە

دواجار بەشی زۆری ئەندامانی ھاوپەیمانی نیشتیمانی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عیراقیان وەک کاندیدی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی نوێ دەستنیشانکرد، ئەمەش دوای ئەوەی فاکتەرە ئیقلیمییەکە بەفشاری خۆی و نفوزە ناوخۆییەکەیەوە ھاتە سەر ھێڵ و رەوتی سەدری ناچار کرد مالکی وەک کاندیدی ھاوپەیمانی نیشتیمانی قبووڵ بکات، بەڵام ھەوڵە دەرەکییەکەش ئەو دەرەنجامەی لێ نەکەوتەوە کەکرابوویە ئامانج و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و پارتی فەزیلە لەژێر باری ئەو فشارانەدا ھاتنە دەرەوەو کاندیدکردنەوەی نوری مالکیان رەت کردەوە، بەمەش ئەو درزە گەورەیە کەوتە ناو ریزەکانی ھاوپەیمانیی شیعەکان و ئەو دوو لایەنە بەئاراستەی لیستی ئەلعیراقییەی ئەیاد عەلاویدا روویان وەرگێڕا.

ئێستا رەوشە سیاسییەکەو ئەو تەنگژەیەی زیاتر لەشەش مانگە عیراقی تێکەوتووە لەبەردەم دوو میحوەری سیاسی تری بەرامبەردا خۆی دەبینێتەوە کەبریتییە لەدیسان پەیدابوونەوەی دوو بەرەی رکابەری ھاوسەنگ، لایەنە پشتیوانەکانی نوری مالکی لەناو ھاوپەیمانی نیشتیمانی عیراقیدا، لەوسەریشەوە نەیارو رکابەرەکانی ناوبراو کەخەریکە لەناو بەرەیەکی دژ بەکاندیدکردنەوەی ناوبراودا کۆدەبنەوەو بریتین لە لیستی ئەلعیراقییەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و پارتی فەزیلە، ئەگەری رێککەوتنی ھاوپەیمانی ناوەندی عیراقیش لەگەڵیاندا لەئارادایە کەتازە راگەیەنراوە لەنێوان بەرەی تەوافوق بەسەرۆکایەتی دکتۆر ئەیاد سامەرائی و شەش کورسی پەرلەمانیان ھەیەو ئیئتیلافی یەکپارچەیی عیراق بەسەرکردایەتی جەواد بۆلانی کە خاوەنی چوار کورسی ناو پەرلەمانە.

کوردو ھاوسەنگیی

سەردانەکانی وەفدی قەوارەو لایەنە عیراقییەکانیش بۆ دەرەوەی وڵات و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دەوروبەردا ئەم بەرە سیاسییە ھاوسەنگانە لەباری ململانێیەکی بێ دەرەنجامدا دەھێڵێتەوە، ھەر لەم رۆژانەدایە سەرکردەکانی لیستی ئەلعیراقییە لەگەڵ شاعەبدوڵای پادشای سعودیەدا کۆبوونەتەوەو وەفدی لیستی دەوڵەتی یاساش رۆشتوونەتە کوەیت و قەتەر.

لایەنی کوردیش لەم نێوەندەدا دەتوانێت بەخۆدانە پاڵ لایەنێک ئەو ھاوسەنگییە تێک بدات و تەرازووی ھێز بەلایەکدا بخات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا فراکسیۆنی لیستە کوردستانییەکان و سەرکردایەتی کورد کردوویەتی وابەستە نەبوونە بەلایەک لەسەر حسابی ئەوی ترو وەستانە لەمەودایەکی یەکسانی دووری لەھەموو لایەنەکانەوە، ئەمەش سیاسەتێکی پۆزەتیڤ و حەکیمانەیە، چونکە کورد ناکاتە بەشێک لەخوڵقێنەرانی کێشەکان و وەک ھێزێکی میاجیگەریش دەیھێڵێتەوە.

تەنگەژەی پێکھێنانی حکومەت و بوونی ھاوسەنگییەکی لەو شێوانەی ئاماژەیان بۆ کرا دوو گرێی ئاڵۆزن کە کرانەوەی دووەمیان کۆتایی بە بوونی یەکەم دەھێنێت و دواجار زەمینە بۆ لایەک خۆش دەبێت سپاردنی پێکھێنانی حکومەتی بخرێتە ئەستۆ، کە سروشتی دیمەنی سیاسی لەعیراقدا واھاتووە ئەو ھاوسەنگییە بەئاسانی تێک ناچێت و دواجار کاری لایەنە عیراقییەکان دەکەوێتەوە تەوافوق و پێکھاتنێکی شێوە ھاوسەنگیانە.

knwe
Shafaq Live
Shafaq Live