ترسی تورك لە دەستگرتنی كـــورد بــــەســـــەر توركیــــــادا

ترسی تورك لە دەستگرتنی كـــورد بــــەســـــەر توركیــــــادا
2010-08-28T18:42:44+00:00

و: مەریون عومەر

ئەتاتورك ماوەیەك لەناوچەكانی بەڵقان و یۆنان و ئەڵمانیا لەئەوروپادا ئەفسەری سەربازی بووە و بەژیانی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایانە سەرسام بووە. هەمیشە خەونی بەوەوە بینیوە توركەكان وەك یۆنانیەكانیان لێبێت، لانیكەم لەرووی جلوبەرگ و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە، كە لەتوركیا پێشكەوتووتر بوونە. ئەوكات جلوبەرگی پاكوتەمیز و پۆشتەیان لەبەر كردوە و شەرابیان خواردۆتەوە و سەمای "فاڵس"یان كردوە و گوێیان لەسەمفۆنیا راگرتوە، لەخانووی جوان و دەوردراو بەگوڵ و گوڵزار نیشتەجێ بوونە، واتە هەمان نەریتی رۆژئاوا لەهەموو روویەكەوە، بە وازهێنان لەهەر شتێك كە پەیوەندی بەدابونەریتی توركی و ئیسلامیەوە هەبێت، كە تامردیش بە چاوێكی سووك و قێزەونەوە تەماشای دەكرد.

دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لەساڵی 1923 و گەیشتنی بە عەرشی دەسەڵات، ئەتاتورك دەستیكرد بەجێبەجێكردنی ئەوەی پێشتر خەوی پێیەوە دەبینی. بەپێی یاسا جلوبەرگی ئەوروپی (پانتۆڵ و بۆینباغ) و لەسەركردنی كڵاوی بەسەر گەلەكەیدا سەپاند، سەرپێچیكەرانیشی سزا دەدا لەرۆڵەكانی گەلە داماوەكەی، كە لەشەو و رۆژێكدا خۆیان لەنێو ئەو جلوبەرگە سەپێندراوەدا بینیوە، كە وەك كەسە گاڵتەجاڕەكانی نمایشە سێركییەكان لەگۆڕەپان و شەقامەكاندا دەهاتنە بەرچاو. ئەو جۆرە تایبەتە لەجلوبەرگ پێویستی بە پاكڕاگرتن و ئوتوكردن و بایەخپێدانی تایبەت هەبوو. بەڵام ئەو توركانەی هەر لەلادێ و چیاكاندا ژیابوون، تەنانەت شارنشینەكانیشان هیچ ئەزمونێكیان لەگەڵ ئەو جلوبەرگەدا نەبوو، جگە لەدەستەبژێرێكی كەم نەبێت. شێواز و رووخساریان بەو جلانەوە لەیەك كاتدا جێگای گاڵتەپێكردن و بەزەیی بوو.

ئەو خەڵكە داماوە جلوبەرگی ئەوروپیان دەپۆشی و هیچ شتێكیان لەبارەی ئوتوكردنەوە نەدەزانی، كڵاویان لەسەر دەكرد و نەیاندەزانی چۆن گرنگی پێ بدەن. زۆرینەی خەڵك لەو جلوبەرگانەدا زۆر سەیر و نەشاز دەهاتنە بەرچاو و بۆنی چڵك و عارەقەیان لێدەهات. زۆرینەشیان پارەی كڕینی دوو تاقم لەو جلانەیان نەبوو، تا بەنۆرە لەبەری بكەن. ئەو مۆدە كەمالیزمیە تائێستاش بە "شۆڕشی كەمالی" ناودەبرێت، ئەو نمونەیەی سەرەوەش بە "شوڕشی جلوبەرگ و لەشولار". ئەو شۆڕشانە لەهەموو قوتابخانە و كۆلێژەكانیشدا دەخوێندران، تەنانەت لەكۆلێژی پزیشكیش. نوسەری ئەم بابەتە لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەكۆلێژی پزیشكی زانكۆی ئەستەمبۆڵ خوێندویەتی و لەو دۆخەدا ژیاوە.

"كەمالیزم" لەهەرە پیرۆزترین پیرۆزییەكانی دامەزراوەی سەربازیە لەتوركیا. كاتێك سوپا لەئەیلولی 1980 كودەتای بەسەر دەسەڵاتدا كرد، یەكەمین بڕیاری گێڕانەوەی رۆحی شۆڕشی "پۆشاك" و دەركردنی یاسای شێوازی جێبەجێكردنەكەی بوو. یاساكە بەسەر هەموو كارمەندەكانی دەوڵەتیدا سەپاند، كە بۆینباغ ببەستن و هەرگیز ریش و سمێل نەهێڵنەوە. دەبوو هەموویان ریش و سمێل بتاشن و بیخەنە نێو زبڵدانەوە. زۆر لەتوركەكان جێهێشتنی وەزیفەكانیان پێ باشتربوو لەتاشینی سمێڵ و ریشیان، بەتایبەت بەتەمەنەكان.

"عەباس" دەرگەوانی بەشی نەخۆشیەكانی سنگ بوو، لای هەموو كارمەندەكان خۆشەویست بوو، هەرگیز بزە لەلێوی نەدەبڕا، وەك هەموو كارمەندانی تری دەوڵەت بۆینباغی دەبەست، كە پێشتر نەیزانیبوو چیە، مەگەر تەنیا لەرۆژی ژنگواستنەوەكەی. ماوەی چەند مانگێك عەباس تاكە بۆینباغەكەی نەدەگۆڕی، كە چڵكن ببوو و بۆنێكی ناخۆش لەیاخەی قەمیسەكەی و بۆینباخەكەی دەهات. ئەو داماوە لەماڵەوەشدا نەدەوێرا گرێی بۆینباخەكەی بكاتەوە، چونكە نەیدەزانی دواتر چۆن بیبەستێتەوە. بۆیە پێی باشتر بوو لەگەڵ ئەو بۆینباغە پیس و بۆن ناخۆشە بژی، نەوەك سەرپێچی یەكێك لەبنەماكانی كەمالیزم بكات، كە ئەو كودەتاچیانەی بە ئاگر و ئاسن فەرمانڕەوایی وڵاتیان دەكرد دەیانپەرست، بە سەرۆكایەتی جەنەڕاڵی كودەتای سەربازی "كەنعان ئافرین".

گەر دوای تێپەڕبوونی 60 ساڵ بەسەر شۆڕشی "جلوبەرگ"ی ساڵانی بیستەكان ئەمە حاڵی عەباس بووبێت، كە كارمەندی نەخۆشخانەیەكی زانكۆ بوو لەنێو دڵی پایتەختی توركیادا، دەبێ بارودۆخەكە لەسەرەتادا چۆن بووبێ؟ زەحمەت نیە بارودۆخی سەخت و دژواری خەڵكی بەستەزمانی ساڵانی بیست بهێنیە بەرچاومان.

خەڵكی دەستەبژێر و لەسەروشیانەوە ئەتاتورك، زۆر تامەزرۆی پۆشینی دواین مۆدیلی جلوبەرگی ئەوروپی بوون، گەر بەراوردی رووخساری ئەو خەڵكە دەستەبژێرە و خەڵكە داماوەكەی ئەوكات بكەین، جیاوازیەكان وەك جیاوازی نێوان گۆرانیبێژی خوالێخۆشبووی ئەمریكی "ئەلڤێس بروسلی" و "عەباس"ە یادی بەخێر.

پێشكەوتن بەتایبەت لەبواری مرۆیی بەهێز و دەركردنی یاسای ساختە نابێت. ئەو شۆڕشە كەمالیانە كاریگەری قوڵیان لەسەر دەروونی تاكی توركی جێهێشت. لەوانە لەدەستچوونی باوەڕبەخۆبوون و هەستكردن بە بێنرخی و رووخسارپەرستی، بەتایبەت گرێی خۆدەرخستن بەهەرشتێك كە لەرۆژئاواوی شارستانیەوە هاتبێ، بەلایەنە باش و خراپەكانیەوە.

یەكێك لەو دیاردانەی بووە پێوەرێك بۆ پێشكەوتنی تاك لەكۆمەڵگاكەیدا و سەرچاوەی شانازیكردنی ئەتاتورك بوو، منداڵبوون بوو. ئەو كە خۆی هیچ منداڵێكی لەدوای خۆی جێنەهێشت، یەكەم هەنگاوی لەو بوارەدا نا. هەر شتێكیش لەئەتاتوركەوە دەرچووبایە لەلایەن ئەو نوخبەیەی لەسەر رێگاكەی دەرۆیشتین، وەك شتێكی پیرۆز تەماشا دەكرا. بە تێپەڕبوونی كات دیاریكردنی رێژەی منداڵبوون بووە رەمزێكی نەتەوەیی و شارستانی لای هەموو خەڵكەكە بەگشتی. دیاریكردنی رێژەی منداڵبوون شتێكی ئیجابی بوو، بەڵكو بێگومان پێویستیش بوو، بەڵام لەسەر دەستی رەگەزپەرستانی هەواداری كەمالیزم بوو بە كارەساتێك، كە هیچ كات بەخەڵیان دانەهاتبێت.

سنورداركردنی رێژەی منداڵبوون

ئەتاتورك سوور بوو لەسەر سنورداركردنی رێژەی منداڵبوون وەك رواڵەتێكی شارستانی ئەوروپی. دەستەبژێری ئەو وڵاتە لەخەڵكانی خاوەن پۆستی باڵای وڵات و ئەفسەرانی خاوەن پایەی جۆراوجۆر و هەموو ئەو كەسانەی لەبواری فێركردن و بوارەكانی تری شارستانیدا كاریان دەكرد، هەر شتێك لە ئەتاتوركەوە دەرچووبایە بە پیرۆزیان دەزانی و بەوردی لاساییان دەكردەوە.

هەموو ئەو توێژانەی سەرەوە زیاتر لە 2 یا ئەوپەڕی 3 منداڵیان زیاتر نەدەبوو. سەرۆك كۆماری پێشوو (سلێمان دیمیرێل) و سەرۆك وەزیرانی پێشوو (بۆڵند ئەجەوید) هەر منداڵیان نەبوو و ژنیشان بەسەر هاوسەرەكانیان نەهێنا. بەڵام سەركردەی كودەتای 1980 جەنەڕاڵ (كەنعان ئافرین) تەنیا 2 كچی هەبوو. بە تێپەڕبوونی 10 ساڵ ئەم نەریتە گەیشتە نێو چین و توێژە جیاجیاكانی تورك، بەخەڵكی هەژاریشەوە، تا بۆ خەڵك دەربكەوێ، كە ئەوان چەندە لەگەڵ ژیانی هاوچەرخدا دەگونجێن. بوونی زیاتر لە 3 منداڵ لەهەر خێزانێكدا بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگری نەزانی و دواكەوتوویی بوو، هۆكارێكیش بوو بۆ دروستبوونی گرێی خۆبەكەمزانی بەرامبەر بەوانی تر.

هەموو لایەك سوودی زۆریان لەسنورداركردنی منداڵبووندا دەبینی، بەهۆیەوە خێزان دەتوانێت بارودۆخی ئابووری باش بكات، كاتی زیاتریشی دەبێ بۆ گرنگیدان بەمنداڵ و پەروەردەكردن و فێركردنیان، سەرەڕای باشتربوونی بارودۆخی تەندورستی ئافرەتان. هیچ كەسێك بەخەیاڵیدا نەدەهات ئەم پرەنسیپە كەمالییە هەڕەشەیەكی راستەقینە لەسەر "بوونی نەتەوەیی تورك" دروست بكات، كە دواتر بووە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی دانیشتوان لەبەرژەوەندی كورد. دروستبوونی ئەو ناهاوسەنگیەی دانیشتوان دەرەنجامی فیكری نەتەوەیی رەگەزپەرستی بوو، كە هەموو ئیدارە و حكومەتەكانی كۆماری كەمالیزمی توركی لەسەری رۆیشتوون.

دەوڵەتی توركی لەوەتەی دروستبوونیەوە لەساڵی (1923)وە تاكو ئێستاش ئامانجی هێشتنەوەی ناوچە كوردییەكان بووە، لەدۆخێكی هەژاری لەرووی ئابووریی و فێركردنەوە، بەتایبەت ویستویەتی ئەو ناوچانە لەسەر شێوازی ژیانی لادێنشینی سەرەتایی بمێننەوە، بە زیادبوونی رێژەی منداڵبوونیشەوە، كە هەرە دیارترین سیمای دواكەوتووی هەر كۆمەڵگایەكە. لەناوەڕاستی هەشتاكان هەندێ دەنگ پەیدابوون، باسیان لەئەگەری هەڵگەڕانەوەی هاوسەنگی دانیشتوان دەكرد لەتوركیادا بۆ بەرژەوەندی كورد. بەڵام دەزگا نهێنییەكانی دەوڵەت ئەو دەنگانەیان سەركوت كرد، لەترسی ئەوەی ئەمە وا لەحیزبە كوردیەكان بكات، خەڵك بۆ منداڵبوونی زیاتر هانبدەن، وەك تاكە رێگایەك بۆ رزگاربوون لەدەست ستەم و هەژموونی تورك.

لە 7ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا هەموو رۆژنامە توركیەكان لێدوانێكی (سالم ئەنساری ئۆغڵۆ)ی وەزیری پێشووی دەوڵەت لەحكومەتەكەی (ئەربەكان)یان بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ "لەساڵی 1997 لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیراندا راسپاردەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركمان پێگەیشت، داوای لەحكومەت دەكرد، یاسایەك دەربكات، سزای هەر خانەوادەیەكی كورد بدات، كە زیاتر لە 3 منداڵی ببێت".

ئەو بۆچوونە رەگەزپەرستە سەرشێتانەیە هیچ ئامرازێكی نەبوو تا لەواقیعدا جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەوكات بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر بوو لەسەر سڕبوون و نەزۆكی عەقڵی سەربازی رەگەزپەرستی و دوژمنكارانەی تورك بەرامبەر بەهاوڵاتیانی كورد، بەڵكو لەدژی نەتەوەی توركیش، لەپێناو هەڵسوڕاندنی دەسەڵات لەپەناپەردەوە. كودەتا سەربازیەكانیش باشترین نمونەن.

بەر لەدوو ساڵ یا زیاتر، رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا دەركەوت و بەشێوەیەكی لەناكاو گوتی "پێویستە هەر خانەوادەیەك لانیكەم 3 منداڵی ببێت". ئەمساڵیش دوای سەرنەگرتنی پڕۆژەی پێشووتری، ئەردۆگان ئاماژەی بە پێدانی خەڵات بەو خانەوادانە دا، كە منداڵی زیاتریان دەبێت، بۆ هاندانی خانەوادە توركەكان لەسەر منداڵبوون. ئەمە لێدوانی سەرۆك وەزیرانی توركیایە، كە شەو و رۆژ ئارەزووی خۆی بۆ چوونەڕیزی ئەوروپا دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەتوركیا گرنگترین رێگری ئەندامبوونیەتی لەو یانە ئەوروپیە.

تێكچوونی هاوسەنگی دانیشتوان بۆ بەرژەوەندی كورد

كێشەی توركیا دۆزی كورد نیە، وەك ئەردۆگان بانگەشە دەكات، بەڵكو ئێستا كێشەكە ترسی دەستگرتنی كوردە بەسەر توركیادا، كە ئەمڕۆ ترسناكترین دۆزە لەتوركیا.

لەسەردەمی سەرۆك (تۆركەت ئۆزال) لەناوەڕاستی هەشتاكان هەڵمەتێكی نەوعی و گەورە بۆ سنورداركردنی منداڵبوون ئەنجام درا، وەك رێوشوێنێكی ئاسایی لەپێناو بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا بۆ دۆخێكی باشتر. بەڵام ئەم هەڵمەتە تەنیا لەنێو توركدا سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەنێو كوردەكاندا بە پێچەوانەوە، رێژەی منداڵبوون چەند هێندەی لێهات، بەشێوەك كە باوەڕ ناكرێت. ئاماری ساڵی 2005 بە ئاشكرا ئەو ئەنجامە تراژیدیە دەردەخات، كە بەسەر رێژەی دانیشتیوانی توركدا هاتووە بەم شێوەیە:

- لەماوەی ساڵانی 1990-2005 ژمارەی دانیشتوانی توركیا بەگشتی 24% زیادی كردوە، بەڵام ئەم رێژەیە لەناوچە كوردییەكان 40% بووە، بەم شێوەیە ژمارەی توركەكان لەناوچەی دەریای رەش و ناوچە ناوەڕاستەكانی ئەنادۆڵدا روو لەكەمیە.

- هاوشانی زیادبوونی گەورە لەدانیشتوانی ناوچە كوردیەكان، ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنادۆڵیش (شارەكانی كەناری رۆژئاوا و ژمارەیەك لەشارە گەورەكانی توركیا بەگشتی) شەپۆلێكی چڕی كۆچكردنی كوردەكانی بەخۆوە بینیوە. ئەمەش پڕۆسەی داگیركاری كوردیە لەو ناوچانە لەدوو بەرەوە:

بەرەی یەكەم: لەشاری (عەنتاب)) درێژ دەبێتەوە تا شاری (مۆغلا) لەوپەڕی كەناری رۆژئاوا لەباشووری توركیا، بەڵكو تا شاری (قوش ئاداسی) نزیك لە (ئەزمیر)ی ئەوپەڕی رۆژئاوا. پەنابەرە كوردەكان (لەراستیدا ئەوانەی بەزۆر كۆچیان پێكراوە) لەهەموو شار و شارۆچكەكانی كەناری باشوور و رۆژئاوادا نیشتەجێ بوونە، ئەمەش بۆتە هۆی تێكچوونێكی ئاشكرا لەهاوسەنگی دانیشتیوانی ئەو ناوچانە. ئەو شریتە كەنارییە بڕبڕەی پشتی بواری گەشتیاری و بارزگانی جیهانی توركیایە، سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەكی كشتوكاڵی دەوڵەمەندیشە، لەرووی سەوزەوات و میوەجات و پاقلەمەنییەوە. ئەو كوردانەی لەو ناوچانە نیشتەجێن، گەورەترین سەرچاوەی دارایی پارتی كرێكارانی كوردستانن.

بەرەی دووەم: شارە گەورەكان دەگرێتەوە، كە ناوەندی گەورەی بارزگانین، وەك (ئەستەنبوڵ) و (ئەزمیر)، تەنانەت شاری (بۆرسا) و (كۆجا ئالی)ش. لەو شارانەشدا هاوسەنگی دانیشتوان بەئاشكرا گۆڕانی تێكەوتووە، بەبەراورد بە 20 ساڵ لەمەوبەر. لەم ماوانەی دواییدا راپۆرتێك ئاماژە بەجۆرێك لەداگیركاری دەدات، كە بە پلانێكی داڕێژراو و بە دەستی ئەنقەست كوردەكان ئەنجامی دەدەن. تەنیا خوێندنەوەیەكی سادەی ئەو وتارە بەسە بۆ ناسینی ئەو رۆژنامەیەی سەر بە لایەنە رەگەزپەرستە فاشیەكانە. بەڵام ئەوەی جێگای داخە، زۆینەی لایەنە چەپڕەوەكانی پێشووی توركیاش چوونەتە ریزی ئەو رەوتە نەتەوەییە رەگەزپەرستەوە، بەڵام هێشتا خەڵكانێكی باش لەنێو چەپڕەوەكاندا هەن، كە لەبنەمای برایەتی و ئاشتی نێوان گەلان لایان نەداوە. ئەو راپۆرتە جۆرێك لەزێدەڕۆیی تێدایە، لەگەورەكردنی ترسی دەستگرتنی كورد بەسەر توركیادا. بەڵام دەمامك لەرووی ئەو راستیانەش لادەدات، كە لە واقیعدا روودەدەن و بەرپرسانی دەوڵەتی توركیایان هەراسان كردوە.

ئەو رێوشوێن و پلانانەی بوونەتە هۆی ئاوەژووبوونەوەی ئەو هاوسەنگیەی دانیشتوان لەسەر دەستی خودی دەوڵەت روویانداوە. دەوڵەت لەوەتەی لەدایكبوونیەوە دۆخێكی دواكەوتوانەی بەسەر كوردەكاندا سەپاندوە، ئەمەش بۆتە هۆی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان لەناوچە كوردیەكاندا. بەڵام هۆكاری پەرتوبڵاوبوونی كوردەكان و ترسی دەستگرتنیان بەسەر توركیادا، بەهۆی كۆچپێكردنی زۆرەملێ و سوتاندن و رووخاندنی زیاتر لە 6 هەزار دێهاتی كوردیەوە بووە، لەساڵانی حەفتاكاندا، بەتۆمەتی هاوكاریكردنی پەكەكە.

لەراستیدا خەڵكانی ئاوارە لەدانیشتوانی ئەو دێهاتانە روویان لەو ناوچانە كردوە، كە لەراپۆرتەكەدا ئاماژەیان پێدراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، رێژەی منداڵبوونیان لەشوێنی نیشتەجێبوونی تازەكانیاندا زیاتر بووە، بەهۆی بارودۆخی ئاوارەیی و دوورەدەستی و پێویستی زۆریان بەدەستی كاری زیاتر. دوای راگواستنیشیان لەجیاتی ئەوەی بەتورك ببن، ئەو كوردانە هەست و پەیوەستیەكی زیاتریان بە لایەنی نەتەوەییەوە لا دروست بووە، ئەمەش پێشكەوتنێكی ئاسایی هەر كۆمەڵگایەكە، كە لەژینگەیەكی لادێییەوە روودەكاتە كۆمەڵگایەكی شارنشینی.

ئەو ژمارانەی لەواقیعەوە نزیكترن، ئاماژە بەوە دەكەن، كە رێژەی منداڵبوونی توركەكان وەك ئەردۆگان ئاماژەی پێداوە، لەنێوان 1.2 تا 1.8 دایە، بەڵام ئەو رێژەیە لەنێو كوردەكاندا بۆ 5.2 بەرز بۆتەوە. هێشتا دەوڵەت دەیەوێت راستیەكان بشارێتەوە، بەڵام ناوە ناوە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی پەیوەستن بەتێكچوونی باری هاوسەنگی دانیشتوانەوە دزە دەكەنە دەرەوە، بەڵام بەخێراییەكی زۆریش دەشاردرێنەوە.

شكستی پلانی جەهەننەمی "بەتورككردن"

ئامانج لەكۆچپێكردنی زۆرەملێ "بەتورككردن" بوو. سەرانی دەوڵەت پێیانوابوو بە تێپەڕبوونی كات ئەو كۆچبەرانە دوای باشبوونی بارودۆخی ئابوورییان، لەگەڵ نیشتمانی تازە و كۆمەڵگای توركی ئاوێتە دەبن و دەبنە تورك، بەتایبەت لەناوچە گەشتیاری و پیشەسازی و شارە سەردەمییەكاندا، كە بەراستی بەهەشتێك بوون بەبەراورد بە نیشتیمانی پێشوویان، كە تێیدا هەژاری و دواكەوتوییان بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام مینەكە لەدەستی خاوەنەكەیدا تەقیەوە، لەجیاتی ئەوەی بەتورك ببن، ئەو ملیۆن كوردانەی ئاوارە كرابوون ژمارەیان زیاتر بوو و دەستیان بەناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە گرت، بەجۆرێك كە جێگای سەرسوڕمانی عەقڵی پلانداڕێژەری ئەو پیلانە بوو.

ساڵە یەكەمینەكانی ئەو كوردانە هێندە سەخت و پڕ ئازار بوو كە وەسف ناكرێت. دوای تێكدانی دێهاتەكانیان، ئەو خانەوادانە چی هەیانبوو فرۆشتیان، تا خانوویەكیان لەدەوروبەری شارە گەورەكاندا دەست بكەوێت و وەك كرێكاری رۆژانە كار بكەن. زۆر لەخانەوادەكان هەڵوەشانەوە، لەو ژینگە شارنشینیە ئاڵۆز و سەخت و بێڕەحمە لەگەڵ پەنابەراندا لەبرسیەتی و نەداری و ئازارێك كە كەس نازانێت چۆنە جگە لەوەی دووچاری ئەو كارەساتە مرۆییە بۆتەوە.

دوای چەند ساڵێك لەدەربەدەری، قۆناغی سەقامگیرییەكی رێژەیی دەستیپێكرد، ئەو ژمارە زۆرە (4-5 ملیۆن كەس) لەكوردە ئاوارەبووەكان خۆیان لەنێو شاری پێشكەوتوو و ناوچەی گەشتیاری گرنگ و ناوەندی بازرگانی گەورە و كێبڕكێی بارزگانی و بازاڕی گەرمی كرێكاران بینیەوە. ئەمە خەون بوو یا راستی؟ ملیۆنان خەڵكی دێهاتنشین روویان كردە ژیانی شارنشینی پێشكەوتوو، بەجۆرێك لەتێكەڵبوون، كە مرۆڤ پێویستی بەچەند دەیەیەك بوو بۆ ئەو پێشكەوتنە لەدۆخی ئاساییدا. تازە كار لەكار ترازا، جادووەكە كاری لەجادووگەرەكە كرد و ناشتوانرێت میلی كاتژمێر بۆ دواوە بگێڕدرێتەوە.

لێرەدا دەمەوێ بەسەرهاتی یەكێك لەو پەنابەرانە بگێڕمەوە، وەك نمونەیەك بۆ ئەوەی بەسەر پەنابەرەكان هاتووە. لەكۆتایی نەوەتەكان من لەشاری "مەرمیس" بووم، هەرە جوانترین و گرنگترین ناوچەی گەشتیاری لەباشووری رۆژئاوای توركیا، كەسێك دەستی بەگێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی كرد "لەنیوەی دووەمی هەشتاكاندا ناچار بووم شارۆچكەكەم (مسیرجی-قۆرتاڵان) جێبهێڵم، هەرچی هەمبوو فرۆشتم، جگە لەراخەر و لێفەیەك، كە زۆر پێویستمان بوو. بەو بڕە پارەیە توانیم ئۆتۆمبێلێك بكڕم بەو ئومێدەی لەنیشتیمانی ئاوارەبوونمان كاری تاكسی پێ بكەم و قوتی ژیانمانی پێ دابین بكەم. ئۆتۆمبێلەكەم پڕكرد لەمنداڵەكان و راخەر و لێفە بەرەو شاری "مەرمریس" و كەنار بەرێكەوتنم، كە نزیكەی هەزار كیلۆمەتر لێمانەوە دوور بوو. لەوێ ئیشی تاكسیم كرد، خەڵكی شارەكە نەیانهێشت لەشوێنی وەستانی تاكسیەكان بووەستم، كە شوێنێكی قەرەباڵغ بوو بە گەشتیاران و خەڵكی شارەكە، تەنیا بەهۆی ئەو هەستە دوژمنكاریەی بەرامبەر بە كورد هەیانبوو، بەهۆی جەنگی نێوان پەكەكە و سوپای تورك. دەرووی رزق و رۆزی بەروومدا تەنگ ببوو، ناچار بووم لەدەوروبەری شار كار بكەم، هەندێ جاریش خۆم بخزێنمە كەنارەكەوە، بەڵام هەر زوو كە دەیانزانی كوردم راویاندەنام".

ئەو پیاوەی بەسەرهاتەكەی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە، ببوو بەخاوەنی ئۆتێلێكی پێنج ئەستێرە لە مەرمەریس، لەگەڵ گازینۆیەكی سەر كەنار لەچەقی ئەو شارە گەشتیاریە، كە بەردەوام پڕە لەگەشتیار. جگە لەمانەش ماركێتێكی فرۆشتنی جلوبەرگی پێستەی لەناوەڕاستی شاردا هەیە، كە داهاتەكەی لەئوتێل و گازینۆكەی زیاترە.

ئەمە ئەو پیاوە داماوە بوو لەشۆفێری تاكسیەكەوە بوو بە بزنسمانێكی گەورە و بەتوانا. خەڵكێكی زۆر لەخزم و كەسوكاری لەنیشتمانە تازەكەیدا روویان تێكرد و لەدەوری كۆبوونەوە. ئەو پیاوە جگە لەو توانا داراییەی هەیەتی، هێزێكی مرۆیی گەورەشی بۆ پەیدا بووە و هەزار حیسابی بۆ دەكرێت. لەهەر هەڵبژاردنێكی شارەوانیەكاندا كێبڕكێكارە توركەكان رووی تێدەكەن و داوای پشتگیری و دەنگی لێدەكەن.

رەنگە زۆر كەس ئەم نمونەیەی لا سەیر بێت، بەڵام هیچ شتێكی سەیر و سەمەرە لەو رووداوەدا نامێنێت، كاتێك دەزانین كە ژمارەی كوردە پەنابەرەكانی ئەوێ لەنێوان 4-5 ملیۆن كەسدا بووە. هەرچەندە هەموویان وا بەختەوەر نەبوونە، كە دەوڵەمەند ببن، بەڵام زۆرینەی پەنابەرەكان سوودی زۆریان لەرێسای ئابووری ئازاد بینیوە و بەشێكیان گەیشتونەتە ئاستی بزنسمان و خاوەن كارگە و پیشەی جۆراوجۆری سەربەخۆ. پلانی جەهەننەمی بەتورككردن شكستێكی كوشندەی خوارد، لەكۆتاییدا كوردەكان لەناوچەی رۆژئاوای پێشكەوتووی توركدا نیشتەجێ بوون و دەستیشیان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیانەوە گرت. بەتێپەڕبوونی كات ئەو رق و كینەیەی سەرەتا نەما، رێسای بازاڕ و كاری بازرگانی و قبوڵكردنی ئەو دیفاكتۆیە دۆخێكی گونجاوی بۆ رەخساندن. بەڵام ئایا ئەو كودەتاچی و پیلانگێڕانەی هەمیشە كار لەسەر وروژاندنی هەستی نەتەوەپەستی و هەڵگیرساندنی ئاگری ئاشووب و جەنگ دەكەن، هەروا دەستەوئەژنۆ دەوەستن؟














سفيل

Shafaq Live
Shafaq Live