بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کوردە فەیلییەکان

بەجینۆساید ناساندنی کەیسی کوردە فەیلییەکان
2010-12-08T08:12:05+00:00

تاوانبارێک سزای لەسێدارەدان و چەند تاوانبارێکیتر بە ١٠ ساڵا زیندانی و ئەوانەشی کەھیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبوەوە ئازادکران، ئەم دادگایکردنە دادگاییەکی مێژووییە چونکە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە کوردانی فەیلی زوڵمیان لێ دەکرێت، ئەم زوڵمە لەناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان لەسەر دەستی بەعسییەکان پلەیەکی ترسناکی بڕی و لە ھەشتاکانیشدا گەیشتە ترۆپک سەدان ھەزار کوردی فەیلی لە عیراقدا وەدەرنران، مافی ھەڵگرتنی رەگەزنامەی عیراقییان لێ سەندرایەوەو زۆرێکیشیان لەناوبران، دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق دۆسێی کوردانی فەیلی بە دۆسێیەکی جینۆسایدو کۆمەڵ کوژ ناساند.

ئەم تەوەرە لەبەرنامەی گەرماو گەرمی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستاندا لەلایەن بەھێز حسێنەوە پێشکەشکرا، بە ئامادەبوونی د. مەجید محەمەد ئەمین وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و پرۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل مامۆستای زانکۆو یەکێک لەکوردانی فەیلی، لەبەر گرنگی بابەتەکە کوردستانی نوێ بەپێویستیزانی راپۆرتێکی لێ ئامادە بکات.

لەدوا بڕیار رازین

د. مەجید محەمەد ئەمین وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئاسودە بوون بەو بڕیارەی دادگا وتی:

وەک حکومەتی ھەرێم زۆر رازین لە دۆسێکەو بڕیارەکانی دادگا وەکو پێشبینیمان دەکرد ھەروا دەرچوو، چونکە ھەموو ئەرکانەکانی جینۆساید لەکەیسی پاکتاو و کۆمەڵکوژی فەیلییەکاندا روونە ھیچ نادیارییەکی تێدا نییە، ئەوانە لەبەرئەوەی کوردن و لەبەرئەوەی فەیلین و شیعەن کومەڵ کوژکران و شەھادەی جنسیەی عیراقیان لێ سەندرایەوە، پاشان دەست بەسەر ھەموو ماڵا و موڵکیاندا گیرا، ئەنجامەکە لە قازانجی کەیسەکە بوو بەو ئاڕاستەیەدا ھات ئێمە وەکو وەزارەتی شەھیدانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستمان بوو، بۆیە بەڕاستی ئاسودەین بەو ئەنجامە ھەرچەندە پێمانوایە ھەندێک لە حاڵەتەکان حوکمێکی سوک دران یەک لەوانە تاریق عەزیزە کە خۆی عزوی مەجلیسی قیادی سەورە بووەو ئاگای لەھەموو بڕیارەکان بووە ئیمزای لەسەر ھەموو بڕیارەکان کردووە دەبوایە سزاکەی قورستر بوایە لەوەی ئێستا وەریگرتووە بەڵام بەگشتیی ئێمە ئاسودەین چونکە ئەوەندەی  ناساندنی کەیسەکە بە جینۆسایدو گەڕانەوەی ماف بۆ کوردە فەیلییەکان مەبەستمانە ئەوەندە سزای شەخسەکان مەبەستمان نییە.

ھەر سەبارەت بەقورسی کارەکانی کەیسەکە وەزیری شەھیدان وتی: کارێکی زۆر قورس بوو چونکە ئەمە پێش ٣٢-٣٣ ساڵە رویداوەو لە٧٨-٨٣ ئەم  تاوانە کراوە، کارێکی ئاسان نەبوو دەسکەوتنی دۆکیۆمێنتەکان و شایەتی سکاڵاکاران کە ھەمووی گەیشتە زیاتر لە ١٠ ھەزار لاپەڕە وەکو وەزارەتی شەھیدان بەدەستمان ھێناوەو خستومانەتە بەردەست مەحکەمە زیاتر لە ١٣٢ سکاڵاکارو شایەد ئیفادەی خۆی داوەو چەندین شایەد لەبەریتانیاو ھۆڵەنداو سویدو ئێران لەڕێگەی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدانەوە گەیەنرایە مەحکەمە، بەگشتیی کارێکی قورس بوو قورسی کارەکە لەوەدا بوو روداوەکە کۆن بوو دەلیلێکیش لەسەری نەمابوو یەعنی ئێمە ئێستا ھەندێک گلەیمان ھەیە کە نەیانھێشت موشاھەدەی شوێنەکانی جەریمە بکەین، ئێمە داوامان کرد وەفدێکی مەحکەمەی باڵای جینایەت بچێتە ئێران لەو شوێنەی ئەو خەڵکانەی کەدەست بەسەربوون و مردون وەکو بەڵگەنامەیەک لەو مەحکەمەیەدا بەکاربێت، بەڵام ئەو داوایەی ئێمەیان پشتگوێخست تائێستا دەتوانم بڵێم تەرمی قوربانیانی فەیلییەکانمان دەست نەکەوتۆتەوە واتە بەگشتیی کارێکی قورس بوو، بەڵام دەستەی بەرگری پارێزەرەکانمان کارێکی زۆر بەرزو باشیانکردو لائیحەیەکی مومتازیان بۆ کەیسەکە نووسی بوو کە لەمەسەلە مێژووییەکەیەوە دەستی پێکردبوو، تا گەیشتبووە کۆمەڵاکوژییەکان و وەزعی ئەو خەڵکە کۆچکردووە کە لەئاوارەیی ئێران و ئەوروپا بەسەریان ھاتبوو.

مێژوویی تاوانەکە

پرۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل مامۆستای زانکۆو یەکێک لە کوردانی فەیلی دەربارەی مێژووی ئەو تاوانەی بەرامبەر بە کوردانی فەیلی کرا وتی: دڵخۆشم بەدوا بڕیاری مەحکەمەی عیراقی سەبارەت بەو کەیسە ئەمە بەڕاستی قۆناغێکی زۆر گرنگ و چاوەڕوان کراو بوو، بەڕاستی کوردە فەیلییەکان زوڵمێکی وایان لێکراوە بەقەد ئەوانەی لەئەڵمانیا کراوە کەمتر نییە بەڵام تا ئێستا بەوردی باس نەکراوە ئەوەی ئێستا لە بەڵگەنامەکاندا ھەیە بەشێکە لەو کارەساتەی کە کوردە فەیلییەکان توشی بوون لە چلەکانی سەدەی رابردوو تا روخانی رژێمی سەدام چونکە ئەو زەوییەی کوردە فەیلییەکانی تێدان واتە ناوچەکانی بەغدا تاکو پارێزگای دیالەو واست و ئەم ناوچانە بەردەوام لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عیراقیدا بوو رۆژێکی خۆشیان نەبینیوە جیاواز لەوانەی لەسێ پارێزگاکەی ھەرێم ژیاون بەتایبەت دوای ساڵی ١٩٩١ تەنھا کوردە فەیلییەکان بوون شوێنیان نەبوو بۆی بگەڕێنەوە ھەتا روخانی رژێمی سەدام.

سەبارەت بە بەشداری کوردانی فەیلی لە سەرکەوتنی ئەو کەیسەدا د. مەجید وتی: ئەوەی ئێمە کردمان وەکو وەزارەت تەنھا پشتگیری مادی و مەعنەوی و بەرنامەڕێژی بوو بۆ ئەو کارە بەڵام ئەوەی کردیان فەیلییەکان خۆیان بوون ئەگەر لە مەحکەمە بتبینینایە شوێنەکە بەرنەدەکەوت لەبەر خەڵکی فەیلی ھەموو بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی بڕیاری مەحکەمەیان دەکرد دوای بڕیارەکە دەیان خێزانی فەیلی دەگریان واتە برینیان کولابوەوە، بەڵام ئەنجامەکە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بوو ئەو رۆژە رۆژێکی مێژوویی بوو لەمێژووی ژیانی کوردە فەیلییەکاندا ھەستی نەتەوایەتی لەناو کوردە فەیلییەکان زۆر بەھێزە ئەو رۆژە دەبێتە رۆژێکی نوێ بۆ ھەوڵدانی زیاتری کوردە فەیلییەکان.

دەبێتە قۆناغێکی گرنگ

پڕۆفیسۆر د. خەلیل باسی لەوەکرد ئەو رۆژە دەبێتە قۆناغێکی تایبەت بۆ گۆڕانکاری بیرو باوەڕی چەندەھا دامەزراوە لەھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بەرامبەر مەسەلەی کوردە فەیلییەکان،  بەکوردە فەیلییەکانەوە دیار بوو چەند ھەم و خەمیان ھەبووە لەژێر چەمکی نیزامێکی شۆڤێنیدا وایان لێ کراوە.  پێویستیشە حکومەتی ھەرێم پلانێکی نوێ دابنێت بۆ ئەوەی ئاوڕێک لە کوردە فەیلییەکان بداتەوەو تەعویزی ئەو ساڵانەی کە ئازاریان ھەبووەو کێشەیان ھەبووە حکومەتی ھەرێم بەڕادەی پێویست نەیتوانیوە سۆزیان رابکێشن بۆ ئەوەی بێن لێرە بژین.

وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێم باسی لەوە کرد تا ئێستاش بەشێک لەفەیلییەکان لەئێرانن و گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان وتی: نامەوێت پاساو بۆ شتێک بھێنمەوە کە نەکرابێت بەڵام حکومەتی ھەرێم مولزەمە بەوەی کەکاریان بۆ بکات بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و جنسیەیان بۆ دەربکات راستە لەو ماوەیەی رابردوودا کوردە فەیلییەکان دورکەوتونەتەوە جا ئەو دورکەوتنەوەیە بەویستی خۆیان بووە یان نا بەڵام حکومەتی ھەرێم دەبێت ھەنگاوی جدی بنێت کە فەیلییەکان بە جدی بەشدارییان ھەبێت لەحکومەتی مەرکەزیدا لە بەغدا، راستکردنەوەی ئەو وەزعە نالەبارە ئەرکی حکومەتە. وتیشی: لەو بڕیارەی مەحکەمەدا لەگەڵا بە جینۆساید ناساندنەکە بڕیاری تەعویزەکەش خوێنرایەوەو ئەو کەسانەی زەرەرمەند بوون دەتوانن بچنە مەحکەمە ناوخۆییەکان سکاڵای خۆیان بکەن و داوای تەعویز بکەن ئێمەش لەڕێگەی کوتلە پەرلەمانییەکەی خۆمانەوە بەیارمەتی دۆستانیشمان لەپەرلەمانی عیراقی دەتوانین بڕیارێکیان بۆ دەربکەین داواکانیان تەجاوزی رۆتیناتی مەحکەمە بکات تا زوو تەعویز بکرێنەوە.

کێشەکانیان چارەسەر دەبێت

ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی: دەبێت خوێندنەوەیەکی تازە بۆ پەیوەندی حکومەتی ھەرێم و کوردە فەیلییەکان بکەین بەوەی ھەڵسوڕاوانی کوردە فەیلییەکان ھەوڵ بدەن پەیوەندییەکی نزیکایەتی دروست ببێت لەنێوانیان چۆن ئیعادە نەزەری خۆمان بکەین بەرامبەر کوردە فەیلییەکان و تەعویزیان بکەین تەنھا لەڕووی مادییەوە  بەڵکو لەڕووی مەعنەویشەوە پێویستیان بەھاوکاری ھەیە تا ئەو ناخۆشیانەیان بیر بچێتەوە ھەوڵبدەین جێگایەکیان بۆ دابین بکەین تابتوانین جۆرێک لەتایبەتمەندییان پێ بدەین. وتیشی: پێویستە لەگەڵیاندا دابنیشین تا بزانین کێشەکانیان چییەو بەدواداچوونی بۆ بکەین تا بۆیان چارەسەر بکرێت. د. مەجید دەربارەی کێشەی بێ ناسنامەییان وتی:   ئێستا چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەردەوامە لە دائیرەی رەگەزنامە فەیلییەکان سەرەیان گرتووە زۆربەیان ناسنامەیان وەرگرتۆتەوەو ھەندێکیان ماون، بەڵام ھەندێکیان لەئێران و ئەوروپاو ھەرێمی کوردستانن رەنگە نەتوانن بە ئاسانی سەردانی بەغدا بکەن بۆیە پێویستە حکومەت کاری  پێویستیان بۆ بکات. پێموایە کێشەی کوردە فەیلییەکان لەگەڵا ھەرێمی کوردستان ئەو دابڕانەیە کە لەنێوان حکومەتی ھەرێم و فەیلییەکان دروست بووە واتە جۆرێک لەدابڕانی فکری دروست بووە، بەڵام کاری مەڵبەندو رێکخراوەکانیانە کە ئەو ھەستەیان بۆ بگەڕێننەوەو پەیوەندییەکان رێک بخەنەوە.

 

knw

 

Shafaq Live
Shafaq Live