ئەرکی قورس بۆ پیاوە رەشپێستەکە مایەوە ‌

ئەرکی قورس بۆ پیاوە رەشپێستەکە مایەوە          ‌
2010-09-04T19:40:28+00:00

جەنەراڵ لوید ئۆستن-ی رەشپێست، رۆبەرت گەیتسی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەبەغدا لەبەردەم سەربازەکانیدا ئەوەی ھێنانەوە بیر کە لەقۆناغی کۆتایی جەنگدان لەعیراق، بەڵام دڵنیایی دایە ئۆستن کەئەرکەکەی لەئەرکی ئۆدێرنۆ قورسترە، ھەرچەندە ئۆستن لەیەکەم لێدوانیشیدا بەعیراقییەکانی وت: عیراق پێویستی بەسەربازیی ئەمریکا نییەو دەبێت عیراقییەکان خۆیان خۆیان بپارێزن، ئەم سیاسەتەی ئۆستن سیاسەتی ئۆبامای رەشتپێست نییە بۆ ئۆستنی  ھاوڕەنگی، بەڵکو ئەمە قەدەرە وایکرد لەگەڵ بەڵێنی پاشەکشێ لەلایەن ئۆباماوە ئەو ئەرکە بەئۆستن بسپێردرێت.

ئەرکی ئێستای ئۆستن وەک ئۆدێرنۆ نابێت، بەڵکو گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووەو ھاوکاریی ھێزە عیراقییەکان دەکەن نەک خۆیان ئەو ئەرکە جەنگاوەرییە بگرنە ئەستۆ کە لەمەبەر گرتبووبانە ئەستۆ، ھەرچەندە بەپێی ئەو تەقینەوانەی کەڕۆژانە شوێنە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج، ھێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەحاڵەتی جەنگدان لەعیراقدا.

کاتێک ئۆباما دەستبەکاربوو لەکانوونی دووەمی ٢٠٠٩دا، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لەعیراقدا نزیکەی ١٤٥ ھەزار سەرباز بوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا ئۆباما بەڵێنیدا ژمارەی ئەو سەربازانە کەمکاتەوە بۆ ٥٠ ھەزار سەربازی ئەمریکی لەکۆتایی ئابی ٢٠١٠داو ئەو بەڵێنەشی بردە سەر، ھەرچەندە ھەندێک لەچاودێرانی سیاسی وای دەدەنە قەڵەم کەئەمە بەشێک بێت لەھەڵمەتی ھەڵبژاردن.

ئەو گۆڕانکارییانەی کەئەمریکا دەیکات لەعیراقدا بەکەمکردنەوەی ھێزەکانی لەعیراق و بەپێچەوانەشەوە زیادکردنیان لەئەفغانستان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەدۆخی ئەمنیی عیراق سەقامگیرترە لەئەفغانستان ھەرچەندە لەناوخۆدا ھێشتا عیراق گیرۆدەی ململانێی سیاسییەو لیست و ئیئتیلافەکان دوای شەش مانگ لەھەڵبژاردن نەیانتوانیوە حکومەتێک پێکبھێنن، بۆیە ئەم رەوشەیە وای لەسایکۆلۆژیای خەڵکی عیراق کردووە مانەوەی ئەو ٥٠ ھەزار سەربازەی ئەمریکا لەعیراق جێگەی دوودڵیی نەبێت، ھەر لەم روانینەشەوەیە کەمانەوەی ئەمریکا لەعیراق و پیاوە رەشپێستەکەی ئەمریکا لەعیراق چوار ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ، یەکەم ئەرکی ئەو پیاوە کۆکردنەوەی زانیارییە لەعیراق ئەمەش توخمێکی سەرەکییە بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی عیراق لەدیاریکردنی ھێرشە چاوەڕوانکراوەکان، ئەمریکا خۆشی رایگەیاندووە کەگەڵاڵەکردنی توانای کۆکردنەوەی زانیاری تایبەت، کەھاووڵاتیان دەیگەیەنن پلەی یەکەمینی ھەیەو رەگەزی سەرەکییە بۆ ھەموو حکومەتێک و ھێزەکانی ئاسایشی عیراق، ئەرکی دووەمی پیاوە رەشپێستەکەی ئەمریکا لەعیراق ھاندانی ھێزەکانی عیراقە بۆ کێوماڵکردن کەئێستا رێژەی سەرکەوتنی ھێزەکانی عیراق بۆ سەر بنکەی تیرۆریستان ٢٠%ەو دەیەوێت ئەو رێژەیە بۆ ٧٠% بەرزبکاتەوە.

دواتریش گەیاندنی کەلوپەل و یارمەتی و دابینکردنی چەک بۆ سەربازانی عیراق کەزۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سەربازیی عیراق، دواھەمین ئەرکی ئۆستن مەشقپێکردنە بەھاوتا عیراقییەکانیان لەسەر بەکارھێنانی نوێترین تەکنۆلۆژیا بۆ خاوێنکردنەوەی رێگەکان لەبۆمبـی چێنراو، کەواتە ئەرکی ئۆستن ئاسان نییەو ناکرێت لەئەرکی ئۆدێرنۆ ئاسانتر سەیر بکرێت.

 

Shafaq Live
Shafaq Live