دەبێ حزبەکان رێگا بۆ حکومەت بکەنەوە

دەبێ حزبەکان  رێگا بۆ حکومەت بکەنەوە
2024-04-04T13:30:18+00:00
به‌در سماعیل شیرۆكی/ گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک

ڤێکڕا بکرا مە ئینقیادەک

رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی

هەمیا ژمەڕا دکر غوڵامی

  ئەگەر قۆناغی شەڕی ناوخۆیی کوردستان بەتەواوی لەبیر بکەین، هەرگیز تۆنی دەنگ و وێژەمانی ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی بەجێماوی میراتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردیین، مینا ئەو یەک دوو ساڵەی دوایی ، ئەوەندە نامۆ بە مێژوو و ئامانجەکانی خۆ و  دژەخۆ نەبووە. بێجگە لە سەردەمی دابەشکاریی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، کە ژێی مۆسیقای ئایین، بە پێی میلۆدی و  ئاوازی ئۆمەتگەرایی و کۆمەڵگە گشتییەکەی ئیسلامییەوە، کە چنین و رستنی تانوپۆی نەخشەی نەتەوە و خاک و زمانێکی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، تا ئەم چرکەساتە ئەو شێوە لەتبوون و پارچەبوون و لەبەریەکهەڵەتەکانی  مۆڕالی و  سیاسی و فەرهەنگی و ناوچەیی وەها قوڵ و مەترسیدار و ستراتیژی  لەناو کورداندا کەمتر بینراوە . 

ئالبێرت ئەنشتاین دەبێژێ:  ئەو جیهانەی کە بەرهەممان هێناوە،  بەرهەمی شێوازی هزر و ئەندێشەی خۆمانە. بەپێی ئەم روانگەیە بێت،  ئەو دۆخەی ئێستا لەکوردستان لە ئارادایە، لە پلەی یەکەم بەرهەم و دەستکردی سیاسەت و ئەندێشەی خۆمانە. هەل و مەرجە سیاسی و ئابوری و جڤاکییەکان، تەنگاسییە تاکتیکی و ستراتیژیەکان، بە هەموو لایەن و رەنگێکیانەوە، رواڵەت و دەرهاوێشتەی هزر و بڕیار و هەڵوێستگیریی سیاسەتمەدار و سەرکردایەتی پارت و لایەن و هێزە سیاسییەکانی چالاکی سەرگۆڕەپانی سیاسی کوردستانە.

هۆکار و بناغەی هەموو گێژاو و تەنگ و چەلەمە و کێشە سیاسییەکانی کوردستان، لە قەیرانی متمانە سەرچاوەیان گرتووە. لەو بەرسنگگرتنەی بەغدا و هەولێردا، پرسیار ئەوە نییە، ئاخۆ کورد لەبەرابەر بەغدا شان دەچەمێنێ یان نە؟ بەڵکوو  بۆ دەستکەوتنی وەڵامێکی راست، دەبێ سەرەتا ئەو پرسە لە نێوان کوردان خۆیان یەکلایی ببێتەوە، کە ئایا کۆمەڵگەی کوردی و هێزە سیاسییە دژبەرەکان، دەتوانن ئەو قەیرانی متمانەیە تێپەڕێنن و بەسەر ناکۆکی و دووبەرەکییەکانییاندا زاڵ بن؟ 

زانستی پزیشکی  دەبێژێ، ئەگەر ڤیتامین دی لە جەستەدا نەبێ، ئەوا جەستە ناتوانێ کەڵک لە زۆرێک لە ڤیتامینەکانی دیکە بەباشی وەربگرێ، لەم بارودۆخە قەیرانیاوییەدا، متمانە و یەکبوون و یەکڕیزی بۆ کورد، هەمان نەخش و رۆلی ڤیتامین دی  هەیە.  لەو قۆناغەدا، کە جیهان بەگشتی و  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی،  لە ناسەقامگیری و تەنگەژەیەکی لەرادەبەدەری سیاسی و ئەتنیکی و مەزەبیدا بەسەر دەبات، ئەگەر کورد یەکگرتوو و یەک ڕا و یەکهەڵوێست نەبێ، ناتوانێ چاوەڕوانی پشتیوانی و هاوکاری لە دۆستەکانیشی بکات.

هەموو پارتەسیاسییەکان دەبێ لێکدانەوە و شرۆڤەیەکی نوێ بۆ رۆڵی حزب، لەدەرەوەی بازنە و چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەت بکەن. حزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێ هێزی فەرمانڕەوایی خۆیان بەبێ رەوایەتی حکومەتی هەرێم باش بخوێننەوە و لەوە تێبگەن، کە پێگەی حزب نە لە پێکهێنانی حکومەت، کە کۆلەکەی سیستەمێکی دیموکراتە، بەڵکوو وەکوو رەوایی یاسایی ئیدارەدانی وڵات، بەپێی یاسا و دانپێدانانە هەرێمی و ناودەوڵەتییەکان، لەم سەردەمەدا تا کوێ بڕ دەکات. ئایا حزب وەکوو پرۆژە و سیستەمی ئیدارەدانی وڵات، هەموو وزەی خۆی لە بابەت چارەسەرکردنی پرسە دەرەکییەکانی کوردستان نەسوتاندووە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، لە روانگەی بەرپرسیارییەتی نەتەوەییەوە، پەیوەندی و ئیدۆلۆژییە دەرەکییەکانی هەڵپەسێرێ و لە دەریچەی جیهانبینیی کوردبوونەوە و لە چوارچێوەی حکومەتێکی یەکگرتووی کوردستانییەوە بڕیار وەربگرێ و کۆتایی بە ماندووکردنی سایکۆلۆژی  کۆمەڵگەی کوردستان بهێنێ؟

یەکێک لە کێماسییە هەستپێکراوەکان لە کوردستانی ئەمڕۆدا، بێ کاریگەری هێشتنەوەی رۆڵی مرۆڤی کوردە، لە بەهێزکردن و  ئاراستەگەری بڕیار و هەڵوێستی حوکمڕانی کوردی لە بەرابەر قەیرانەکاندا،  بێ را و پێشنیار کردنی شەقامی کوردستانە. کۆمەڵگەی کوردستان بە چینە روناکبیر و خوێندەوارەکەیەوە، کە چاوەڕوان دەکرێ بیروڕای گشتی دروست بکا و ببێتە دینامۆی بەرەوپێشبرنی جڤاک، لە دەرەوەی چوارچێوەی جیهانبینیی حزبە سیاسییەکان، کەمترین هەژموون و باندۆری بەسەر بزاوتی هزری و ئاراستەکردنی پرس و ستراتیژە نەتەوەییەکاندا هەیە. دژایەتی و بەریەککەوتنە هزری و فرە ئەجندایی و  فرە ئیدۆلۆژیی لایەنە سیاسییەکان، رێگەیان نەداوە کە ئەو هاوبەشی و هاوچارەنوسی و تێگەیشتنە گشتییە، لە ویژدانی گشتی کۆمەڵگە  بهێتە بەرهەم و، شانازی بە ئازاد بوون و سەربەست بوون، ببێتە رۆژەڤ وپێشینەی ئامانج و خواستی هەمیشەیی سەرجەم دانیشتوانی کوردستان.

 هەتا ئێستا حکومەتی کوردستان لە دید و روانگە و تێگەیشتنی گشتییەوە، هەر مینا دەسەڵاتی لایەنێکی سیاسی تەماشا دەکرێ و هێشتا  نەبووەتە پرۆژەی نەتەوە و سەروەری و شانازیی دەستەجەمعی بۆ هەموو چین و توێژ و دەنگ و رەنگێک کە لەسەر خاکی ئەم نیشتیمانەدا دەژین. 

لەکوردستان گەرچی دەیان پارت و لایەنی سیاسی و لیستی بەربژێر، لە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی سیاسی بەشداری  دەکەن، لێ دوای هەڵبژاردن و ئاشکرابوونی ئەنجامەکان، بەکردەوە پرسەکە نە تەنێ هەر لەباری سیاسی و حزبی، بەڵکوو لە رووی جەماوەی و جوگرافیاییشەوە خۆی لە دووبەرەدا دەبینێتەوە. بەرەیەک کە حوکمڕانی و دەسەڵات بەڕێوە دەبات، بەرەیەکی دیکە کە وەکوو نەیار لە هەموو بوار و بەستێنێکدا، کارشکێنی و وێرانکاری و دژایەتی دەکات. 

لە وڵاتی ئێمەدا هێز و لایەنی سیاسی، هەرگیز لە باری تۆلێرانسەوە نەیتوانیوە ببێتە ئۆپۆزسیۆنیکی سیاسی، بەڵکوو هەر لە مەیدانی دژبەری دەمارگیر و دەسەڵاتخوازی رەهای ناسیاسیدا ماوەتەوە و، ئەوەش بە بەردەوامی هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بیرۆکەی رۆنانی سیستەمێکی تەندروست، لە تێگە و بەرنامەیاندا شێوە نەگرێ، کە حکومەت لەهەر بەرە و لایەنێکدا پێکهاتبێ و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەسەڵاتی بۆ چ لایەنێک سەلماندبێ و ئەرێ کردبێ، دەبێ حکومەت هەر دوای هەڵبژاردن سەربەخۆیی خۆی رابگەیێنێ و ببێتە هێڵی گشتی و وزەی هەموو لایەنەکان، لە یەک تەوەر دا، کانالیزە بکا و کەڵکیان لێ وەربگرێ.

لە کۆتاییدا، دەبێ ئەم مەسەلەیە بۆ هەموو لایەک گرنگ بێت، کە لە رۆژگاری شۆرش و بەرخۆدان، لە شەڕ و روبەڕووبوونەوەکاندا، کە جوگرافیایەک رزگار دەکرێ، دەشێ تخوبی بۆ دابنرێ و وەکوو قەلەمڕەوی ئازادکراوی ئەو هێزە هەژمار بکرێ، کە ئەو رووبەرەی لە خاک ئازاد کردووە، لێ لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، هیچ تخوب و ئاقارێکی جیاواز بوونی نییە، ئەوەی هەیە یەکەیەکی خۆ بەڕێوەبەرییە بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوای یەک سەدە شۆڕش و قوربانی، دەبێ هەموو هێز و لیست و  لایەنە سیاسییەکان، لە ئاستی نوێنەرایەتی گەلێکی پێگەیشتوو دابن و دەسەلاتی کوردستان بە سامان و مولکی نەتەوە بزانن و پارێزگاری لێ بکەن

Shafaq Live
Shafaq Live