شەو یەڵدا دە نام کورده‌یل (بەش یه‌کم)

شەو یەڵدا دە نام کورده‌یل (بەش یه‌کم)
2020-12-21T20:06:26+00:00

شەوی چلە (یەڵدا)

لە کوردستانی رۆژهه‌ڵات

خەڵکی سنە لەو شەوەدا تا بەیانی لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە خۆراکی خۆماڵی و شەوچەرە رۆژ دەکەنەوە.

لە شەوی چلە، خێزانەکان لە ماڵی باوەگەورە و دایەگەورە کۆ دەبنەوە و بە خواردنی کوردی شەوەکە بەڕێ دەکەن.

لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی رۆژهه‌ڵات بەو شەوە (شەو چلە) دەڵێن و ماڵباتەکان بە دۆڵمە و چەرەسات شەوەکە بەڕێ دەکەن.

رۆژێک بمێنێ بە شەوی چلە، بازاڕەکان قەرەباڵغ دەبن و چەرەسات و میوە، بازاری گەرم دەبێ و نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا خەڵکی سنە، سێ مانگ بەر لە هاتنی شەوی چلە ئامادەکارییان بۆ دەکرد. بەر لە سێ مانگ وەکوو نەریتێکی ساڵانە، کاڵەکیان لەناو خومرەی ترشیات دەهێشتەوە. ”کاڵەکە ترشە“ یەکێک لە خواردنەکانی خەڵکی سنە بوو لە شەوی چلە و هەموو ماڵەکان دەبوایە سێ مانگ بەر لە هاتنی شەوی چلە دروستیان بکردایە. دۆڵمەی کەلەمیش یەکێکی ترە لە خواردنە رەسەنەکانی ئەو شەوە لە شاری سنەی کوردستانی رۆژهه‌ڵات. لەسەر خوانەکان هەناریش وەکوو میوەیەکی پیرۆز دادەنێن. بەر لە سێ مانگ، هێشووە تری بە بەنێک دەبەستن و بە بنمیچی ماڵەکاندا شۆری دەکەنەوە کە (ئانۆ)ی پێ دەڵین و زۆر بەتامە.

ئاوی ناو خومرەی کاڵەکە ترشەکە بە جیا دەکەنە ناو دەفرێک و هەموو ئامادەبوان لێی دەخۆن و پێیانوایە، هەموو چەشنە میکرۆبێکی ناو جەستە دەکوژێ.

ئەگەر دراوسێیەک ژنەکەی دووگیان بێ، دراوسێیەکی تر، کاڵەکە ترشەی بۆ دەبا یان دراوسێ کان خواردنەکانیان دەگۆڕنەوە کە بەو نەریتە (کاسە هاوسا) دەڵێن.

خەڵکی گوندەکان، بە یاریی (گۆێرەوازی) و (شا و وەزیر) و چەند یارییەکی تر شەوەکە بەڕێ دەکەن.

ئەو چەرەساتی لەسەر خوانەکان لەو شەوەدا ئامادە دەکرێن بریتین لە: هەنجیر، هەرمێ وشکە، نانە قەیسی، ناوکی قەیسی کە لەگەڵ سماق دەیبرژێنن، تووی وشک، برێشکە (گەنمی برژاو لەگەڵ شیلەی گەزۆ).

نەریتێکی تری ئەو شەوە (خوانچە بردن)ە کە لە لایەن ماڵی زاواوە بۆ ماڵی بووک دەبرێ. لەناو خوانچەکەدا هەموو ئەو شتانەی باس کرا دەبێ ئامادە بکرێت، تەنانەت دۆڵمە و دیارییه‌کی بەنرخیش کە زۆر جار زێرە، لەگەڵ خوانچەکە بۆ بووک دەبەن.

نەریتێکی تری ئەو شەوە کە بە (شەو زمسانی) ناسراوە، ئەوەیە کە بووک یەکەم شەوی چلە لە ماڵی دەزگیران بەسەر ببات.

 

کەشکەکی یارسان لە شەوی یەڵدا

لە ئایینی یارسان کە سەرچاوەی بۆ میهرپەرەستی و ئایینی زەردەشتی دەگەڕێتەوە لە شەوی چلەی کوردی، خواردنێکی تایبەت بەناو کەشکەک دروست دەکەن و مێژووی ئەو خواردنەش لەو چیرۆکە کۆنە سەرچاوەی گرتووە کە بە (شەوی گاهوویل) یان (شەوی گاسوور) ناسراوە:

لە سەردەمی کۆندا پیاوێکی بەساڵاچووی زانا لەنزیک گوندی وەرمانگ و گوڵە زەردی نزیک داڵاهۆ هەبوو. لە دوا رۆژی چلە بچووکی زستانی کوردی ئاسمان ساماڵ و هەتاو بوو. خەڵک لە سەربانی ماڵەکانیان خۆیان لەبەر خۆر گەرم دەکردەوە، بەڵام پیرەپیاوەکە هاواری کرد: ئەمشەو بەفرێکی سەخت دەبارێ و ئەگەر وریا نەبین هەموومان لەژێر بەفردا دەمرین. خەڵکی گوندەکە بەو قسانە گاڵتەیان دەهات و ئاماژەیان بە ساماڵی ئاسمان و گەرمیی خۆر دەکرد.

پیرە پیاوەکە کوڕەکانی کۆ کردەوە و پێی گوتن: تەنیا گایەکمان هەیە بچن سەری ببڕن و ئامادەی بکەن بۆ ئەوەی لەو چەند شەوەدا کە لەژێر بەفر دەمێنینەوە نەمرین. کوڕەکان بە قسەی باوکیان دەکەن و تەنیا گاکەیان کە (گاهوویل)یان پێ دەگوت دەکوژنه‌وه‌. ئەو شەوە بەفرێکی زۆر قورس دەبارێ و منداڵەکانی پیرە پیاوەکە لە گۆشتی گاهوویل کەشکەکێکی بەتام و گەرم دروست دەکەن و هەر جارە کە بانی ماڵەکەیان لە بەفر خاوێن دەکەنەوە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە ماڵ و لە کەشکەکی گاهوویل دەخۆن و بەو جۆرە لە مردن رزگاریان دەبێ. لەو ساتەوە تا ئیستا دروستکردنی کەشکەک لەناو یارسانەکان لە شەوی یەڵدا بووە بە نەریت. رازاندنەوەی خوانەکان بە هەنار یەکێکی ترە لە نەریتەکانی ئەو شەوە لای یارسانەکان چونکە پێیانوایە هەناریش دەکرێتە قوربانی و رۆڵ و دون (دونادون)ی باوەیادگار واتا قوربانی بوون دەگێڕێ واتا هەنار زاتی باوەیادگاری لە خۆیدا هەڵگرتووە

.

سه‌رچاوه

مانگنامه‌ی به‌یان

Shafaq Live
Shafaq Live