2019-06-24 15:25:27

کورتەوێژیی کورد زۆر نزیکە لە هایکۆی ژاپۆنی

گفتگۆ لە گەل موستەفا بەیگی،شاعێری ئیلامی ؛

مستەفا بەیگی شێعرەکانی لە ژانر و ناوەڕۆکی جۆراوجۆردا و بە شێوەزاری کوردی فەیلی دەهۆنێتەوە کە بێژەرانی بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دیجلە و باشووری هەرێمی کوردستان و بە تایبەت بەغدا و هاوکات لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و هەمدان و ناوچەکانی لەکستان و بیجاردا بڵاو بوونەتەوە.

مستەفا بەیگی لە دایکبووی ساڵی 1350ی هەتاوی لە شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلامە و خوێندنی لە بواری ئارشیتێکت و بیناسازیدا بووە و هەر لەو بوارەدا وانە دەڵێتەوە.

ئەو زیاتر لە دوو دەیە لە بواری ئەدەبدا چالاکی بووە و هاوکات ئەندامی دەستەی نووسەران بووە لە گۆڤاری کوردی-فارسی ئاوێنە لە دەیەی هەفتای هەتاوی و ئێستاش سەرنووسەر و بەرپرسی گۆڤارەکانی سوبحی ئیلام و ئیلامشارە.

ئەم شاعێرە تا ئێستا سێ کتێبی بە ناوەکانی نادیارا (کۆمەڵەی هایکۆ و گەڵاڵە) لە دووتۆی 80 لاپەڕە، واژا (کۆمەڵەی دوو بەیتی) لە دووتۆی 94 لاپەڕە و خیاوان پەتی (کۆمەڵەی شێعری کلاسیک) لە دووتۆی 84 لاپەڕەی بلاوکردووەتەوە و حەوت کۆمەڵەی دیکەی کە چوار بەرگیان تایبەت بە ئەدەبی منداڵانە، ئامادەی چاپە.

- تکایە پێشتر خۆتان بە خوێنەران بناسێنن؟

من لە دایکبووی شاری مێهران وەک باشووریترین ناوچەی کوردنشینی جیهانم و تا ئێستاش بە تەندروستیی تەواووە و بە بێ ئەوەی زیانم بە هیچ باڵندە و گیانلەبەرێک گەیاندبێ لە خزمەتی ئێوەدام.

- ئێوە لە کەیەوە دەستتان داوەتە هۆندنەوەی شێعر و تا ئێستا چەند بەرهەمتان بڵاوکردووەتەوە؟

پرسینەوەی ئەم پرسیارە لە کورد وەک زیرە بردن بۆ کێرمان و هەنار بردن بۆ هەوارامانە!

کوردەکان هەر لە دایک دەبن لە رێگای قسە و قسەلۆک و ئامۆژیارییەکانەوە شێعر دەنووشن. هەڵبەت بە شێعری لایەلایە و بە مەتەڵ و یاریی منداڵانە و بەو خەرمانە فۆلکلۆرەی کە میلیۆنان ساڵە بە سینگ هەڵی دەگرن، گەورە دەبن و شاعێرانە ئەویندار دەبن و زمانحاڵیان دەبێتە بەستەیەکی دڵتەزێن یان هەوایەکی خەمۆکی کە لە خەڵوەت و لای جەماوەر و بە دەم چەپڵە تەقاندنەوە دەێڵێنەوە و کاتێک ئامادەی گەیشتن بە بارەگای حەزرەتی دۆست کە بەرزترین ئاستی پێگەیشتنە، دەبن، گازە و عێرفان و سکاڵاکانی کەونارایان لە قەوارەی بەستەیەکی نوێ و بە دەم ژەندنی تەموورە و دەف و نای هەڵدەڕێژن. لە کاتی پیریشدا هەر بەو شێعرانە کە وەک یادەوەرییەکی بە کۆمەڵ لای خۆیان ڕایان گرتووە، ئامۆژگاریمان دەکەن و لە کۆتاییشدا بە دەم لاواندنەوەی "موور" و "پاموورە" سەر دەنێنە سەر سەرینی هەمیشەیی.

ئێستاش کەسانێکی وەک من کە دەستیان بە شوێنێک ناگات، خۆیان نوقمی ئەو دەریا بەرینە دەکەن و ناتوانن لێی دەرباز بن و لە ئەنجامدا وەک ئۆستوورە بە کۆمەڵەکانی کوردی دەست لە خاک دەشۆنەوە و گیرۆدەی ژیانی و هاوار و زایەڵەی ژێر ئاو دەبن و دەبنە شاعێر. لە بەرامبەردا کەسانی وەک ئێوە ئاوێتەی ڕووبارێکی دیکە دەبن و شاعێری دەروونتان لە نوقم بوون دەپارێزن. بەڵام تاکەی ئاوا دەژین؟ دڵنیا بن لانی‌زۆر تا کاتی بە دیناوگەیشتنی ڕۆح تاقەت دێنن و دواجار شاعێری دەروونی ئێوەش دەبووژێتەوە و هاودەنگ لە گەڵ هاوبێژانی سەر تەرمەکانتان بەستە دەڵێتەوە.

- ماوەیەک لەوە پێش، واتە لە دووهەمین خولی مێهرەجانی شێعری مەولەوی لە شاری سنە، کتێبی "نادیار"تان وەک یەکێک لە سێ کتێبی هەڵبژاردەی ئەو مێهرەجانە دەست نێشان کرا، تکایە بڕێک باسی ئەو مێهرەجان و ئاستی کارە ئاراستە کراوەکانمان بۆ بکەن؟

 بە پێی ئەوەی کە من هەر لە هەرەتی لاوییەوە بەشداری چەندین مێهرەجان و کۆبوونەوە لە بەستێنی خوێندکاری و فەرهەنگی – ئەدەبی بووم و لەو بوارانەدا چالاک بووم، ئاگاداری دژوارییەکانی ئەو پرۆگرامانەم. کەواتە زۆرتر دەڕوانمە لایەنە بە هێزەکان و خاڵە ئیجابییەکانی ئەو کۆبوونەوانە و دەستخۆشانە دەڵێم بە بەڕێوەبەرانی، بەڵام هیوادارم لیژنەی داوەری، ژمارەی هەڵبژاردراوەکان ببەنە قۆناغێکی راستەقینەتر و لەوەی کە هیچ کام لە بەشداربووانیان شیاوی خەڵاتەکانی یەکەم و دووهەم نەزانی، بە گەورەیی و زانستی باڵای خۆیان لە بابەت ئەم کەمایەسییە لە خێڵی زۆری شاعێرانی لاو خۆش بن و هیوای هاتنی ساڵانێکی چڕوپڕتر بخەملێنن.

هەڵبەت ڕێکخراوە و دەزگاکانی دیکەی دەوڵەتی و جەماوەریش دەبێ هەڵوێستێکی لەم چەشنە، هەر چەند کەم و نیوەچڵیش بێ، بگرنە بەر. لە لایەکی دیکەوە شوێنی خەڵاتی شەنگە سوار و یادی "سوارە"ی مەزن بۆشاییەکی گەورەیە لە سەر دڵمان.

هیوادارم بەڕێوەبەران و دەستڕۆیشتووان و دەرچووانی زانستگاکان بە ئاوڕدانەوە لە زەروورەتی کۆبوونەوەکان، لە گیرفانی خۆیان یارمەتییەک دیاری بکەن بۆ ئەو دامەدەزگایانە با بتوانن لە پڕۆژە کارییەکانی خۆیاندا بەردەوام بن.

-ئێوە لە "نادیارە"دا ئاوڕتان لە هایکۆی ژاپۆنی داوەتەوە و کۆمەڵێک هایکۆتان بە ڕەنگ و بەرامەی کوردی بەرهەم هێناوە. تا چەندە هایکۆ دەتوانێ وەک فۆڕمێک زمانحاڵی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بێ؟

من کوردێکی فەیلیم و مێژووی ئەدەبی کوردی لە "باوە تاهیر"ەوە کە یەکێکە لە پیران و "باوە"ەکانی ئێمە، وەک سەرەتای شێعری کوردی دەست پێ‌دەکەم. شێعرەکانی ئەو بە "فەهلەوییات" ناسراون کە هەمان "فەیلیات"ە و هاوکات بە عەرەبی کراوەی "پەهلەوییات" و هەر وەک خۆشتان دەزانن "پەهلە" یان "زنجیرە کێو" ئاماژەیەکە بە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و بە بڕوای من زمانی پاڵەوی هەمان زمانی کوردی پاڵەوییە کە پەیوەندیی بەرفراوانی هەیە لە گەڵ شێوەزارەکانی فەیلی، کەڵهۆری، لەکی، هەورامی، گۆرانی و ... و سەرجەم لە گەڵ دیالەکتە باوەکانی باشووری کوردستان.

لە ئەدەبی سەرزارەکی کوردیدا ئێمە "بەیت" یان هەمان تاکە بەیتمان بە ناوەڕۆکی جۆراوجۆرەوە هەیە کە دەچێتە ڕیزی گرینگترین ژانرەکانی ئەدەبی خێڵەکی کوردی. جگە لەوە "سێ خشتەکی"یەکان، یان "سەڵەتی"یەکانیش کە زۆرتر لای کوردانی کرمانجی خوراسان باوە، خاوەن ئەم تایبەتمەندییەن. پەندەکان، لیچارەکان و مەتەڵەکانیش لەم فۆڕمەدا هونراونەتەوە. کەواتە ئەم فۆڕمە باوە فۆڕمی "توڕە" یان مەسنەوییە بڕگەییەکانن، کە گەلێ جار دەبنە خاوەن بەیتی دوور و درێژ و بە باری ئەستوونیدا گێرانەوەیەک ساز دەدەن.

سەرجەم دەکرێ بڵێین لە ئەدەبی دێرینی کوردیدا کە گرینگترین میراتی ئێمەیە، شێعر پشت ئەستوورە بە کێشی بڕگەیی و لە قەوارەیەکی کورتدا دەهۆندرێتەوە و لە فۆڕمی "بەیت" یان "سێ خشتەکی" دەردەکەوێت کە بە داخەوە بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە و پێویستیان بە داڕشتنەوەیە. ئەم فۆڕمانە وێکچوونێکی زۆریان هەیە لە گەڵ هایکۆکانی ژاپۆنی. بۆ وێنە لە یەکێک لە لیچارە باوەکانی لای ئیلام، ئێمە شێعرێکی ئاوامان هەیە:

یەکی مەچوو یەکی مەمانوو            یەکی ژه دەما سەر مەشەکانوو

ئەم سێ خشتەکییە یان تا ڕادەیەک ئەم بەیتە، لیچارێکە کە خاوەن دوو وەڵامی هاوشێوەیە، سەرەتا لە سەر زەوی ئەوەی دەروات "با"یە، ئەوەی دەمێنێتەوە "کێو"ە و ئەوەی لە دواوە سەر ڕادەوەشێنێت، "درەخت"ە و پاشان هاوشێوەی وەڵامی ئەم لیچارە لە ناو ئاودا بەمجۆرەیە: ئەوەی دەروات "ئاو"ی ڕووبارە، ئەوەی دەمێنێتەوە "بەردی بن ئاو"ە و ئەوەی لە دواوە سەر ڕادەوەشێنێت، "گیا و قامیشەڵانی ناو ئاو"ە.

هاوکات لە پەنای ئەم دوو مانا ڕواڵەتییە، ئەم لیچارە مانایەکی قووڵتر بەرهەم دەهێنێت کە چ نییە جیا لە مەرگ و ڕۆیینی مرۆڤ و لە دایکبوون و مانەوەی مرۆڤێکی دیکە (واتە جۆرێک دۆنادۆن و میتامۆرفیسێکی مرۆییانە) و ئەوەی لێرەدا بە خەفەتەوە سەر ڕادەوەشێنێت؛ بە جێ ماوانن کە لەم حەقیقەتە ناگەن، کە لە پاش هەر مەرگێک، لە دایکبوونێک هەیە و پێیان وایە مەرگ کۆتایی کارە و بە خەفەتەوە دەژین و دەناڵن.

من ئەم سی مانایەم لە هاوڕێیەکی مامم کە باغەوانی شارەداری ئیلام بوو، بیست و ئەوکات لە هەرەتی میرمنداڵی و لە تەمەنی دە دوازدە ساڵییدا بە تێگەیشتنێکی منداڵانە ئەم لێچارە و ماناکانیم لە گوێ گرت. لە راستییدا ئەم توێژە مانایی و ڕاتەکان و هەستی دەروونییە لە گەڵ "فەلسەفەی قووڵی مەگ دۆزانە"ی ناو ئەم شێعرە بە ڕادەیەک تایەکارییە کە من لە ناو هیچ هایکۆیەکدا تووشی نەهاتووم، تەنانەت لە هایکۆی شاعێرانی گەورەی وەک "باشوو".

لە لایەکی دیکەوە و بەر لە ناسیاویم لە گەڵ ئەدەبی هایکۆ، ئەوەی لە گێرانەوەی ئەو باغەوانە بە ساڵاچووە لە سێ دەی لەوە پێش بە لای منەوە سەیر بووە، بەربڵاوێتی و دەسەڵاتی ئەدەبی سەرزارەکی کوردی بووە. ئەدەبێک کە سینگ بە سینگ و بەرە لە دوای بەرە، بە بێ ئیمکانی تۆمار کردن ڕادەست کراوە و گەلێ جار لە ڕەوتی ڕادەست کردنەکاندا، بە بێ ئەوەی ناوی گێڕەوەرێک ببیستی، بەشێکی زۆری لە گەڵ ڕاوییەکەی ناشتراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هایکۆ کوردییە لە باری شێوەی دابەش کردنی بڕگەکانی جێی سەرنجە، خود شێعرەکە 19 بڕگەیە و بە جۆرێک پێڕەوی لە کێشێکی ئاوێتەیی وەک کردارێکی نوێ دەکات و لە هەمان کاتدا چەندین تەکنیکی نوێی شاعێری لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە: بەرامبەر سازی لە "یەکی" و وێکچواندنی فۆنێمەکان و دووپاتە کردنەوەی دەنگەکان، کە مۆسیقایەکی دەروونی بەم شێعرە داوە و بە جۆرێک تەواوکەری مۆسیقای تەنیشتی و بەرهەم هاتووەی سەرواکانە.

ڕەنگە بە پشت بەستن بەم دەوڵەمەندیی بێ‌کۆتایی ناوەڕۆک و مۆسیقای ئەدەبی سەرزارەکی و ئەو کاتە ڕەسەن و تایبەتەی هۆندنەوەکان بووە کە من ئاوێتەی هەستی خوڵقاندنی دیناوانەی هایکۆی کوردی بووم، یان باشتر وایە بڵێم هایکۆی کوردی لای من هەوڵێکە بۆ ئەمڕۆژین کردنەوەی فۆڕمی کۆنەی "بەیت" و "سێ خشتەکی" و من لەوە زیاتر هیچم نەکردووە.

- لە کتێبی واژا، دەستان داوەتە فۆڕمی دووبەیتی و شێوازە کلاسیکەکانی شێعر هۆندنەوە. لە ڕەخنەیەک کە لە سەر ئێوە نووسرابوو دەمخوێندەوە کە ئێوە توانستی شێعرهۆندنەوە بە شێوازی ئازاد و سپیتان هەیە و باشتر وایە لەو چوارجێوانەدا هەوڵ بدەن، تا چەندە بڕواتان بەو ڕەخنەیە هەیە؟

 

ئێمە کاتێک هەنگاو دەنێینەوە ناو جیهانی شێعرەوە، بە پێی ڕاوبۆچوونی خۆمان و شێوەکانی تێگەیشتن لە سەرچاوەکانی شێعر، ئیش دەکەین. دیارە لە حاڵەتە جیاوازەکاندا تێگەیشتنەکانیش دەگۆڕێن و منیش بەدەر نیم لەم پرێنسیپە.

لام وایە ئەوە شێعرە کە من دەهۆنێتەوە و هەڵبەت بە پێی ئەوەی من خۆم دەنێمە ئیختیاری ڕەوتی ڕەوانی زەین، ئیتر قەوارەکان بە لامەوە گرینگ نییە، چونکا بە گشتی پڕۆسەی هۆندنەوەی شێعر لای من بە جۆرێک سەرچاوە لە "نەست" و "لە خۆبوونەوە" دەگرێت. و پاش ئەم ڕەوتی ڕەوانی زەینییە گەر شێعرەکە بە لامەوە بایەخی هەرمانی بێت، کاری لە سەر دەکەم، دەنا بە جێی دێڵم و لەم ڕەوتەدا خۆم بە هەڵبژاردنی چوارچێوەوە نابەستمەوە و شێعرییەتی شێعر بە لامەوە گرینگترە. چونکا باوەڕم وایە کە شێعر ئینتیمای بە نوێ بوون یان کۆن بوونی چوارچێوکەیەوە نییە و گرینگ فۆڕم یان شێعرییەتی شێعر و ئەو ناوەڕۆکەیە کە پێویستە یان پێویست نییە بەیان بکرێت.

هەڵبەت پێموایە ئیتر کۆمەڵگا تێپەڕیوە لەو قۆناغەی کە تەنیا لە ژێر کاریگەریی شاعێرە بەرزەکانی وەک شیرکۆ یان شاعێرانی دیکەی ڕەوتی نوێخوازی، تەکفیری شێعری کۆن بکات و ئەمڕۆ چیتر کەس بان غەزەلەکان و غەزەلە وێنەیی- سینەماییەکان و دوو بەیتییەکانی هایکۆیی بە کۆن نازانێ.

من تێناگەم لەم شێوە هەڵسوکەوتە و هۆکارەکانی و بە هەمان هەست و تامەزرۆییەوە کە شێعری جیاواز و سپی دەهۆنمەوە، دەست دەدەمە غەزەل و بان غەزەل و دووبەیتی و هیچ جیاوازییەک لە ناویاندا نابینم.

-لە کتێبی "خیاوان پەتی" تا ڕادەیەک هەنگاو دەنێنە ناو فەزای شوناس و کەڵکەڵەکانی فەرهەنگی. ئەم کەڵکەڵانە تەنیا حەقیقەتێکی ئەدەبین یان سەرچاوە لە فەزاگەلی کۆمەڵایەتییەوە دەگرن؟

من هەر لە منداڵییەوە لەم فەزایەدا گەورە بووم. کاتێک کە منداڵ بووم و نانی تەنوور و ساجیان لێ‌دەنا و پێیان دەوت "نانی کوردی" و نانی دەرەوەییمان ناو دەنا نانی بازاڕی، کە "بازاڕ/ باژار/ باژێر" لە کوردیدا بە مانای شار دێت. هەروەها کاتێک کە مریشکەکانمان هێلکەیان دەکرد پێمان دەوتن "هێلکەی کوردی". ئەمە تەماتە و ڕۆن و برنج ناوچەییشی دەگرتەوە. پاشان  بە هەمان شێوە زمانی کوردیمان جیا دەکردەوە و خۆمان بە دوو هۆزی "کوردە کارە" و "کوردە لی" دابەش دەکرد و کرداری خۆمان ناو دەنا "کوردایەتی" و زێدەگامان ناو دەنا "زرای کوردەواری" و تەواو ئەدەبی خۆمان لە شێعر و پەخشانەوە هەتا نووسراوە و سەرزارەکی، وەک ئەدەبێکی تایەکاری لە بەر دەکرد و ئێستاش لە بەریان دەکەین. ئەمە شتێک نییە لە دەروە پێمان گەیشتبێ، بە پێچەوانە ئەوەی لە دەروە و لە رێگای تەلەفزیۆن و رادیۆ و گۆڤار و کتێبی قوتابخانە و وانەوە فێری بووین، سەرجەم بە زمانی فارسی و هەندێ جار بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بوون. تەنیا لە هەرەتی میرمنداڵی بوو کە جارنەجارێک چاومان بە دەقێکی کوردی دەکەوت و بە هەڵەداوان و بە دەست و پا شکاوی دەمانخوێندەوە

من یان باشترە بڵێم کە ئێمە بەمجۆرە ڕاهاتووین و هەڵبەت ئەمڕۆکە فەزا کۆمەڵایەتییەکان بە نیسبەتی پێشوو زۆر کراوەتر و کوردیتر بوونەتەوە.

- شێعری کوردیی (فەیلی، لەکی، کەلهۆری) لە چ ئاستێکدا دەبینن، ئایا توانیویەتی خۆی لە شانی شێعری کوردی ناو شێوەزارەکانی دیکەی وەک سۆرانی و کرمانجی بدات؟

 کوردی کوردییە، من لە گەڵ ئەم دابەش کاریانە و ئەم شێوە هەڵسەنگاندنانەدا نیم.

بۆ وێنە لە دەورەیەک لە ئەدەبی کلاسیکی کوردی دیالەکتی "کوردی باشوور یان گۆرانی" دیالەکتی زاڵ بە سەر نووسینی کوردی بووە و هەموو لا لە سەر ئەم بڕوایەن. لە دەورەیەکی دیکە ئەدەبی سۆرانی زاڵ دەبێ و لە ئێستاشدا دەبینین کە کرمانجی فەزاکانی گرتووە دەست. هەڵبەت ئێستا کاتی ئەوە نەماوە کە بە سەرکەوتنی دیالەکتێک، دیالەکتەکانی دیکە بەربەرەکانی لە گەڵ بکەن یان تووشی مەترسی لە ناوچوون بێن، چونکا ئەو فەزای پاوانخوازنە تایبەت بە سەردەمی دەربەگایەتی و خان و خانبازی و ئیلخانەکانی ناوچەیی بووە کە بە پشتیوانی لە یەل شێوەزار، دەبوونە هۆی سەرکەوتنی ئەو شێوەزارە و لە ناوچوونی شیوەزارەکانی دیکە. بەڵام ئێستا بە یارمەتیی کەرەسەکانی پەیوەندیگرتنی گشتی و تایبەتی جەماوەری، وەک ئەو ئیمکانانەی کە رایەڵە کۆمەڵایەتییەکان پێیان بەخشێوین، ئەو فەزایانە لە ناو چوون و سەردەمی زۆرینەخوازی لە زمانی کوردی جێی گرتووەتەوە و چیتر پێویست ناکا کوردێک لە ئیلام لە گەڵ کوردێک لە درسیم زمانێکی هاوبەشیان بێ بۆ ئاخاوتن، یان کوردێک لە قامیشلی و بۆتان و لۆبنان و ... لە گەڵ کوردێکی کرماشانی، سنەیی و سلێمانی بە یەک شێوەزار قسە بکەن و شێعر بهۆننەوە.

هەڵبەت من لەمبارە نە زمانناسم و نە پسپۆڕ، بەڵکوو ئەوەی باسم کرد هەستی منە بە نیسبەتی زمانی کوردی و وەک سوهراب سپێهری دەڵێت: "چاوەکان دەبێ بشۆرین، دەبێ جۆرێکی‌تر ببینین".

چوون بە دوای چەسپاندنی زەینییەتێک وەک زمانی یەکە، لە راستیدا کات بە فیڕۆدانە و بە فیڕۆدانی ئینێرژی و سەرمایەی یەک یان چەندین بەرە هیچ شتێکی دەرئەنجامێکی نابێ، چونکا ئێمەی کورد نەتەوەیەکی بەربڵاوین و تەواو دانیشتوانی زاگرۆس لە درێژەی مێژوودا هەر بەم شێوە ژیاون و بوونی مادەکان، کاسییەکان، لولوبییەکان، ئیلامییەکان و ... راستییەکی مێژوویین بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە کە لە ئەمڕۆدا لە قەوارەی هۆز و تایفە جۆراوجۆرەکانی کورد وەک "یەکگرتن لە کاتی بەربڵاوێتی" و "بەربڵاوی لە کاتی یەکگرتوویی"دا دەردەکەونەوە و بە دڵنیاییەوە بە داسەپاندن و چەسپاندنی هیچ زەینییەتێک تێک ناچن. چونکا وەک بینیمان هیچکام لە ئیرادە و خواستەکانی وەک بە عەرەب کردنی سەدام حسێن یان ئەندێشەی دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی یەکەی کەسانی وەک ئاتاتورک و رەزاخان و ... نەیانتوانی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ کەن و کەس پشتیوانی لە پڕۆژەکەیان نەکرد. جگە لەوانە گەلانی کورد ئەمڕۆکە گەیشتوونەتە ئاستێک لە زانیاری و تێگەیشتن کە پێویستیان بە سەرپەرشتیارێک تەنانەت گەر پسپۆڕیش بێ، نییە.

-لەم ساڵانەی دواییدا شایەدی بەربڵاوێتی بوارەکانی ئەدەب و ئەدەبی گێرانەوە و کوردی لە ئیلام و کرماشان بووین، بە بڕوای ئێوە چۆن دەکرێت ئەم پەرەسەندنە بە بارێکی پڕۆفێشناڵتردا بچێت، یان چۆن دەکرێت شێوەزارەکانی کوردی باشوور لە گەڵ شێوەزارەکانی دیکەی کوردی لێک نزیکتر بن و لە هەمان کاتدا پێکەوە ئاشناتر بکرێن؟

وەرگێرانی کوردی لە شێوەزارێکەوە بۆ شێوەزارەکانی دیکە زیاتر لە گاڵتە دەچێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەو وشانەی کە ئەمڕۆکە دادەڕژێن و یان لە ناوچەیەکی کوردنشیندا کاری پێ دەکرێت و لە ناچەکانی دیکەدا نامۆ دەنوێنێ، بە زۆری پەرەی سەندووە و هەموان بە لە کارکردنی وشە و چەمکی نوێ و هاوبەش بە باری فەرهەنگی- سیاسی- ئەدەبی و ...، هەستیان بەم زەروورەتە کردووە، تەنانەت لەو کاتەدا کە تاقمێک سەرقاڵی هۆندنەوەی شێعر بە زمان و شێوەزاری دایکی خۆیانن. چاو لێکەن تەنانەت ڕێنووس و شێوەکانی نووسین لای ئێمە لە باری پێکهاتەییەوە تەواو زاراوە کوردییەکان دەگرێتەوە و لە هەمان کاتدا بوونی دوو شێوە ڕێنووسی "عەرەبی" و "لاتین" لای ئێمە دەسکەوتێکی تایبەتی و مێژوویی و گەورەترین دیاری و خەڵاتی ئاسمانییە و میراتێکی هاوبەش و هەرمانی ئێمەیە کە هەڵبەت دەبێ هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەریی وردە کەمایەسییەکانی.

بۆ وێنە لای ئێمە، کوردەکانی باشووری ئێران، بە پێچەوانەی سۆرانییەکان کە "ی" و کرمانجەکان کە "ئا" وەک "دیارخراو و دیارخەر" بە کار دەبەن، ئیمە کوردەکانی باشووڕ لە دەنگی دووقاتەی ژێر یان "ژێری ژێر" کەڵک وەردەگرین، بۆ وێنە دەڵێین: "ماڵ ویمە" بە دەنگی ژێر لە سەر "ل" و سۆرانییەکان دەڵێن "ماڵی ئێمە" و کرمانجەکان دەڵێن "ماڵە مە یان ماڵا مە" کە هەر هەموویان یەک ماناین هەیە. شوێنی ئەم دەنگی ژێرە زۆر گرینگە، بەڵام بە هۆی لە کارنەکرانی لە دیالەکتەکانی کوردی سەرەوە وەک دوو دەنگی دیکەی "سەر و بۆر"، شوێنیان خاڵییە. جگە لەوە لە ڕێنووسی عەرەبیی ئێستا، دژکاری بەردەنگ لە هەندێک لە وشەکان بۆ جیا کردنەوەی "و" لە "ۆ" کاربەری نووسین تووشی کێشە دەکات. یان کۆمەڵێک کێشەی دیکە کە پێویستە کەسانی پسپۆڕ باسی لێوە بکەن و هەوڵی بۆ بدەن، بۆ وێنە هاورێی مامۆستام کاک کامران رەحیمی و کەسانی‌ دیکەی وەک ئەو. 

  -  ئێوە لە بواری بیناسازیدا ئیش دەکەن و ئێستا جێگری شارەداری یەکێک لە ناوچەکانی تارانن و لە هەمان کاتدا شاعێرێکی پڕ کەڵکەڵەن. ئەندازیارێکی شاعێر چۆن دەتوانێ لە فەزای برۆکراتیکی ئیداریدا وێنە و هێمای شاعێرانە بۆ هۆندنەوەی شێعرەکانی وێنا بکات؟

پێداویستیی ژیان لە جیهانی مۆدێرندا ئەوە هەڵدەگرێ کە هەر کەس بە ڕادەیەک توانامەند بێت کە بتوانێ لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا (ڕەنگە هەر لە یەک رۆژدا) و لە قەوارەی کاراکتەری جیاوازدا ڕۆڵی کۆمەڵایەتی جیاواز بگێڕێ و منیش بەختەوەرانە ئەم وانەیە باش فێر بووم و کاتێک دەچمەوە ناو حەسار خەڵوەتی زەینی خۆم بە دڵنیاییەوە ئەدەب و فەرهەنگ و پرسی کۆمەڵایەتی قسەی یەکەمم بۆ دەکەن.

پێویستە بیرتان بێنمەوە کە من دەرچووی ئەندازیاریی بیناسازیم کە لە راستیدا یەکێک لە ژێر لقەکانی هونەرە جوانەکانە و زیاتر بە باری هونەریدا شکاوەتەوە تا ئەندازیاری.

 

-  ئاماده‌ كردنی : ئەفشین غوڵامی

FaceIraq
}