2019-11-30 13:41:52

عه‌لی حسێن فه‌یلی / ئه‌م عیراقه‌ زۆر شتی هه‌یه‌ بۆ خه‌فه‌ت خواردن و دڵشكاندن لێ كه‌می هه‌یه‌ بۆ ئیره‌یی پێ بردن له‌ بواری‌ به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانیدا. ساڵانی دوای ‌ نه‌مانی به‌عس وسه‌ددامیش ، زامه‌كان سارێژ نه‌بوون و شانزه‌ ساڵ ده‌رفه‌ت بۆ‌ چاكسازی و دادگه‌ری كۆمه‌لایه‌تی و مه‌ده‌نییه‌ت له‌ كارو چالاكی سیاسی به‌ هۆی باڵاده‌ستی هه‌ژموونی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووری به‌ خه‌سار چوو .

ئه‌وه‌ی نه‌گوتراوه‌ و زیاتریش له‌وه‌ خه‌ڵك ده‌یزانن و له‌م سۆنگه‌وه‌ له‌به‌رده‌م راپه‌رینێكی هه‌مه‌گیرداین كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی دیار نییه‌ لێ هۆكاره‌كانی دیارن. دۆخی ئێستا هه‌رناوێكی لێ بنرێ به‌ره‌نجامی شكستی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقی پاش به‌عسه‌ و تاوانباركردنی خه‌ڵك‌ به‌ به‌كرێگرته‌ی بیانی و ده‌ستوپێوه‌ندی ئه‌مو ئه‌و هیچ له‌و راستیه‌ ناگۆری كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی قه‌یرانه‌كه‌ به‌ره‌نجامی دۆخی ناوخۆییه‌ ‌.

له‌ راستیه‌ ‌ به‌رژه‌وه‌ندی ‌و به‌رنامه‌و ئه‌جیندای جیاواز، ده‌رفه‌تی چاكسازی بێ قره‌ وبێ ناره‌زایه‌تی نه‌هێشت و ‌ سیمای گه‌نجانه‌ی ئه‌و بزافه‌ی شه‌قامی هه‌ژاندووه‌ ‌ ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ ناوهێنانی بزاوه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ به‌ فیتنه‌ی ده‌ره‌كی ته‌نیا پاساوو ده‌ستاوێزه‌ ‌ بۆ شكست نه‌ چاره‌سه‌ر.

بۆ ئیستاو له‌مه‌ به‌دواش، عیراق پێویستی به‌ جه‌نگ و ماڵوێرانكاری فره‌تر نییه‌ و ته‌نیا رووخاندنی حكومه‌تیش چاره‌سه‌ر نییه‌ بۆ ئه‌وهه‌موو كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ ، ‌ لێ جه‌نگی یاسایی و راپه‌ڕینی مه‌ده‌نی بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی ماف و متمانه‌ی خه‌ڵك بژارده‌یه‌كی دروست و پێویسته‌ چونكو به‌ روونی؛ هیچ كات میلله‌ت رێگرنه‌بووه‌ له‌ چاكسازی لێ ده‌سه‌ڵات رێگربووه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ری مافه‌كان بۆ میلله‌ت. به‌ دیوێكی دیكه‌شدا، ده‌بێ دان به‌و راستیه‌دا بنیین كه‌ قۆناغی پێش سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی تائفی و قۆناغی پاش كۆتایی هاتنی داگیركاری داعش و دواجار به‌كار هێنانی هه‌ژموونی چه‌كداری بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی خواسته‌ مه‌ده‌نیه‌كان ، ده‌یسه‌لمێنێ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌میشه‌ پڕخه‌رج و خوێناویه‌ ‌.

به‌ هه‌ژانی شه‌قام له‌ناو سه‌نته‌ری عیراقدا و به‌و دروشمانه‌ی كه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، ئیدی ئێستا كه‌س ناتوانێ كه‌ تاوانی ئیرهاب بخاته‌ سه‌رشانی سوننه‌و تاوانی دابه‌شبوونی عیراق به‌ناوی كورد ناو نووس بكات و تاوانی به‌كرێگرته‌یی بۆ وڵاتانی دیكه‌ له‌ پای شیعه بنووسێ. به‌شینه‌وه‌ی تاوان نه‌ عیراقی ‌یه‌كپارچه‌یی هیشتووه‌ ‌ و نه‌ میلله‌تی به‌خته‌وه‌ر كردووه‌ .

له‌ ئیستادا قۆناغی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان پێی ناوه‌ته‌‌ ئاقارێكی دیكه‌و له‌ نه‌بوونی جێگره‌وه‌ی شیاوو نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا كه‌ لایه‌نه‌ ده‌سترۆیشتووه‌كانی نافه‌رمی له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كانی به‌هێزتركردووه‌ تا ئیراده‌و هه‌ژموونی خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن، ره‌نگه‌ ته‌نیا به‌ جه‌نگ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ . پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وانه‌ی یه‌كتر نا‌كوژن و یه‌كتر نا‌بڕن ، بۆ ده‌بێ هه‌میشه‌ ته‌ماشاچی ئه‌و لایه‌نانه‌ بن ‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن! له‌ چاره‌سه‌رێكی خوێناویدا شوێنه‌ ئاوه‌دانه‌كان ده‌بنه‌ هاوتای ناوچه‌ ویران و كاول بووه‌كان. له‌ ئێستادا هه‌موان قه‌رزاری به‌شداری له‌ جه‌نگێكن تا‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌و دۆخه‌ ناڵه‌بار رزگار بكات . مه‌رج نییه‌ چاره‌سه‌ر ته‌نیا له‌ ‌ كوده‌تای سه‌ربازی، شه‌رو پێكدادانی تائفی و نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی ده‌ره‌كی بێ. له‌ باسی كۆتایی هێنان به‌ قۆناغی‌ ‌ مه‌ینه‌تیه‌كانی میلله‌ت له‌ رێی چالاكی مه‌ده‌نیانه‌ هیچ لایه‌نێك زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ هاووڵاتی نابێته‌ قوربانی دیموكراسی چونكو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ ده‌سه‌ڵات ئاسان هاتوون به‌ڵام ئاسان ناچن .

FaceIraq
}