2019-02-25 20:34:00

لەگەڵ ئەوەی ئامار و بەدواداچوونەکان دەری دەخەن، کەوا رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرانگاربوونەوەی تاوان و ماددە هۆشبەرەکان عیراق و بەتایبەتی شارەکانی بەسرە و سلێمانی، کە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتی ئێران، بە ترافیکی سەرەکی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەبینێت.

زانیارییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کەوا لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی دە هەزار کەس  لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ماددە هۆشبەرەکانی، لە جۆرەکانی حەب و حەشیش و ترامادۆڵ و جۆرەکانی دیکەی ماددە هۆشبەرەکانیان بەکارهێناوە.

تەشەنە کردنی ئەم دیاردەیە لە كوردستان مەترسیەکی گەورەیە بۆ گەل و وڵاتمان و پێویستە بایەخی تایبەتی حکومەتی هەرێمی پێ بدرێت و تەنانەت پێویستە لەسەر ڕۆشنبیران و میدیاکارانیش لای خۆیانەوە هەڵمەت جاڕ بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەکە كوشندەیە، کە پێ دەچێ دوژمنانی هەرێم بە بەرنامە و پلانی داڕێژراو کار بۆ بڵاوکردنەوەی بکەن لە نێو هەردوو ڕەگەزی چینی لاو.

ئێمە پێمان وایە ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و جەنگ و ململانێ و ترس و هەڕەشەی تیرۆر و خراپی باری ئابووری و دارایی و نەبوونی دەرفەتی کار بۆ لاوان و لاوازی دامەزراوە تایبەتمەندەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە زەمینە دەرەخسێنن، یان کاردانەوەی ڕاستەوخۆیان هەیە لە بوونی شارەکانی کوردستان بە ترافیکی ماددە هۆشبەرەکان و گەشەکردنی.

پێش ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣ دەوڵەتی عیراق بە هەمان شێوەی مامەڵەی توند ،کە لەگەڵ بازرگانە گەرورەکان دەکرا، ئەوانەی بڕێکی زۆری ماددە هۆشبەرەکانیان بەدەستەوە دەگیرا، مامەڵەی توندی لەگەڵ یەك گرام لە ماددە هۆشبەرەکان دەکرد، کاتێ لە دەستی کەسێ دەگیرا.

بەم شێوەیە هێزێکی هەڵ سڵەمینەوەی ئاسایشی درووست بوو بۆ ڕێگری کردن لە درووستبوون و گەشەکردنی ئەو دیاردەیە.  

دیارە لە تەنیشت هۆکاری ئابووری هۆکاری تر هەیە بۆ تەشەنەکردنی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان، لەوانە نەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە یانە و ناوەندی زانستی و وەرزشی و فەرهەنگخانە، کە بە هۆیانەوە دەکرێ لاوان سەرقاڵی کاری ئەرێنی بکرێن.

نەبوونی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکان، کە دەبێتە هۆی ناڕوونی ئاسۆ و ئایندە و کەمی چالاکی ئابووری سوودبەخش پاڵنەرن بۆ ئەوەی کەسانێ ڕوو لە بازرگانی و چالاکی نایاسایی بکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زۆر و خێرا، ئەمەش لە چەند شارۆچکەیەکی سنووری بە دی دەکرێ، ژمارەیەکی بەرچاو ڕوویان لە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە لە پێناو دەستەبەرکردنی داهاتێکی دارایی گەورە.  

ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە ترافیکی سەرەکی هاوردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو عیراق دەکات، کە لە ئێستادا بۆ مافیاکانی ماددە هۆشبەرەکان بووە بە کۆگایەك بۆ هەناردەکردن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کەلێنی گەورە لە سەر سنوورە کراوە و بێ پاسەوانەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ.

ڕێڕەوێ، کە لە لایەن مافیاکانی وڵاتانی دراوسێ بە کار دەهێنڕی، ڕێگەی مەرزی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستانە.

بەڵام مافیاکانی قاچاغچێتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست ڕێگای تر بەکار دەهێنین بۆ گەیاندنی کاڵاکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و لە ڕێگەی وڵاتی دراوسێ لە باکوورەوە دووبارە دەگەیەنرێتە هەرێمی كوردستان.

لە تەنیشت ئەوەشەوە ڕێگای دەریایی لە دووڕگەی کەنداو هەیە، کە وڵاتانی کەنداو بەیەکەوە گرێ دەدات. درێژی سنوورەکان و لاوازی دام و دەزگا ئاسایشییەکان و کەمی ئامرازەکانی پێویست بۆ دۆزینەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەقۆزرێنەوە بۆ مەبەستی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان.

لە زۆربەی ئەو پارێزگایانەی، کە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان گەشەی کردووە. بە هامان شێوە  بەکارهێنان و قاچاخچێتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەو پارێزگایانە زیادی کردووە، کە دۆخی ئاسایشیان ناسەقامگیرە، لە هەندێ لەو پارێزگایانەش چاندنی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووە.

سروشت و داب و نەریتی کۆمەڵگای ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکە، ئەو کەسانەی گرفتی تایبەتیان هەبێ پەنا بەرنە بەر ماددە هۆشبەرەکان لە جیاتی ماددە کحولیەکان.

لە بەر ئەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕووی قەوارەوە بچووکن و دەکرێ بشاردرێنەوە، هەروەها لە بەر ئەوەی بۆنیان نیە و ناکرێ لە لایەن کەسانی ترەوە بە ئاسانی هەستیان پێ بکرێت.

بەڵام ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان نەخۆشیە و پێویستە کەش و هەوای لەباری بۆ ساز بکرێت لە ڕووی تەندروستیەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ڕیشەیی و دووبارە شیاندنەوەی تووشبووان.

پێویستە ئەو دەرمانانەی، ماددەی هۆشبەری تیایە بخرێنە ژێر چاودێریەوە و ڕێگە نەدرێ لە بازاڕی ئازاد دەستەبەر بکرێن. هەروەها پێویستە ڕێگە نەدرێ بە کەرتی تایبەت، ئەم دەرمانانە بێ ڕەزامەندی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ نەخۆشەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان بنووسرێن لە پێناو بەکارهێنانیان. لە تەنیشت ئەوەشەوە پێویستە کار بکرێ بۆ ڕێگری کردن لە بازرگانی کردن بەو ماددە کیماویانەی، کە هاوشێوەی ماددە هۆشبەرەکانن و لە ڕێگەی ماڵپەڕە ئیلکترۆنیەکانەوە بە شێوەی ئۆنڵاین کرێن و فرۆشیان پێ دەکرێ.

پێویستە لایەنی پەروەردە و خوێندن پەرەیان پێ بدرێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی، کە دەبێتە هۆکاری ئالودەبوونی هەرزەکاران و ئاشنابوونیان بەو ژینگەیە.

هەروەها پێویستە کەمپەینی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە خوێندگاکان بەڕێوەبچن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشەیە و لەهەمووی گرینگتر پێویستە سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و لایەنی یاسایی کاراتر بکرێن. هەروەها دەکرێ بە مەبەستی ووشك کردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکان توندترین سزا دژ بەو کەسانە دەربکرێ، کە بازرگانی بەو ماددەیەوە دەکەن.

دیارە گەندەلێ فاکتەرێکی ترە بۆ بڵاو بوونەوەیەی ئەم دیاردەیە، کە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری هەیە لەسەر پەرەپێدان، چونکە گەندەڵکار هەندێ سەرچاوەی گرینگ بە تاڵان دەبات لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی کەسی، هەروەها لە ڕێگەی پارە سپی کردنەوە، بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان کاریگەری هەیە لەسەر ئابووری.

ئەمڕۆ لە قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەیی دیارەی جگەر کێشان بە سروشتی تەماشا دەکرێ و دیاردەی نێرگەلەکێشان هاندەدرێ، کە هۆکاری سەرەتایین بۆ ئالودەبوون.

ئەرکی سەر شانی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆشنبیریە ریکلامی پێویست بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان و ڕێنمایی تایبەت ئاراستەی کەرتی خوێندن بکرێت بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە و دیاردەیە، هەروەها پێویستە زانیاری و هۆشیاری تێروتەسەل بڵاو بکرێتەوە لە سەر مەترسییەکان ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی راگەیاندنە گشتیەکان.

 كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كانى هەرێمی كوردستان به‌ هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ (بیستراو و بینراو و خوێندراو) وەکو  فاکتەرێ لە فاکتەرەکانی بەهێزکردنی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کاریگەری خۆیان هەیە، بۆیە داوایان لێ دەکرێ، زیاتر بەها کوردستانیەکان لە ناو ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم بڵاو بکەنەوە و ببن بە ئامرازێکی ئەرێنی و هاوبەش بن لە هەموو هەوڵێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە.

YesIraq