2019-09-21 09:29:39

لەم سەردەمەدا دیبلۆماسیەت لە چوارچێوەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ئامرازێكی سەرەکی
دەستەبەرکردنی ئامانجە بنەڕەتیەکانی سیاسەتی دەرەوەیە و ڕۆڵێکی تایبەت و گرینگ
دەگێڕێت لە درووستکرنی کاریگەری لەسەر دەوڵەتان و کۆمەڵگاکانی دەرەوە بە مەبەستی
بەدەستهێنانی پشتگیری یان گەیشن بە ڕێگاچارە بۆ سەرجەم ئەو کێشانەی، کە جێگای بایەخی
دەوڵەتەکانن.
هەروەها دیبلۆماسیەت ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە گونجاندنی بەرژەوەندیە دژ بە یەکەکان و
بۆچوونە جیاوازەکان و ئاسانکاری دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و یەکلاکردنەوەی کێشە و
بڵاوکردنەوەی تەبایی و لێکتێگەیشتن لە نێوان دەوڵەتەکان.
بۆیە دەوڵەتەکان دەتوانن لە ڕێگەی دیبلۆماسیەتەوە پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و فەزای
هەژموونیان فراوانتر بکەن، بە تایبەتی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەتانی تر، یان
لە کاتی پشتگیری کردنیان لە ئاشتی و خۆ دوورخستنەوە لە جەنگ.
ئەگەر دیبلۆماسیەت پێشووتر لە جوگرافیایەکی دیاریکراو بوونی نەبووبێت، ئەوا پێویستە لە
ئێستادا دابهێنرێت، چونکە لە سەدەی شۆڕشی تەکنەلۆژی تا دێت گرینگی دیبلۆماسیەت زیاد
دەکات.
مەودای کارابوون و کاریگەری دیبلۆماسیەت پێوەرێکی گرینگە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی
دەوڵەت. دەوڵەت ناتوانێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی تایبەت بگێڕێت،
ئەگەر پشت بە دیبلۆماسیەتێکی ژیرانە نەبەستێت، تا بزانێت کەی و لە کوێ و لەگەڵ کێ
ڕەفتار دەکات.
بەو پێیەی دیبلۆماسیەت ئامرازێکی گرینگی سیاسەتی دەرەوەیە کاردانەوەی نەرێنی و
ئەرێنیشی دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە. ئەگەر دەوڵەت دەزگا یان تیمێکی دیبلۆماسی تۆکمەی
هەبوو، ئەوا ڕەنگدانەوەی دەبێت لە توانای مانۆڤرکردن و ڕەخساندنی دەرفەت و

درووستکردنی بەرژەوەندی و دەستەبەرکردنی دۆستەکان و خۆ بە دوورگرتن لە زیان و
ڕووبەڕووبوونەوەکان، کە دەبنە مایەی خەرجکردنی وزە و لاوازبوون.
گرینگترین لێهاتوویی لە ڕووی دیبلۆماسیەوە تواناییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاوەکان و
کارامەیی و ویستی بەدەستهێنانی زانیاری و دلێری و ڕاستگۆیی و هێمنی و خاکێتیە لە پێناو
باشترکردنی وێنەی دەوڵەت لە دەرەوە، لە ڕێگەی دەربڕینی خواست گەل و پێشنیارەکانیان بۆ
پەرەپێدانی دەوڵەت و گەشەسەندن.
سەرکەوتنی دیبلۆماتکار لە بواری دیبلۆماسیەتی ڕۆشنبیری پێویستی بە ڕۆشنبیری و دانایی و
خوێندنەوەی مێژوو و شارستانەیەت و داب و نەریت و سیاسەت و هێڵە گشتییەکانی ئەو
دەوڵەتەیە، کە پەیوەندی دوولایەنەی لەگەڵ دادەمەزرێت، ئەمەش بێ گومان بێ بەرنامە و
نەخشەی کاری پێشکەوتوو و هەوڵی تیمی ناکرێت. باشترین دیبلۆماتکار ئەو کەسەیە ،کە
دەزانێت کەی بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت و کەی بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لە چوارچێوەی
کات و دەربڕینی ئەو بابەتانەی، کە مەبەستن، بێ ئەوەی بەرامبەر بریندار بکرێت.
ڕا و بۆچوونەکانی هێنری کیسنجەر، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابووردوو یەكێک بوو لە
گەورە دیبلۆماتکارەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئەمڕۆ کاریگەری فراوانیان هەیە لەسەر سیاسەتی
دەرەوەی ئەو وڵاتە. کیسنجەر ڕەفتار و گوفتار، تیۆری و پراکسیسی پێکەوە گرێ دەدا،
بۆیە زۆر جار پێی دەووترێت ڕێوی یان زۆرزانی دیبلۆماسیەت.
هێنری کیسنجەر پرنسیپی میکیاڤیللی قبووڵە، کە دەڵێت مەبەست پاساوی میکانیزمە ، ئەو
پرنسیپە بە یاسایەکی ڕەوا دەبینێت لە سایەی ململانێی نێودەوڵەتی، کە تەنها هێزی قبووڵە و
دان بە هێز دەنێت. مێژوو لای کیسنجەر بیری گەلانە، یان کارخانەیەکی گەورەی ئەزموونەکانی
مرۆڤایەتیە، ئەو پێی وایە هاوکێشەکانی سەرکەوتن بە بەرژەوەندی ئەو کەسانە تەواو دەبێت،
کە بە باشترین شێوە ئەو هاوکێشانە دادەڕێژن. مێژوو بۆ ئەو کانزایەکە پڕ لە حیکمەت، لەناو
ئەو کانزایە کلیلە زێڕینەکانی کێشەکانی ئەم سەردەمە ئێمە حەشاردراوە، چونکە ئەگەر ئێمە
نەزانین بەرەو کوێ دەڕۆین، ئەوا هەموو ڕێگاکان ئێمە بەرەو شوێنێکی نادیار دەبات، یان
بەرەو هیچ.

دکتۆر سامان سۆرانی

}