2019-05-27 14:12:29

مێژووی مرۆڤ لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت گەشتێکی وجودی و ژیاریە، خودی مێژوو بریتیە لە کۆمەڵە زنجیرەیەكی بە یەکەوە گرێدراو. کاتێ دەووترێ سەردەمی پێش مێژوو یان سەردەمی مێژوو یان سەردەمی پاش زایین،  مەبەست لە دیاریکردنی قۆناغە زەمەنیەکانی پەیوەست بە مرۆڤە لە تەواوی ڕێرەوی شارستانیەتدا.

سەرجەم شارستانیەتەکان لە ژێر ئاسمانی ئەم سەرزەمینە دەرکەوتوون، چونکە ئێمە لە یەك جیهاندا دەژین و بەو شێوەیەش بەشدارین لە درووستبوونی شارستانیەتەکان. بۆیە شارستانیەتی جیهانی ڕەنگدانەوەی تێکەڵاوبوونی شارستانیە لە ناو چاخ و سەردەمەکان.

سەرەڕای پەرتەوازەیی شارستانیەتەکان لە ڕووی جوگرافیەوە یان فرەییان لە ڕووی سەرچاوەوە، دەبینرێت هەموو وەکو بازنەکانی بونیادنانی شارستانیەت بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. 

سەردەمی پێش مێژوو چالاکی مرۆیی جیاجیای بە خۆیەوە بینیوە. هەندێ لەو چالاکیانە هاوکاربوون لە پەرەپێدانی هزری مرۆیی و گەشەکردنی مرۆڤایەتی و باشترکردنی ئاستی بژێوی مرۆڤ. ئەمەش بە بنەمای شارستانیەت و فەرهەنگە سەرەکیەکانی سەردەمی پێش مێژوو لە جیهانی کۆندا دادەنرێت.

ئێمەی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان شانازی دەکەین، کە خاوەندی ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەواری دێرینین. ئەو شوێنەوارانە هەڵگری هێماکانی شارستانیەتی جیهانن، پێویستە لەسەرمان وەکو شوناسێکی نەتەوەیی بیانپارێزین.

ئەمڕۆ ئەشکەوتی شانەدەر بە ڕووی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی كراوەتەوە، یەکێکە لەو شوێنەوارە دێرینانەی هەرێمی كوردستان. ئەم ئەشکەوتە کەوتۆتە بناری شاخی برادۆستی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و لە سنووری قەزای مێرگەسۆری دەڤەری جوانی بارزانە.

شوێنەوارناسی بەڕەگەز ئەمریکی ڕاڵف سولیکی و تیمەکەی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ساڵەکانی ١٩٥١-١٩٦٠ توانیان بە شێوەیەکی زانستی دەست بە هەڵکۆڵین بکەن لە ئەشکەوتی شانەدەر.

بە خۆشحاڵیەوە توانرا لەو ئەشکەوتە یەکەمین ئێسکەپەیکەری مرۆڤ بدۆزرێتەوە، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٨٠ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.

لە ڕێگەی ئەو هەڵکۆڵینانە دەکرێت وێنەیەکی بەهێز ئامادە بکرێت سەبارەت بە چۆنیەتیی بارودۆخی ژیانی نیاندرتاڵەکان.

هەرچەندە مێژووی homo neanderthalensis بەواتای مرۆڤی سەرەتایی، کە جۆرێکە لە ڕەگەزی ئەو مرۆڤانەی، کە لە ئەوروپا و لە بەشێك لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست ژیاون، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٥٠ هەزار ساڵ و وەك باس دەکرێت پێش نزیکەی ٢٤ هەزار ساڵ لە ئەوروپا ناوچوون. مرۆڤی سەرەتایی نیاندەرتاڵ بە بەراوورد لەگەڵ مرۆڤی سەردەمی نوێ خاوەندی لەشێکی کەتە بووە، قاچەکانی كورت و جەستەی گەورە بووە، دەست و قاچێکی زۆر بە هێزی هه‌بووه‌.

بە پێی یاسای گیانلەبەرناسی ئەڵمانی کارڵ بێرگمان نیاندەرتاڵ توانای خۆگونجاندنی هەبووە لەناو کەش و هەوای گەرم و سارد. تا ئێستا نزیکەی ۱۲ مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە شوێنەواری شانەدەر دۆزراوەتەوه، ناوی شانەدەر دەکرێ لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتبێت:

(شانە) بەواتەی خانە و (دەر) بەواتای دەرەوە یان دەرگا. بۆچوونێکی تر هەیە، هەرچەند لاوازیشە، دەڵێت، شانەدەر بەواتای شوێنی شاردنەوەی شایەکان بووە.

ئەشكەوتی شانەدەر  ٧٦٢ مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ٣ كیلۆمەتر لە رووباری زێی گەورەوە دوورە. ڕووی پێشەوەی ئەم ئەشکەوتە شێوەیەكی سێگـۆشەیی هەیە بەرزی (١٨) مەترە، درێژی ئەشكەوتەكە (٤٠) مەترە، پانیەكەی (٢٧) مەترە و لە ناوەوە فراوان دەبێتەوە تا دەگاتە (٦٠) مەتر.

لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەکان ژمارەیەك ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیانده‌رتاڵ و كۆمەڵێك ئامرازی بەکارهێنان، کە لە بەرد دروست كراون دۆزرایەوە. مێژوورکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی كۆن. بەشی زۆری پەیكەرەكان بۆ موزەخانەی بەغدا و هەندێكیشیان بۆ ئەمەریكا گوازراونەتەوە.

تەنها كۆپییەكی كەلەی سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و كۆمەڵێك ئامێری بەردین، كە لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر دانراوە.

بۆیە لێرەدا بە پێویست دەزانرێت ئاماژە بکەین بە گرینگیدان بە موزەخانەکان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئایندەدا ئەم شوناسە نیشتمانیانە بگەڕێنرێتەوە بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان و خۆدان بکرێن.

هەروەها بە باش دەزانرێت، سەرجەم ئەو توێژینەوە زانستیانەی بە زمانی بیانی لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتەکانی تر ئەنجام دراون لە لایەن پسۆڕە كوردستانیەکانی بواری شوێنەوارناسی وەربگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی و بە شێوەی کتێب و لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕە ئیلکترۆنیەکان بڵاو بکرێنەوە، تاوەکو نەوەکانمان لە مێژووی خاك و وڵاتەکەیان تێ بگەن و سەرجەم شوێنەوارە گرینگەکانی كوردستان لە نزیکەوە بناسن.

گوڵڕێژکردنی جەستەی یەكێك لەو ئێسکەپەیکەرانەی، کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە بە گوڵی سروشتی ئەو ناوچەیە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە ڕێزگرتنی مرۆڤی ئەو سەردەمە لە مرۆڤی مردوو و ڕێوڕەسمی دانانی گوڵ و تاچەگوڵینە لە کاتی شاردنەوە. هەڵکۆڵەری بەناوبانگی ئەمریکی ڕاڵف سولیکی لە ساڵی ١٩٧٥ لە گۆڤاری  Science دەڵێت: "ڕاستە ئێمە پێمان وایە ئەوانە کێوی و جەستەیان کۆن بووە، بەڵام لە ڕاستیدا روحێکی زۆر هاوچەرخیان هەبووە." 

کەواتە كوردستان یەکەم مرۆڤی گوڵی لەخۆگرتووە و دەکرێت ئەم بابەتە لە لایەن حکومەتی هەرێمی كوردستان گرینگی پێ بدرێت و لە ڕێگەی زمانی پەیکەرسازی و هونەر و فەرهەنگ و ڕۆشنبیری بە جیهان بناسێنرێت، تاوەکو پێگەی كوردستان لە ناو مێژووی شارستانیەت بەرز بنرخێنرێت.

YesIraq
}