2019-02-06 18:37:00

ئاشکرایە کەوا ئابووری و سیاسەت دوو چەمکی پێکەوەگرێدراون و بە بەردەوامی کاریگەریان
لەسەر یەك هەیە.
لە جیهاندا سەرچاوەی ململانێکان دەگەڕێتەوە بۆ چاوتێبڕین و ڕکابەری لە پێناو مانەوە و هێز،
بەڵام ئەگەر بە دوای هۆکارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆیەکانی درووستبوونی جەنگ و ململانێ
بگەڕێین، بۆمان دەردەکەوێ، کەوا هۆکارە سەرەکیەکان ئابوورین.
یەكەم و دووەم جەنگی جیهانی باشترین بەڵگەی مێژوویین بۆ ئاشکرابوونی هۆکارە
سەرەکیەکانی بەرپابوونی جەنگ.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە خاوەندی بەهێزترین ئابووری جیهانە، وەکو ئەندامێکی
هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان توانیویە لە ڕووی سیاسیەوە ڕۆڵی
گرینگ و بڕیاردەر بگێڕێ.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەکیترین ئەندامی دامەزرێنەری پەیمانی
ناتۆیە، توانیویە ئەو دامەزراوەیە زۆر بە باشی بەکار بهێنێ بۆ سەپاندنی هەژموونی دەریایی
خۆی بەسەر ژمارەیەك لە ناوچەکانی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە باشووری ئاسیا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها درووستکردنی هاوپەیمانێتی و لێکتێگەیشتنی سیاسی
و فشار بەکار نەهێنێ بۆ فراوانکردنی هەژموونی، بەڵکو بە پەیوەندی ئابووری تێك ئاڵاو و
پێشکەشکردنی هاوکاری لە ڕێگەی حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنیەکان کاری لە سەر بودجەی
وڵاتانی مەبەست کردووە و ئەو وڵاتانەی وابەستەی خۆی کردووە.
ئەم سێ گۆشەییە لە شێوازی هەژموون زیاتر فەزای بۆ دەڕەخسێنێ بجوڵێتەوە و فشار بخاتە
سەر ڕژێمەکان، تا بە پێی بەرژەوەندی ئەو ڕەفتار بکەن یان وەکو کارطکی فشار بکاریان بهێنێ
دژ بە وڵاتانی تر.

هەرچەند ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوە جاروبار ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، کە لە لایەن
چین و ڕوسیا و هەندێ وڵاتی ئەمریکا لاتین هەوڵیان بۆ دەدرێ ، بەڵام ئەمریکا دەتوانێ خۆی
بە کەمترین زیان لەو گرفتانە دەرباز بکات و لە ڕێگەی ئابووری سیاسی هەژموونی خۆی
بپارێزێ.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بە نموونە وەربگرین، دەبینین چۆن فەلسەفەی سەربەخۆیی
ئابووری، کە لە سەردەمی تەکنەلۆجیای زانیاری و وەرچەرخانە کۆمەڵایەتیە گەورەکان و
بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی "مێرکانتیلی" پشت ئەستوور بە گۆڕینی هەموو شتێ بە کالایەك،
کە لە بازاڕدا کرێن و فرۆشتنی پێ بکرێ لەسەر بنەمای هزر و لێکدانەوە، سەرکەوتنی
بەدەستهێناوە.
ئەوەی مایەی دڵخۆشیە لە سەردەمی فرەیی لە ڕووی سیستەم و نموونەکان یان لە ڕووی
جەمسەر و ناوەندەکان و لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان وڵاتان، ئامادەبوونێکی زۆر بەهێزی
هەرێمی كوردستان لەسەر گۆڕەپانی ئابووری جیهانی هەیە.
ئەم ئامادەبوونە بەهۆی بڕیاری ژیرانەی و حیكمەت و كارایی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی و
لە ڕێگەی راسیۆنالیست کردنی بەڕێوەبردنی ئابووری درووست بووە.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی كوردستانی لە زۆر بوار وکەرتەکان کاری لەسەر خودی خۆی کردووە و بە
هەموو هێز و تواناوە کارامەیی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی وەرچەرخان لە ڕووی
ستراکچەرەوە، کە بەشەکانی زمان و هزر و کۆدە سەردەمیەکان و سیستەمی ماف و ڕێساکانی
مامەڵکردن دەگرێتەوە.
پەیوەندی نێوان سیاسەت و ئابووری بەندە بە شێواز و سیستەمی سیاسی. گەشەکردنی
ئابووری پێویستی بە سیاسەتی ڕوون و ئاشکرا و تۆکمە و توێژراو هەیە، تا بتوانێ بنەماکانی
گەشەسەندنی لە ناوخۆ و لە دەرەوە لەسەر بناغە بکات و لە هەمان کاتدا سیاسەت پێویستی
بە نەرمی لە مامەڵەکردن و ژیری سیاسی هەیە، کە دەتوانێ وڵات لە قەیران دەرباز بکات.
مایەی شانازیە ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت نێچیرڤان بارزانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای

هەرێم بە هەستێکی سیاسی ژیرانە مامەڵە لە گەڵ ڕووداوە سیاسی و کاردانەوە ئابووریەکان
دەکات.
ئەو وەکو سیاسەتی ئابووری وڵاتانی پێشکەوتوو لە جیهان ئارمانجی ئابووری بە مەبەستێکی
سەرەکی دەزانێ و سیاسەت لە خزمەتی ئەو مەبەستە بەکار دەهێنێ.
دیارە سەقامگیری و ئاسایش لە هەر وڵاتێ بەردی بناغەی کاراکردنی ئابووری و ڕاکێشانی
وەربەرهێنانە، کە بە هەوڵ و تێکۆشینی بێ ووچانی ڕاگری ئارامی لەهەرێم بەرجەستەیە.
هەبوونی فەرهەنگی ئابووری و بەشداری پێکردنی پسپۆڕ و ئەزمووندارانی ئابووری لە بڕیاری
ئابووری زۆر گرینگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان و بێ کاری و
چەقبەستنی ئابووری.
لە کۆتاییدا دەڵێین: "ئەو پرۆژە ئابووریەی دامەزراوە دەستەبەر نەکات بە نەمانی
خاوەندەکەی ڕادەوەستێ و ئەو پرۆژە ئابووریەی نەتوانێ بەرنامە و پرۆگرام دابهێنێ شایانی
ئەوە نیە بە فەلسەفەی ئابووری ناوزەد بکرێ.
دکتۆر سامان سۆرانی

YesIraq
}