وتـــــار
عیراقیه‌كان و ئه‌م حكومه‌ته‌

عیراقیه‌كان  و ئه‌م حكومه‌ته‌


شه‌فه‌ق نيوز/ ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ من  له‌ ( شه‌فه‌ق) كارده‌كه‌ن,  كه‌مترن له‌ ژماره‌ی وه‌زیره‌كانی ‌ كابینه‌كه‌ی  حكومه‌تی عیراق، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئیمكانات و بواری كار، ره‌نگه‌ ئێمه‌  متمانه‌ی  خه‌ڵكێكی زیاترمان به‌ده‌ست هێنابێ!  ‌ هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌ یه‌  وه‌ك ‌ بیرمه‌ندێك ده‌ڵێ ؛ ئه‌و حوكمڕانانه‌ی له‌ سه‌ر  ئه‌م خاكه‌ به‌ڵێنی بنیات نانی به‌هشتیان به‌ مه‌ردم دا،  له‌ راستیدا جه‌هه‌نه‌میان بۆ ساز كردن!!

 

خولیاو  داستانی  شه‌یدایی ده‌سه‌ڵات  له‌ هه‌موو شوێنێك وه‌ك یه‌كه‌ ، به‌ڵام له‌م وڵاته‌دا كاتێك ‌ حكومه‌ته‌كان ‌ نوێ ده‌بنه‌وه‌ بێ هێزتر له‌ جارانن و له‌م سۆنگه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین : حكومه‌ته‌كه‌ی  به‌رێز عادل عه‌بولمه‌هدی له‌ سه‌رده‌می داواكاریه‌كانی حه‌ق خوازانه‌ و  شه‌قام هه‌ژێنی جه‌ماوه‌ر چاوی هه‌ڵێناوه‌ و بۆ  سه‌لماندنی  لێهاتوویی خۆی و جێبه‌جێكردنی  به‌رنامه‌كانی ماوه‌ و ده‌رفه‌تی رۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ی پێ دراوه‌ نه‌ك ساڵانه‌ ‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ خێرایی له‌ رابردووش  دوور بكه‌وێ ،  دیسان نا‌توانێ به‌ خێرایی   باوه‌ڕ به كابینه‌كه‌ی ‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا  بسه‌پێنێ ؟! 

 

دیاره‌ كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی  گه‌مه‌ی سیاسه‌ت  له‌ عیراق ،  داوای ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌ڵك ناكه‌ن  و ئه‌مه‌ ته‌نیا  كێشه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌  نیه‌ كه‌ زۆر ده‌مێكه‌  خۆشه‌ویستی حكومه‌تیان وه‌لا ناوه‌ .  به‌رێز دكتۆر عادل  پێشتریش هه‌وڵی بۆ درا ببێ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ، كه‌واته‌ دره‌نگ  هاتنی پاساو نیه‌ ‌ تا داكۆكی له‌سه‌ر ئه‌و دروشمانه‌ بكات كه‌ ماوه‌یان  به‌سه‌ر ‌چووه‌ یان باویان  نه‌ماوه‌ ! ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی جێبه‌جێكردنی ته‌نانه‌ت به‌شێكی  به‌رنامه‌ راگه‌ێنراوه‌كه‌ی هه‌بێ ،  هێشتا  كوانوی  ئومێدی  میلله‌ت گه‌رمه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ ، هه‌موو كات  ئه‌وه‌ی  ناره‌زایه‌تی دروست ده‌كات  كارنامه‌ی خراپه‌  كه‌  به‌ ‌ به‌ڵێن و دروشم زۆر شت  به‌رجه‌سته‌ ده‌كات  به‌ڵام متمانه‌ و باوه‌ڕ به‌ حكومه‌ت بنیات نانێ.  جا  ئه‌مجاریش رووداو‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی  ئه‌م حكومه‌ته‌  واتایه‌كی جیاوازی له‌ دیموكراسی پیشانی ده‌ره‌وه‌ دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌م وڵاته‌  ! ئه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو كێ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی   دكتۆر عه‌بادی ،   گرنگ ئه‌وه بوو‌ ‌ كه‌ ئه‌و ده‌رنه‌چێته‌وه‌!! هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ، به‌ سه‌نگی خۆیان هاوكار بوون  تا  عه‌بادی نه‌بێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تێك كه‌ كارنامه‌كه‌‌ی ته‌ژی بوو له‌ پێشێل كردنی ده‌ستوور ودرزو كه‌لێن خستنه‌ ناو پێكهاته‌كان‌.   ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ كه‌  حكومه‌ته‌كانی پێشوو ‌ له‌ جیات  بنیات نانی ئه‌و  باوه‌ڕه‌ی  كه‌ خه‌ڵك  پێی بحه‌سێته‌وه‌ ، سه‌لماندیان   ته‌نیا ده‌توانن نه‌فرت به‌رهه‌م بێنن  . پاش كۆتایی هاتنی ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتداری حزبی ده‌عوه‌ ، ئیستا هاووڵاتیان  ده‌ڵێن:  ئێمه‌  له‌ جیات خۆ به‌ هێز كردن، بڕیار نیه‌ هه‌موو ئومێد و خولیاێكمان له‌ سه‌ر حكومه‌تێكی  بێ‌هێز بنیات بنێن  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌كه‌ی دكتۆر عادل بێ. 

عه‌لی حسێن فه‌یلی