وتـار شـه‌فـه‌ق
فه‌یلییه‌كان له‌ سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدی

فه‌یلییه‌كان له‌ سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدی


شه‌فه‌ق نيوز/ روو له‌ ئاینده‌ین، به‌ڵام خراپ نیه هه‌ندێك جار ئاوڕ له‌و رابردووه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك تیایدا زیندوو بوون و به‌ راستی ده‌ژیان. نه‌وه‌ك ئێستا كه‌ ته‌نیا زیندوون بێ ژیان؟!

 

سه‌رباری ته‌مه‌ندرێژی تراژیدیای پرسیارو وه‌ڵامه‌كان، ئاساییه‌ هه‌ر به‌رپرسێكی ئه‌م ڵاته‌ ئه‌و پرسیاره‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌  فه‌یلیه‌كان چییان ده‌وێ؟!

 

پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ خواست و داواكاریه‌كانی خۆمان وه‌ك هاووڵاتێه‌كی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ینه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی له‌و پرسیاره‌ هه‌ڵچین و تووڕه‌ بوون بنوێنین، ئه‌وه‌ دێنینه‌‌وه‌ یاد كه‌ هه‌موو مافخوراوانی ئه‌م وڵاته‌ خۆزگه‌ ده‌خوازن بۆ تاوێك ده‌بوونه‌ رۆڵه‌ی كاربه‌ده‌ستانی باڵا ده‌ست. بۆ وێنه‌ ده‌بوونه‌ رۆڵه‌ی سه‌رۆك  وه‌زیران. به‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌گه‌ر رۆله‌ی ئه‌وان بونایه‌، ره‌نگه‌ كه‌مێك نیگه‌رانی بارودۆخی ژیان و گوزه‌رانیان و نیگه‌رانی  چاره‌نووس و ئاینده‌یان ده‌بوون.

 

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ربه‌رپرسێك، ئه‌مه‌ روونه‌ كه‌ هێنانه‌دی داخوازی فه‌یلیه‌كان خه‌رجی زۆر نیه‌، ئه‌گه‌ر رێگه‌ یاساییه‌كانیان بۆ پوخت و كورت بكرێته‌وه‌‌. بۆ وێنه‌،‌ رێزدار سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا، دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌توانێ ئه‌و یاسایانه‌ وه‌گه‌ر بخات كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون. ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ چاره‌نووس و داهاتووی ئه‌م پێكهاته‌یه‌ و باقی پێكهاته‌كان دیاری ده‌كه‌ن. له‌ویش ساده‌تر، ده‌توانێ روانگه‌و شێوازی نواڕینی به‌رپرسان بۆ ئه‌م كه‌یسانه‌ بگۆرێ كه‌ چیتر كه‌سێك به‌ زوڵمی سه‌ددام ماڵو موڵكی داگیركرابێ، پاش چل ساڵ له‌و تاوانه‌ و دوای 15 ساڵ له‌ نه‌مانی به‌عس هێشتا چاوه‌نواڕی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانی نه‌بێ!!

 

وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ گرفته‌ یاسایی و ئاسایشی و ئابووریی و سیاسیه‌كان، خۆشییه‌كانی ژیانی سڕیوه‌ته‌وه‌و فه‌یلیه‌كانیش له‌ سه‌برو سه‌بووری راهاتوون، به‌ڵام به‌هاكه‌ی دووركه‌وتنه‌وه یان بووه‌ له‌ قه‌ره‌بووی هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی رابردوویان.

 

جا به‌ڕیز عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك باقی ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نیا بیر له‌ هێنانه‌وه‌ی پاساو نه‌كات كه‌ عیراقی كردووه‌ به‌ وڵاتی یه‌تیم و یه‌سیرو ملیۆنه‌ها بێوه‌ژن!! به‌ چاوی سیاسیانه‌ی عیراقی نه‌نواڕیته‌ ژیان و مافی ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ربه‌ده‌ركراوه. به‌ربه‌ست بۆ  چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ نێوان خۆی و  ئه‌و خه‌ڵكه‌  دروست نه‌كات كه‌ هیچ كات داخوازیه‌كانیان كێشه‌ نه‌بوون بۆ حكومه‌ت.

 

ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ میلله‌تی عیراق به‌ تێكرا زیندوون به‌ڵام ئاسووده نین تا به‌خته‌وه‌ر بژین‌!  هه‌ركات به‌رپرسان و میلله‌ت له‌ یه‌ك شوێن  كۆببنه‌وه‌ ، سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ر و‌ كۆتایی هێنانه‌ به‌ مه‌ینه‌تی  فه‌یلیه‌كان و  ئیتر پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ نا‌كرێ كه‌ چییان ده‌وێ!

عه‌لی حسێن فه‌یلی