وتـــــار
له‌ دیناری به‌ ڕیش بۆ دۆلاری بێ ریش

له‌ دیناری به‌ ڕیش  بۆ دۆلاری بێ ریش


عه‌لی حسێن فه‌یلی/ له‌ ده‌فه‌رێكی ئه‌م وڵاته‌، هاووڵاتییه‌ك رێی ده‌كه‌وێته‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی میری . فه‌رمانبه‌رێك دوای بیستنی داخوازیه‌كی و نواڕینی دۆسیه‌كه‌ی پێی ده‌ڵێ: كاره‌كه‌ت پێویستی به‌  دوو شایه‌تی ردێن پانه‌  تا بۆت رایی بكرێ. ئه‌و هاووڵاتیه‌  ساده‌یه‌ روو له‌ ‌ناو بازاڕی شار ده‌كات و به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕێته‌وه‌ تا به‌ڵكو  دوو شایه‌تی هه‌مان  چه‌شن‌  بدۆزێته‌وه‌.  گه‌ڕانێكی  بێ سوود  ته‌نیا زیاتر سه‌ری لێ ده‌شێوێنێ. له‌ گۆشه‌یه‌كدا وچان ئه‌دات. كاسبكارێك سه‌رنجی ئه‌داتێ و پاشان لێی دێته‌ پێش ، هۆكاری هاتن و چوونی، ‌ سه‌ر لێشێوان و‌ روخساره‌ خه‌مداگرتووه‌كه‌ی  ده‌پرسێ. ئه‌ویش حاڵو مه‌سه‌له‌كه‌ی خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌  مه‌رجی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ بۆ هێنانی دوو شایه‌تی ردێن پانه‌  كه‌ بۆی نادۆزرێته‌وه‌  !

‌ كاسبكاره‌كه‌ ده‌م به‌ پێكه‌نین‌  بۆی روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌‌ مه‌به‌ستی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ چییه‌. حاڵی ده‌كات كه‌  كاره‌كه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ شایه‌تی به‌ ردێن و بێ ردێن  ناخوازێ. مه‌به‌ستی  ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ره‌شوه‌تی دوو ده‌ دینارییه‌  كه‌ هه‌ركامیان  وێنه‌ی (الحسن بن الهيثم)) به‌ ره‌دێنه‌وه‌ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌  . هاووڵاتییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ فه‌رمانگه‌. دوو ده‌دیناری ده‌خاته‌ ناو دۆسیه‌كه‌ی و  فه‌رمانبه‌ره‌كه‌  به‌و دوو دراوه‌ به‌ ره‌سمی (الحسن بن الهيثم)) خاوه‌ن ريش ، كاری راست دێنێ.

له‌م سه‌رده‌مه‌ پرسیار ئه‌وه‌ نیه‌  پاره‌ی ریش پان ئه‌و نرخه‌ی نه‌ماوه‌ ، ده‌بێ چی بكرێ. ‌ له‌ ئێستادا هاووڵاتی به‌ گه‌ڵای سه‌وز ( سه‌د دۆلار) ی بێ ردێنی بينجامين فرانكلين یان سوور كاری 25 هه‌زاری كۆزه‌ له‌ شان  رایی ده‌كرێ نه‌ به‌چه‌ند دراوی نه‌خشێنراو به‌ ردێن پان. حكومه‌ت به‌ ملیۆنه‌ها گه‌ڵای سه‌وز ( سه‌د دۆڵار) ی  بێ ردێن وچه‌ند ملیۆن فه‌رمانبه‌ر و هه‌زاران شایه‌تی ریش پان  كاری راست ناێ. ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند مانگ ده‌چێ، به‌ زیاتر له‌ 300 ئه‌ندام په‌رله‌مان ناتوانن متمانه‌ ببه‌خشنه‌ سێ وه‌زیری ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی له‌م وڵاته‌دا ‌ پرسی ‌ داد و ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی هاووڵاتیانیان به‌ ده‌سته‌.