وتـــــار
عەبادی لە زۆنگ دا

عەبادی لە زۆنگ دا


شه‌فه‌ق نيوز/ عێراق لە حالی ئێستایدا دەولەتێکی بەهێز نیە، شەڕی شیعە – شیعە، بۆ وەرگرتنی دەسەلات ، تازە دەست پێدەکات . هەرچەندە پێگەی وەهمی عەبادی بەهۆی ئەو سەفقە نائەخلاقیەی ڕادەستکردنەوەی کەرکوک مەزنتر ببێت و چەند لەخۆبایی بوون و لوتبەرزی ئەو لە ئەنجامی شکانی داعش بەهۆی کاریگەری و هێزی گورزە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێو دەولەتی و کورد زیادتر ببێت، بەو ئاندازەیەش ململانەو دژایەتی مالکی بۆ ستاندنەوەی دەسەلات و لادانی لە هێز زیادتر دەبێت.

 

ڕەنگە یەکێک لە ئامانجە تاکتیکیەکانی گەلەکۆمەی هەرێمایەتی و چاونوقاندنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی دژی کوردستان، لەو لێکدانەوە سەقەتە سیاسیە سەرچاوەی گرتبی، کە بە قوربانیکردنی بەشێک لە دەستکەوتەکانی کورد، عەبادی بکرێتە پالەوانی یەکپارچە هێشتنەوەی عێراقی هەلوەشاوە و پارچەپارچەی ئێستا، تاکو بەو شێوەیە دەنگی شەقامی شیعی عێراق وەر بگرێ و دووبارە وەکو سەرۆک وەزیران بۆ خولێکی تری چوارسالی لە دەسەلاتی بەغدا بمێنێتەوە .  ئەوان واتێدەگەن، ئەو دەتوانێ پێی ئێران لە عێراق ببڕێ و ئەم ولاتە، لە ژێر هەژموونی ویلایەتی فەقیە رزگار بکات  .

 

عەبادی ناتوانێ دەنگەکانی خۆی لە ناو شەقامی عێراقی زیاد بکات . دەنگەکانی شەقامی عێراقی، کە سونەشی تێدا نیە، دنگی سیاسی نین، بەلکو دەنگی مەزەبین و  هەر لە پێشەوە بەهۆی مەرجەعەکانیانەوە ئاراستەکەیان دیاریکراوە ، بۆیە زۆر سەختە دەنگی تاکی شیعە، کە لە مەرجەعێک پەیڕەوی دەکا و بەیعەتی پێداوە، وەها بە ئاسانی بگۆڕدرێ .

 

  ئەگەر بریار بێت کورد لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە و ئامانجی یەکەمی ئەمریکا لەو گەمە سیاسیە بە پالەوانکردنی عەبادی بووبێت ، ئەوە دەبێ لە پلەی دووەم مەبەست ئەوە بووبێت، کە کورد بگەڕێنرێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی عێراق و بەهۆی دەنگ و پێگەی کوردەوە، وەک سێ سال لەمەوبەر عەبادی لە سەر کورسیەکەی خۆی بمێنێتەوە.

 

ئەگەر پلانەکانی ئەمریکا و عەبادی لە ڕوی کرداریەوە، گرەنتی قۆناغی یەکەمی بیرۆکەکەی ئاوانی کردبێت، لێ شیمانە ناکرێ لە پلان و هانگاوەکانی قۆناغی دوومیان سەرکەوتن وەدەست بهێن، ئەوەش بە سێ هۆکاری زۆر ڕون و سادە .

 

 یەکەم: عەبادی، ئەگەر سەرکەوتنیشی لە پاشە کشە پێکردنی جوگرافی گەلی کورد  وەدەست هێنا بێت، ئەوە بەسەر دۆستەکانیدا سەرکەوتووە، نە ڕکەبەر و دوژمنەکانی .

 

 دووەم:  تەنیا بە هۆی ئەو هێرشەوە کە بۆ سەر کورد ئەنجامیدا ، ئاستەمە و دیاریش نیە هاوپەیمانی نوێی لە ناو شەقامی سیاسی عێراق وەدەست هێنا بێت، بەلکو هاو پایمانیەتی کوردیشی لە دەستداوە، کە لە ڕابردوو پشتی پێبەستبوو هەر بەهۆی کوردەوە گەیشتبووە دەسەلات .

 

 سێیەم: ئێستا ئەوە مەرجەعەکانی دانیشتووی قۆم و تارانن کە دەنگ دەبەخشنەوە و بڕیار دەدەن شیعە، دەنگ بە کێ و چ کەسێک بدات، تا ئێستاش دیار نیە، ئێرانیەکان مالکی بە عەبادی بگۆڕنەوە و هیچ ئاماژەیەکیش نیە، عەبادی وەکو کاندیدی ئێران پەسەند کراو بێت .  کەواتە عەبادی لە دژایەتی کورد بێجگە لەوەی هەر لێ ئێستاوە پایەکانی کورسی دەسەلاتداری خۆی شکاندووە، هیچی وەدەست نەهێناوە .

بەدر ئیسماعیل شێرۆکی