وتـــــار
كێ يه‌كيه‌تى لاوانى ديموكراتى كوردستانى سه‌ربه‌خۆ كرد؟!

كێ يه‌كيه‌تى لاوانى ديموكراتى كوردستانى سه‌ربه‌خۆ كرد؟!


شه‌فه‌ق نيوز/ دواى به‌يانى 11 ئازارى ساڵى 1970، كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت هه‌يه‌ كه‌ هه‌نده‌ باس ناكرێ و زۆرترينى خوێنه‌ر  لێى بێ ئاگايه‌ ! لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵى گرنگ په‌يوه‌ست به‌ يه‌كيه‌تى لاوانى ديموكراتى كوردستان و چۆنيه‌تى سه‌ربه‌خۆبوونى ده‌كه‌م  .

 

يه‌كه‌ميان؛ بۆ به‌رچاو روونى زياتر ئه‌وه‌ دێنمه‌ياد كه‌ يه‌كيه‌تى لاوانى جيهانى كه‌ جه‌مسه‌رى رۆژهه‌ڵات ، واته‌ سۆفيه‌تى  جاران زاڵبوو به‌سه‌ريدا ، و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ريه‌كانى ئه‌و كاته‌ له‌ عيراقدا به‌ ده‌ست حزبى شوعى بوو، نه‌يده‌هێشت  لايه‌نى سه‌ربخۆو جيا له‌ خۆى نوێنه‌رايه‌تى عيراق بكات له‌و رێكخراوه‌دا‌و له‌ بانگهێشتى بۆنه جيهانيه‌‌كانيشدا ئه‌م خاڵه‌ به‌ زه‌قى ره‌چاو ده‌كرا . به‌ هاتنى به‌عس و باڵا ده‌ست بوونى، ديسان بۆ كورد  نه‌بوو سه‌ربه‌خۆ به‌شداريى بكات.

 

دووه‌م؛ ئێمه‌ له‌ ساى رێككه‌وتنى ئازار لێبڕاين يه‌كيه‌تى لاوانى ديموكراتى كوردستان هه‌رچه‌ند پێگه‌ى  ناوخۆيى سه‌قامگرتوو بوو به‌ڵام له‌ رووى كاروبارى ميرى ده‌مانويست  دانپێدانراوو سه‌ربه‌خۆ بێ . چونكو  رێكخراوى  جيهانى  يه‌كيه‌تى لاوان‌ بۆ هه‌رچه‌شنه‌ مامڵه‌يه‌كى راسته‌وخۆ،   مه‌رجى  ئه‌وه‌‌بوو كه‌ ئێمه‌ ده‌بێ رێكخراوێكى ره‌سمى و باوه‌ڕ پێكراو بين . گرفتى ئێمه‌ى‌ كورد ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌رفه‌ت بۆ چالاكى  سياسى ره‌خسا به‌ڵام رێگره‌ ياساييه‌كان بۆ  كارى رێكخراوه‌يى به‌  جێگيرى مانه‌وه‌. دياره‌ ئه‌مه‌ ياسايه‌كى به‌كاره‌‌ ،‌ ناكرێ له‌ يه‌ك بواردا دوو رێكخراوى هاوچه‌شن و هاوپيشه‌ له‌ يه‌ك كاتدا نوێنه‌رايه‌تى وڵاتێك بكه‌ن. ئێمه‌ش ‌ بۆ هه‌رچالاكيه‌كى ده‌ره‌كى ده‌بوو هاوڕێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى عێراق و وه‌ك به‌شێك له‌وان بچين! 

 

له‌ كۆتاييه‌كانى ساڵى 1970 په‌يوه‌ست به‌ يه‌كيه‌تى لاوان داخوازيمان دايه‌ وه‌زاره‌تى ناو خۆ كه‌ ئه‌و كات سه‌عدون غێدان وه‌زير بوو. به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى عيراق خاوه‌نى يه‌كيه‌تى لاوانه‌و كورديش سه‌ربه‌ عێراقه‌ داواكه‌ى ره‌د كردينه‌وه‌. هه‌رچه‌ند ‌ پێداگريمان كرد كه‌ دواى دان نان به‌ مافى كورد و به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتن نامه‌ى ئازار ئه‌و مافه‌مان هه‌يه‌ رێكخراوى سه‌ربه‌خۆمان هه‌بێ و به‌ جيا به‌شداريى ‌ چالاكيه‌ نێونه‌ته‌وه‌ييه‌كان بين، ئه‌وه‌ش دادى نه‌دا و دواجار بێ گه‌ڕانه‌وه‌و ئاگادار كردنى سه‌روى خۆمان له‌ پارتيدا، په‌نامان بۆ (مجلس الشورى العراقى) وه‌ك لايه‌نى باڵاى ياسايى برد . ئه‌وه‌ بوو  له‌ ساڵى 1971 به‌‌ قازانجى ئێمه‌  بڕيارى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى  ده‌ركرد و وه‌زاره‌تى ناوخۆى ناچاركرد ‌ ئيجازه‌مان پێ بدات.

 

له‌بيرمه‌ كاتێك  ‌ دۆسيه‌كه‌ به‌ سوودى ئێمه‌ و زيانى حكومه‌ت شكايه‌وه‌‌، و وه‌ك داب و نه‌ريت چوينه‌ سه‌ردانى سه‌عدون غێدان تا  خۆى ئيجازه‌كه‌مان پێشكه‌ش بكات،  زۆر ناڕازى دياربوو!!  دواتريش زانيمان وه‌ك ناڕه‌زايه‌تيه‌ك  گله‌يى  لاى به‌رپرسانى حزب كردبوو كه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى پرنسيپه‌كانى لێك گه‌يشتن و رێككه‌وتن نامه‌ى حزبى به‌عس و پارتيه‌.

 

 شه‌هيد سامى عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ ئه‌وكات وه‌زير بوو له‌ به‌غدا، به‌ ناوى مه‌كه‌بى سياسى ئه‌مه‌ى پێ ڕاگه‌ياندم كه‌له‌به‌ر هه‌ستياريى  بارودۆخ ، نابێ  دڵى حكومه‌تى به‌غدا له‌ خۆمان بڕه‌نجێنين و شكات له‌ وه‌زيرێك بكه‌ين.  ئه‌و كاره‌ى ئێمه‌شى پێ باش نه‌بوو!  به‌ڵام ئيدى كار له‌كار ترازا ويه‌كيه‌تيه‌كه‌مان  به‌ ره‌سمى دانى پێدانراو  ته‌نانه‌ت  وه‌ك مافێكى ياسايى،  حكومه‌ت ساڵى 500 دينارى بۆخه‌رجيه‌كانى ئه‌م يه‌كيه‌تيه‌ ته‌رخان كرد، هه‌رچه‌ند‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ته‌خشان په‌خشانى يه‌كيه‌تى لاوانى عيراقى ، ئاسمان و ريسمان بوو.

 

لێره‌دا پێويسته‌ ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م كه‌ هه‌ردوو يه‌كيه‌تى قو‌تابيان و ئافره‌تانى كوردستان هه‌رچه‌ند له‌ كارى ناوخۆيى خۆياندا سه‌ربه‌خۆ بوون به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ و ميهره‌جانه‌  جيهانى و ده‌ره‌وه‌ييه‌كاندا ده‌بوو له‌ژير ئاڵاى حزبى شيوعى يا عراقى به‌شدارييان بكردايه‌ ، ئه‌مه‌ش وه‌ك تێبينى و مه‌رجى لايه‌نى بانگهێشتكار، چونكو وه‌ك يه‌كيه‌تى لاوان ئيجازه‌ى ره‌سمى و سه‌ربه‌خۆيان وه‌رنه‌گرت!!

 

سييه‌م خاڵ و كۆتا خاڵ بۆ مێژوو ده‌ڵێم ؛‌ ئه‌و‌ پێنج كه‌سه‌ى ‌ داواكه‌مان پێشكه‌ش كرد وه‌ك ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر، هه‌ر هه‌موومان كوردى فه‌يلى بووين !! ناوه‌كانيش بريتى بوون له‌؛   قاسم مه‌لك عه‌لى داد- زياء حسێن عه‌لى- عه‌بدولره‌زاق عه‌زيز - شه‌وكه‌ت حه‌سه‌ن و دواجار خۆم - عه‌بد كه‌ريم موراد ، ناسراو‌ به‌ (يه‌دوڵلا كه‌ريم)  كه‌ وه‌ك خاوه‌نى پرۆژه‌كه‌ داواكاريه‌كه‌  به‌  ناوى من تۆمار كرا و يه‌كيه‌تى  لاوان تا كۆتايى هاتنى رێكه‌وتن نامه‌ى ئازاربه‌ شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆ به‌رده‌وام بوو له‌ كارو چالاكيه‌كانى و پاش نسكۆى شۆڕشى ئه‌يلول له‌ لايه‌ن  حكومه‌تى به‌غدا ره‌سميه‌تى له‌كار كه‌وت.