وتـــــار
ئایا دۆناڵد ترامپ دیدگایەکی ستراتیژی درێژخایانی بۆ سیاسەتی دەرەوە هەیە؟

ئایا دۆناڵد ترامپ دیدگایەکی ستراتیژی درێژخایانی بۆ سیاسەتی دەرەوە هەیە؟


شه‌فه‌ق نيوز/ لەماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو هەر کەسێ هەوڵی دابێ بۆ تێگەیشتن لەو سیاسەتەی دۆناڵد ترامپ، کە بۆ کاروباری دەرەوە پەیڕەوی دەکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دووچاری سەرسوڕمان بووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاگەیاندنە دژوار و نەسازاوانەی، کە لە کۆشکی سپییەوە دەردەچن.

 

لە مێژووی سیاسی ئەو وڵاتە وا باو بووە سەرۆکە یەك لە دوای یەكەکانی ئەمریکا لەسەرەتادا سیاسەتی خۆیان ئاشکرا دەکرد، دەرئەنجام ئەو ئاشکراکردنە دەبوو بە دۆکترینی ئەو سەرۆکانە لە بواری سیاسەتی دەرەوە.

 

بۆ نموونە پێنجەم سەرۆكی ئەمریکا جێمس مۆنرۆ لە ساڵی ١٨٢٣ بە ڕوونی ئاشکرای کرد، هەر هەوڵێ لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتە سەربەخۆیەکانی باکور و باشوری ئەمریکا بدرێ ، ئەوا ئەو هەنگاوانە بە دوژمنایەتیکردنی ئەمریکا ئەژمار دەکرێن، ئەم شێوە جاڕدان و ئاشکراکردنە بە دۆکترینی مۆنرۆ ناوزەد کرا.

 

بەهەمان شێوە دوایت دەیڤید ئایزێنھاوەر، سی و جوارەمین سەرۆکی ئەمریکا (١٩٥٣-١٩٦١) ئامادەیی ئەمریکای ئاشکرا کرد بۆ هاوکاری کردنی هەر دەوڵەتێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سەربازی و ئابوری، ئەگەر ئەو دەوڵەتە نیازمەند بێ ڕووبەڕووی هەڕەشەی کۆمونیزم ببێتەوە. 

 

دەکرێ پرنسیپی ترامپ بۆ سیاسەتی دەروە بە "ریالیستێکی ڕەق و ووشك" وەسف بکرێ، چونکە قوتابخانەی ڕیالیستی وەك دەزانرێ دەڵێ، سیستەمی جیهانی بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی لە حاڵەتی پاشاگەردانیە، بە پێچەوانەی حاڵەتی دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ناوخۆییان، بۆیە پێویستە وڵاتان خاوەندی زۆرترین سەرچاوە وهێز بن تاوەکو بتوانن بەرگری لە خۆیان و لە سەروەری و مانەوەیان بکەن. 

 

دیارە ڕێگا زۆرە بۆ بەدەستهێنانی تواناکان، بۆ نموونە دەکرێ لە ڕێگەی بەهێزکردنی توانایی ئابووری و سەرچاوەی مرۆیی و هێزی سەربازیەوە بێ، بەڵام ژمارەیەك لە وڵاتان بە هۆی سنوورداربوونی  سەرچاوەکانیان ناتوانن ئەو تواناییانەی خۆیان بە پێی پێویست بەهێز بکەن، بۆیە ناچار ڕوو لە بەستنی هاوپەیمانێتی دەکەن لەگەڵ وڵاتانی تر لە پێناو یارمەتیدانیان بۆ بەهێزبوون. یان ئەوەیە دەبنە هاوپەیمانی وڵاتانی زلهێز بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، بۆنموونە تایوان و کۆریای باشوور هاوپەیمانێتیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە درووستکردووە. 

 

وەکو نەریتێ حکومەتی ئەمریکا لە کاتی دەربڕینە فەرمییەکاندا هەردەم زمانێکی لیبرالی بەکار هێناوە و لە کرداریشدا ڕێچکەی ڕیالیستییەکانی گرتۆتە بەر. واتە بەرژەوەندی ئەمریکا بە چەمکی یاسا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پرنسیپە گەردوونیەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵێ چەمك و دەستەواژەی تری لیبرالی پێچاوەتەوە.

 

بۆ نموونە لە کاتی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن سەدام حوسێن واشنتۆن بە زمانی یاسای نێودەوڵەتی قسەی دەکرد و ئامادەکاری بۆ پاراستنی ئەو شتنانەی خۆی دەکرد ، کە بە بەرژەوەندی باڵای خۆی دەزانی. ئەمریکا ئەوەندی پەرۆشی بەرژەوەندی خۆی بوو، ئەوەندە گرینگی بە هێرشەکەی سەدام نەدەدا، هەر وەكو چۆن لە ساڵی ١٩٨٠ عیراق جەنگی لەگەڵ ئێران پەرپا کرد.

 

بەڵام لە حاڵەتی ڕیالیستی دۆناڵد ترامپ دەبینین ئەو  چۆن بە زمانێکی زۆر ڕوون و ڕەوان باس لە بەرژەوەندیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، کە لەسەر بنەمای سوودی دوولایەنە بەڕێوەدەچن. ئەم زهنیەتە لە شارەزایی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە ناو جیهان سامان و بزنس. کەسانی پێش ترامپ، کە لایەنداری سیاسەتی ریالیستی بوون، بۆ نموونە هێنری کیسنجەر یان جێمس بەیکەر، بیری ئەوان لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و یاسایی و سیاسی ڕەنگی دەدایەوە.

 

ترامپ پیاوی بزنسی ڕەهایە، ئەو هەموو جیهان بە کۆمپانیایەکی زەبەلاح دەشوبهێنێ، کە پڕە لە دامەزراوە بازرگانیە جیاجیاکان، ئەو دامەزراوانەی، کە دابەش بوون بەسەر هەموو ناوچەکانی جیهان. کاتێ کۆمپانیایەکی بازرگانی لە بەدەستهێنانی قازانج سەرکەوتوو نابێ ، کۆمپانیای دایك هەڵدەستێ بە کارکردن لەسەر یەكێ لەم دوو خاڵە: یان ئەوەتا هەوڵی چاکردنەوەی پێکهاتەکەی ئەو کۆمپانیایە دەدا و خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە دەست بە گۆڕینی دەکات و دووبارە دادەمەزرێنێتەوە یان ئەوەیە بە یەكجاری ئەو کۆمپانیایە لەکۆڵی خۆی دەکاتەوە و دای دەخات، تاوەکو لە ڕووی داراییەوە  نەبێ بە بارگرانی بۆ سەر دامەزراوە بازرگانیەکانی تری کۆمپانیای دایك .

 

ترامپ پێێ وایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو ئەو کۆمپانیا بازرگانیانە لە زۆر ناوچەی ئەم جیهانە خۆی بە کۆمەڵێ شت پابەند کردووە. ترامپ وای دەبینێ زۆرێ لەو پابەندبوونانە سوودێکی ماددیان بۆ ئەمریکا نەبووە، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئەو پابەندبوونانەی خۆی کەم بکاتەوە و لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرینگی بە ناو ماڵی خۆی بدات.

 

ترامپ لە زۆر بۆنەدا باسی کردووە، کەوا پاراستنی کۆریای باشوور تێچووی زۆرە لەسەر ئەمریکا و ئەمریکا هیچ شتێکی لەبەرامبەردا دەست ناکەوێ. کاتێ پرسیاری لێ کرا، کێ بە یەكەم دوژمنی ئەمریکا دەزانی، ئەو لەوەڵامدا باسی چین یان ڕوسیای نەکرد، بەڵکو ئاماژەی بە یەکێتی ئەوروپا کرد.

 

مەودای هەر هزرێ ئەگەر تەنها خۆی لە چوارچێوەی سامان و بزنس سنووردار بکات، ئەوا خاوەندی ئەو هزرە توانای دیدگایەکی فراوانتری بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان نابێ. 

 

کەسانی سەر بە قوتابخانەی ریالیستیەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بۆ نموونە جۆرج فۆرێست كينان، کە بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای پێش ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردوو دادەنرێ، یان وليام ئێڤريل هاريمان، کە وەزیری بازرگانی بوونی لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆك هاری ترومان، بە جۆرێ تەماشای سیستەمی جیهانی تازە دامەزراویان دەکرد، کە یەکەیەکی تێکهەڵکێشە و پێویستی بە دیدێکی فراوانە، ئەو دیدەی هەست بە کاریگەرییە دوولایەنیەکان بکات لە ناوچە قورسەکانی ئەم جیهانە.

 

ئەوان لە گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە تەماشای بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆیەکانیان نەدەکرد، بەڵکو ئەوان مەودای کاریگەری هەر ناوچەیەك لەسەر سیستەمی جیهانی ڕەچاو دەکرد، مەبەستمان ئەو ناوچانەیە کە ئەمریکا هەژموونی بەسەریاندا هەبوو.

 

لەم ڕووەوە ناکرێ هەرێمی كوردستان فەرامۆش بکرێ، کە لە ئایندەدا کاریگەری دەبێ لەسەر سەقامگیری بازاڕەکانی وزە و سیستەمی ئابووری جیهان.

 

هەر تێكچوونێ لە بواری ئابووری نێودەوڵەتی ڕووبدات کاریگەری خراپی دەبێ بەسەر هەموو وڵاتانی جیهان، بۆیە ناکرێ پەیوەندی دوولایەنەی وڵاتێکی زلهێزی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها لە ڕووانگەی قازانج و زەرەری هەنووکەیی لێكبدرێتەوە، بەڵکو پێویستە دیدگایەکی دوور مەودای ستراتیژ هەبێ.

 

ئەگەر ئەم دیدگایە ڕاست نەکرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمریکا بۆ ڕێبەری کردنی سیستەمی جیهانی نوێ خۆی لەبەردەم تەڵەی زۆر دەبینێتەوە.

دکتۆر سامان سۆرانی