وتـــــار
پێگەی شوێنه‌وارناسی و کەلتوور لە كوردستانی ئایندە

پێگەی شوێنه‌وارناسی و کەلتوور لە كوردستانی ئایندە


شوێنەوارناسی دیسپلینێکی زانستیە بۆ پشکنینی مێژووی مرۆڤایەتی و دەستەبەرکردنی زانیاری
سەبارەت بە جیهانی کۆن لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ئامراز و دیاردەکان و
شێکردنەوەیان بەو شێوەیەی خزمەتی شوناسی نیشتمانی بکات.
گرینگی كوردستان لە ڕووی شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتی جوگرافی، بە بوونی چەندین
ئەشکەوت و قەڵای دێرین، کە پاشخانێکی کەلتووری ئێجگار دەوڵەمەندیان لە خۆ گرتووە. ئەمەش
هۆکارێکە بۆ ئەوەی کوردستان بە لانەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی ناوزەد بکرێت.
لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان خاوەندی ڕاستەقینەی ئەم شارستانیەتەیە و تاوەکو ئەمڕۆ
فرەئایینی و فرەکەلتووری پاراستووە و ڕۆڵێکی مەزنی لە بڵاوبوونەوەی ئەم بەهایانە گێڕاوە، کە
موڵکی مرۆڤایەتین و پێویستە بە پارێزراوی بمێننەوە، دەکرێ بڵێین گەلی كوردستان لە
بەکارهێنانی هێزی نەرم سەرکەوتوو بووە.
ڕاستە زانستی شوێنەوار خوێندنەوە بۆ ڕابووردوو دەکات و گرینگی بە توێژینەوە و
چارەسەرکردنی و ڕاڤەکردن بۆ بەشە فەوتاوەکانی مێژوو دەکات، چونکە ڕابووردوو زۆر لایەنی
جیاوازی ژیان لە خۆ دەگرێ، بەڵام هەر کەرەستەیەك، کە لە لایەن نەوەکانی ڕابووردوو بە جێ
مابێ، بە شوناس هەژمار دەکرێ و بەهای هونەری و مێژوویی خۆی هەیە.
دیارە ڕابووردوو لە ئێستادا زیندوو دەبێتەوە، بەڵام دەکرێ لە ئێستاشدا وون بێ. ئەمەش
پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری مرۆڤەکان، یان دوورەپەرێز وەستانیان، سەبارەت بە ڕابووردوو.
پرسیار ئەوە نیە، ئایا ئێمە لە ئێستادا چی زیندوو بکەینەوە و چی بپارێزین، یان ئایا ئێمە
دەستبەرداری چی بین، بەڵکو پێویستە لەسەرمان ئەوە ڕزگار بکەین، کە بە هۆی دێوەزمەکانی
مۆدێرنتەو خشۆکەکانی پێشکەوتن، کە بە بێ چاودێری و لێپرسینەوە کار دەکەن، مەترسی
لەناوچوونیان زۆرە.
لاوازبوونی هەستی گۆمەڵگا بەرامبەر بە شوێنەوار و کەلتوور و نەزانییان دوو هۆکاری سەرەکین
بۆ لەناوچوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پاشخانە کەلتووریەکان و شوێنەوار.

2

بۆیە پێویستە کار لەسەر قووڵترکردنی هۆشیاری کەلتووری بکرێ، تاوەکو پەیوەندی نێوان
هاوڵاتی و پاشخانی فەرهەنگی و شارستانی و شێوازی پاراستنیان تۆکمەتر بێت و مرۆڤەکان بە
هەست و بەرپرسیارێتیەوە داکۆکی لە شوێنەوار و کەلتوور و مێژووی باو باپیرانیان بکەن.
بەرزی هەستی هاوڵاتی بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلتوور بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی خود و
شوناس.
ئێمەی كوردستانی پێمان وایە، چەندین پاڵنەر هەن، بۆ پاراستنی شوێنەوار. بۆ نموونە لە ڕووی
مێژووەوە، پاراستنی شوێنەوار دەرفەتێكە بۆ ناسینی شێوازەکانی ژیانی گەلانی کۆن و ڕابووردوو
و ڕەخساندنی دەرفەتێکیشە بۆ نەوەکانی داهاتوو، تاوەکو بزانن ئەوانەی ڕابووردوو لە ڕووی
زانیاری لە چ قۆناغێكی هزری بوون.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە، پاراستنی مێژوو و شوێنەواری كوردستان بەرجەستەکردنی شوناسی تاك
و کۆمەڵگای کوردستانیە و بەڵگەیەکە بۆ ئینتمای نیشتمانی، کە ڕابووردوو و ئێستا و داهاتووی
نیە و لە ڕێگەیەوە دەتوانین زاڵ بین بەسەر دەستێوەردانی دیموگرافی و چوونە ناویەكی
شوناسەکان. پێویستە لێرەدا پاڵنەری ئابووری ڕەچاو بکرێت، چونکە شوێنەوار لە ئێستادا تەنها
باس لە ڕابووردوو ناکات، بەڵکو فاکتەرێکی ئابووری گرینگە، کە گەلان و وڵاتان بۆ
دەستەبەرکردنی بژێوی پشتی پێ دەبەستن، ئەویش لە ڕێگەی پەرەپێدانی پێگە شوێنەواریەکان و
ئامادەکردنیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.
بەکارهێنانی شوێنەوار لە ڕووی ئابووریەوە هاوکار دەبێ لە نەهێشتنی بێکاری لە لای دانیشتوانی
خۆجێی. هەروەها ئەم بەکارهێنانە هەلی کار دەڕەخسێنێ، بەڵام پێویستە بەکارهێنانی شوێنەوار
لەم ڕووەوە بە سەرپەرشتی پسپۆڕانی بواری پاراستن و پارێزگاری کردنی شوێنەوار بێت.
کەلتوور شوناس بە هەموو گەلێ دەبەخشێ و تایبەتمەندبوونیان بەرجەستە دەکات. هەروەها
کەلتوور وەکو ستوونێکی سەرەکی شارستانیەت بەهای کۆمەڵایەتی و هونەری و زانستی و
پەروەردەیی فەراهەم دەکات.

3

پێویستە حکومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی کەلتوور و شوێنەواری كوردستان
دامەزراوەیەکی تایبەتمەندی هەبێ بۆ پەروەردە و کەلتوور و زانست، کە ئەرکی سەرەکی بریتی
بێت لە توێژینەوەی کەلتووری ڕوشنبیری و شوێنەوار و پاراستنی کەلتووری ڕوشنبیری و
سروشتی (کەلتووری سروشتی هەموو پێکهاتە جیولۆژیەکان و ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، کە ئاژەڵ
و ڕوەكی تیایە و مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە و پێویستە بپارێزرێن) و داڕشتنی سیاسەت و
مەرجەکانی دەستەبەرکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەلتوور و شوێنەوار.
پێویستە ئەم دامەزراوەیە لە پەیوەندی پتەو بێت لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانیەکانی وەکو یۆنسکۆ و
لیژنە نێودەوڵەتیە حکومیەکانی پاراستنی کەلتوری ڕۆشنبیری و سروشتی و کار بکات بۆ
ئاشنابوون بە ڕێکەوتننامە جیهانیەکانی پەیوەست بەو بوارە و هەوڵی جێ بەجێ کردنیان بدات لە
هەرێمی كوردستان.
هەروەها پێویستە کار بکات بۆ ڕێکخستنی خولی مەشق و ڕاهێنان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو
بابەتانەی پەیوەندیان بە کەلتوور و شوێنەوار هەیە، لە پێناو دووبارە زیندووکردنەوەیان لە ڕێگەی
ڕێکخستنی پەیوەندی لە نێوان سیاسەتی نیشتمانی و پلانی کار و جێ بەجێکردنی پرۆژەکان.
ئێمە دەزانین مرۆڤەکانی کوردستان وەکو ژیان بە کەلتووری خۆیانەوە گرێدراون، دابڕانیان لەو
کەلتوورە دەبێتە مایەی هەڕەشە لە سەر بوونیان.
پێگەی شوێنەوار و کەلتوور لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان زۆر بەهێزە، چونکە مایەی
بەردەوامبوونی میللەتە. شوێنەوار و کەلتور هاوسەنگی درووست دەکات لە نێوان ڕابووردوو و
ئیستا و ئایندە و توانای گەلان و هزریان.
دکتۆر سامان سۆرانی