وتـــــار
تاڵ و شيرين له‌ ئازاردا

تاڵ و شيرين له‌ ئازاردا


عه‌لى حسێن فه‌يلى/ جيا له‌ ره‌هه‌نده‌ مێژوويى و ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان، ده‌كرێ خۆێندنه‌وه‌ى ديكه‌ش بۆ دۆخى ئێستاى فه‌يليه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كانى ئه‌م گه‌له‌  بكرێ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمن.  كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ پرسيارى زۆرتر له‌ خۆمان بكه‌ين  و به‌ دواى وڵامدا بگه‌ڕێين ! ئه‌و پرسيارانه‌ى ده‌توانێ بوار بۆ لێك تێگه‌يشتن و نزيك بوونه‌وه‌و ته‌بايى  بڕه‌خسێنێ ، به‌ پێچه‌وانه‌ تا بخوازن بيانوو و  هۆكارى دابڕان زۆره‌.

بۆ باسكردنى ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ هێندێ له‌ تێبينيه‌كانى خوالێخۆشبوو باوكم (حسێن فه‌يلى) به‌ نرخى بيره‌وه‌رى دێنمه‌وه‌. هه‌رچه‌ند لێره‌دا من هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌و روانگه‌يه‌ كه‌ ده‌ڵى هه‌ر كتێبێكى باش كه‌ شياوى خوێندنه‌وه‌‌يه‌  ده‌بێ دووجار بخوێندرێته‌وه‌ !! به‌ دڵنيايى كاتيك له‌ سه‌ره‌تاى باشتر تێ ده‌گه‌ين كه‌ ئاگادارى كۆتاييه‌كه‌ى بين ، له‌و سۆنگه‌وه‌  هه‌ر زانياريى و باسو خواستێكى دروست ،  بۆ ميلله‌تێك ئه‌وه‌نده‌ راستى تاڵ و درۆى شيرينى ديبێ ‌و بيستبێ  يارمه‌تيده‌ره‌ بۆ  هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانى.

له‌ بيرمه‌ خوالێخۆشبوو، جيا له‌ ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌يى و مێژووييه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلول، وه‌ك خاڵێكى دره‌وشاوه‌ ، هه‌ميشه‌ حيكمه‌تى لێبورده‌يى بارزانى  به‌ سه‌نگى مه‌حه‌ك ده‌زانێ كه‌ دواى به‌يانى 11ى ئازارى1970 به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ رۆڵه‌ى ئه‌م ميلله‌ته‌ن ، له‌   نه‌ياره‌ سياسيه‌كانى خۆى و شۆڕشى ئه‌يلول ‌ خۆش بوو!  ئيدى به‌ هه‌مان پێوه‌رو له‌سه‌ر هه‌مان رێباز، له‌ كاتى ناوهێنان و هه‌ڵسه‌نگاندندا  ئه‌ويش ده‌يگوت؛ بارزانى فێرى كردين كه‌ گرنگ نيه‌ كوردانى سه‌رده‌مى خه‌باتى شاخ و شۆڕش له‌ كوێ  له‌ دايك بوون وله‌ كوێ ژياون ، گرنگ ئه‌وه‌يه‌ له‌و شوێنه‌ كه‌ بوون چۆن هه‌ڵسووكه‌وتيان كردووه‌ و چون ئه‌ركى خۆيان به‌ جێ هێناوه‌! هه‌ميشه‌ دڵنياى ده‌كردمه‌وه‌ كه‌ فه‌يليه‌كان هيچيان له‌ خه‌ڵكانى ديكه‌ زياد نه‌بووه‌ و نيه‌، جيا له‌وه‌ى به‌ شايه‌تى هه‌موان، زۆربه‌ى كات ‌ ئه‌رك و فه‌رمانيان هه‌رچى بووبێ  زياترو باشترو دڵسۆزانه‌تر له‌ چاوه‌نواڕى به‌رامبه‌ره‌كه‌يان  ئه‌نجاميان داوه‌.

ره‌حمه‌تى باوكم سه‌باره‌ت به‌و قۆناغه‌ى شۆڕشى ئه‌يلولى به‌دوادا هات  ده‌يگوت ؛ ‌ تا گه‌ڕانه‌وه‌ى  بارزانى نه‌مر، كورد به‌ گشتى و فه‌يليه‌كان به‌ تايبه‌ت زياتر  كوردايه‌تييان ده‌كرد نه‌ حزبايه‌تى!! ئێمه‌ بارزانيمان وه‌ك سه‌رۆكى نه‌ته‌وه‌يى ده‌ناسى نه‌ حزبى!! به‌ بوونى سه‌رۆكێكى نه‌ته‌وه‌يى رێبازو هه‌وێنى حزبيش هه‌ر كوردايه‌تى بوو.

خوالێخۆشبوو ئه‌وه‌شى دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ ؛   مادام بارزانى وێناى ئه‌وه‌ى ده‌كرد  كه‌ ته‌نيا چياكان دۆستى گه‌له‌كه‌مانن، كه‌واته‌ هيچ كه‌ژوكێوێك  شك نابه‌ين نشيوى نه‌بێ  وهيچ شۆڕشێك بێ كاره‌سات و نسكۆو هه‌ستانه‌وه‌‌ نابێ ، به‌ڵام غه‌در ئه‌وه‌يه‌  تا ئيستا له‌ فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌و وتانه‌ى بارزانى نه‌مرنه‌گه‌يشتوين  كه‌ به‌ردى بناغه‌ى  شۆڕشى گه‌له‌كه‌مان له‌ساته‌ وه‌خته‌ سه‌خته‌كاندا چۆن گلۆر نه‌ده‌بوو‌!! بێگومان بارزانى پێكهاته‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له‌وانه‌ش فه‌يليه‌كان وهاو شێوه‌ى ئه‌وانى به‌و به‌رده‌ بچووكان ده‌شوبهاند  كه‌   نه‌يانده‌هێشت به‌ردى بناغه‌ى شۆڕش به‌لادا بكه‌وێ يان ‌گلۆر بێته‌وه‌.

ئێستا كه‌ يادى رووداوه‌ گرنگه‌كانى مانگى ئازاره‌ و نزيكه‌ى نيو قه‌ڕن به‌سه‌ر به‌يانى 11 ئازار تێده‌په‌رێ، ناڵێين مانگى ئازار ئازارمان ده‌دات،  چونكو ئاوێته‌ى  گه‌لێك يادى تاڵو شيرينه‌‌ به‌ڵام،  زۆر راستى هه‌ن كه‌ ئاشكرابوونيان دوا كه‌وتووه‌ ، و بۆ شه‌قامى كورديى و نه‌وه‌ى نوێ  تازه‌ن‌ و ده‌توانن رابردوو بيننه‌ قسه‌. به‌ باوه‌ڕم مێژووى كورد ئه‌و كاته‌ ده‌مرێ كه‌ نه‌توانێ ئه‌م رازانه‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌و لاپه‌ڕه‌ى ئه‌م حه‌قيقه‌تانه‌ هه‌ڵداته‌وه.  له‌ راستيدا ئه‌مه‌ ته‌نيا   كێشه‌ى كوردانى  فه‌يلى نييه‌،   به‌ڵكو ده‌ردى هه‌موو ميلله‌تى كورده‌  كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا نازانێ له‌ كێ و له‌ كوێ به‌ دواى راستيدا بگه‌ڕێ !! ئه‌مڕو له‌وه‌ تێده‌گه‌ين  بۆ كوردى  فه‌يلى ، نازانێ كاتێك باسى ئه‌رك و سپارده‌ ده‌كرێ ، ئامانج چيه كه‌ رابردووى ناخوێندرێته‌وه‌ و دۆخى ئه‌مڕۆى ره‌چاو ناكرێ. ده‌رده‌كه‌ ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ رابردوومان بسڕنيه‌وه‌، له‌ راستيدا له‌و خراپتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نه‌زانين چۆن گه‌يشتووينه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌ و دواجاريش خۆمان نه‌ناسينه‌وه‌.

باش دێته‌وه‌ يادم، خوالێخۆشبوو راشكاوانه‌ ده‌يگوت ؛ ئێمه‌ ته‌نيا بيرمان له‌ به‌جێهينانى ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌ييمان ده‌كرد نه‌ پله‌و پايه‌، له‌ سه‌ره‌تادا  هێنده‌ى هه‌وڵ بۆ فراوان كردنى ئاسۆيى شۆڕش ده‌درا‌، ئه‌وه‌نده‌ بير له‌ هه‌ڵكشانى ستوونى كه‌سه‌كان نه‌ده‌كرا‌، واتا خه‌باتێكى ئاسۆيى و  جه‌ماوه‌ريى مه‌به‌ست بوو ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش راسته‌ كه‌  دواى گه‌وره‌ بوونى شۆرش و فراوانبوونى پێگه‌ى ‌جه‌ماوه‌ريى و ته‌مه‌ن درێژيى خه‌بات  ، پارتى ديموكراتى كوردستانيش ناچاربوو ستوونيش به‌رز هه‌ڵگه‌رێ و فه‌يليه‌كانيش وه‌ك  باقى پێكهاته‌كانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان پۆستى گرنگيان پێ به‌خشرا به‌ڵام نه‌ له‌سه‌ر حسابى هيچ كه‌س و لايه‌نێك، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌ماى ئيلتيزامى نه‌ته‌وه‌يى و وه‌فادارى  وماندوو بوون و له‌وه‌ش گرنگتر، به‌ ده‌ستهێنانى متمانه‌ى  سه‌رۆك بارزانى  تا ئه‌و ئاسته‌ى حه‌بيب محه‌مه‌د كه‌ريمى وه‌ك پاڵێوراوى كورد بۆ جێگرى سه‌رۆك كۆمارى عيراق ده‌ستنيشانكرد!!