وتـــــار
شۆڕشی ئاو

شۆڕشی ئاو


شه‌فه‌ق نيوز/ به‌سراییه‌كان ره‌خنه و خۆپیشاندان ومانیان گرت، داواكاریه‌كانیان به‌رز كرده‌وه‌و سه‌بریان گرت و  دواجار به‌رپرسانیشان خسته‌ ‌ ژێر پرسیار تا به‌ڵكو ناچاریان بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان وڵام بده‌نه‌وه‌! له‌گه‌ڵ هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌كان تا ئێستاش نه‌چوونه‌ته‌ ‌ناو به‌ره‌ی هیچ دوژمنێكی ئه‌م وڵاته‌و به‌ره‌ی دژه‌ حه‌قیقه‌ت. ئه‌وان باش ده‌زانن یه‌كپارچه‌یی عیراق بێ ئاسایش و بێ دابینی ماف و ژیان بۆ هاووڵاتیان ته‌مه‌ن درێژ نا‌بێ و هه‌وڵی خۆ رزگاركردن  ته‌نانه‌ت به‌ به‌های دابه‌شبوونی ئه‌م وڵاته‌، ده‌كرێ  له‌ باشووره‌وه‌‌ ده‌ست پێ بكات. له‌ مێژوودا هۆكاره‌كان زۆر ناوی بۆ  ناره‌زایه‌تی و شۆرشه‌كان  داهێناوه‌.

 

 هه‌روه‌ك عه‌تتاری نه‌یشابووری ده‌لێ له‌ كاتی برسیه‌تی و نه‌بوونی خۆراك( قه‌حتی)دا ناوێكی گه‌وره‌ی خواوه‌ند ( نان )ه‌!! له‌ ئێستادا به‌لای دانیشتوانی به‌سرا،‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌  هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی خوا ( اسم اعظم ) ئاوه‌. كه‌ ئاو بۆ خواردنه‌وه‌ نه‌بێ، ده‌وڵه‌مه‌ند ترین شاری دنیا، واته‌ به‌سرا شوێنی ژیان نیه‌.

 

زۆر له‌ مێژه‌  كه‌مایه‌سیه‌كان هێڵه‌ سووره‌كانیان له‌م وڵاته‌دا تێپه‌‌راندووه‌ و حكومه‌ت هیچی بۆ وتن نیه‌. نه‌ ده‌توانێ كێشه‌كان  چاره‌سه‌ر بكات و نه‌ ده‌توانێ خه‌ڵك قایل بكات ‌ له‌ هه‌ڕه‌تی بێ خزمه‌تی و هه‌ژاری و پیس بوونی ژینگه‌و تینویه‌تیدا  بچنه‌ ژێر سه‌یوانی به‌ڵێنه‌كانی به‌غدا!

 

پیلانێكی نوێ له‌ ئارادا نیه‌، دۆخیكی خراپ له‌ كاتێكی خراپتردا له‌ گۆشه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و‌ هه‌ڵه‌ كوشه‌نده‌كه‌ی حكومه‌ت دووباره‌ بۆته‌وه‌ ‌ ‌كه‌ داواكاری خه‌لك به‌ پیلان و هه‌ڵه‌ ناو ده‌بات.

 

چاره‌سه‌ری كێشه‌ به‌ كرداره‌ نه‌ به‌ قسه‌ی ‌ پشتی ده‌رگا داخراوه‌كان. حكومه‌ته‌كانی به‌غدا زۆر باسی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان كردووه‌ به‌ڵام  له‌ هۆكاره‌كانی شكست بۆ بنیات نانی وڵاتێكی ئارام و میلله‌تێكی به‌خته‌وه‌ر خۆیان  دزیوه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ رێی راگه‌یاندنه‌وه‌  هاوخه‌می میلله‌تن.

 

له‌ هیچ وڵاتێكدا  خه‌یانه‌ت به‌ ئاشكرا و نا  ئاشكرا جێ قبووڵ و په‌سه‌ند نیه‌.  ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌م شاره‌ و باقی  شاراه‌كانی دیكه‌ روو ده‌دات نه‌ كه‌مته‌ر خه‌می به‌ڵكو خیانه‌تی حكومه‌ته‌‌، چونكو ته‌نانه‌ت له‌سه‌روبه‌ندی پێك هینانی حكومه‌تی نوی ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌نتقی خزمه‌ت و دڵنه‌وایی به‌دی ناكرێ. راسته‌‌ داعش  جیا له‌ گه‌نده‌ڵی هۆكاری كاولبوونی به‌شێكی زۆری شاروشارۆچكه‌كانه‌ به‌ڵام خۆ نه‌گه‌یشته‌ به‌سرا!! سیاسه‌ته‌كانی به‌غدا كوردستانی ناچار كرد بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ بكات به‌ڵام خۆ ریفراندۆم  به‌سرای كاوڵ نه‌كرد!!

 

له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌غدا ئه‌ده‌بیاتێكی دۆستانه‌ و حه‌كیمانه‌و به‌رپرسیارانه‌ ره‌چاو ناكات و ناخوازێ به‌ ئاشته‌وایی و به‌رپرسانه‌و ته‌ندروست له‌گه‌ڵ داواكاریه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵسوكه‌وت بكات.

 

هۆكاری شكستی ره‌های حكومه‌ت له‌ به‌سراو شوێنانی دیكه‌، بێ باوه‌ڕی و بێ به‌رنامه‌ییه‌ بۆجێبه‌جێكردنی‌ پلانی سه‌ركه‌وتن‌. ئینكارو ئیهمال ‌نه‌ شه‌رعیه‌تی زیاتری  به‌ حكومه‌ت به‌خشیوه‌ نه‌ رێگر بووه‌ له‌  به‌رده‌وامی  تاوانی هه‌ڵه‌كاری و كه‌مته‌رخه‌می.

 

سه‌ركه‌وتن به‌ واتای‌ نه‌هیشتنی هۆكاره‌كانی شكسته‌ ‌ نه‌ به‌لاڕێدا بردنی ئاقاری راسته‌قینه‌ی كێشه‌كان و چه‌پاوو به‌ هه‌ده‌ردانی تواناو ئیمكاناتی میلله‌تێك. ئه‌وه‌ی له‌ به‌سرا روو ئه‌دات شۆرشی ئاوه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵ به‌ ئاگر بێ، عیراقێكی یه‌كپارچه‌ ته‌نانه‌ت له‌ زاری به‌رپرسانه‌وه‌ چی دیكه‌ نامێنێ و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو.

عه‌لی حسێن فه‌یلی