وتـــــار
کێشەی کوردانی فەیلی چۆن چارەسەر دەکرێ؟

کێشەی کوردانی فەیلی چۆن چارەسەر دەکرێ؟


شه‌فه‌ق نيوز/ ئەوەی ساڵانە لە یادەکانی ئەو کارەساتانەی بەسەر کوردی فەیلی و پێکهاتەکانی دیکە و رەنگەکانی دیکەی میللەتی ئێمە هاتووە و گوێ بیست دەبین، هەمووی گێڕانەوەی مەرگەسات و قوربانیدان و زوڵمی نەبڕاوەیە. بەڵام ئێمە لەم ساڵەدا یادێک دەکەینەوە کە بە هەموو پێشبینییەک ساڵی یەکلاکردنەوەیە بۆ ئەوەی میللەتی ئێمە بریاری چارەنووسی خۆی بدات. هەروەها ئەو دەوڵەتەی کەوا لەدایک دەبێ، پێویستە لەخۆگری هەموو پێکهاتەکانی دانیشتووی کوردستان بێت، لەوانیش هەموو رەنگەکانی پێکهێنەری میللەتی کورد بێت. زۆر گرنگە بیر لە پێشنیار بکەینەوە،بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کوردی فەیلی. دەوڵەتی داهاتووی کوردستان دەوڵەتێک دەبێ کە ناسنامەکەی هەر لە ئێستاوە لە هەموو دونیا ناسراوە و کوردیش بۆخۆی دووبارەی دەکاتەوە: مافی هەموو پێکهاتەکان، مافی هەموو رەنگەکان، حەق و دەوری هەموو رەنگەکانی ناو میللەتی ئێمە وەک میللەتی کورد، هەروەها دەوڵەتێکی پشتیوانی مافی مرۆڤ، دەوڵەتێک دەبێ لە پارێزەرەکانی باڵانس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەواتە پێویستە باشترین چارەسەری بۆ کۆتایی پێهێنانی ئازاری فەیلییەکان هەبێ. هەڵبەت چارەسەرێک کە دەکرێ بێتەدی.

 

ئەو مێژوویەی باسی دەکەین پڕە لە برین لە ئازار و لە پێشێلکردنی مافی میللەتی ئێمە، هەموو ئەو مێژووەی کە دەیگێڕینەوە دەرهاویشتەی دابەشبونێکی زۆر زاڵمانەیە، دەرئەنجامی دروست بوونی عێراق و سوریا و لێکهەڵوەشانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و جەنگی جیهانیی یەکەمە، دەرهاویشتەی زۆر خەمناک لەناو میللەتی ئێمە هەن لە ریزی دیاردەکانی دیکەی کە لە ئەنجامی زوڵم سەریان هەڵدا. یەکێکیان پەرتەوازە بوونی ئەم هەموو کوردە بوو لەناو عێراقدا بەناوی کوردی فەیلی کە نە ناسنامەیان هەیە و نە مافیان پێ ڕەوا دەبینن و بەردەوامیش لەژێر زوڵمدانە. دووەمیشیان ئەو بێ ناسنامانەی کوردی رۆژئاوا بوون لە سوریا کە تا ئەم دواییانەش ناسنامەیان نەدەدانێ. لە سەد ساڵی رابردوودا ئەگەر کەسێک ناسنامەی نەبووبێ مافی نەبووە، ناتوانێ بەرگری لە مافی خۆی بکات، ناتوانێ بڵێ من لە کوێم و چیم دەوێ. من پێم وایە دەبێ ئەو پەرتکردن و بڵاوکردنە وەک جالیەیەک لەمسەر بۆ ئەو سەری عێراق ـ بێجگە لە کوردستان ـ کوردی فەیـلی بۆیان هەبوو رابگوێزرێن، دەربکرێن غەدریان لێ بکرێ، جار جار ئیستقرار بکەن و پاشان دەربکرێن بۆ ئێران، دەبێ ئەو ناسنامەیە کەمێک چاوپێخشاندنەوەی تێدا بکرێ. ئەوە ناسنامەی کورد نییە لەسەر خاکی خۆی دەربکرێ و لەسەر خاکی عێراق و ئێراندا بەردەوام لە کۆچەریدابێ و لەکوێش زوڵم هەبێ بەشی هەرە زۆری بەربکەوێ. بۆیە پێویستە بیر بکەینەوە دوای ئەوەی لە کوردستان سەربەخۆیی سەری گرت، چ پێشنیارێک بۆ حکوومەتی کوردستان یان بۆ دەوڵەتی داهاتوو بکرێ کۆتایی بەم ئازارە بێنێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تەجرەبەی میللەتانی تر، کە وەک ئێمە کێشەیان بۆ دروست هەبووە پاشان چۆن چارەسەریان کردووە. ئەگەر سەیر بکەین ئەو زوڵمە بەسەر یەهودییەکانیش هات و پاشان دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بوو، بەرنامەی رێک و پووختیان هەبوو بۆ هەموو ئەو یەهودیانەی کە لە سەرانسەری جیهان بڵاوبوبونەوە، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی بگەرێندرێنەوە ئیسرائیل و نیشتەجێ بکرێن. نموونەی دووەم لە جۆرجیایە. کە جەنگ لە نێوان رووسیا و جۆرجیا توند بوو، پاشان دوو جمهوری بچوکیان لێ جیا کرایەوە، جۆرجییەکانی ئۆسیتیا و ئەبغازیا کۆماری جۆرجیا داوای لێکردن بگەڕێنەوە خاکی خۆیان. شاری نوێیان بۆ دروست کردن، شارەکانیش زۆر جوانن، دەرفەتی کاریان پێدان، هەروەها ئەولەویەتیشیان پێدان بۆ ئەوەی کەوا زوو دەمجی وڵاتی خۆیان ببنەوە.

 

 دابەشکردنی کوردستان و بەتایبەتی چوار وڵاتی داگیرکار بەم هەموو زوڵمەی کە بەسەر میللەتی ئێمەیاندا هێناوە، هەندێک دیاردەی نامۆیان لەناو پێکهاتەکانی میللەتی ئێمە دروست کردووە. ئەگەر بەراوردێکی نێوان کوردانی ئێزیدی و کوردانی فەیلی بکەین، لەناو هەردوو پێکهاتەدا تایبەتمەندی دینی یان مەزهەبی هەیە، لەناو هەردوو پێکهاتەدا مەیلی هەوڵدان بۆ بەجێهێشتنی کوردستان و حاشاکردن لە میللەتی خۆیان هەیە، بێ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤێک یان بەدیلێکیان هەبێ بۆ ئەوەی کاتێک فەیلییەک بە ناسنامەی مەزهەبی خۆی لە عێراق بگیرسێتەوە و لە میللەتی خۆی دوور بکەوێتەوە چی بەدەستدەکەوێ. ئەگەر لە زەمانی دەستەڵاتی عەرەبی سوننەدا، کوردی فەیلی لەسەر ناسنامەی کوردبوون و شیعی بوون زوڵمی لێدەکرا و جینۆساید دەکرا، لە سەردەمی حکوومەتی عەرەبی شیعەشدا کە هاومەزهەبی هەووڵاتیانی کوردی فەیلی ئێمەن، دەبینن حاڵی کوردانی فەیلی خراپە. کەواتە کێشە نەوەییە، بۆیە لەسەر رۆشنبیر، مەوزهەبی و خوێندەوارانی کوردی فەیلی پێویست دەکات لە ئێستاوە حەزی گەڕانەوە لەناو کوردانی فەیلی لە هەرکوێیەکی عێراقبن یان لە ئێران مابنەوە، بەهێز بکەن. ئەوە بە ئەندازەیەک بەهێز بکرێ  تا فەردی کوردی فەیلی چاوەڕێی دەوڵەتی خۆی یان حکومەتی خۆی نەکات پێی بڵێ فەرموو، بەڵکو خۆی فەرمووی ناو وڵاتی خۆی بکات، هەروەها فشار بۆ وڵات و حکومەتی خۆی بێنێ تا جێی بۆ بکاتەوە و نیشتەجێی بکات.

 

لەناو کوردانی ئێزیدیدا، ژمارەیەکی کەم عێراقی بوون و غەیرە کورد بوون هاندەدرێ، لە نەتیجەی ئەو زوڵمی بەردەوامی دینی دێت کە لە ناوچەکەی خۆیان بەسەریان هاتووە، ئێستا خەریکە دەبێ بە کێشەیەکی بچوک بۆ خۆیان، دوایی ببێتە کێشەی ئاسایش بۆ کوردستان. ئەوەی لای کوردانی فەیلی هەیە دەبێ ددانی پێدا بنێین کە پێچەوانەی ئێزیدییەکانە، ئێزیدییەکان وابەستە و پابەندن بە خاک، خاک بۆ ئەوان پیرۆزە و بەجێی ناهێڵن، بەڵام کوردانی فەیلی بۆ هۆکاری مەزهەبی زۆر بە ئاسانی لە دەرەوەی کوردستان دەژییەن. لەوانەیە ئەوە مێژووی خۆی هەبێ، بیانووی خۆی هەبێ، بەڵام لە کۆتاییدا وەک کارەسات گەڕایەوە بۆ خۆیان. بۆیە مەیلی گەڕانەوە بۆ کوردستان وابەستەبوون بە خاکی کوردستان لەناو کوردانی فەیلی دەبێ بەهێزتر بکرێ، ببێ بە دیاردەیەکی بەهێز ئەگینا ئەم کارەساتە هەر بەردەوام دەبێ.

 

  دەڵێن وەختی خۆی سەرکردەیەکی عێراق کە نازانم سەدامە یان یەکێکی دیکەیە، گوتویەتی چیتر لە کوردانی فەیلی قەبوڵ ناکەین دڵیان لە نەجەف بێ و پارەشیان بۆ کوردستان بێ. ئەمە دوژمنی کورد و دوژمنی فەیلییەکان گوتوویەتی. دل لە نەجەف بوون کارێکی زۆر ئاساییە و دەبێ وابێت، بەڵام بوونی کورد لە نەجەف جێی نەبۆیەوە لە بەغداد  و شارە شیعەکانی دەکەش لەدەروەی کوردستان جێی نەبۆوە. ئەگەر هەزار ساڵی دیکەش مەرسیە بخوێنن و فرمێسک بڕێژن لە یەک شوێنی عێراق جێیان نابێتەوە، لە هەموو جێیەکیش زوڵم لە کوردی فەیلی دەکرێ، کەواتە دەبێ هەموو رۆشنگەری و بەرزکردنەوە و بیرکردنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە ئەوەبێ کوردی فەیلی بە بەرنامەیەکی داڕێژراو لەکوێی عێراق هەیە بەجێی بێڵێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی کورد بریاری کۆتایی خۆی دەدات. نەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان کێشەیەکیان دانپیا نانێن تا ئەوەی چارەسەری بکەن. تۆ داوای چی لە دەوڵەتێک دەکەی هاومەزهەبت بێ یان نەبێ کارتی هاووڵاتی بونت ناداتێ، ناتکات بە شەریکی خۆی و ناتکات بە هاووڵاتی خۆشی.

 

 کەم و کوڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر  فەیلییەکان و پێکهاتەکانی دیکە زۆرە. ئەگەر باسی فەیلییەکان بکەین هیچ پرۆژەیەک بۆ نیشتەجێکردنیان نیە. من پێموایە ئەوە کارێک نییە مرۆڤ بە هەست و سۆز و قسەی بریقەدار بیڵێت، بەڵکو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی باش هەیە. حکوومەت دەبێ هاوکاری بکات، فەیلییەکان دەبێ بۆخۆیان هاوکاربن تێیدا و دەبێ سوود لە تەجرەبەی میللەتان و دەوڵەتانی دیکەش وەربگرین بۆ ئەوەی پێشنیارک یان پڕۆژەیەک بۆ نیشتەجێ کردنی فەیلییەکان دابندرێت. هەموو ئازارەکان لەوێ کۆتاییان پێ دێت، لە هیچ شوێنی تر کۆتایی پێ نایە و بە بریاری حزبی و ئیمتیازاتی نەقابیش باوەڕناکەم کێشە لە ئاستی کێشەی فەردی سەرکەوێ

سەرۆ قادر