ڕوسیا و نیگه‌رانییه‌كانی‌

شفق نيوز

دوو ژنه‌ خۆكوژه‌ی‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كانیان به‌ڕێوه‌برد، بوونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بانگه‌شه‌كه‌ی‌ ڤلادمیر پوتینی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ڕوسیا به‌ته‌واوی‌ بدرێ‌ به‌ زه‌ویدا كه‌ وتبووی‌ شۆڕشگێڕه‌ جیاخوازه‌كانی‌ باشووری‌ ڕۆژئاوای‌ ڕوسیایان گه‌مارۆ داوه‌ ‌و بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌و وڵاته‌ پاش چه‌ندین ساڵ‌ هێمنی‌، به‌هۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ تیرۆرستێكه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ‌ پشتێنده‌كانی‌ خۆی‌ توندبكاته‌وه‌.

ته‌قینه‌وه‌كان پاش ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی‌ چه‌ند حه‌وتووی‌ ڕابردوو ڕوویاندا كه‌ باسیان له‌ سه‌ركه‌وتن ده‌كرد‌ و ڕاپۆرت درابوو كه‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ئه‌و وڵاته‌ چه‌ند كه‌س له‌ ڕێبه‌رانی‌ پله‌به‌رزی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامییان كوشتووه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ ده‌یه‌وێ‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ بناژۆخواز له‌ ناوچه‌ی‌ كاوكاسوسی‌ باكوور دابمه‌زرێنێ‌.

به‌پێی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "واشینتۆن پۆست"، له‌ یه‌كه‌مین كاتژمێره‌كانی‌ پاش ته‌قینه‌وه‌كان، كه‌س به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ مه‌رگ هێنه‌رانه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبوو كه‌ پتر له‌ 70 كه‌س كوژراو و برینداریان لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌لێكساندێر بورتنیكۆف، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ فیدڕاڵـی‌ ڕوسیا (FSB) وتوویه‌تی‌ به‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وانیشانده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ له‌لایه‌ن گروپێكی‌ تیرۆریستی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌ی‌ كاوكاسوسی‌ باكووره‌وه‌ ئه‌نجامدراون.

له‌ ساڵـی‌ 2004 به‌ملاوه‌، نیشانه‌كه‌یان ئه‌وه‌یان ده‌رده‌خست كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ توانیویه‌تی‌ به‌سه‌ر تیرۆریستانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌دا زاڵبێ‌‌ و خه‌ڵك ئه‌و متمانه‌یان به‌ پوتین كردبوو كه‌ ده‌توانێ‌ هێمنی‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ وڵات‌ و به‌سه‌ر ترس‌ و تۆقاندندا زاڵبێ‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ مێشكی‌ ڕوسه‌كان‌ و به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی‌ مۆسكۆی‌ به‌خۆوه‌ خه‌ریككردووه‌ كه‌ گه‌لۆ سه‌رده‌می‌ ترس ‌و تۆقاندن نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌؟ ڤلادمیر پوتین له‌ هه‌مبه‌ر ڕه‌وینه‌وه‌ی‌ هه‌رچه‌شنه‌ گومانێك به‌نیسبه‌ت زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌ نێوخۆییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ جیاخوازه‌كانی‌ نزیك سنووره‌كان، به‌ڵێنی‌ ڕیفۆرمی‌ له‌ نێو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ‌و ده‌وڵه‌تدا به‌خه‌ڵكدا. هه‌رچه‌ند به‌رهه‌ڵستكارانی‌ ده‌وڵه‌ت ئێستایش بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سیستمی‌ ئاسایشی‌ تۆقێنه‌ری‌ ڕوسیا چووه‌ته‌ نێو بنجوبناوانی‌ هه‌موو كاره‌كان ‌و جیابیری‌ ئێستایش له‌و وڵاته‌دا قبووڵنه‌كراوه‌، به‌ڵام بێگومان ڕه‌خنه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا له‌ پێشێلكاری‌ مافی‌ مرۆڤ‌ و ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان له‌و وڵاته‌دا كه‌متر بووه‌ ‌و ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتنێك بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌زانرێ‌.

خوێندكارێكی‌ زانستگایه‌كی‌ مۆسكۆ به‌ "واشینتۆن پۆست" ده‌ڵێ‌: " پوتین شكستی‌ خواردووه‌، چونكه‌ چه‌ندین جار به‌ڵێنیدا كۆتایی‌ به‌ شۆڕشه‌كان بێنێ ‌‌و نه‌یتوانیووه‌".

ڕوسیا له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا توانیویه‌تی‌ له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ جیهاندا سیمایه‌كی‌ به‌هێز له‌ خۆی‌ نیشانبدا، به‌جۆرێك كه‌ باراك ئۆباما، سه‌رۆك كۆماری‌ ئه‌مریكای‌ ناچاركرد به‌سه‌ر پلانی‌ قه‌ڵغانی‌ مووشه‌كی‌ جۆرج بوش له‌ ئه‌وروپای‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا چاوبخشێنێته‌وه‌ ‌و ئه‌مریكا هه‌وڵبدا له‌ هاوكێشه‌ ناوچه‌یی‌ ‌و جیهانییه‌كاندا وه‌كو زلهێزێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ چاو له‌و وڵاته‌ بكات. هه‌روه‌ها یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپاش ناچاربووه‌ دان به‌گرنگی‌ كارتی‌ گوشاره‌كانی‌ ڕوسیادا بنێ‌. سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ ڕوسیا له‌ ئاستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریستی‌ له‌ نێوخۆوه‌ ڕووبه‌ڕووه‌ ‌و نه‌بوونی‌ یه‌كێتیی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌هێز له‌و وڵاته‌ زه‌بر له‌ په‌یكه‌ری‌ ئه‌م ورچه‌ له‌ جیهاندا ده‌دا‌ و هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ ڕوسیا نیگه‌رانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌رده‌می‌ ترس ‌و تۆقاندنن، هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ڕوسیاش نیگه‌رانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ناسه‌قامگیری‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌، ئه‌ویش له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ هێشتا ئاسه‌واره‌كانی‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ جیهان به‌ ته‌واوی‌ دیار ‌و به‌رچاون.