لەیادی راگەیاندنی فیدرالیدا

شفق نيوز

کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستاندا، لەسایەی ئازادی و دەسەڵاتی خۆماڵیداو لەڕێی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانەوە، چارەنووسی سیاسیی خۆی بەشێوازی فیدرالی دیاری کرد. لەو چوارچێوەیەدا بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عیراق بەشێوەیەکی رەسمی و بەدەقێکی یاسایی، دەسەڵات بەو ئەنجومەنە درابوو کەبڕیار لەمەسەلە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستانی عیراق و رێکخستنی پەیوەندی لەگەڵا دەسەڵاتی ناوەندیدا بدات. ھەربۆیەش لەڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکدا بەکۆی دەنگی ھەر ١٠٥ ئەندامەکەی بڕیاریدا پەیوەندیی یاسایی ھەرێمی کوردستان لەگەڵا دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر بنەمای فیدرالی رێکبخات. ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکی تردا بڕیاریدا کەدەسەڵاتی تایبەتمەندەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەموو دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدرالی پیادە بکات و لەھەموو کاروبارەکانی ھەرێمی کوردستاندا شوێنی بگرێتەوە تا ئەو کاتەی کەحکومەتی ناوەندی بەغدا دان بەبڕیاری فیدرالی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان و دەسەڵاتە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەنێت.

بێگومان رژێمی پێشووی بەغدا دانی بەدەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستاندا نەنا، تائەو کاتەی لەپرۆسەی ئازادیی عیراقدا ئەو رژێمە رووخاو ئیدی زەمینەیەکی لەبار رەخسا، کەنوێنەرانی کورد لەبەغدا لەڕێی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسییەوە مافەکانی گەلی کوردستان لەچوارچێوەی یاساو دەستووردا بەرجەستە بکەن. لەو چوارچێوەیەدا سیستمی مەرکەزیی عیراق کۆتاییھات و سیستمی فیدرالی بووە سیستمی رەسمی دەوڵەت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدرال لەیاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە لەساڵی ٢٠٠٤و دواتر لەدەستووری ھەمیشەیی عیراقدا لەساڵی ٢٠٠٥ بەڕەسمی ناسێنرا.

ئیدی گەلی کوردستان مافی چارەنووسی خۆی لەسەر بنەمای فیدرالی دیاریکردو ئەو مافە لەدەستووردا چەسپی کەزۆرینەی ٧٩%ی گەلانی عیراق بەڕاپرسیی گشتیی پەسەندییان کرد.

گەلی کوردستان لەعیراقی نوێدا پێشکەوتن و وەرچەرخانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئێستا نوێنەرانی کورد رۆڵی دیارو میحوەری لەبەغدا دەگێڕن، بۆیەکەمجارە لەمێژووی عیراقدا سەرۆک کۆماری عیراق کوردەو لەڕێی دیموکراسی و پەرلەمانەوە متمانەی پێبەخشراوە. چەندین پۆستی باڵا لەپەرلەمان و حکومەتی فیدرالی بەغدا بەدەست کوردەوەیە.

لەدامودەزگاکانی سوپاو ئاسایش و ھەواڵگری نوێنەری کورد ھەیە، کەجاران تەنھا بۆ کەمینەیەک قۆرخ کرابوو، ببوونە ئامرازی چەوسانەوەو سەرکوتکردن.

بێجگە لەوە بەشێکی زۆری مافەکانی گەلی کوردستان لەدەستووری ھەمیشەیی عیراقدا چەسپیون، داننان بەھەرێمی کوردستاندا وەک ھەرێمێکی فیدرال، بەڕەسمی ناسینی زمانی کوردی، ناسینی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیی کۆمەڵگەی عیراقی، دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، دیاریکردنی پشکی کورد لەنەوت و سامانە سروشتییەکان و چەندان دەستکەوتی دیکە. ئەو مافانەشی ماونەتەوەو تائێستا بەدینەھاتوون لەڕێی یاساو دەستوورو لەچوارچێوەی ماددەی ١٤٠دا رێوشوێنی چارەسەرکردنیان دیاریکراوەو نەخشەی رێگایان بۆ دانراوە.