عیراق و ئه‌جندای وڵاتانی دراوسێ

شفق نيوز

هه‌ڵبژێردراو نه‌یانتوانیووه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێرن تا له‌ ڕێگای ئه‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار و له‌ ڕێگای ئه‌ویشه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستنیشانبكرێت و به‌شێوه‌ ئاساییه‌كه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنرێت، به‌مشێوه‌یه‌ بۆ شه‌ش مانگ ده‌چێت عیراق دووچاری قه‌یرانێكی سیاسی ئاڵۆز بووه‌ته‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت پرۆسه‌ی دیموكراتی و سیاسی سه‌رتاپا هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، چونكه‌ ئاڕاسته‌ی گفتوگۆ و لێدوانی لیسته‌ سه‌ره‌كییه‌ براوه‌كانی (سوننه‌ و شیعه‌) وا ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ شه‌ڕ و ململانێی مه‌زهه‌بی گۆڕه‌پانی سیاسی داگیربكات و هه‌ر تایفه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی (سوننه‌ و شیعه‌) بیانه‌وێت به‌هۆی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ باڵا ده‌ستی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر عیراقدا، ئه‌م هزر و بۆچوونه‌ش پاڵنه‌ری ده‌ره‌كی هه‌یه‌ و ئه‌جندای وڵاتانی دراوسێی عیراق به‌زه‌قی له‌م قه‌یرانه‌دا به‌دیده‌كرێت و به‌ئاشكرا وڵاتانی دراوسێ مه‌به‌ستیانه‌ ویست و ئه‌جندای خۆیان له‌نێو خۆی عیراقدا بسه‌پێنن و حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراقیش به‌شێوازێك پێكبهێنرێت كه‌ بریتی بێت له‌ میكانۆیه‌ك به‌ده‌ست ده‌وروبه‌ره‌وه‌.

لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ سێ ئه‌جندای جیاواز كه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێی عیراقه‌وه‌ ئاماده‌كراون بخه‌ینه‌ڕوو كه‌ مه‌به‌ستمانه‌ بیسه‌پێنن به‌سه‌ر گه‌لانی عیراقدا، ئه‌ویش له‌ ڕێگای ئه‌و حكومه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هاتووه‌، لێره‌دا ڕه‌نگه‌ پرسیارێكیش بێته‌ ئاراوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی ده‌بێت ئه‌م جۆره‌ ئه‌جندایانه‌ بواری ئه‌وه‌یان له‌به‌رده‌مدا بێت تاكو له‌ عیراقدا جێبه‌جێ بكرێن؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین ناوخۆ و پێكهاته‌ی گه‌لانی عیراق هۆكارن و له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ كارئاسانی ده‌كرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جندای وڵاتانی دراوسێ، به‌و پێیه‌ی عه‌ره‌بی عیراق له‌ هه‌ر دوو مه‌زهه‌بی شیعی و سوننی پێكهاتوون و دراوسێكانی عیراقیش مسوڵمانی شیعه‌ و سوننه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ حوكمی پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی و جوگرافی عیراقیش كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران و توركیا و سوریا و ئوردون و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ زیاتر كاری ده‌ستێوه‌ردانی له‌ كاروباری نێوخۆی عیراق ئاسانكردووه‌، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ ئه‌جنداكان ده‌كه‌ین:

یه‌كه‌م: ئه‌جندای ئێران: ئێران به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی شیعه‌یه‌ له‌ جیهاندا و زۆرینه‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌بی عیراقیش شیعه‌ مه‌زهه‌بن، زۆر لای مه‌به‌سته‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ له‌ عیراقدا دێته‌ سه‌ر حوكم سه‌ركرده‌یه‌كی شیعی سه‌رۆكایه‌تی بكات، واته‌ لای كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌ گرنگ و مه‌به‌سته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاینده‌ی عیراق له‌ "لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانی نیشتمانی" ده‌رنه‌چێت! چونكه‌ سه‌رانی ئه‌م دوو گروپه‌ په‌یوه‌ندی مه‌زهه‌بی و مێژوویی و سیاسی ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ ئێرانه‌وه‌ و به‌ حوكمی پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی ئێران و عیراق كه‌ سنوورێكی دورو درێژیان هه‌یه‌ قوڵاییه‌كی ستراتیژی بۆ ئێران دروستده‌بێت كه‌ بتوانێت به‌شێك له‌ ئامانجه‌ باڵاكانی بهێنێته‌دی، بۆیه‌ والێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ ویست و ئه‌جندای ئێرانی له‌ ئه‌جنداكانی دیكه‌ به‌هێزتر بێت و ئێران له‌ كۆتاییدا تواناكانی خۆی بخاته‌گه‌ڕ له‌پێناو ڕازیكردنی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانی نیشتمانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو خۆیاندا كاندیدێكی گونجاو هه‌ڵبژێرن و له‌ئه‌نجامدا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ده‌ست شیعه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، ئه‌م ویسته‌ی ئێرانیش ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ویستی مه‌رجه‌عیه‌ته‌ شیعییه‌كانی عیراقدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و زامنی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ ده‌كات بۆ ئاینده‌یه‌كی دوورتر، هه‌روه‌ها ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا ئه‌وه‌ بۆ شیعه‌ ده‌رده‌خات ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كاندیدێكی نێو ماڵی شیعه‌ ڕێكنه‌كه‌ون ئه‌وا لیستی (ئه‌لعراقییه‌) كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سوننه‌ ده‌كات جارێكی دیكه‌ جڵه‌وی حوكم ده‌گرنه‌وه‌ ده‌ست، هه‌روه‌ها ئه‌م په‌رتبوونه‌ی عه‌ره‌بی شیعه‌ ده‌بێت ببێته‌ ئه‌زموون و په‌ندێك و له‌ ئاینده‌دا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

دووه‌م: ئه‌جندای سوریا: سوریا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گروپێكی شیعی ده‌یبات به‌ڕێوه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ له‌یادبكرێت كه‌ پارتی به‌عس له‌سه‌ر حوكمه‌ و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ له‌ عیراقدا له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ ڕوویانداوه‌ سوریای بێزاركردووه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای 2003ه‌وه‌ سوریا به‌چاوی گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سیستمی دیموكراتی نوێ له‌عیراقدا و زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی شۆڤێنی و پاشماوه‌كانی به‌عسیش له‌خۆگرتووه‌ و ئاسانكاری سیاسی و هاتوچۆی بۆ مسۆگه‌ر كردوون، بۆیه‌ پشتگیرییه‌كی ته‌واوی سوننه‌ی عیراق ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی لیستی "ئه‌لعراقیه‌" سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بگرێته‌ ده‌ست، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی نامۆ نییه‌ بۆ سوریا به‌و پێیه‌ی لیستی ئه‌لعراقییه‌ به‌شی زۆری عه‌ره‌بی سوننه‌ و پاشماوه‌كانی به‌عس و شۆڤێنیستانی عه‌ره‌ب له‌خۆده‌گرێت و به‌گرتنه‌ ده‌ستی جڵه‌وی حوكم له‌لایه‌ن ئه‌لعراقیه‌وه‌ سوریا دڵئارام ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ هاوبیرێكی خۆی عیراق به‌ڕێوه‌ده‌بات، سوریا له‌م كاره‌یدا توانیوویه‌تی جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌جنداكانی "توركیا و ئوردن و سعودیه‌دا" بكات به‌وه‌ی كه‌ خه‌مێكی هاوبه‌ش له‌نێوان سوریا و ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌كیان مه‌به‌ستیانه‌ لیستی ئه‌لعراقیه‌ جڵه‌وی حوكم بگرێته‌ده‌ست، چونكه‌ به‌لای توركیا و ئوردن و سعودیه‌وه‌ ئه‌لعراقیه‌ وه‌كو گروپێكی سوننه‌ مه‌زهه‌ب سه‌یر ده‌كرێن و وا سه‌یر ده‌كه‌ن كه‌ ئیدی شه‌پۆلی شیعه‌ له‌ناوچه‌كه‌ و له‌ نزیك سنووره‌كانیانه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و مه‌ترسیان له‌سه‌ر دروست نابێت و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش ده‌یانه‌وێت بواری جیۆپۆله‌تیكی ئێران به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌ و ئیدی ئیراده‌ی ئێران ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگ زوڵاڵ نه‌بێت و له‌ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا باڵا ده‌ست نه‌بێت وه‌ك چۆن له‌ لوبنان و یه‌مه‌ن و فه‌ڵه‌ستیندا ده‌بینرێت.

سێیه‌م: ئه‌جندای سعودیه‌ و ئوردن: سعودیه‌ و ئوردن وه‌كو دوو ده‌وڵه‌تی سوننه‌ مه‌زهه‌ب و دراوسێی عیراق له‌ سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ناوخۆی عیراق و پێیانوایه‌ پێویسته‌ عیراق بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌یی و له‌ سایه‌ و بواری ئێرانی (شیعی) ڕزگاربكرێت، بۆیه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ پشتگیری ته‌واوی گروپه‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ خۆیان له‌ لیستی "ئه‌لعراقیه‌دا" ده‌بیننه‌وه‌، لێره‌دا ئه‌جندای سعودیه‌ و ئوردن زۆر ئاشكران و پشتگیری وڵاتی میسریشیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ جۆرێك هه‌ماهه‌نگیشیان له‌گه‌ڵ سوریادا هه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی سایه‌ی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌ هاتنه‌كایه‌ی سعودیه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت وه‌كو لایه‌نێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عیراق به‌ده‌ربكه‌وێت و ڕێگا له‌ سایه‌ی شیعی و ئێران بگرێت، چونكه‌ وای بۆ ده‌چێت كه‌ مه‌ترسی ده‌خاته‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سعودیه‌، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی له‌ (حوسییه‌ شیعه‌كان) له‌ وڵاتی یه‌مه‌ندا توانیان له‌ باكوری یه‌مه‌ندا گورزی كوشنده‌ له‌ سوپای یه‌مه‌ن بده‌ن و مه‌ترسی جدیشیان خسته‌سه‌ر عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ سعودیه‌ له‌به‌ره‌ی عیراق و یه‌مه‌نه‌وه‌ مه‌ترسی شه‌پۆل و شاڵاوی شیعه‌ی له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ مه‌به‌ستییه‌تی به‌ره‌نگارییان بێته‌وه‌ و پشتگیری له‌و گروپ و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ش بكات كه‌ وه‌كو گروپی سوننه‌ خۆیان ده‌ناسێنن له‌وانه‌ش لیستی (ئه‌لعراقیه‌) كه‌ ئێستا وه‌كو مه‌به‌ستێك چووه‌ته‌ ئه‌جندای سعودیه‌ و ئوردن و میسره‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی ئه‌لعراقیه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌ندێك له‌ ئه‌جنداكانی ئه‌و وڵاتانه‌ جێبه‌جێبكرێن، خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌جنداكه‌ش له‌ئێستادا ڕێگه‌ گرتنه‌ له‌ باڵاده‌ستی عه‌ره‌بی شیعه‌ له‌ عیراقدا، تا وه‌كو سایه‌ی ئێرانیش له‌وه‌ زیاتر به‌رفراوانتر نه‌بێت، به‌مه‌ش ئێستا له‌نێوخۆی عیراقدا قه‌یرانێكی گه‌وره‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌ و له‌نێوخۆی پارته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی شیعه‌ و سوننه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ئه‌جندای وڵاتانی دراوسێ تاووتوێ و جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی و نه‌ویست و ئه‌جندای عیراقییه‌كانه‌!؟