كوردی فه‌یلی له‌ قه‌جه‌ره‌وه‌ تاوه‌كوو ئه‌مڕۆ(به‌شی دوو)

شفق نيوز

والی له‌ پشتكێو به‌رزترین پلله‌ی حكومه‌تی بوو كه‌ بڕیاری شاكانی قه‌جه‌ری جێبه‌جێ ده‌كرد و به‌رانبه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی ئێران دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌بوو. یه‌كه‌م به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كاروباری سه‌ربازی و پاراستنی ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ر جۆره‌ په‌لامارێكی وڵاتانی ده‌رهاوسێ و ناردنی خه‌ڵات و باج بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند. والی تا ئه‌و كاته‌ی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م دوو ئه‌ركه‌ سه‌ركه‌توو بوو حوكمڕانی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وام بوو. هێزی سه‌ربازی و ناردنی باج بۆ ناوه‌ند سێبه‌ری خستبوو به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا و نادادپه‌روه‌ری و فشار خستنه‌سه‌ر خه‌ڵك به‌ هۆی كۆكردنه‌وه‌ی باج، ته‌نگی له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵچنیبوو. بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نه‌بوو والییه‌كانی فه‌یلی چۆن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ژار و ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیان ڕه‌فت ده‌كه‌ن.

به‌ پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ له‌ كونسولگه‌رییه‌كانی ئێران له‌ مه‌نده‌لی و عه‌ماره‌ وبه‌غدا و گه‌شت نامه‌كانی راولینسون(1834 زایینی) و لایارد له‌ ساڵی 1841 به‌ ده‌ستهاتووه‌ قورسیی باجی دیاری كراو له‌ لایه‌ن والییه‌كان بووه‌ به‌ هۆی فشار بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و ناچاری كردوون كه‌ شوێن و رێی خۆیان به‌جێبهێڵن و روو له‌ به‌غدا بكه‌ن و له‌وێنه‌ بۆ بژێوی ژیان سه‌خت ترین كاره‌كانی نێو ئه‌و شاره‌ بكه‌ن. ئه‌ڵبه‌ت له‌وسه‌رده‌مه‌ جگه‌ له‌ پێدانی باجى ساڵانه‌ بۆ حوكوومه‌تی ناوه‌ند، خه‌رجیی ده‌ربار و جه‌نگه‌كان و ده‌سه‌ وبه‌سه‌ی والی –یش له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ دابین ده‌كرا و ئه‌مه‌ خۆی بارێكی قورس بوو بۆ سه‌ر شانی ئه‌وان و له‌ ساڵێكدا به‌ ناونیشانی جۆر به‌ جۆر باجیان لێ وه‌رده‌گیریا. ئه‌مه‌ بێجگه‌ به‌رتیلی كوێخا و توشماڵ و ده‌ورووبه‌ره‌كانیان بوو. شێوه‌ی وه‌رگرتنی باجه‌كان به‌م جۆره‌ بوو كه‌ والییه‌كان ماڵیاتی ئێڵه‌كانی پشتكێویان به‌ كرێ ده‌دا به‌ گرووپێك كه‌ خان-ی عه‌مه‌ڵه‌یان پێده‌وتن. ئه‌وان له‌ڕێگای سه‌رپه‌ره‌شتی ئێڵه‌كان باجیان كۆده‌كرده‌وه‌. توشماڵه‌كان له‌ ڕێگای كوێخای تایفه‌كان و ئه‌وانیش له‌ڕێگه‌ی ریش سپی تیره‌كان باجیان له‌ خێزانه‌كان وه‌رده‌گرت. له‌م سووڕی كۆكردنه‌وه‌ی باجه‌ له‌ پشتكێو خه‌ڵك ده‌بوا دڵیی ئه‌وانه‌یش كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری حوكوومه‌ت باجیان كۆده‌كرده‌وه‌ رابگرتایه‌ و راگرتنی دڵی ئه‌وانیش په‌یوه‌ست بوو به‌ پێدانی باجێكی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ والی دیاری كردبوو كه‌ هه‌ندێك جار دووبه‌رانبه‌ر بوو واتا به‌رتیلێك كه‌ مه‌ئموره‌كان وه‌ریان ده‌گرت به‌رانبه‌ر به‌ بڕی باجێك بوو كه‌ به‌ والی ده‌درا. هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ پێدانی باج به‌ نوێنه‌ری والی سه‌رپێچی بكردبایه‌ سووكایه‌تی پێ ده‌كرا و ته‌نانه‌ت بێ بایه‌خ ترین شتیان وه‌ك چیخ و ده‌وار و قالی و... له‌ بری باج ده‌برا. بۆیه‌ زۆركه‌س له‌ پشتكێو كه‌ توانای پێدانی ئه‌و باجه‌ی حوكوومه‌تی نه‌بوو به‌ ناچار و بۆ رزگار بوونی هه‌میشه‌یی له‌وێنه‌ كۆچیان ده‌كرد و په‌نایان ده‌برد بۆ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی. هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك په‌نای ده‌برد بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ ئێران په‌نایان بۆ هه‌ر لایه‌ك ببردایه‌ دیسان ڕاده‌ستی حوكومه‌تی والی ده‌كرانه‌وه‌ و هه‌ر دیسان ده‌بوا ئه‌و باجه‌یان بدایه‌. بۆیه‌ په‌نایان به‌ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌برد بۆ رزگاربوونی هه‌میشه‌یی خۆیان و خێزانه‌كانیان له‌ زوڵم و سته‌م و باجیی پادشاكانی قه‌جه‌ر و زوڵمی والی و توشماڵ و كوێخا و نۆكه‌رانی ده‌ورووبه‌ریان. جگه‌ له‌ هه‌ژاری و بێكاری فه‌راهه‌م بوونی زه‌مینه‌ی كار و باروودۆخی باشتری ژیان له‌ شاره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی هۆكار بوو بۆ كۆچكردنی ئه‌و كوردانه‌ بۆ به‌غدا و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ دوای شكست هێنانی عوسمانی وڵاتی عیراقی ناو لێ نرا كه‌ پایته‌خته‌كه‌ی شاری به‌غدا بوو. شارێك كه‌ زۆربه‌ی كورده‌كانی پشتكێو كه‌ له‌شوێنی خۆیان كۆچیان كردبوو له‌وێنه‌دا گیرسابوونه‌وه‌. ئه‌و كوردانه‌ له‌عیراق یان به‌ كاری كشتووكاڵ و ئاژه‌ڵداری درێژه‌یان ده‌دا یان خه‌ریكی كرێكاری و بازرگانی له‌شاره‌كانی عیراق ده‌بوون. ئه‌وان له‌وێنه‌دا هه‌م ده‌رفه‌تی كاریان هه‌بوو هه‌م ناچار به‌ پێدانی ئه‌و باجه‌ قورسه‌ی والییه‌كان نه‌بوون و، حكومه‌تی عوسمانی له‌گه‌ڵیاندا هه‌روه‌كو شارۆمه‌ندێكی وڵاته‌كه‌ی خۆی موعامله‌ی ده‌كرد و باجێكی زۆر كه‌متری به‌رانبه‌ر به‌ والییه‌كانی پشتكێو لێیان وه‌رده‌گرت. گه‌شه‌كردنی ئابووری و بازرگانی و په‌ره‌سه‌ندنی كشتووكاڵی عیراق كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌ ڕاكێشانی كۆچبه‌رانی پشتكێو كه‌ به‌شوێن كار و ژیانێكی باشدا هاتبوونه‌ عیراق هه‌بوو. بۆیه‌ له‌سه‌رده‌می والییه‌كان به‌شێكی زۆر له‌ كورده‌ كۆچبه‌ره‌كانی پشتكێو هێزی كاری شاره‌كانی عیراقیان پێكهێنابوو به‌ تایبه‌ت شاری به‌غداد. به‌ پێی ئه‌و ئاماژانه‌ كه‌ كران به‌شێك له‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كانی عیراق نیشته‌جێ سه‌ره‌كییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی عیراق بوون كه‌ له‌دوای دیاری كردنی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌ كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی و به‌شێكیشیان ئه‌و كوردانه‌ن كه‌ له‌ سه‌رده‌می زوڵمی قه‌جه‌ره‌كان و والییه‌كانی فه‌یلی له‌ پشتكێوه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ عیراق.                                                                                                                       به‌گشتی هۆكاره‌كانی كۆچی نیشته‌جێكانی پشتكێو بۆ عیراق به‌ تایبه‌ت به‌غدا بریتییه‌ له‌ هۆكاره‌كانی جێكه‌نه‌ كردن و هۆكاره‌كانی ڕاكێشان. ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ له‌ پشتكێو زه‌مینه‌ی بۆ كۆچكردن فه‌راهه‌م ده‌كرد بریتی بون له‌:

1 - زیادكردنی ساڵ له‌ دوای ساڵی باج له‌ لایه‌ن والییه‌كانی فه‌یلی له‌ سه‌رده‌می قه‌جه‌ره‌كان و قورسیی ئه‌و باجه‌ له‌سه‌ر شانی خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژاری ناوچه‌كه‌.

2 – وشكه‌ساڵی  و قات وقڕی له‌ پشتكێو

3 – هه‌ژاری و بێكاری و نه‌بوونی گوزه‌رانێكی باش

4 – زوڵم و نادادپه‌روه‌ری والییه‌كانی فه‌یلی

5 – شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ نێوان والییه‌كانی فه‌یلی

سه‌ره‌ڕای ئه‌م هۆكارانه‌ له‌بار بوونی باروودۆخی ئابووری و بازرگانی عیراق و هه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار و ئومێد به‌ ژیانێكی باش هانده‌ر بوون بۆ كۆچی یه‌كجاره‌كی خه‌ڵك له‌ پشتكێو بۆ شاره‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت به‌غدا. زۆربه‌ی خه‌ڵكی پشتكێو له‌و كۆچه‌یان بۆ عیراق ره‌زامه‌ند بوون به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ توانیبوویان ژیان و گۆزه‌رانێكی باش بۆ خێزانه‌كانیان دابین بكه‌ن. به‌ڵام به‌ گه‌یشتنی حیزبی به‌عس به‌ ده‌سه‌ڵات به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریی سه‌دام حوسه‌ین به‌سه‌ر عیراق و به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆماری ئیسلامی شیعه‌ فشار بۆ سه‌ر كورد به‌تایبه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان و دوایی له‌ كوردستانی ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق كۆچیان كردبوو ده‌ستی پێكرد. فشار بۆ سه‌ر كوردی فه‌یلی تاڕاده‌یه‌ك بوو كه‌ زۆر له‌وانه‌ به‌ كوڕ و كچ و پیر و جوانه‌وه‌ بێسه‌ر و شوێن كران و ده‌ست گیرا به‌سه‌ر ماڵ و سامانیان و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵ زه‌حمه‌ت له‌و وڵاته‌ كۆیان كردبووه‌وه‌ و دڵیان پێی خۆش بوو به‌ جێیان هێشت و ره‌وانه‌ی ئێران كران. به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئێرانیش تووشی ئازاری زۆر بوونه‌وه‌و نه‌یانتوانی خێرێك له‌ شیعه‌ بوونه‌كه‌یان كه‌ به‌شێك له‌ هۆكاری ده‌ربه‌ده‌ربوون و ماڵوێرانیان بوو ببینن. چون زۆربه‌یان جیا له‌ شیعه‌ بوون خاوه‌نی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردایه‌تی بوون و بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندی ئێران كورد بوون ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوردی شیعه‌ ببایه‌یت جۆرێك مه‌ترسی بوو.

 

سه‌رچاوه‌: تاریخ سیاسی اجنماعی كردهای فیلی در عصر والیان پشتكوه‌(ایلام) – مراد مرادی مقدم- انتشارات پرسیمان- 1385