خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن یەکەم

ئەمجەد شاکەلی

ئەمجەد شاکەلی

هێندەی لە کوردستان، لە میدیا و لەنێو خەڵکی سەرجادە و هەموو کون و قوژبنێکدا، باس لە دیموکراتی دەکرێ، ڕەنگە لە هیچ وڵاتێکی دەوروبەری کوردستان و تەنانەت ئەوروپاش، نیوهێندە باسی لێوە نەکرێت. دیموکراتی، بە واتا گشتییەکەی، هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، جڤاکی و تەواوی وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤ، چ وەک کۆمەڵ و چ وەک تاک، دەگرێتەوە، لێ لە کوردستان، کە باس لە دیموکراتی دەکرێ، تاکە یەک دیوی دەبینرێ، تەنێ ئەو دیموکراتییەی گرێدراوی سیاسەتە و مەبەست لێی سیستمی پەرلەمانتاریزمە، لەبەرچاو دەگیرێت، واتە: هەڵبژاردنی خەڵکانێک لە حیزب و گرۆ و دەستە و ڕێکخراو و نەتەوە و ئایین و تەنانەت تاکیش، کە بەرنامە و نەخشەڕێگەیەکیان هەبێت، وەک نوێنەری خەڵک، بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان و دواتریش بۆوەی ئەوانە ببنە پارێزەری سیستمە سیاسییەکە و داڕێژەری قانوون لە وڵاتدا و بەڕێوەبردنی وڵات و کارگێڕی و دەسەڵات. لە سیستمی دیموکراتی پەرلەمانتارییدا، زۆرینە و کەمینە، بنەمای سەرەکی دەسەڵات و هەموو بڕیارێکە. لە کوردستان، دیموکراتی تەنێ لەو هەڵبژاردن و پەنجەمۆرکردنەدا دەبینرێ، کە ڕۆژی هەڵبژاردن و لەسەر سندووقەکان، پێشاندەدرێن. ئیدی لەوە بەولاوە، دیموکراتی لە هیج شتێکی دیکەدا نییە و دیموکراتی ڕۆنەچووەتە خوارێ بەنێو کۆمەڵ و هەموو دەمار و جمگەکانی ژیاندا، بەنێو خێزان و بیرکردنەوە و ئاوەزی تاکدا، بەنێو ئابووری، جڤاک، فەرهەنگ، دادوەری، پەروردە و بارهێنان و خوێندن، تەندروستی و لەشساغی، گواستنەوە، کشتوکاڵ، میدیا و...تەواوی بنەما و ڕایەڵەکانی دیکەی ژیاندا و وەدی ناکرێ.

لە هەڵبژاردنی مانگی سێپتەمبەری 2018ەدا، لەنێو حیزب و هێزەسیاسییەکانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین دەنگ و زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری هێنا و لەگەڵ دووەم حیزبدا، کە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستانە جیاوازییان 24 پەرلەمانتارە واتە:(پارتی 45 - یەکیەتی 21). بە دوای ئەوانیشدا حیزبەکانی دیکە دێن.

بە گوێرەی هەموو پێوەرێکی سیستمی پەرلەمانتاریزم، دەشێ پارتی، وەک بەرەندە و مافی بەرەندەیی، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ، حوکوومەت پێکبهێنێت. پارتی، دەتوانێت لەگەڵ یەک حیزبی دیکەدا، کە خاوەنی شەش نوێنەر بێت لە پەرلەماندا، یا لەگەڵ چەند وردیلەحیزبدا، کە بە هەموویانەوە شەش ئەندامی پەرلەمانیان هەبێت، حوکوومەت دامەزرێنێت، چون ئەودەمە ژمارەی پەرلەمانتارانیان(پارتی و ئەو حیزبە یا ئەو وردیلەحیزبانە) دەبنە 51، ئەوەش دەکاتە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان. ئەمەی دەیڵێم، وەک قانوون و ڕێسایەک، لە هەموو سیستمێکی دیموکراتی پەرلەمانتاریزمی جیهاندا، پێڕۆ دەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ، لێ لە کوردستان وەها باسێک، دەبێتە مایەی هەڕەشە و ماسولکە دەرپەڕاندن و خۆگیڤکردنەوە و هێزپێشاندان.                                                                                

ئەوەی مرۆڤ لە کوردستان دەیژنەفێ و خەڵک دەیڵێنەوە، ئەوەیە، کە دەبێ پارتی لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی حوکوومەت پێکبهێنێت و یەکیەتییش بەگەزی خۆی بیپێوێ، ئیدی فڵانە پۆستی گەرەکە و بە فڵانە پۆست ناڕازییە و دەبێ حوکوومەتەکە وا بێ و وا نەبێ و زۆری تریش. ئەوەی وا دەکات، هەم یەکیەتیی خۆی و هەم خەڵکیش بەو جۆرە بیربکەنەوە، تاکە یەک شتە، کە وەها بۆچوونێک دێنێتە گۆڕێ، ئەوەش بوونی هێزی چەکدارە. هەردوو حیزبی پارتی و یەکیەتیی خاوەنی هێزێ چەکدارن و هیچ یەکێک لەوان ئەگەر بەرەندەش بێ و ڕێژەی پەرلەمانتارانی بگاتە 70%یش، بەگوێرەی ئەو پێوەرە نادروستە باوەی کوردستانێ، هەر ناتوانێت بە تەنێ خۆی حوکوومەت پێکبهێنێت، چون لەوی دی دەترسێ، لەوەی یاخیبوونێک، کوودێتایەکی سەربازی، چەکداری، سیاسی بەسەردا بکات یا جاڕی جیابوونەوەی دەڤەری کەسک و زەرد لەیەکدی بدات. تەواوی بەڵا و نەهامەتی و نەگبەتی و سیابەختیی پرۆسێسی سیاسی لە کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە چەکدارە حیزبییانە.

70 و 80، ناوی دوو هێزی چەکداری یەکیەتیی و پارتیین و ئەو هەموو"حەفت و هەشتە"یشی دەیکەن، هەر بەهۆی ئەو دوو هێزەوەیە. بێجگە لەو دوو هێزە چەکدارە حیزبییە، هێزی دژەتێرۆر و ئاساییش و پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاساییش هەن، کە هەر هەموویان حیزبین. هێزی چەکدار، لە وڵاتێکی فرەحیزبیدا، هەرگیز نابێ سەر بە حیزب بێت. لە سۆڤیێتی جاران، چین یا کووبا، کە تاکە حیزبێک فەرمانڕەوا بوو، لەشکر و هێزی چەکدار، بە دەست ئەو تاکە حیزبەوە بوو و ئیدی چ مەترسییەک چاوەڕوان نەدەکرا، چون ئەو حیزبە هەموو تاکێکی ئەو وڵاتەی خۆی، بە هزر و ئایدیۆلۆگیی تایبەتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارە باردەهێنا و پەروەردە دەکرد. لە کوردستان، تا سەردەمی سەرۆک مستەفا بارزانی، وەها هێزێکی چەکدار هەبوو، چون یەک ڕێبەر، یەک حیزب، یەک هێزی پێشمەرگە هەبوون. ئێستاش لە هەموو جیهاندا، هەموو دەوڵەتێک، یەک هێزی چەکداری تێدایە، کە لەشکری وڵاتە و بۆ داکۆکی لە وڵات و پاراستنی خەڵک و وڵات، دامەزراوە و یەک فەرماندار و ڕێبەری هەیە. ئەو ڕێسایە نە تەنێ وەڵاتێن پێشکەوتووی وەک ئەوروپا، ئەمەریکا، چین، ژاپۆن و...ناگرنەوە، بەڵکە تەنانەت وەڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، سووریا، سعوودییە، پاکستان، تەنانەت عیراقی سەردەمی سەددام حوسەین و ئەم عیراقە فشۆڵ و بێسەروبەرەی ئەمڕۆش، دەگرێتەوە.

دەسەڵاتی پاش 1991ی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژەوە، کە هەموو ئەو حیزبانەی چیا، گەڕانەوە و هەریەکە کۆمەڵێک چەکداری خۆی هێنایە شارەوە، ئیدی هەر یەکە کەوتە هەڵپەی بەهێزکردنی هێزەکەی خۆی، بۆ پاراستنی حیزبەکەی خۆی، نەک بۆ پاراستنی کوردستان. لەبری دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، لەشکرێکی ناحیزبی، هێزێکی سەربازیی چەکداری وەک هەموو ئەو هێزانەی جیهانێ، کە وەلاء تێیدا تەنیا بۆ خاک و وڵات و نیشتمان، واتە: کوردستان، بێت، نەک بۆ حیزب. ئەوە نەکرا. ئەوان، هەر حیزبە و چەکداری خۆی وەک دابەستە بەخێو کرد، هەرچی چەکداری خۆی هەبوو، هەموو بەناوی پێشمەرگەی دێرین و سەرکردە و بنکردە و شەهیدی سەنگەر و...دەیان ناوی دیکەوە، خانەنشینییان بۆ بڕایەوە. کۆنە شوان، کۆنە گاوان، کۆنە سەربازێکی ئاسایی هەڵاتووی لەشکری عیراق، کۆنە دێوەرە، کۆنە کۆترباز، کۆنە چەقۆکێش، کۆنە خوێندکارێکی تەنبەڵ، کە شەشەمی سەرەتایی تەواو نەکردووە، کۆنە 16، 17 ساڵانێک، کە لەگەڵ باوکیدا تێکچووە و هەڵاتووە، کۆنە گەنجێک، کە حەزی لە کچێک کردووە و بۆی نەبووە و بە گەیشتنتی شاد نەبووە، کۆنە کوڕی گەڕەکێک، کە لە کوڕانی گەڕەکەکەی ئەولایانەوە هەڕەشەی لێکراوە، کەسانێک تەنێ وەک میوان و بۆ ماوەیەکی کەم لە چیا، وەک وێستگەیەک بۆ پەڕینەوە بەرەو هەندەران ماونەوە و زۆر جۆری دیکەی مرۆڤ، لەتەک ڕێزمدا بۆ هەموو ئەو جۆرە مرۆڤانە و هەر پیشە و پاشخانێکیان بووبێت، هەموو ئەمانە، بە گوێلێک تاج و ئەستێرە و شمشێر و داڵ و پلەی خەیاڵیی عەقید و جەنراڵ و فەریق و ڕائید و دەیان ناوی قەبەی دیکە، کە من نایانزانم، خانەنشین کران و مووچەی خەیاڵییان بۆ تەرخان کران. هەموو یەکێک لە ئێمە دەیان لەو ئەفسەرە قوللابی و ساختانە دەناسین، کە تەنێ بەهۆی حیزبیبوونیانەوە بوون بە ئەفسەر یا وەک ئەفسەر خانەنشین کراون، کە زۆرینەیان تاکە ڕۆژێکیش نە ئەفسەر بوون و نە شتێک لە ئەفسەری و زانستی جەنگ دەزانن و تەنانەت سەربازییشیان نەکردووە و ڕەنگە فیشەکێکیشیان لە ژیانیاندا نەتەقاندبێ، ئەوانە و چەندین جۆری دیکە هەن، تەواوی ئەوانە، تەنیا دەمچەورکردن و کڕینی ئەو مرۆڤانە بوون و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبەکان وەها کردەیەک جێبەجێ کراوە.

لە کوردستان، لە 1991ەوە، کە ئیدی دەسەڵاتێکی کوردیی نیمچەسەربەخۆ، جێی عیراقی گرتەوە، تا هەنووکە نەتوانراوە هیزی چەکداری پێشمەرگەی سەر بە حیزب و هێزی ئاساییش و هێزی دژەتێرۆر و هێزی پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی ئاسایی، بکرێن بە یەک لەشکری ناحیزبی. یەک ئاساییش، یەک دژەتێرۆر، یەک پۆلیس. تا ڕەوشەکە بەو جۆرە بێت، وەک هەیە، تا ئەو هەموو ئەفسەرە پلەدارە، پلەباڵا خانەنشینکراوە ساختانە هەبن، تا هەر حیزبەو هێزی چەکداری خۆی هەبێت، تا ئەو هەموو پارەوپووڵە بەو چەکدارە حیزبییانە بدرێن و ئامادەبکرێن بۆ جەنگی حیزبەکە یا حیزبەکانی ڕکابەریان، هەرگیز شەوە  و تارمایی هەڕەشەی دابەشکردنی دەڤەرەکان، بەگوێرەی ڕەنگ، ناڕەوەێتەوە و هەرگیز ئارامی و ئاسوودەیی، جێگیر نابێت و هەرگیز چەمکی زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانتاریزم پێڕۆ ناکرێت و پرۆسێسی سیاسییش هەر لە خانەی یەکەمدا، بۆ هەمیشە لە سمکۆڵان لەجێی خۆیدا، ناکەوێ. ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو ڕەوشە هەبێت ئەوەیە: ئەو دەسەڵاتەی(سەرۆکایەتی حوکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان) کە لە کوردستان دێتە سەر کار، یەکەم کارێک، گەرەکە لە زووترین کاتدا بیکات، هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزێکی چەکداری حیزبییە لە کوردستان و دامەزراندنی یەک هێزی چەکدار، یەک لەشکری نیشتمانیی کوردستانییە.