عیراق پێویستی به‌حكومه‌ت نییه‌!

شفق نيوز

تێكشانی هه‌موو ئه‌و تیۆرو بیروبۆچوونانه‌ی كه‌ فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانی بواری تیۆری سیاسی له‌باره‌ی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێش ده‌یان هه‌زار ساڵ هه‌ر له‌كۆماری ئه‌فلاتونه‌وه‌ تا په‌یمانی كۆمه‌لایه‌تییه‌كه‌ی رۆسۆ دایانهێناوه‌، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كانی عیراق له‌ئێستادا ده‌یكه‌ن سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ داهێنانی بیرۆكه‌یه‌كی تازه‌ له‌باره‌ی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه‌و ره‌نگه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگیش بێت تا بزانن كه‌ئایا ده‌وڵه‌ت به‌بێ حكومه‌ت ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌، رۆسۆو هۆبزو لۆك له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا په‌یمانی كۆمه‌لایه‌تی ده‌نووسن و ته‌نازول له‌مافی تاكه‌كان ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئیداره‌دانی گشتی كۆمه‌ڵگه‌و له‌دایكبوونی حكومه‌ت. تاكو كۆمه‌ڵگه‌ له‌قۆناغی فه‌وزاوه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی ئارامتر له‌و دۆخه‌.

سه‌یر نییه‌ له‌و كاته‌دا فه‌یله‌سوفانی سیاسی ده‌یانزانی گرنگی حكومه‌ت و ده‌سه‌لاتی سیاسی له‌پێناو ئیداره‌دانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ چییه‌و ره‌نگه‌ رووداو و بارۆدخه‌كان له‌و كاته‌دا هانده‌ری سه‌ره‌كی پشت تیۆره‌كانه‌وه‌ بووبێت، به‌لام نوخبه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆی عیراق، به‌هه‌موو ئه‌و ورده‌كارییانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئیبداع بكه‌ن.

پێنج مانگه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌و ناشزانرێت تاكه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت هێشتا سه‌ره‌داوی هیچ ورده‌كارییه‌ك به‌دیار نه‌كه‌وتووه‌ كه‌پێناسی حكومه‌تی داهاتوومان بداتێ.

ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كه‌دا بوارێك بۆ شرۆڤه‌كان هه‌بوو جارجار بتوانن لێكدانه‌وه‌ بۆ هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی حكومه‌ت بكه‌ن، ده‌یانتوانی جارێك ئۆباڵه‌كه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ده‌ستوورو جارێكی دیكه‌ بۆ ئاسته‌نگه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و جارێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و جارێكی دیكه‌ بۆ عه‌للاوی و مالكی و چه‌ندان هۆكاری دیكه‌، به‌لام مانه‌وه‌و درێژه‌ كێشانی ئه‌و بارودۆخه‌ به‌بێ گه‌یشتن به‌خاڵی چاره‌سه‌ر یان هه‌ر هیچ نه‌بێت لێك نزیكبووه‌یه‌ك، سنووری لێكدانه‌وه‌كانی تێپه‌ڕاندو وای له‌شرۆڤه‌كاران كردووه‌، له‌نێوان سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌موو لێكدانه‌وانه‌ ئاڵۆزانه‌دا، جگه‌ له‌یه‌ك تێڕوانینی ساده‌و ساكار سه‌رقاڵی هیچ هۆكارێكی دیكه‌ نه‌بن، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی نوخبه‌یه‌كی سیاسییه‌ كه‌مه‌به‌سیان له‌به‌ده‌ستهێنان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی حكومه‌ت، ته‌نها سه‌روه‌ت و سامان و پاره‌وپوله‌.

گه‌لی عیراق له‌ڕابردووداو له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه‌كانی پێشوو شتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی زۆریان بینی، یه‌كه‌م حكومه‌ت له‌جیهاندا كه‌ به‌عسییه‌كان بوون چه‌كی كیمیایی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تییان له‌دژی گه‌له‌كه‌ی خۆیان به‌كارهێنا، له‌دوای ده‌سه‌لاتی مه‌له‌كی قاسمی یه‌كه‌م سه‌رۆك له‌سه‌رده‌ستی هاوڕێكانی خۆی له‌سێداره‌ ده‌درێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌كاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، له‌ده‌ره‌وه‌ كه‌سێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ولاته‌ ده‌هێنن.

له‌عیراقدا شته‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كان هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ئه‌وه‌تا ئه‌مجاره‌یان نه‌وه‌ی نوێی سیاسیی عیراق ده‌یانه‌وێت، ئه‌و هه‌موو بیردۆزو تیۆره‌ سیاسییانه‌ تێبشكێنن كه‌بیرمه‌ندان و زانایانی ئه‌م بواره‌ پێش سه‌دان ساڵ له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌وه‌ نووسیویانه‌و به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یمان به‌گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بده‌ن كه‌عیراق له‌سه‌ر ئیبداع و شته‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی به‌رده‌وامه‌، ئه‌مجاره‌یان ده‌یانه‌وێت چه‌مكی حكومه‌ت كۆتایی پێ بهێنن و ده‌وڵه‌ت به‌بێ حكومه‌ت تاقی بكنه‌وه‌!