له‌باره‌ی هه‌مواكردنی ده‌ستووری توركیاوه‌

شفق نيوز

تێپه‌ڕبوونی 30 ساڵ هه‌ر خودی توركه‌كان هه‌مان ئه‌و مانگه‌ ده‌گۆڕن بۆ ره‌مزێك له‌پێناو به‌هێزكردنی دیموكراسی و سه‌پاندنی یاسا، هه‌روه‌ك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌كاتی ده‌نگدانی بۆ راپرسی هه‌مواكردنی ده‌ستووری ولاته‌كه‌ی وتی: هیچ كه‌سێك نابێت له‌سه‌رو یاساوه‌ بێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌شی به‌دۆڕانی سه‌ره‌كی ئه‌و كه‌سانه‌ دانا كه‌نه‌خشه‌ی كوده‌تاكه‌ی 12ی سێپته‌مبه‌ری 1980 یان داڕشبوو.

هه‌مواركردنی ده‌ستووری توركیا له‌به‌رژه‌وه‌ندیی حوكمی مه‌ده‌نی و به‌هێزكردنی پێگه‌كانی دادگاو كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی سوپا له‌كایه‌ مه‌ده‌نی و حكومییه‌كاندا له‌هه‌نگاوه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌لاتدارو خودی ئه‌و راپرسییه‌ بوو كه‌زیاتر له‌55%ی هاوولاتیانی توركیا به‌ به‌ڵی ده‌نگیان بۆ دا، به‌م هه‌نگاوه‌ش چ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان و چ ئه‌و حكومه‌تانه‌ی له‌دوای ئه‌م پارته‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر شانۆی سیاسی له‌توركیا، خۆیان له‌گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست قوتار كرد كه‌ له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی توكیای نوێ دامه‌زراوه‌ هه‌میشه‌ سوپا بڕیارده‌ری چاره‌نووسیان بووه‌.

هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌شه‌ گه‌ر ئێمه‌ی كورد پێمانوابێت هه‌مواركردنی ده‌ستووری توركیا به‌ته‌نها له‌قازانجی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان بووه‌و هه‌وڵێك بووه‌ بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی و لێدانی عه‌لمانیه‌تی توركیا، چونكه‌ هه‌مواركردنی ده‌ستووری توركیا به‌رله‌وه‌ی هه‌ر هۆكارو هانده‌رێكی له‌پشته‌وه‌ بووبێت، هه‌وڵێكی جددییه‌ بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌كانی دیموكراسی و حكومی مه‌ده‌نی و سه‌روه‌ریی یاساو به‌ته‌نها خواستی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان نه‌بووه‌، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی خواستێكی جه‌ماوه‌ری به‌هێزیشی له‌پشته‌وه‌ بوو، چونكه‌ ده‌مێكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی توركی به‌ده‌ست نه‌هج و ده‌سه‌لاتی سه‌ربازه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و باجی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌ده‌ن.

كوردی توركیاش وه‌ك به‌شێك له‌گۆڕان و هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان له‌توركیاداو وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی زیندووی ئه‌و ولاته‌، گرنگه‌ به‌تێڕوانینێكی جیاوازو دوور له‌بیركردنه‌وه‌ی ته‌سك بۆ ده‌رهاویشته‌و ئاكامه‌كانی ئه‌و راپرسییه‌ بڕوانن و وه‌ك به‌شێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ سه‌یری بكه‌ن كه‌ له‌ساڵی 2002ه‌وه‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌چوارچێوه‌ی پرسی كرانه‌وه‌ی دیموكراسی و هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد له‌و ولاته‌دا ده‌ستیانپێكردووه‌.

له‌زانستی سیاسیداو له‌هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا، گه‌وره‌ترین زیان به‌ر ئه‌و هێزانه‌ كه‌وتووه‌ كه‌بایكۆتی پرۆسه‌كه‌یان كردووه‌، بایكۆتكردن كاتێك گونجاوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ی له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌ به‌پرسه‌ سیاسی و دیموكراسییه‌كانه‌وه‌ ده‌كات، هێزی ساخته‌ بێت و له‌پشت هه‌وڵه‌كانییه‌وه‌ مه‌به‌ست و ئامانجی نه‌خوازراوی هه‌بێت.

توركیای ئێستا به‌قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیار تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ستیاریی قۆناغه‌كه‌شی له‌وه‌دایه‌ ده‌یه‌وێت له‌كه‌مترین ماوه‌دا خۆی بگه‌یه‌نێته‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپاو له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌ی گه‌شه‌پێدانه‌ی به‌رده‌وام بێت كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌لاتی پارتی دادو گه‌شه‌پێداندا به‌خێراییه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ له‌گه‌شه‌كردندایه‌، بۆیه‌ له‌هه‌موو كات زیاتر گرنگتره‌ كورده‌كان له‌سه‌رجه‌م هاوكێشه‌ سیاسی و دیموكراسییه‌كانی توركیادا ئاماده‌گیریان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستا له‌جیهانی دیموكراسیدا ته‌حه‌كوم به‌هاوكێشه‌كانه‌وه‌ ده‌كات مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردن و خۆسه‌پاندنه‌ نه‌ك دووره‌په‌رێزی و خۆ دوورخستنه‌وه‌ له‌گۆڕانكارییه‌كان.