سه‌رژمێر ‌و ته‌عریب

شفق نيوز

به‌ئاسانی‌ ده‌توانێ بڕوات له‌ په‌روه‌رده‌كانی‌ چه‌مچه‌ماڵ ‌و كه‌لار ‌و سلێمانی‌ ‌و هه‌ولێر ‌و شوێنه‌كانی‌ تر پرسیاری‌ ڕاستی‌ ‌و ناڕاستی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی‌ ئێمه‌ بكات، به‌دۆزه‌خبوونی‌ ئه‌و شوێنانه‌ ‌و نیشاندانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌هه‌شت هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كانی‌ ئه‌م ڕاگواستنه‌ خۆماڵیه‌یه‌، دیاره‌ هۆگه‌لی‌ دیكه‌ش زۆرن له‌سه‌رووی‌ هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ خۆیان ماڵه‌كانیان له‌و شوێنانه‌ نییه‌، ئێ‌ خه‌ڵكیش كه‌ ده‌بینێ‌، به‌رپرس ‌و پله‌ به‌رز ‌و خوا پێداوه‌كان نه‌خۆیان ‌و نه‌منداڵیان له‌وێنده‌ر ناژین ئه‌وانیش هه‌رئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ده‌یكه‌ن، ڕاستییه‌كه‌ی‌ چه‌ند ماڵ ‌و خێزانی‌ كوردی ئه‌و شار و شاروچكانه‌ جێده‌هێڵن، له‌به‌رامبه‌ردا له‌وه‌ زیاتر خێزانی‌ عه‌ره‌ب دێنه‌ شوێنه‌كانیان، ئێستا له‌وڕووه‌وه‌ زۆرێكمان به‌ نووسین، مه‌ترسییه‌كانی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌مان نیشانداوه‌، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ڕابووه‌ستێت، ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی‌ ‌و میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌كانیش به‌ئاشكرا وه‌كو پێویست له‌وڕووه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی‌ به‌رچاویان نه‌بووه‌، ئه‌و شار ‌و شاروچكانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ستووری‌ عیراقدا به‌ ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ناسراون، ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌دان، كێشه‌ی‌ ڕه‌وی‌ كوردان له‌لایه‌ك ‌و هاتنی‌ عه‌رب له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ سته‌می‌ لێكرابێت نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی‌، هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورده‌كه‌ كه‌ شوێن ‌و ڕێی‌ خۆی‌ به‌جێ‌ ده‌هێڵێت له‌م واتایه‌ زیاتر ناگه‌یه‌نێ‌ ئێستا ئێمه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م سه‌رژمێرییه‌كی‌ چاوه‌ڕوانكراوداین ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌سه‌ر كاته‌كانیدا نه‌یه‌ت، بڕواموایه‌ پێویسته‌ به‌رپرسان ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ كورده‌كه‌ له‌ئێستاوه‌ بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ چی‌ بكرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ته‌نانه‌ت ئه‌و فۆڕمه‌ی‌ بۆ سه‌رژمێری‌ دانراوه‌ سته‌مێكی‌ گه‌وره‌ له‌ كورد ده‌كات ئه‌گه‌ر وا تێپه‌ڕبێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ خزمه‌تی‌  ته‌عریبدایه‌، ئاخر له‌و فۆڕمه‌دا كه‌ نازانم ئاخۆ هیچ نوێنه‌ری‌ كورد هه‌بووه‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا كه‌ كاتی‌ خۆی‌ دورستیانكردووه‌، به‌شێك له‌ كورده‌كه‌ به‌ بیانوی‌ جیاجیا له‌ كورد داده‌بڕن، بۆ نموونه‌ به‌پێی‌ فۆڕمه‌كه‌ یه‌زیدی‌ ‌و شه‌به‌ك ‌و فه‌یلی‌ ناویان هاتووه‌ ‌و به‌جیا له‌ كورد ده‌نووسرێن، ده‌شێ‌ بڵێین ڕه‌نگه‌ له‌ نێو فه‌یلی‌ ‌و یه‌زیدی‌ ‌و شه‌به‌ك هه‌بن خۆیان به‌ كورد بنووسن، به‌ڵام هه‌ر بوونی‌ ناوه‌كانیان نیشانه‌ی‌ پارچه‌ پارچه‌كردنی‌ كورده‌!! بڕواناكه‌م سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌و فۆڕمه‌ ڕازی‌ بن، به‌ڵام وه‌كو ڕاگه‌یاندنی‌ فه‌رمی‌ تائێستا دیار نییه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌ر ناوچه‌ داگیركراوه‌كان كه‌ به‌ناوچه‌ی‌ كێشه‌ له‌سه‌ر ناسراون ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ زیادبووندایه‌ ‌و نه‌یارانی‌ پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌ش ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر پیلانه‌كانیان سه‌رده‌گرن.