پاندۆراكه‌ی عیراق له‌وه‌ی ئاڤاتار ناچێت

شفق نيوز

ئه‌مریكا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ماده‌ی گرانبه‌ها، له‌ راستیدا به‌شیَك له‌ ره‌خنه‌گرانی سینه‌ماو ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانیش پیَیانوابوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پشت ئه‌م فیلمه‌ی جه‌یمس كامیرۆنی ده‌رهیَنه‌ر شه‌رِی عیراق و هاتنی سه‌ربازانی ئه‌مریكایه‌ بۆ پاندۆرای عیراق.

نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو هه‌ندیَكی دیكه‌ پیَیانوایه‌ شه‌رِی عیراق و شه‌رِی ئافاتار له‌ پاندۆرا ئه‌وه‌نده‌ نزیكه‌ كه‌ ئه‌و تیمه‌ی سه‌رپه‌رشتی یان نه‌خشه‌ی داگیركردنی پاندۆرایان داناوه‌ چواندووه‌ به‌ تیمی نیۆ -كۆنزیَرڤه‌تیڤه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ تا ئیَستاش برِوادارانی سه‌ر به‌ تیۆری پیلانگیَرِی ئه‌مان به‌ نه‌خشه‌دارِیَژه‌ری شه‌رِی عیراق ده‌زانن.

له‌م سه‌روبه‌نده‌شدا كه‌ به‌شیَكی هیَزه‌كانی ئه‌مریكا عیراقیان جیَهیَشت  جاریَكی دیكه‌ پاندۆرای عیراق كه‌وته‌وه‌ به‌ر باس و لیَكدانه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌ڵام له‌ چه‌ند روانگه‌یه‌كی جیاوازه‌وه‌.

هه‌رچی هیَزه‌ ناوخۆییه‌كانی عیراقه‌ ته‌فسیری جۆراوجۆر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌م كشانه‌وه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نیشتمانپه‌روه‌ری عه‌یاره‌ بیست و چوار ده‌زانن به‌سه‌ركه‌وتن و سه‌ره‌تای كۆتایی نه‌گبه‌تییه‌كانی عیراقی داده‌نیَن وه‌لیَ ته‌فسیره‌كه‌یان نه‌ك هه‌ڵه‌ به‌ڵكو زۆر ناواقیعییه‌، له‌ته‌ك ئه‌ماندا هیَزگه‌لیَكی دیكه‌ هه‌ن برِیَك واقیعیانه‌تر بیرده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌ كه‌ به‌بیَ ئاماده‌گی ئه‌مریكا سه‌خته‌ كیَشه‌كانی ئه‌م پاندۆرا ئاڵۆزو پرِ له‌ كیَشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكریَن.

هه‌رچی چه‌ند وڵاتیَكی ده‌وروپشته‌ خۆشحاڵن به‌ كشانه‌وه‌ی ئاڤاتاره‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌وان له‌لایه‌ك به‌مه‌ زیاتر دڵنیا ده‌بن كه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا واته‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی گۆرِانی سیستمه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، له‌لایه‌كیش ده‌توانن زیاتر ده‌ره‌نجامی ژینگه‌ی سیاسیی عیراق به‌و لایه‌دا به‌رن كه‌ خۆیان گه‌ره‌كیانه‌.

ئه‌م لیَكدانه‌وه‌و گریمانانه‌ هه‌رچۆنیَك بن بۆ عیراقییه‌كان ئه‌سته‌مه‌ بتوانن به‌رۆكی خۆیان له‌ كیَشمه‌كیَش و چاره‌سه‌ریَكی حه‌تمی بارودۆخی نه‌خواستراو به‌ دوور بگرن، بوونی ئینتیمای حزبیانه‌و تائیفیانه‌و بروا نه‌بوون به‌ دۆرِان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوون له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات له‌ ئاماده‌گی ئه‌مریكییه‌كاندا به‌ ئاشكرا هه‌ستی پیَده‌كرا داخۆ له‌ غیابی ئه‌مریكییه‌كاندا چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌ به‌ كویَ ده‌گات؟

له‌ عیراقدا هه‌روه‌ك چۆن له‌ مه‌مله‌كه‌تی پاندۆراكه‌ی جه‌یمس كامیرۆندا ئاڤاتاریَك هاوكاریی سه‌ربازیَكی گۆرِدراو بۆ ئاڤاتاری كرد، ئاوهاش هیَزگه‌لیَك هه‌ن یارمه‌تی ئه‌مریكایان داوه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنی له‌ 2003وه‌ تا ئیَستا، بۆیه‌ هه‌قوایه‌ وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی سیناریۆی ئاڤاتاری داناوه‌، ئه‌و كه‌سه‌شی سیناریۆی شانۆی رووداوه‌كانی عیراقی داناوه‌ له‌ رابردووداو ئه‌وه‌شی دایده‌نیَت له‌ داهاتوودا ئه‌و راستییه‌ بزانیَت كه‌ له‌ پاندۆراكه‌ی عیراقدا خه‌ڵكانیَك هه‌بوون هاوكاری و یارمه‌تی ئه‌وانیداوه‌، بۆیه‌ جیَی خۆیه‌تی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ حساباتی سیاسی ئه‌مریكادا شویَنگه‌لیَكیان هه‌بیَت و هاوكارییه‌كه‌یان له‌به‌رچاو بگیریَت.