ئایا به‌غدا، عیراق یه‌كلاده‌كاته‌وه‌؟

شفق نيوز

عیراق بۆ هه‌موولایه‌كی سه‌لماند نایه‌وێت به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری كورسی سه‌رۆك وه‌زیران بێت. مالكی به‌م هه‌وڵه‌ی ده‌یه‌وێت كارتی لیستی براوه‌ی یه‌كه‌م له‌ده‌ستی لیستی ئه‌لعیراقییه‌ ده‌ربهێنێت و به‌مجۆره‌ به‌به‌ردێك دوو نیشانه‌ بپێكێت، له‌لایه‌ك بیانووی لیستی ئه‌لعیراقییه‌ ببڕێت به‌وه‌ی بۆیان بسه‌لمێنێت چیدی لیستی یه‌كه‌م نین و ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌و گوتاره‌ببن كه‌به‌رده‌وام دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن به‌وپێیه‌ی لیستی یه‌كه‌مین ده‌بێت حكومه‌ت پێكبهێنیین. له‌لایه‌كیتره‌وه‌ پێكهاته‌كانی ناو  لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی ناچاربكات وه‌ك كاندیدی نوێی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاریبكه‌نه‌وه‌.لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆئه‌وه‌ی گۆڕانێك له‌ژماره‌كاندا بكات، داوای دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ناو هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا زیاترو به‌تایبه‌ت زوومی له‌سه‌ر به‌غدا بوو. بێگومان ئه‌مه‌ش هۆكاری تایبه‌تی خۆی هه‌بوو. به‌غدا له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین شاری عیراقه‌، زۆرترین ژماره‌ی كورسی بۆ دابینكراوه‌ كه‌ 68 كورسییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌راورد بكه‌ین له‌گه‌ڵ ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارێزگاكانیتردا ده‌بینین ده‌كاته‌ نزیكه‌ی ژماره‌ی ئه‌و كورسیانه‌ی كه‌بۆ پارێزگاكانی (سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك،كه‌ركوك، دیاله‌) دیاریكراون. هه‌روه‌ها له‌ناو به‌غدادا هه‌ر سێ لیسته‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن ململانێیه‌كی سه‌ختیان به‌ڕێكرد، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو لیستی ده‌وڵه‌تی یاساو ئه‌لعیراقییه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ریه‌ك له‌نوری مالكی و ئه‌یاد عه‌للاوی كاندیدی پارێزگای به‌غدا بوون.

مالكی ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای به‌غداوه‌ ژماره‌كان به‌قازانجی خۆی بگۆڕێت و چیدی له‌مپه‌رێك له‌به‌رده‌م دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌سه‌رۆك وه‌زیران نه‌هێڵێت. هه‌ڵبژاردنی به‌غدا بۆ دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌لایه‌ن مالكییه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌به‌غدا دۆڕاندویه‌تی، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مالكی له‌به‌غدا براوه‌یه‌. زوومكردنه‌كه‌ی مالكی له‌سه‌ر به‌غدا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا هێناویه‌تی ئه‌و رێژه‌یه‌ نییه‌ كه‌مالكی چاوه‌ڕێی ده‌كرد، لیسته‌كه‌ی مالكی له‌به‌غدا پله‌ی یه‌كه‌می هێناوه‌و توانیویه‌تی (903360) ده‌نگ به‌ده‌ستبێنێت و له‌كۆی 68 كورسی 27 كورسی بباته‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ردا لیستی ئه‌لعیراقییه‌ (841755) ده‌نگ و 24كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌و له‌پاش لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا دێت.     بۆ گه‌یشتن به‌یه‌ك ئامانج، نوری مالكی له‌یه‌ككاتدا له‌دووبه‌ره‌دا سیاسه‌ت ده‌كات. له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ لیستی ئیئتیلافی نیشتمانی عیراقدا كه‌ده‌كاته‌ لیستی دووه‌می شیعه‌كان و لیستی دایكی لیسته‌كه‌ی مالكیشه‌ (ده‌وڵه‌تی یاسا)، رێكده‌كه‌وێت بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ ببنه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌دوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێت ژماره‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت و به‌جیاوازی ته‌نیا دووكورسی ببێته‌ لیستی یه‌كه‌م. به‌مجۆره‌ سیاسه‌تكردنه‌ی مالكی، پرۆسه‌ی سیاسی عیراقی به‌ستۆته‌وه‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌خۆی ئاراسته‌یان ده‌كات، زیاتر له‌دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی 7/3دا تێپه‌ڕیوه‌و هێشتا نه‌ك ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند نه‌كراون، به‌ڵكو تازه‌ له‌به‌غدا دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌م سڕبوونه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسیداو ئه‌م ته‌نگژه‌ سیاسییه‌ی هاتۆته‌پێش، یه‌كێك له‌فاكته‌ره‌ دیاره‌كانی ئه‌و شێوازی سیاسه‌تكردنه‌یه‌ كه‌نوری مالكی پێڕه‌وی ده‌كات. مالكی له‌به‌ره‌ی ململانێكانیدا له‌گه‌ڵ لیستی ئه‌لعیراقیه‌دا، ئه‌و په‌یامه‌یان پێده‌دات كه‌ئه‌نجامه‌كان دوا ئه‌نجام نین، دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ڵگه‌ی ئه‌م راستییه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ڕێگای ماده‌ی 76ی ده‌ستووریشه‌وه‌، جارێكیتر ئه‌و په‌یامه‌ ده‌داته‌ ئه‌لعیراقییه‌  كه‌ئه‌گه‌ر وه‌ك لیستی یه‌كه‌میش بمێننه‌وه‌، ئه‌وا له‌رێگای پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیستی ئیئتیلافی نیشتمانیدا، مافی پێكهێنانی حكومه‌تی لێده‌سه‌نێته‌وه‌.ئه‌و ستراتیژه‌ی سیاسه‌تكردنی مالكی له‌پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات ته‌نیا بۆ یه‌ك ئامانج بووه‌، ئه‌ویش جێنه‌هێشتنی كورسی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌. مالكی زیره‌كانه‌ كارده‌كات و هه‌موو رێگا یاسایی و سیاسییه‌كان تاقیده‌كاته‌وه‌. ده‌یه‌وێت پێشئه‌وه‌ی ناجاربێت مه‌یدانه‌كه‌ چۆڵ بكات، هه‌موو رێگاكانی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌پۆسته‌كه‌ی تاقیبكاته‌وه‌. به‌لام ئه‌وه‌ی تائێستا روونبۆته‌وه‌و وه‌ك ئه‌نجامێك مالكی داویه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، مالكی ئه‌گه‌ر گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌هیچ رێگایه‌كی له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌و ناچاره‌ بكشێته‌وه‌، ئه‌وا مه‌یدانه‌كه‌ بۆ لیستی ئه‌لعیراقییه‌ چۆڵناكات. رێككه‌وتنی رۆژانی رابردووی نێوان ده‌وڵه‌تی یاساو ئیئتیلافی نیشتمانی، ئه‌و په‌یامه‌ی گه‌یانده‌ لیستی ئه‌لعیراقییه‌و هه‌موو لیسته‌كانیتر، كه‌ئه‌گه‌ر مالكی پاشه‌كشه‌ش بكات ده‌بێت به‌دیلی مالكی كه‌سایه‌تییه‌كی تری ناو یه‌كێك له‌دوو لیسته‌ شیعه‌كه‌ بێت. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ تائێستاش لیستی ئه‌لعیراقییه‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ده‌بێت پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ ئه‌وان بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی لیستی براوه‌ی یه‌كه‌من.