مه‌یلی‌ باوانی‌ ئه‌مریكا به‌لای‌ كۆمارییه‌كاندا

شفق نيوز

دیموكراته‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌، ئه‌ویش به‌هۆی‌ فاكته‌رگه‌لێك، له‌دیارترینیشیان قه‌یرانی‌ دارایی‌، پاشه‌كشێی بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ئۆباما، گۆڕانی‌ میزاجی‌ ده‌نگده‌ر به‌قازانجی‌ كۆمارییه‌كان، جگه‌له‌مانه‌ش فاكته‌رێكی‌ تر كه‌ ده‌كرێت بخرێته‌پاڵ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌، ئه‌ویش كه‌لێنی‌ نێوان نه‌وه‌كانه‌.به‌گوێره‌ی‌ ڕاپرسییه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو په‌نجا ساڵییه‌وه‌یه‌، زیاتر مه‌یلی‌ بلۆكی‌ كۆمارییه‌كان ده‌كه‌ن.به‌گوێره‌ی‌ ڕاپرسییه‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ بیۆ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، ده‌نگده‌رانی‌ به‌ساڵاچووی‌ ئه‌مریكا ئه‌وانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو په‌نجا ساڵییه‌وه‌یه‌ پشتیان كردووه‌ته‌ سیاسه‌تی‌ دیموكراته‌كان‌و به‌لای‌ كۆمارییه‌كاندا شكاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان سی بۆ چل ساڵیدایه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ یه‌كسان به‌سه‌ر هه‌ردوو پارته‌كه‌دا دابه‌شبوون، هه‌رچی‌ ده‌نگده‌ری‌ تازه‌ پێگه‌شتووی‌ خوار ته‌مه‌نی‌ سی ساڵه‌ن، زیاتر كاریگه‌ری‌ بلۆكی‌ دیموكراته‌كانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌م ڕاپرسییانه‌ دیموكراته‌كانی‌ تووشی‌ شۆك كردووه‌، به‌وپێیه‌ی‌ ده‌نگده‌ری‌ به‌ساڵاچووی‌ ئه‌مریكا توێژێكی‌ به‌رفراوانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ن‌و دیموكراته‌كانیش ناخوازن هه‌روا به‌ئاسان له‌ده‌ستیان بده‌ن، جگه‌له‌وه‌ش به‌ساڵاچووان به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بن‌و ده‌نگدان به‌ئه‌ركێكی‌ ئه‌خلاقی‌ سه‌رشانیان ده‌زانن، له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا به‌ساڵاچووان یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ ده‌نگده‌ری‌ ئه‌مریكا پێكده‌هێنن، ئه‌وه‌ی‌ دیموكراته‌كانی‌ سه‌رسامكردووه‌ مه‌یلی‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌یه‌ به‌لای‌ كۆمارییه‌كان، ڕاپرسییه‌كان ده‌ریانخستووه‌ تا ده‌نگده‌ری‌ ئه‌مریكا بچێته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ زیاتر مه‌یلی‌ كۆنه‌پارێزی‌‌و بلۆكی‌ كۆماری ده‌كات.له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ڕابردوودا دیموكراته‌كان به‌ڕوونی‌ هه‌ستیان به‌وه‌ده‌كرد، ده‌نگده‌رانی‌ سه‌روو (65) ساڵی پشتیوانی‌ پاڵێوراوی‌ كۆمارییه‌كان (جۆن مه‌ككه‌ین) ده‌كه‌ن، هه‌رچی‌ ته‌مه‌نی‌ نێوان (50 بۆ 65) ساڵبوو ڕێژه‌یه‌كی‌ زیاتریان پشتیوانی‌ ئۆبامابوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ئێستا تێبینی‌ ده‌كرێت ئه‌و چینه‌ش كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ كۆمارییه‌كانه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ (ئه‌ندرۆ كۆهۆت) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ بیۆ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ڵێت: نه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌ن مامناوه‌ند‌و نه‌وه‌ی‌ به‌ساڵاچوو خه‌ریكه‌ جیاده‌بنه‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی‌ یانزده‌ی‌ ئه‌مساڵیشدا به‌ئاشكراتر ده‌رده‌كه‌وێت.شاره‌زاو چاودێران دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دوو جۆره‌ ته‌مه‌نه‌ له‌بلۆكی‌ دیموكراته‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ترسی‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ به‌رزانه‌ له‌قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و كورتهێنانی‌ بودجه‌ی‌ فیدڕاڵی‌‌و ئه‌گه‌ری‌ زیادكردنی‌ بودجه‌‌و سه‌رانه‌، هۆكارێكی‌ تریش ڕه‌نگه‌ چاكسازی‌ سیستمی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ بێت كه‌ به‌مدواییه‌ هه‌مواركرا، به‌ساڵاچووان پێیانوایه‌ ئه‌م چاكسازیی‌‌و هه‌مواركردنه‌ی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ئاینده‌دا كارده‌كاته‌سه‌ر ئاستی‌ چاودێریكردنی‌ ته‌ندروستیان، له‌كاتی‌ هه‌مواركردنی‌ بیمه‌كه‌شدا ده‌ركه‌وت زۆرترین ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ له‌دژی‌ پرۆژه‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو (65) ساڵه‌وه‌بوو، دواتریش چینی‌ ته‌مه‌ن (50 بۆ 65) ساڵه‌ش چوونه‌پاڵ به‌ساڵاچووانه‌وه‌.(ده‌یڤد وینستۆنی‌) كۆماری‌ كه‌ یه‌كێ له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ ڕاپرسی‌ ده‌بات به‌ڕێوه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دایه‌ به‌ساڵاچووان نیگه‌رانی‌ ئه‌وه‌ن گۆڕانكارییه‌كان له‌سیستمی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستیدا له‌دواڕۆژ بێبه‌شیان ده‌كات له‌چاودێریی‌و خزمه‌تكردن، بێگومان كۆمارییه‌كانیش له‌ونێوه‌ندا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان به‌قازانجی‌ خۆیان قۆستووه‌ته‌وه‌و خۆیان به‌داكۆكیكاری‌ به‌ساڵاچووان داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م، به‌توندیش هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر پرۆژه‌و ستراتیژه‌ی‌ دیموكراته‌كان به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ (523) ملیۆن دۆلار له‌بودجه‌ی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌.له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، ئۆباما‌و دیموكراته‌كانیش هه‌روا ده‌سته‌وسان نه‌ماون، به‌ڵكو به‌نیازن له‌و هاوینه‌دا گه‌وره‌ترین كه‌مپین بۆ دڵنه‌وایی‌ به‌ساڵاچووان به‌ڕێوه‌به‌رن، له‌و پێناوه‌شدا سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ك‌و پیتاكن له‌خێرخوازن كه‌ له‌وانه‌یه‌ بڕه‌كه‌ی‌ بگاته‌ (125) ملیۆن دۆلار، وابڕیاریشه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ئیمه‌یڵه‌وه‌ وه‌ك قه‌ره‌بوو (250) دۆلار بۆهه‌ر به‌ساڵاچوویه‌ك بنێرن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا به‌نیازن هه‌ڵمه‌تێكی‌ دڵنه‌وایی‌ له‌باره‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و كورتهێنانی‌ بودجه‌ ببه‌ن به‌ڕێوه‌، ڕاپرسییه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ش ده‌ریانخستووه‌ یاسای‌ تازه‌ی‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ ڕه‌واجی‌ په‌یاكردووه‌‌و خه‌ڵكانێكی‌ زۆر به‌په‌سندی‌ ده‌زانن، (مارك میڵمه‌ن) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ یه‌كێك له‌سه‌نته‌ره‌كانی‌ ڕاپرسی‌ پێیوایه‌ به‌ساڵاچووان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی‌ ته‌مه‌نیاندا له‌بواری‌ سیاسی‌‌و ئابووریدا مه‌یلی‌ كۆنه‌پارێزی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ك كه‌سێكی‌ لیبڕاڵ ده‌مێننه‌وه‌.له‌كۆتاییدا ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان مه‌به‌ستیان سه‌ركه‌وتن بێت له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نیوه‌یی‌ كه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێویسته‌ سیاسه‌تی‌ دڵنه‌وایی‌ به‌ساڵاچووان پیاده‌بكه‌ن له‌بواری‌ بیمه‌ی‌ ته‌ندروستی‌‌و دارایی‌‌و باجدا، دواتریش بایه‌خدان به‌نه‌وه‌ی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو، له‌پاڵ گرنگیدان به‌په‌نابه‌رو كۆچبه‌رانی‌ نێو وڵات بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ باری‌ لاسه‌نگی‌ هێز به‌لای‌ خۆیاندا.

نووسینی‌: Doyle McManus

سه‌رچاوه‌: M.S.T.international