له‌ ده‌زگاى شه‌فه‌ق، ڕێز له‌ وه‌رزشوانانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم گیرا

شفق نيوز

نه‌نووسێته‌وه‌، و نه‌یخوێنێته‌وه‌ ناچار ده‌بێ كه‌ ئه‌و مێژووه‌ دوباره‌بكاته‌وه‌ و زیانه‌كه‌شى چه‌ندجار زیاتر ده‌بێته‌وه‌.

له‌ میانى ئاهه‌نگێكى ڕێزلێنان بۆ وه‌زرشوانه‌ پێشینه‌كانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و ڕاگه‌یاندنى كوردى فه‌یلى (شه‌فه‌ق) له‌ باره‌گاى ده‌زگاكه‌ به‌ ئاماده‌بوونى محه‌مه‌د ئه‌مین ده‌لۆ به‌رپرسى لقى پێنجى پارتى دیموكراتى كوردستان و یدالله شه‌فى وه‌زیرى هه‌رێمى پێشوو له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند كه‌سایه‌تى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى وژماره‌یه‌ك وه‌رزشوانى پێشوو و دۆست و هه‌وادارانیان به‌ڕێوه‌چوو، عه‌لى حوسێن فه‌یلى ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ كه‌ ڕێزلێنانى وه‌رزشوانانى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان لێدوانى زۆرى ناوێ، چونكه‌ باس له‌ ڕێزلێنانى ئێوه‌ى وه‌زرشوان ناكه‌ین، به‌ڵكوو ئێوه‌ ڕێزتان له‌ ئێمه‌ ناوه‌ و باس له‌ ڕابردووى گه‌شى خۆمان ناكه‌ین، به‌ڵكوو باس له‌ واقیعى تاڵى خۆمان ده‌كه‌ین و كاتێ له‌ مه‌ینه‌تیه‌كانى وه‌رزشوانان باس ده‌كه‌ین، ده‌ڵێین ته‌نیا وه‌رزشوانانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم نیه‌ كه‌ كێشه‌ و گیروگرفتیان هه‌یه‌، به‌ڵكوو هه‌موان و له‌ هه‌موو بواره‌كانیشدا كێشه‌و گیروگرفتى خۆیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ئاواته‌خوازین كه‌ ئه‌م ئاهه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌سپێك بۆ كاروانێكى نوێ له‌ پێناوى خزمه‌تكردنى ئه‌م گه‌له‌ و ئه‌م كه‌یسه‌.

فه‌یلى ڕاشيگه‌یاند كه‌ ڕێزلێنانى ئێوه‌ ئه‌ركى سه‌رشانمانه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ڕێز له‌و كه‌سانه‌ نه‌نێین كه‌ خزمه‌تیان گه‌یاندوه‌ته‌ كێشه‌كه‌مان، نه‌وه‌كانمان به‌ خزمه‌تكردنى گه‌ل و كێشه‌ ڕه‌واكه‌ى، خۆیان ماندوو ناكه‌ن.

پاشان دكتۆر حوسێن فڵامه‌رز، پسپۆر له‌ بوارى وه‌رزش، به‌ر له‌ پێشكه‌شكردنى بابه‌ته‌كه‌ى داواى له‌ ئاماده‌بووانى كرد ده‌قه‌یه‌ك ڕاوه‌ستن بۆ خوێندنه‌وه‌ى فاتیحا بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان و به‌تایبه‌تى شه‌هیدانى وه‌رزش و پاشان بابه‌ته‌كه‌ى كه‌ پێكهاتبوو له‌ چوار ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى خسته‌ به‌رده‌ست ئاماده‌بوان و داواى لێكردن به‌شدارى بكه‌ن له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ته‌وه‌ره‌كان به‌و زانیاریانه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پسپۆرانى ئه‌م بواره‌ هه‌یه‌تى؛ كه‌ ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ى خواره‌وه‌ن: یه‌كه‌م – چالاكیه‌ گشتیه‌كانى كورده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌ هه‌موو بواره‌كاندا . دووه‌م- چالاكیه‌ وه‌رزشیه‌كانى كوردانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم. سێیه‌م- واقیعى یانه‌ وه‌رزشیه‌كانى كورد له‌ به‌غدا. چواره‌م – ئاستى كاریگه‌ریى ئه‌م یانه‌ وه‌رزشیه‌ كوردیانه‌ له‌سه‌ر كوردانى به‌غدا و ئاستى كاریگه‌رى كوردانى به‌غدا له‌ سه‌ر یانه‌ وه‌رزشیه‌كاندا.

ئاماده‌بووان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان و چالاك به‌شدارییان كرد له‌ تاوتوێ كردنى ته‌وه‌ره‌كانى ئه‌م بابه‌ته‌ و  به‌ تێروته‌سه‌لى باس له‌ مێژووى گه‌شى كاروانى وه‌رزشى كوردى فه‌یلیان كرد له‌ ساڵانى چل و په‌نجا و تاوه‌كو شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو كه‌ به‌ دامه‌زراندنى یانه‌ى كوردى فه‌یلى به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشكرا و ڕوون به‌رجه‌سته‌ بوو و ئاماژه‌شیان به‌ دژایه‌تى كردنى ڕژێمه‌ یه‌كبه‌دواى یه‌كه‌كانى عیراق كرد بۆكوردانى فه‌یلى به‌گشتى و وه‌رزشوانه‌ فه‌یلیه‌كان به‌تایبه‌تى، دواى هاتنى ڕژێمى به‌عسى شۆڤێنى له‌ ساڵى 1963، و داخستنى یانه‌ى وه‌رزشى كوردى فه‌یلى، و ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م دژایه‌تیكرنه‌ كۆتایى به‌ به‌شداریكردنى كورده‌ فه‌یلیه‌كان نه‌هێنا له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا و له‌وانه‌ش له‌ بوارى وه‌رزشیدا كه‌ ده‌یان قاره‌مانى لێكه‌وته‌وه‌ و دیسان ئاماژه‌یان به‌هه‌ندێك له‌و قاره‌مانانه‌ دا كه‌ مه‌له‌وان عبدالواحد عزیز خاوه‌ن یه‌كه‌م ودوا میدالیاى ئۆله‌مپى بووه‌ له‌ عیراقدا، جگه‌ له‌ ده‌یان یاریزان له‌ بواره‌كانى باسكه‌ و بۆكسێن و تۆپى پێ ...هتد.

له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند خاڵیكى سه‌ره‌كى به‌رجه‌سته‌بوو كه‌ پێكهاتبوو له‌و گیروگرفته‌ داراییه‌ كه‌ دوچارى بزووتنه‌وه‌ى وه‌رزشى كورده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونى پشتگیرى دارایى و بودجه‌ى گونجاو بۆ هه‌ستان به‌ئه‌ركى پێشخستى كاروانى وه‌رزش. وداوایان له‌ سه‌ركردایه‌تى كوردستانى كرد كه‌ به‌پێى توانا ئه‌م كه‌لێنه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و پشتگیرى له‌و وه‌رزشوانه‌ بكات كه‌ ده‌یانه‌وێت ناوى كورد له‌و بواره‌دا به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

مه‌حه‌مه‌د ئه‌مین ده‌لۆ به‌رپرسى لقى پێنجى پارتى دیموكراتى كوردستان داواى له‌ وه‌رزشوانان كرد كه‌ وه‌رزش بكه‌نه‌ خاڵێكى یه‌كگرتنه‌وه‌ و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌وڵه‌كانمان یه‌كبخه‌ین و یه‌ك یانه‌ى كوردى فه‌یلى یه‌كگرتوو دامه‌زرێنین و هه‌موومان ده‌بێ بۆ پرۆژه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى كوردى ئیش بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى داواكاریه‌كانمان له‌ لاى سه‌ركردایه‌تى كوردستانى بچه‌سپێنین به‌ ده‌نگى یه‌كگرتوومان له‌ به‌غدا.

پاشان عه‌لى حوسێن فه‌یلى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و به‌رپرسى ده‌زگاى شه‌فه‌ق به‌ر له‌ پێشكه‌شكردنى بڕوانامه‌ى ڕێزلێنان به‌و وه‌زرشوانه‌ پێشینانه‌ چه‌ند لێدوانێكى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوانكرد، تێیدا ئاماده‌یى خۆى و ده‌زگاى شه‌فه‌ق نیشاندا بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌رجۆره‌ پشتگیریه‌ك بۆ هه‌موو وه‌زرشوانان به‌مه‌رجێك پرۆژه‌یه‌كى دیاریكراویان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كاتى پێشكه‌شكردنى داواكاریه‌كانمان بۆ سه‌ركردایه‌تى كوردستانى، شتێكى به‌رچاومان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت.

فه‌یلى وتیشى كه‌ ئیمه‌ ده‌بێ ئه‌و هه‌له‌ یاسایى و ده‌ستووریانه‌ بقۆزتینه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌غدا و كوردستان بۆمان ده‌ڕه‌خسێن و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بین و چیتر زوڵم له‌ خۆمان و نه‌وه‌كانى دواڕۆژمان نه‌كه‌ین.

پاشان ڕێوڕه‌سمى پێشكه‌شكردنى بڕوانامه‌كان ده‌ستى پێكرد كه‌ ئه‌م وه‌زشوانانه‌ى پێشوو گرته‌وه‌:

نوعمان موراد، عه‌لى حوسێن، شه‌مه‌ جومعه، جه‌لال عه‌بدولڕه‌حمان، شاكر عه‌لى،

غه‌زبان شه‌عبان، فازل عه‌باس، عه‌لى ئه‌كبه‌ر عه‌لى، عه‌باس عه‌لى شاه‌، عه‌بدولحوسێن عه‌بدولحه‌سه‌ن، تاریق یاوه‌ر، وه‌سفى سایه‌خان، تاریق سایه‌خان، سه‌میر عه‌بدولساحیب

حوسێن فڵامه‌رز، جه‌میل ئیبراهیم، سه‌لاح حه‌یده‌ر، عه‌بدولحوسێن خه‌لیل، ئه‌نوه‌ر موراد،

به‌درى عه‌لى شه‌مه‌، نوره‌ڵڵا ره‌زا، كازم ره‌زا، مه‌جید نایلى، سه‌عید حوسێن هادى

* ئاواره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و خوالێخوشبووان:

سه‌مه‌د ئه‌سه‌د، مه‌حمود ئه‌سه‌د، قاسم مه‌نده‌لاوى، سه‌عدى شه‌مه‌،

موه‌فه‌ق غولام عه‌لى، عه‌بدولجه‌بار سه‌یفوڵڵا كه‌ره‌م، كه‌ریم سوهراب،

عه‌بدولواحید عه‌زیز


ڕاپۆرت/ ماجد سوره‌مێرى

فۆتۆ: شه‌فه‌ق