چاره‌نوسی‌ منداڵه‌كانی‌ قاعیده‌ له‌عێراق

شفق نيوز

شوێنه‌واره‌كانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ دایكوباوكیان لێره‌و له‌وێ‌ له‌ده‌ستداوه‌و باجی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ بوه‌ته‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ وه‌كو ئیسقانێكی‌ شكاو به‌ئاسانی‌ ناسڕرێته‌وه‌.

له‌یلێ‌ فازیل له‌واشنتۆن پۆست یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ باشترین روماڵی‌ روداوه‌كانی‌ عێراق ده‌كات له‌م ساته‌دا، چێرۆكی‌ ئه‌مڕۆی‌ یه‌كێك له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی‌ لایه‌. چاره‌نوسی‌ منداڵه‌كانی‌ قاعیده‌.

له‌ساڵانی‌ 2006-2008 چه‌كداره‌كانی‌ قاعیده‌ بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان رژانه‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌. یه‌كێك له‌شوێنه‌واره‌كانی‌، هاوسه‌رگیری‌ زۆره‌ملێیه‌ كه‌ هه‌روه‌كو ده‌ستدرێژیكردنه‌سه‌ر وایه‌. له‌یلێ‌ چیرۆكی‌ یه‌كێك له‌و ژنانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ئێستا ناوی‌ دایكی‌ زه‌هرایه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ رویدا كاتێك شه‌ش چه‌كداری‌ قاعیده‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی‌ له‌ باقوبه‌.

ژنه‌كه‌ ملی كه‌چكرد‌و هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێك له‌چه‌كداره‌كان به‌ڕێوه‌چو، هه‌رچه‌ند هیچ گرێبه‌ستێكی‌ هاوسه‌رگیریی‌ ئیمزانه‌كرا. باوكی‌ زه‌هرا كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌ی‌ ناچاركرد كه‌سێكسی‌ له‌گه‌ڵدا بكات، ژنه‌كه‌ وتی‌  ئه‌و‌و چه‌كداره‌كانی‌ تر له‌سێ‌ مانگی‌ دواتردا دره‌نگانێكی‌ شه‌و ده‌گه‌یشتنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. هه‌میشه‌ به‌ر له‌هه‌ڵهاتنی‌ خۆر ده‌چونه‌ ده‌ره‌وه‌. خیزانی‌ ژنه‌كه‌ وتیان هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ دایكی‌ زه‌هرا هه‌رگیز ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیی‌ پێنه‌وتون. دایكی‌ زه‌هرا ده‌ڵێت دوای‌ ئه‌وه‌ تائیستا ده‌موچاوی‌ ئه‌و پیاوه‌ی‌ نه‌بینیوه‌ته‌وه‌ كه‌ كچێنی‌ دزیوه‌.

به‌و ژنه‌ ده‌ڵێن دایكی‌ زه‌هرا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كچی‌ ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ی‌ ناوی‌ زه‌هرایه‌. ئێستا ته‌مه‌نی‌ 18 مانگه‌. به‌ڵام ئه‌م كچه‌و ده‌یانی‌ وه‌كو ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ره‌سمییان نییه‌. ناتوانن بچنه‌ قوتابخانه‌و كاری‌ حكومییان ده‌ستناكه‌وێت.

لێپرسراوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كه‌ به‌هاوكاریكردنی‌ قوربانیانی‌ جه‌نگی‌ عێراق راسپێردراون ده‌ڵێن ئه‌و ژنانه‌ به‌قوربانیانی‌ ده‌ستدرێژیی‌ سێكسی‌ له‌قه‌ڵه‌م نادرێن، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌وشه‌كه‌یان جێی‌ داخه‌ به‌ڵام ناتوانن هیچیان بۆ بكه‌ن.

فازیل ئه‌لشوێلی‌ ئه‌و لێپرسراوه‌ی‌ وه‌زاره‌ت كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ قوربانیانی‌ جه‌نگ ده‌كات وتی‌: "یارمه‌تیدانی‌ ئه‌وانه‌ هاندانی‌ قاعیده‌یه‌ له‌عێراق".

نه‌وه‌كانی‌ زه‌هرا له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا گه‌وره‌ده‌بن كه‌وه‌كو بیانی‌‌و منداڵانی‌ دڕنده‌كان ته‌ماشایان ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌: ئێن پی‌ ئار