ئه‌رك و رِۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ئابوری عیراقدا

شفق نيوز

پێش رزگار كردنی عیراق له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبی تاك ره‌وی به‌عسدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو شتێكی تێك دابوو به‌ سه‌ر یه‌كدا و ته‌نها شیعاریك كه‌ به‌رزی كردبویه‌وه‌ بریتی بوو له‌ ( هه‌موو شتێك له‌ پێناوی سه‌ر كه‌وتندا ) ، واته‌ جووڵاندنی هه‌موو كه‌رته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كا ن و ئابوریه‌كان و ته‌واوی به‌ شه‌كانی ژیان به‌ره‌ و كه‌رتی شه‌رِ و خوێن رِشتن بوو. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ تایبه‌تی كه‌رتی ئابوری توشی ته‌نگه‌ژه‌و ده‌یان گرفتی هه‌یكه‌لی كردبوو كه‌ تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت حكومه‌تی عیراقی نه‌یتوانیوه‌ له‌ و بازنه‌یه‌ كه‌رتی ئابوری رزگار بكات . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وێنه‌یه‌كی كورت و پرِ واتای ئه‌و قوناغه‌ تاڵه‌ی ئابوری عیراق بكێشین ئه‌توانین له‌ سێ خاڵدا ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین و ئه‌شكرێ وه‌ك جیاكه‌روه‌یه‌كی كه‌رتی ئابوری عیراقی دابنرێت  له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات داری حیزبی تاك ره‌وی به‌عسدا .

1- سه‌ر په‌رشتی كردن و چاو دێری كردنی هه‌موو چالاكیه‌كی ئابوری له‌ لایه‌ن ده‌وله‌ته‌وه‌ باشتر بڵێین له‌ لایه‌ن حیزبه‌وه‌ : واته‌ ده‌وله‌ت له‌ ژێر سێبه‌ری بیرو بۆچونی بلوكی روژهه‌لاتی و پیاده‌ كردنی بیری  ( ئابوری نه‌خشه‌ بۆ دانراو ) ته‌واوی بواره‌كان و كه‌رته‌ به‌رهه‌م هێنه‌كانی قورخ كردبوو له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هاجسێكی ئه‌منی زۆر توند و تۆڵ زاڵ بوو به‌سه‌ر ئه‌م كه‌رتانه‌دا ، واته‌ هه‌موو شتێ به‌ده‌ستی خۆیه‌وه‌ بوو شێوازێكی زۆر سه‌نتراڵانه‌ی به‌كار ئه‌هێنا له‌ دروست كردن و دابه‌ش كردن و سه‌ر په‌رشتی بازاردا ، بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ی كه‌مێك بیر بكاته‌وه‌ له‌بازاره‌كانی ساڵانی هه‌شتاكان چه‌ند هه‌لس و كه‌وتێكی  زۆر سه‌رتی ئه‌بینی ، له‌ پرِ بۆ نموونه‌ شقارته‌ له‌ بازاردا نه‌ئه‌ما و خه‌ڵكێكی زۆری پێوه‌ سه‌ر قاڵ ئه‌بوو ، یان دۆشاوی ته‌ماته‌ ئه‌چوه‌ ئاسمان و ده‌ست فه‌قیر و هه‌ژار نه‌ئه‌كه‌وت و دوای ماوه‌یه‌ك به‌ بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بزانرێت بازار پر ئه‌بوویه‌وه‌ له‌ و كاڵایانه‌ی كه‌ وون بووبون .

2- نه‌بوونی كه‌رتی تایبه‌ت : نه‌بوونی كه‌رتی تایبه‌ت دیوێكی تری راستی خاڵی یه‌كه‌مه‌ ، واته‌ زاڵ بوونی حكومه‌ت به‌سه‌ر كه‌رته‌كانی وه‌به‌رهێناندا ، هه‌موو شته‌كان له‌ رَێگه‌ی وه‌كاله‌ته‌وه‌ حكومه‌ت ده‌یبه‌خشیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆی قه‌ناعه‌تی هه‌بوو هاوڵاتیه‌كی باشن و گرفتی ئه‌منیان نه‌بوو  .

3- چالاك نه‌بوونی رێكخراوه‌كانی كۆموڵگای مه‌ده‌نی : كه‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ زیاتر له‌و ووڵاتانه‌دا ده‌ركه‌وتوون كه‌ ئازادی تاكه‌كانیان وه‌ك ستراتیژ ته‌به‌نی كردوه‌ و له‌ نێوانیاندا ئازادی ئابووری و بوونی كه‌رتی تایبه‌ت بووه‌. بوونی رێكخراووی مه‌ده‌نی و جورا و جۆر ئه‌كرێ بكرێته‌ ده‌رهاویشته‌ی كومه‌لگایه‌كی دیموكراتی و ئه‌م ریخراوانه‌ش كار له‌ سه‌ر روشن كردنه‌وه‌ ی ماف و ئه‌ركی تاك ده‌كه‌ن و هۆشیاری زیاتر ئه‌ده‌نه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و، بۆ ئه‌و ده‌وله‌تانه‌ی كه‌ كاتی خۆی له‌ بلوكی روژهه‌لاتیا بوون  ریكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیان تیادا دروست نه‌بوه‌، چونكه‌ ئه‌م ریكخراوانه‌ زیاتر نیوه‌ی كاریان بریتیه‌ له‌ ئاشنا كردنی تاك به‌ مافی خۆی ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی ئه‌و جۆره‌ حكومه‌تانه‌دا یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه‌ ، به‌ڵێ راسته‌ رێكخراوو هه‌بوه‌ و لافتات و ناوی جۆراو جۆر هه‌بوه‌ به‌ڵام دار ده‌ست و شوێن كه‌وتوی سیاسه‌تی حیزبی ده‌سه‌لات بوون و یان جوانتر و رونتر بڵیین حیزبی باڵا ده‌ست دروستی كردوون بۆ ده‌سته‌ مۆ كردنی تاكی كۆمه‌ڵگا له‌ لایه‌ك و به‌ هه‌ڵه‌دا بردنی رای گشتی له‌ لایه‌كی تر .

بۆیه‌ وا ده‌بینین ئه‌لف بای خۆ رزگار كردن له‌م حاله‌ته‌ كه‌ وه‌ك مۆته‌كه‌یك به‌ سه‌ر واقعی ئابوری عیراقه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ كار كردنه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر سێ ره‌هه‌نده‌كه‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێكرد

دیاری كردنی رِۆڵی حكومه‌ت + چالاك كردنی رولی ریخراوه‌كان + به‌گه‌ر خستنی كه‌رتی تایبه‌ت

له‌م باسه‌دا به‌ كورتی ئاماژه‌ به‌ رۆڵ و ئه‌رك و به‌ر پرسیاریه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ین له‌ پێناو  به‌ جێ هێشتنی ئه‌م واقعه‌ دا و مل نان به‌ره‌ و پێك هینان و بینا كردنی ئابوریه‌كی سه‌رده‌مانه‌

تایبه‌تمه‌ندی و رۆلی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ چالاكیه‌ ئابوریه‌كاندا :

1- له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ كه‌رتی گشتی و حكومیدا بریاره‌كانی زۆر زوتر ئه‌درێت و رۆتینی ئیداری كه‌می تێدا به‌ كار ئه‌هێرێت و ، ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات له‌ رووی كاته‌وه‌ له‌ قازانجی كه‌رتی تایبه‌ت بێت و ئه‌گه‌ر بریارێكیش زانرا زۆر كرداری و واقعی نیه‌ و خزمه‌ت به‌ ئامانجی كه‌رته‌كه‌ ناكات زور زوو كوتایی پێ ئه‌هێنرێت و پێویستی به‌ سه‌رو خواری زۆر نیه‌ ، واته‌ خاوه‌ن كه‌رته‌كه‌ یان به‌ریوه‌به‌ره‌كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بریاری گونجاو بدات به‌ كه‌مترین كات .

2- له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا قازانج بزوێنه‌ری بنه‌ره‌تیه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات كه‌ لێ هاتوویی به‌رهه‌م هێنان هه‌میشه‌ له‌زیاد بوندا بێت و وه‌تیره‌ی لێ هاتوویی هه‌میشه‌ له‌ به‌رز بونه‌وه‌دا بێت ، به‌ڵام زۆرێك له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كان له‌ به‌ر ئامانجی  جۆراو جۆر دروست بوون بۆیه‌ زۆر جار ئه‌بینی لێ هاتوویی له‌ روی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ له‌ ئاستێكدا ئه‌وه‌ستێ و جاری واش هه‌یه‌ ئه‌و كه‌رته‌ زه‌ره‌ری زۆر تره‌ له‌ قازانجی به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ خزمه‌ت به‌ سیاسه‌تی ئه‌و حكومه‌ته‌ ئه‌كات ده‌مێنێته‌وه‌ .

3- به‌ به‌رده‌وامی له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا هه‌وڵ ده‌درێت رێژه‌ی تێ چون كه‌م بكرێته‌وه‌ و رێژه‌ی ده‌رچون زیاد بكرێـ ، واته‌ به‌رهه‌م هێنانێكی زور به‌ تێ چونێكی كه‌م ، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر جار به‌لای به‌كار به‌ردا ئه‌شكێته‌وه‌ و خاوه‌ن كه‌رته‌كه‌ ئه‌و كاڵایه‌ی كه‌ به‌كه‌م ترین تێ چو دروستی كردوه‌ به‌ نرخێكی كه‌م ئه‌یخاته‌ بازاروه‌ به‌ تایبه‌تی كاتی بزانێ مونافیسی له‌ بازاردا هه‌یه‌ . بو ده‌ست به‌سه‌ر بازاردا گرتن .

4- له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا كێ بركێ و مونافه‌سه‌ هه‌میشه‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ی به‌رز كردنه‌وه‌ی جۆری چاكی ئه‌و كاڵایه‌ی كه‌ دروست ده‌كرێت ، به‌لام له‌ كه‌رتی گشتیدا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌رێوه‌ ئه‌چێت مونافه‌سه‌ روونادات و ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات جۆرو چاكی كالاكه‌ به‌ هه‌میشه‌یی به‌ره‌ و خواره‌وه‌ ئه‌چێت .ئه‌گه‌ر سه‌ر په‌رشتیه‌كی دروست و وورد نه‌كرێت كه‌ ئه‌م سه‌ر په‌رشتی و وورده‌كاریه‌ زۆر ئاسان نیه‌ له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كاندا به‌هۆی كومه‌لێ هوكاریه‌وه‌ .

5- له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا ئاسان ترو خیًرا تر ته‌كنۆلۆجیا ی تازه‌ به‌ كار ئه‌هێنرێت له‌ كرداری به‌رهه‌م هێناندا بۆ ئه‌وه‌ی جوانترین كاڵا به‌رهه‌م بهێنن و ره‌زامه‌ندی به‌كار به‌ر بۆ لای خۆیان رابكێشن ، ئه‌م خاله‌ش ئه‌كرێ له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كاندا به‌كار بهێنرێت ، به‌ڵام لێره‌دا كات مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه‌ و وه‌ك له‌ پێشه‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێدا زۆرێك له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كان ئامانجی سه‌ره‌كی و كۆتایی بریتی نیه‌ له‌ قازانج و ئامانجی تری له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، بۆیه‌ كاتێ حكومه‌ت ئه‌زانێ كه‌ ئامانجه‌ سیاسیه‌كه‌ی فه‌راهه‌م هاتوه‌ ئیتر زۆر گوێ نادات به‌ تازه‌ گه‌رایی له‌ رووی ته‌كنولیوجیا و شێوازی تازه‌ی به‌رهه‌م هێنان .

6- كه‌رتی تایبه‌ت سه‌ر به‌خۆییه‌كی مادی و ماڵی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات له‌ میزانیه‌ی ساڵانه‌ی ده‌وڵه‌تدا ئاماژه‌ی پێ ناكرێت و میزانیه‌ به‌ر پرسیارنیه‌  له‌ داچون و كه‌وتنی كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان تا به‌ده‌میه‌وه‌ بچێت و كه‌م و كورِیه‌كانی بۆ چاره‌ سه‌ر بكات ،كه‌رتی تایبه‌ت خۆی به‌ر پرسیاره‌ له‌ هه‌موو شتێكی خۆی ، ئه‌م خاڵه‌ كاتێ زیاتر به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ كه‌ پێدا چونه‌وه‌ ئه‌كرێت  بۆ میزانیه‌ی ساڵانه‌ی ده‌وڵه‌ت  ئه‌بینرێ و پاره‌یه‌كی زۆر ته‌رخان كراوه‌  بۆ كه‌رته‌ گشتیه‌كان كه‌ تووشی زه‌ره‌ر هاتوون یان داخوران له‌ هوكاره‌كانی به‌رهه‌م هینان دروست بووه‌ .

7- له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا به‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵ ئه‌دات تازه‌ گه‌رایی له‌ رِووی كارگێرِی و شێوازی به‌رێوه‌ چون ئه‌نجام بدات و ، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ و دابه‌ش كردن و ناردنی كاڵاكانی بۆ بازارِ له‌ یه‌ك شێوازدا چه‌قی پێ نابه‌ستێ ، چونكه‌ ئه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و رێسایه‌ كار ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ چێژی مرۆفه‌كان له‌ گۆراندایه‌ و به‌ به‌رده‌وامیی داوای شتی تازه‌ و جوان ده‌كات .

8- كه‌رتی تایبه‌ت به‌ به‌رده‌وامیی كۆ كه‌ره‌وه‌ی كرێكاره‌ به‌ تواناو لێ هاتوه‌كانه‌ و له‌م مه‌یدانه‌شدا لاری نیه‌ له‌ پێدان و دیاری كردنی باشترین كرێ به‌ كرێكار كاتێ ئه‌زانێ ئه‌توانێت زۆرترین سود له‌ تواناكانی وه‌رده‌گرێت ، چونكه‌ كه‌رتی تایبه‌ت كاتێ بۆنمونه‌ (6) كات ژمێر دیاری ده‌كات ئه‌بێ ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌میی به‌رده‌وام و حه‌قیقی دا بێت ، به‌ڵام له‌ كه‌رته‌ گشتیه‌كاندا ئه‌م پرنسیپه‌ كاری كه‌م پێ ده‌كرێت بۆ یه‌ ده‌بینی بۆ كارێكی زۆر ئاسان چه‌ند كه‌سێكی بۆ دانراوه‌ كه‌ به‌ ته‌نها كه‌سێك ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ئه‌درێت .

9-   كاتێ خاڵی هه‌شته‌م ئه‌بێته‌ نه‌ریتی كار كردن ئیتر تاكه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كاریان ده‌ست بكه‌وێ هه‌میشه‌ هه‌وڵی خۆ ئاماده‌ كردن و زیاد كردنی توانا زانستی و مه‌عریفیه‌كانیان ئه‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات كه‌ له‌پاش ماوه‌یه‌ك هه‌موو كه‌س و هه‌موو كرێكارێ خاوه‌ن لێ هاتوویی خۆیه‌تی و زانیاری ته‌واوی له‌ بوارێكدا هه‌یه‌ و به‌ ئاسانی ئه‌توانێ ببێته‌ هاورِێی ته‌كنۆڵجیا و له‌ گه‌ڵیدا پێش بكه‌وێت .

له‌ كۆتاییدا ماوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌  بكه‌ین كه‌ قوناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك عیراق  شیوازی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ واته‌ گرنگی دان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌م كردنه‌وه‌ی بازنه‌ی كه‌رتی گشتی پێویستی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی ورد و دیاری كردنی ئه‌وله‌ویه‌ت هه‌یه‌ ئه‌گینا به‌ بروای من بشێویه‌كی ئابوری روو ئه‌دا ت وێنه‌ی نه‌بێت له‌ دونیای ئابوریدا ، ئه‌م وورده‌ كاریه‌ش چه‌ند پرنیسیپێكی پێویسته‌  له‌وانه‌

1- حكومه‌ت ئه‌وله‌ویه‌ت دابنێ بۆ گواستنه‌وه‌ی كه‌رته‌ گشتیه‌كان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت .

2- خاوه‌ن كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان به‌ر پرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قوناغه‌دا بكه‌ن و ئه‌وه‌ بیری خۆیان بهێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ر پرسیارن له‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م قوناغ به‌جێ هێشتنه‌ .

3- یارمه‌تی دانی حكومه‌ت بۆ خاوه‌ن كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان و ئاسان كردنی كارو باریان .