خوێنبەربوونی پرۆسەی سیاسی لە ئێراقدا

شفق نيوز

ئێستاش كۆتاییەكەی نادیارە، بەجۆرێك رەوشەكە سەرگەردانە، ئەو گەرم و گوڕییەی، پێشتر هاووڵاتیانی ئێراقی هەیانبوو، دووچاری بێ ئومێدییەكی گەورەی كردوون و تین و بڕستی لێ بڕیوون، هەموو ئەو هیوایانەشی هەڵوەراندووە، كە بە شەوقەوە ئاواتەخوازی بوون، لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشتر بۆ خۆیان و رۆڵەكانیان.ئەو قەیرانەی كە بە خوێنبەربوون ناومان بردووەو ئێستا دووچاری پرۆسەی سیاسی وڵات هاتووە، دەكرێت لە سێ رەهەندی سەرەكی چڕبكرێنەوە، یەكەم: فاكتەری دەرەكی، ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەلایەك و سعوودیە و توركیا لەلایەكی ترەوە، ئەم خوێنبەربوونە بەگوڕتر دەكات، دووەم: ململانێی پەنهان (نادیار)ی نێوان كوردو لایەنەكانی تر، خوێنبەربوونەكە گەشتر دەكات، وەك فاكتەرێكی (ناوخۆیی). سێیەم: ناكۆكیی نێوان خودی هەر قەوارەو هاوپەیمانییەكی سیاسی، ئەم خوێنبەربوونە قووڵتر دەكات، ئەمە وەك فاكتەرێكی ناوخۆیی تایبەتی. پۆستی سەرۆك وەزیران، لە دنیای دیموكراسی و پێشكەوتوودا، زامنی مافەكانەو هیواو ئاواتەكانی خەڵكی وڵاتی لەسەر بنیات دەنرێت، كەچی بە داخەوە لە ئێراقی تازە ئەزمووندار بە دونیا و گەمەی هەڵبژاردن، بۆتە گرێ كوێرەو گەورەترین لەمپەر لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكان. لایەنە دیارەكانی نێو پرۆسەی سیاسی لە هەڵپەی ئەوەدان، پۆستی سەرۆك وەزیران بگرنەدەست، چونكە زۆرترین دەسەڵاتەكان لەو پۆستە كۆكراوەتەوە، هەربۆیە بە ئاسانی دەتوانرێت لەو ڕێگەیەوە، بە پان و پۆڕی كۆنترۆڵی جومگە و شادەماری دامەزراوەكانی وڵات بكرێت. هەر ئەو دەسەڵاتە زۆرەی پۆستی سەرۆك وەزیران هەیەتی، وایكرد لە هەڵبژاردنی پێشووتریش، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت، دووچاری قەیران و ئاستەنگ ببێتەوەو، دوای دەستبارێكی زۆر، چڕكردنەوەی هەوڵە دەرەكییەكان و فشارو گوشاری زۆر، ئەوسا بە ئازارێكی زۆرەوە، لەدایكبوونی حكوومەت لە منداڵدانی پرۆسەی سیاسی راگەیاندراو، هەر ئەو ناچۆنییەكیەش بوو، گرفتی گەورەی دروست كرد، سەرۆك وەزیران تاك لایانە لێدەخوڕی. ئەوەشی زیاتر تێبینی دەكرێت، كێشەی سەرەكی نێوان سەركردەكانی لیستە گەورەكان، قسەكردن نییە لەسەر ئایندەو داهاتووی وڵات، بەڵكو شەڕە قورسەكە لەسەر یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەر لایەك بەتوندی دەستی پێوەگرتووەو ئامادەنییە دەستبەرداری بێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ لە دوای رۆژ تەمەنی 4 ساڵی ئەو حكوومەتە تا ئێستا پێكنەهاتووە، كورتر دەبێت و رەنگە تەنیا سێ ساڵی بێت، بەتایبەتی ئێستا بەرەو حەوت مانگ دەچێت، حكوومەت پێكنەهاتووەو، تێپەڕبوونی هەر رۆژێكیش ئەوا لە تەمەنی حكوومەتی داهاتوو لوش دەدرێت. چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو قەیرانە و رێگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە داهاتوودا، دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە، بە شێوەیەكی پڕاكتیكی و لەبەر چاوگرتنی جۆرێك لە هاوسەنگی لە پۆستە سەرەكییەكانە بەكاركردن لە چوارچێوەی دەستووردا، نەك قەتیس كردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان لەدەست تاكە كەسێك و پەراوێزخستنی دەستوور، ئەوكات بەدڵنیاییەوە هەنگاوەكانی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت خێرا و كاراتر دەكات.

ئەوەی سەرەنجی هەمووانی راكێشاوە، پەیوەندییەكانی نێوان سەركردەكانی نێو پرۆسەی سیاسییە، كە لەسەر بنەمای كێبڕكێكردنی یەكتر نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای ململانێكردنی یەكتر خۆی نواندووە و بەرجەستە بووە، بۆیە رەوشەكە بەجۆرێك ئاڵۆز و تەم و لێڵە، تا ئێستا ئاسۆیەك نییە، بۆ ئەوەی قەیرانی پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەت لە كەناڕێكی ئارام لەنگەر بگرێت، سەرەڕای ئەوەش رەوشەكە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، بە جۆرێك هەڕەشەی راستەخۆ بۆسەر ئایندەی وڵات دروست دەكات، هەر چەند ئەو تەنگژەیەی ئێستا درێژە بكێشێ، ئەوا دەستوەردانی دەرەكی واڵاتر دەبێت و ئێراق زیاتر دەبێتە مەیدانی تەراتێنی خواست و مەرامەكانیان و راوچییەكانی پرۆسەی سیاسیش لە جاران زیاتر بە بەهێزو گوڕتر لە گۆڕەپانەكەدا خۆیان دەنوێنن. یەكێك لە پێشهاتەكانی تری نێو پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت، كاندیدیكردنی د. عادل عەبدولمەهدی جێگری سەرۆك كۆمار بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، لەلایەن ئیئتیلافی نیشتیمانی ئێراقییەوە، ئەو هەنگاوە لە بری ئەوەی ببێتە فاكتەرێك بە ئاراستەی چارەسەركردن، بگرە رەوشەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە و تەمەنی قەیرانەكەی ئەگەر قوڵتر نەكردبێتەوە، ئەوا درێژتری كردەوە، كە رووبەڕبوونەوەیەكی تری شیعی و شیعی لێكەوتۆتەوە و بەرەیەكی تری رووبەڕووبوونەوەكانی زیادی كردووە، بەهۆی ململانێی عادل عەبدولمەهدی و نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەش بۆشاییەكانی نێو پرۆسەی سیاسی زیاتر كردووە لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێیەوە. لە دوایین پێشهاتەكانیشدا ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم كە هاوكات سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقیشە، لەسەر زاری عادل عەبدولمەهدییەوە سەركردەی ئەو پارتە و ئیئتیلافی نیشتیمانی هەڕەشەی، كشانەوەیان لە نێو ئیئتیلافی نیشتیمانی راگەیاندووە، ئەگەر هاتوو دووبارە مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت. سەرباری هەموو ئەوانەش، رەوتی سەدر تا دوێنێ دژایەتی نوری مالیكی یان دەكرد و بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوون مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران و پشتگیریان لە عادل عەبدولمەهدی دەكرد، كەچی ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆیان گۆڕیوەو، ئامادەن هاوكاری مالیكی بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی تر ببێتەوە سەرۆك وەزیران و پشتیان لە عادل عەبدولمەهدی كردووە، ئەمەش عەبدولمەهدی زۆر نیگەران كردووەو لە هەمان كاتدا هەموو لایەكی دووچاری سەرسوڕمان كرد، كە چۆن چۆنی رەوتی سەدر لە پڕێكا هەڵوێستی خۆی گۆڕیەوە، بێگومان هەموو ئەوانە جارێكی تر پرۆسەكە بەرەو هەورازێكی نادیار دەبەن.

ئەوانەشی وابیردەكەنەوە، دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن چارەسەرێكی گونجاوە، پێدەچێت باشیان نەپێكابێت، بەپێچەوانەوە رەوشەكە زیاتر و زیاتر بەرەو گرژی و ئاڵۆزی دەبات و ئایندەی وڵات و پرۆسەی سیاسی، دەخاتە نێو تونێلێكی نادیارەوە. دوورنییە ئەو كاتە هەندێ پێشهات بێنە ئاراوە، كە رەنگە زۆرێك لە ئێستا پەی پێ نەبردبێ. بۆیە لە ژێر رۆشنایی قسەكانی سەرەوە دەكرێت بگوترێت، پرۆسەی سیاسی وڵات دووچاری خوێنبەربوونێكی توند هاتووەو، پرۆسەكەشی بە تەواوی شەكەت كردووە، بەڵام نا زانرێت تا چەندە دەتوانێت بەرگە بگرێت و لەسەرپێ بوەستێت؟ ئەمە گریمانەیەكەو داهاتوو وەڵاممان دەداتەوە؟.