هەولێر و واشنتۆن بەدوای كام ئێراقدا دەگەڕێن؟

شفق نيوز

و واشنتۆن پەیوەندییەكی قوڵ نەبوو، بەڵكو پەیوەندییەك بوو هیچ تروسكایەكی تێدا نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا كورد ئومێدی هەبوو ئەم پەیوەندییە رۆژێك دادێت لە ئاستێكی باڵاتر و بە بنكەیەكی فراوانتر لەگەڵ واشنتۆن جموجۆڵی تێ بخات و بەرژەوەندییەكانیان بەیەك ئاراستەیش نەبێت گرێبدەن و بنەمایەكی دیكەی پەیوەندییەكان دڕێژنەوە، كورد دەیزانی یا بەرچاو روونی هەبوو رۆژێك دێت لە چوارچێوەی ئێراق و ناوچەكەدا ئەمەریكا زلهێز پەنا دەبات بۆ گرێدانی كۆمەڵێك بەرژەوەندی هاوبەش و كاری هاوبەش پێكەوە، بڕیاری رووخانی رژێم دەسپێكی گرنگی پەیوەندییەكە بوو، هاوكاری كورد لە ئێراق بۆ ئەمەریكا سەكۆیەكی باشتری رەخساند بۆ ئەوەی ئەمەریكا بەجیدی بیر لە كورد بكاتەوە وەك فاكتەرێكی گرنگ لە ئێراق، چونكە ئەوان(ئەمەریكا)دەیانزانی ئێراق بە هۆی پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیە ئاڵۆزەكەیەوە رۆژێك دێت لە قەیرانێكدا گیرۆدە بێت، بۆیە بەشێواز و سیاسەتی جۆراروجۆر مامەڵەكەی لەگەڵ هەولێر دەستپێكرد، ئەگەرچی هەولێر روونتر و راشكاوانەتر هاتەپێشەوە، بەڵام سەرەتاییەكی بچووك لەلایەن ئەمەریكاوە بینرا، ئەویش لەسەردەمی حاكمیەتی مەدەنیی و دواتر لە كێشمەكێشمی دەستوور.وا دەبینرێت بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ئێراق و نزیكبوونەوەی وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاتنە پێشەوەی تاقیكردنەوەیەكی دیكەی ئێراقیەكان لە رێگای هەڵبژاردنەوە ئەمەریكا جارێكی دیكە دەكەوێتە ناو قەیرانی ئاڵۆزی ئێراق و ناوچەكەوە، یەمەن و حوسییەكان سەرئێشەیەكی دیكەی بۆ ئەمەریكا لە ناوچەكە دروستكردەوە، وێڕای ئەفغانستانی لانكەی قاعیدە، بۆیە ئەمەریكا پەلەقاژەی كۆڵەكەكەی هاتە پێش ئەویش پرۆسەكەیە لە ئێراق، ئەو پرۆسەیەی ناتوانرێت پێشبینی ئەوتۆی لێچاوەڕوان بكرێ، كە ئایا حكوومەتی ئایندەی ئێراق ئەو حكوومەتە دەبێت ئەمەریكا خوازیاریەتی؟ ئایا حكوومەتی ئایندە و نەخشەی سیاسی نوێ لە بەرژەوەندی ئەمەریكا دەبێت یاخود دیسانەوە پەلكێشی دەكات بۆ چوارچێوەی دیكەی ئاڵۆزی؟چونكە چاودێرانی سیاسی ناوچەكە و خودی ئەمەریكاش دڵنیاین لەوەی بەغدا و هەولێر نەگەنە چارەسەرێكی دەستووری ئەوا پشێوی یاخود خولێكی دیكەی ناكۆكی سەختر روودەدات و وەزیفەی ئەمەریكا قورستر دەكات، ئەمەش لە ساتەوەختی پەسەندكردنی پرۆژەیاسایی هەڵبژاردنی 2010ەوە وەك گڵۆپێكی سوور هاتە پێش كاروانەكەی ئەمەریكا و مانۆڕە دیپلۆماسیەكانی ئەمەریكاش لە نێوان هەولێر و بەغدا دەلالەتێكی روونن، كە ئەمەریكا و هەولێر بەدوای ئێراقێكەوەن زەمانەتی تێدا بێت، چ بۆ كورد كە داوای جێبەجێكردن و پیادەكردنی دەستووری هەمیشەیی ئێراق دەكەن بۆ ئەوەی ناكۆكیەكان رێچكەی دیكە نەگرێت و لە سایەی دەستورێك و تەوافوقێكی سیاسی رێگری بكەن لە هەر ئەگەرێك كە مایەی دروستبوونی ناكۆكی بێت، خودی ئەمەریكاش دەیەوێ ئێراقێ بەجێبهێڵێت گونجاوبێت و شەرعیەتی داگیكردنەكەی لە سەر ئاستی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدۆڕێنێت و نەبێتە عەیبەیەكی دیكە بەسەر سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە و لە هەمانكاتیشدا دەستی وڵاتانی ئیقلیمی ببڕێت كە لە ئەنجامی ناكۆكیەكاندا رۆڵی خۆیان دۆزیەتەوە.لەم هەفتەی رابردوو هەموو میدیاكان و ناوەندەكانی راگەیاندن و سیاسی بینیان سەرۆك ئۆمابا و سەرۆكی كوردستان سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی چەند بە چڕی و وردییەوە لە ئایندەی هەولێر و بەغدا كۆبوونەوەیان بە ئەنجامگەیاند و گوتەبێژ و بەرپرسانی هەردوو لایان جەختیان لەسەر پرسی چارەسەری كێشەكان كردەوە بەرێگای دەستووری و بوونی زەمانەت، كەواتە ئێرە وێستگەیەكی دیكەی گەڕانەكەی هەولێر و واشنتۆنە بەدوای ئێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵی و رێزگرتن لە بوونی نەتەوە و پرەنسیپەكانی رێككەوتن لەسەر ئێراقی هەمووان.