عادل عه‌بدولمه‌هدی، دوا ده‌رفه‌تی عیراق!

عه‌لی حسێن فه‌یلی

عه‌لی حسێن فه‌یلی / بۆ بچووكترین نه‌شته‌رگه‌ری، پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ ژێر چه‌قوی نه‌شته‌رگه‌ر، ده‌خوازین باشترین دكتۆری پسپۆڕو شاره‌زا هه‌ڵبژێرین . له‌ بواره‌كانی دیكه‌شدا هه‌مان شته‌، به‌ڵام كاتێك دێینه‌ سه‌رباسی سیاسه‌ت،  وه‌ك ئه‌وه وا‌یه‌ جلوبه‌رگی نوێ ده‌كڕین كه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ی رۆژ به‌دڵمان نه‌بێ فڕێی بده‌ین و مودێلێكی تازه‌تر بكڕین. ئه‌مه‌ كێشه‌ی دوانه‌هاتووی ئه‌م وڵاته‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك  سه‌باره‌ت به‌  زۆر شت سه‌رنج ئه‌ده‌ن ، لێ  له‌ بواری سیاسه‌تدا مخابن وا نییه‌.  له‌ كاتێكدا مه‌ترسیدارترین نه‌خوێنده‌واری ، نه‌خوێنده‌واریی سیاسیه‌ كه‌ سیاسه‌توان ناگاته‌‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌  تێبگات و بزانێ سه‌رجه‌م كێشه‌ و نه‌هامه‌تیه‌كان، به‌ره‌نجامی بڕیار و هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌وه‌ له‌ بواری سیاسه‌ت.

له‌ ئیستادا، به‌و بیانووه‌ی ئیدی  كه‌س دڵی به‌ دۆخی عیراق ناسووتێ ‌ و‌ مه‌ردمی ئه‌م وڵاته‌‌  له‌ هه‌ر پێشهاتێكدا  خۆیان  به‌ خۆیان ده‌دۆڕێن،  ئه‌وانه‌ی  توند ره‌ون و جنوونیان هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كه‌م وێنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گشت سه‌رمایه‌ی‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی  ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌ن‌ .

به‌ تێبینی ئه‌و راستیه‌ كه‌  كێشه‌ مێژووییه‌كان به‌ یه‌كجار چاره‌سه‌ر ناكرێن ، بوونی  نیگه‌رانی ئاساییه.  ده‌بێ ئه‌و كێشانه‌ی  كه‌ڵكه‌ بوون ئیداره‌ بدرێن چونكو‌ نارزایه‌تیه‌كان ده‌لاله‌ته‌ كه‌ بارودۆخ هێشتا باش نییه‌ و گرفتی قووڵ و چاره‌سه‌رنه‌كراو هه‌یه‌. ده‌بێ سیاسیه‌كان  راشكاوانه‌ ببنه‌ شه‌ریكی به‌رئه‌نجامه‌كان ، وه‌ڵامده‌ر بن نه‌  به‌رپرسیاری بێده‌نگ و خامۆش وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی راهاتوون.

له‌ عیراقی پاش قه‌یرانی متمانه‌ ، رێزدار عادل عه‌بدو‌لمه‌هدی كه‌  بۆ زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ ئه‌زموونی  به‌شداری و  چالاكی له‌ چه‌ند قوتابخانه‌ی فیكری وسیاسی جیاوازی له‌ هه‌گبه‌دایه‌، پێش سه‌رۆكایه‌تی  حكومه‌تیش، ‌ ئه‌زموونێكی  گرنگتری به‌ده‌ستهێنا‌. له‌ساڵانی رابردوو ناوبراو ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ وه‌ك چاودێر بنواڕێته‌ كێشه‌كان و  بیرله‌ رێگه‌ چاره  بكات. ئه‌و ده‌زانێ،  له‌ باسی  به‌خشینی ماف ، برایه‌تی و یه‌كسانی و ته‌بایی گشتی ، عیراق وڵاتێكی هه‌ژاره‌ . وڵاتیك  له‌سه‌ر بنه‌مای موسڵمان و ناموسڵمان، كورد و عه‌ره‌ب و كێشه‌ی دوانه‌هاتووی پێكهاته‌كان بنیات بنرێ ، هه‌میشه‌ له‌ جه‌نگدا ده‌بێ. هه‌وڵ بۆ جیابوونه‌وه‌ ، چاره‌سه‌ری  زۆربیژانه‌ و خۆ سه‌پێن،  سه‌رباری پڕ زیان بوونی،  به‌هێزترین بژارده‌  ده‌بێ.

ده‌كرێ  حكومه‌تی رێزدار عه‌بدولمه‌هدی  به‌ دوا ده‌رفه‌ت بۆ  مانه‌وه‌ی دڵخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ چوارچێوه‌ی  وڵاتێكی فیدرالی ‌ ‌یكگرتوو  بژمێردرێ .  له‌ كاتێكدا نابراو  چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ مێژووییه‌كان و لێك نزیككردنه‌وه‌ی پێكهاته‌كان به‌ كلیلی چاره‌سه‌ر ناو ده‌بات،  هه‌وڵێكی به‌رده‌وامی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی   هه‌یه‌ بۆ لێدانی پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی سه‌ربه‌خۆ ( به‌رێز عادل عه‌بدولمه‌هدی). له‌م سۆنگه‌وه‌،  بوونی نیگه‌رانی له‌ جێی خۆیه‌تی چونكو له‌ كاتێكدا عیراق شه‌كه‌تی ‌ده‌ستی قه‌یرانه‌كانه‌، 15  ساڵیشی  بۆ بنیات نانی دیموكراسی به‌ڕێكردووه‌  و شێواز‌ی ئێستای  ‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و ئیداره‌دانی سیاسه‌تی ناوخۆیی (جیا له‌ گه‌نده‌‌ڵی و قه‌یرانی به‌رێوه‌بردن و...)، به‌ چه‌ند هه‌نگاو پێش وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌.

35ساڵی پێچوو تا دنیا به‌ تاوانكاری و مه‌ترسیه‌كانی بڕیارو سیاسه‌ته‌كانی حزبی به‌عس و سه‌ددام دان بنێت و كاردانه‌وه‌یان هه‌بێ.  به‌دیدی كورد ، له‌ مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا پێچه‌وانه‌ی  جه‌نگی به‌رده‌وام بۆ یه‌كتر له‌ناوبردن،  ته‌نیا  په‌لامارو  هه‌ڕه‌شه‌ی داعش ده‌رفه‌تێكی ره‌خساند تا  گشت پێكهاته‌كان‌  به‌ یه‌كه‌وه‌ جه‌نگی مانه‌وه‌ بكه‌ن. ئێستاش ‌كردنه‌وه‌ی ره‌مزی سندووقی ره‌شی پرۆژه‌ی نه‌یارانی به‌غدا و پرۆژه‌ی نه‌یارانی  هه‌رێم  پیشان ئه‌دا؛  ناحه‌زانی هه‌ردوولا له‌ رواڵه‌تدا  وێك ناچن ، به‌ڵام بۆ ناهومێد كردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ حكومه‌ت  و شكست پێهێنانی پرۆسه‌ی سیاسی,  ئامانجی هاوبه‌شیان هه‌یه‌. ده‌بێ چاوه‌نواڕبین  تا بزانین‌ دڵسۆزو ئاقل مه‌ندانی به‌غداو هه‌ولێر چ ته‌گبیرێكیان كردووه‌  تا   شكست به‌ به‌رنامه‌ی  ناحه‌زان بهێنن .