سـه‌ركـێشـی‌ له‌پێناو سـه‌ركـێـشـیدا

شفق نيوز

دیاریكراوی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ یه‌كجاری‌ له‌عێراق نزیكده‌بێته‌وه‌و دۆسێی‌ ئه‌منی‌‌و پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ سه‌رتاپای‌ عێراق ڕاده‌ستی‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاتنی‌ مانگی‌ ئه‌یلولیش كه‌ به‌رامبه‌ربوو به‌یادی‌ نۆساڵه‌ی‌ كاره‌ساتی‌ یانزه‌ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ نیویۆرك‌و واشنتۆن، كێرڤی‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌شاره‌كانی‌ عێراق ڕووی له‌هه‌ڵكشان كرد، هاوكات له‌گه‌ڵئه‌مه‌شدا قه‌یرانی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ئێران پێی‌ ناوه‌ته‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیارتره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ گومان نیه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ره‌داوه‌كان له‌دوامه‌نزڵدا به‌ده‌ست لێپرسراوانی‌ تارانه‌وه‌ یاریان پێده‌كرێت، ته‌قینه‌وه‌كان، دزه‌كردنی‌ تێرۆرستان له‌سنوره‌كانی‌ سوریا‌و ئێرانه‌وه‌، یارمه‌تی‌ مادی‌‌و مه‌عنه‌وی‌ ئه‌مانه‌ چه‌ند كارتێكن سه‌رانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ مه‌به‌ستی‌ سه‌رقاڵكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و دواخستن‌و په‌كخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ پاشه‌كشه‌ی‌ ئه‌مریكاو به‌ده‌ستهێنانی‌ كاتی‌ زیاتر بۆ ته‌واوكردنی‌ به‌رنامه‌ ناكامه‌كه‌ی‌ به‌كاریان ده‌هێنێت.

له‌دوا پێشهاتیشدا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی‌ ئێرانی‌ به‌ڕۆژی‌ ڕووناك سنوره‌كانی‌ عێراقیان به‌زاندو ئاڵای‌ وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ فه‌ككه‌ هه‌ڵكرد، ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاری‌ عه‌مماره‌و گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی‌ نه‌وتی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌ملیۆن‌و نیوێك به‌رمیل مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی‌ ئێران، به‌رپرسانی‌ عێراقی‌ ته‌نها به‌وته‌ هاتنه‌ مه‌یدان‌و نه‌یانتوانی‌ ته‌نها مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ چه‌كداریش ڕه‌وانه‌ی‌ شوێنه‌كه‌ بكه‌ن، له‌سه‌رزاری‌ لێپرسراوانی عێراقیش ته‌نها داوای‌ چاره‌سه‌ری‌ دیپلۆماسی‌ كراو هیچی‌ تر، كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌یان ساڵه‌ كێشه‌ی‌ سنوری‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌و ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ش یه‌كێكن له‌خاڵه‌ ناكۆكه‌كان.

ڕه‌نگه‌ ئاماژه‌كانی‌ پشت ئه‌م سنوربه‌زاندنه‌ی‌ ئێران تا ئێستا هه‌موویان ده‌رنه‌كه‌وتبن، به‌ڵام له‌گرنگترینیان پیشاندانی‌ بێتوانایی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عێراق بوو، جگه‌ له‌وه‌ش واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارله‌مانی‌ عێراق نزیك كه‌وتووه‌ته‌وه‌و ڕه‌نگه‌ چه‌ند یاریكه‌رێكی‌ تری‌ ئیقلیمیش هه‌وڵی‌ بزواندنی‌ تۆپه‌كانیان بده‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ پرۆسه‌كه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێدرا مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و سه‌ركێشیه‌ی‌ ئێران ده‌رخستنی‌ لاوازی‌‌و بێهێزی‌ پۆلیس‌و سوپای‌ عێراقه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ ئه‌مریكی‌ پێش جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاری‌ پاشه‌كشه‌ی‌ گشتگر بیر له‌هێشتنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ربازه‌كانی‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك ده‌زانین واقیعی‌ ئێستای‌ ئێران ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌قه‌یرانی‌ لاوه‌كیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن تا له‌ئاینده‌دا ئه‌مریكا نه‌په‌ڕژێته‌سه‌ر وه‌شاندنی‌ گورزێكی‌ سه‌ربازی‌ چاوه‌ڕوانكراو له‌دامه‌زراوه‌كانی‌ ئێران.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌، ئه‌م سنوربه‌زاندنه‌ی‌ ئێران سه‌پاندنی‌ واقیعی‌ دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ جه‌نگی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ نێوان ڕژێمی‌ سه‌دام‌و ئێرانه‌، كه‌ تیایدا سه‌رانی‌ به‌عس به‌چه‌ند سازش‌و ڕێكه‌وتنێكی‌ سنوری‌ له‌جه‌نگه‌ دۆڕاوه‌كه‌یان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌، به‌رپرسانی‌ تاران خوازیارن له‌و قۆناغه‌ ناسكه‌ی‌ عێراقدا ئه‌و ڕێكه‌وتن‌و سازشانه‌ی‌ سه‌دام حسێن بكه‌نه‌ ئه‌مری‌ واقیع‌و له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌سته‌و گرووپه‌ هاوپه‌یوه‌نده‌كانیه‌وه‌ به‌شێك له‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ بكه‌نه‌ ده‌سكه‌وت‌و یان هیچ نه‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ پێوه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن، له‌پاڵئه‌مانه‌شدا تاران له‌وه‌ دڵنیایه‌ ئه‌مریكا به‌هۆی‌ گیرۆده‌یی‌ هه‌ردوو جه‌نگی‌ ئه‌فغانستان‌و عێراقه‌وه‌ ناتوانێت بیر له‌كردنه‌وه‌ی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ تری‌ جه‌نگ‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ زلهێزێكی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست.

دواجاریش پێشبینی‌ ناكرێت لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان، به‌هۆی‌ بڕینی‌ قووڵی‌ چه‌ندساڵه‌ی‌ نێوانیان له‌ململانێی‌ تایه‌فی‌‌و مه‌زهه‌بی‌ بتوانن كێشه‌و ناكۆكیه‌كانیان به‌لاوه‌بنێن‌و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ نیشتمانیدا ده‌ست بخه‌نه‌نێو ده‌ستی‌ یه‌كتره‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌وهێزه‌ عێراقیانه‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ده‌ستی‌ ئێران‌و ناتوانن به‌بێ‌ یارمه‌تی‌‌و پاڵپشتی‌ ئێران ببنه‌ سه‌نگێك له‌هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ عێراق، بۆیه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ سیناریۆی‌ سنوربه‌زاندن‌و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ ئێران له‌ئاینده‌شدا ئه‌گه‌ری‌ حه‌تمین.