عێراقی‌ دوو پیاوه‌كه‌ یان دوو مه‌زهه‌به‌كه‌

شفق نيوز

دۆخه‌ ناو ده‌نرێت، (عێراقی‌ دوو پیاوه‌كه‌)، واته‌ عێراقی‌ مالكی‌‌و عه‌لاوی‌.

 

له‌ڕاستیدا بابه‌ته‌كان زۆر له‌وه‌ قوڵترن، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س وای‌ پێده‌ڵێن، نازانرێت ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ ڕاستییه‌كان ده‌زانن‌و خۆیانی‌ لێ گێل ده‌كه‌ن، یاخود ئه‌وان زانیاریی زیاتریان لایه‌‌و خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌و سه‌روو ئاسایی نایزانن.

 

ئێستا مالكی‌ ته‌نها پیاوێك نییه‌، تا له‌كاتی‌ باس‌و خواسته‌كاندا له‌باره‌ی‌ كێشه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌، بووترێت عێراقی‌ مالكی‌، بۆ عه‌لاویش به‌هه‌مانشێوه‌، ڕاستییه‌كه‌ی‌ وایه‌ كه‌ بووترێت عێراقی‌ دوو مه‌زهه‌به‌كه‌.

 

ڕه‌نگه‌ كه‌سێك بپرسێت، باشه‌ خۆ مالكی‌ شیعه‌مه‌زهه‌به‌‌و عه‌لاویش به‌هه‌مانشێوه‌ شیعه‌مه‌زهه‌به‌، كه‌واته‌ بابه‌ته‌كه‌ دووره‌ له‌تائیفه‌گه‌رییه‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، ئه‌و پرسیاره‌ ڕاسته‌‌و وایه‌، ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌ی‌ ئێستای‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسی عێراق، هه‌ردووكیان شیعه‌ن، مالكی شیعه‌یه‌كی‌ عه‌یار بیست‌و یه‌ك‌و نه‌گۆڕا‌و‌و ئیشكه‌ر بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش بۆ شیعه‌كانی‌ عێراقه‌، به‌ڵام عه‌لاوی‌ كه‌سێكی‌ كاریگه‌ر به‌بیری‌ عه‌لمانی‌‌و خۆرئاوایه‌‌و له‌مامه‌ڵه‌ی‌ سیاسیدا له‌مالكی‌ نه‌رمتره‌، له‌ئێستادا ئه‌گه‌رچی‌ خۆی‌ شیعه‌مه‌زهه‌به‌، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی‌ زۆرینه‌یه‌كی‌ سوننی‌ ده‌كات، عه‌لاوی‌ به‌رگێكی‌ پێشتری‌ به‌عسییانه‌ دایپۆشیوه‌‌و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ ده‌نگیان پێداوه‌، به‌هه‌مان چاو بینیویانه‌‌و به‌نوێنه‌ری‌ خۆیانی‌ ده‌زانن، بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ زۆرینه‌یه‌كی‌ سوننی‌ - به‌عسی‌ - شۆڤێنی‌ له‌چوارده‌وری‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌‌و ئومێدی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌شی‌ لێده‌كه‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراقدا په‌راوێزخراون له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سوننه‌ بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ سه‌ده‌یه‌ك، شیعه‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵات كرده‌ ده‌ره‌وه‌‌و هه‌موو هه‌وڵێكی‌ خسته‌كار بۆ له‌ناوبردنی‌.

 

واته‌ ئێستا شه‌ڕه‌كه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ نێوان دوو پیاو بێت، وه‌ك ده‌وترێت، شه‌ڕی‌ نێوان دوو مه‌زهه‌به‌، شیعه‌‌و سوننه‌.

 

مالكی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌‌و ململانێكانی‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ سیاسیی عێراق ده‌كات، ئه‌گه‌رچی‌ شیعه‌ مالكی‌ وه‌ك تاكه‌ نوێنه‌ری‌ خۆیان نازانن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا ناوه‌نده‌ ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مالكی‌ وه‌ك هێمای‌ شیعه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا، له‌پاڵ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی‌ تری‌ ئه‌و مه‌زهه‌به‌دا ده‌بینن.

 

ته‌نانه‌ت زۆرجار مالكی‌ به‌وه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كرێت، كه‌ هێنده‌ شیعه‌یه‌كی‌ تۆخه‌، ته‌نانه‌ت هه‌وڵده‌دات عێراقێك دروست بكات، كه‌ درێژكراوه‌ی‌ ویلایه‌تی‌ فه‌قیهی‌ ئێران بێت.

 

مه‌زهه‌بی‌ سوننه‌ش له‌ئێستادا عه‌لاوی‌‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ دیكه‌ی‌ لیستی‌ ئه‌لعێراقییه‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ ڕِاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان ده‌بینن، به‌ڵام له‌ململانێكانی‌ قۆناغی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌ماندا، سوننه‌ وه‌ك فریادڕه‌سی‌ خۆی‌ ته‌ماشای‌ عه‌لاوی‌ ده‌كات‌و لیسته‌كه‌ی‌ وه‌ك ته‌نها په‌ناگه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن.

 

وه‌كو چۆن مالكی‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت له‌لایه‌ن سوننه‌مه‌زهه‌به‌كان یان به‌عسییه‌كان‌و شۆڤێنییه‌كانه‌وه‌، به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت (ئێرانێكی‌ بچووك) له‌عێراقدا بنیات بنێت، ئاواش هه‌م شیعه‌كانی‌ عێراق‌و هه‌م ڕوانگه‌ی‌ ئێرانیش وایه‌، كه‌ عه‌لاوی‌‌و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی‌ ده‌یانه‌وێت عێراق دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌په‌ناگه‌ی‌ به‌عسییه‌كان، یان بیلكێننه‌وه‌ به‌نیشتمانی‌ عه‌ره‌ب‌و بیكه‌نه‌وه‌ به‌ده‌روازه‌ی‌ پاراستنی‌ ڕۆڵه‌كانی‌ نیشتمانی‌ عه‌ره‌ب، ئه‌و نازناوه‌ی‌ كه‌ (سه‌دام حسێن) به‌و خه‌ونه‌وه‌ ملیۆنان ڕۆڵه‌ی‌ عێراق له‌كورد‌و شیعه‌‌و سوننه‌، به‌كوشتدا، له‌پێناوی‌ سه‌لماندنیدا ئه‌و نازناوه‌دا، یان وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌و ملیۆنان ڕۆڵه‌یان به‌سه‌دام به‌كوشتدا.

 

به‌كورتی‌ ده‌توانرێت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بووترێت، دوو پیاو شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراق، باشتروایه‌ ڕاستییه‌كه‌ی‌ بووترێت، واته‌ بووترێت له‌عێراق شه‌ڕی‌ هه‌ردوو مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ی‌ زۆرینه‌‌و سوننه‌ی‌ كه‌مینه‌یه‌، یان شه‌ڕی‌ لایه‌نگرانی‌ دروستكردنی‌ عێراقێكی‌ مه‌یله‌‌و نیشتمانی‌ عه‌ره‌ب‌و عوروبه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی‌ دروستكردنی‌ عێراقێكی‌ به‌ڕووخسار شیعی‌ مه‌یله‌‌و ئێران.

 

گۆران ئیبراهیم ئه‌حمه‌د