دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ئومێدێكی دیكەی بەگەلانی ئێراق بەخشی

شفق نيوز

وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی وڵات ئاڵۆزتر دەبێت، تائێستا لیستی ئەلئێراقییەو دەوڵەتی یاسا پێیانوایە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران مافی خۆیانە، ئەم دوو لیستە كە زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی ئێراقیان بەدەستهێناوە یەكلایی نەبۆتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە هاوپەیمانی نیشتمانی كە بەلیستی شیعەكانی كە بەلیستی شیعەكان ناسراوە ئەوانیش لە نێو خۆیاندا لەسەر كانیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوت.

مشتومڕەكە لە نێوان نوری مالیكی و عادل عەبدولمەهدی دایە، بەهۆی پێداگیری ئەو لایەنانە پڕۆسەی سیاسی ئێراق بە چەقبەستوویی ماوەتەوەو كاریگەریی خراپیشی لەسەر باری سیاسی و ئەمنی و ئابووری و كۆمەڵایەتی وڵاتدا كردووە، بەڵام لەئێستادا هەوڵێك لە ئاراداییە بەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر كاندیدكردنی كاندیدێك لەنێوان نوری مالیكی و عادل عەبدولمەهدی رێكبكەوێت، ئەگەر ئەمە كرا پرۆسەی سیاسیی بەرەوپێشەوە دەچێت و رەنگە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی ئێراق لێبكەوێتەوە.

لەسەر هەڵوێستەكردن لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ئێراق، سەركردایەتی سیاسی كوردستان و خودی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان هەمیشە لەگەڵ چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكەدابوونە، تەئكیدیان لەپێكهێنانی حكوومەتێكی شەراكەت و بنكەفراوان تێیدا سەرجەم لایەنەكانی ئێراق بەشداربن، ئەم داواكاریی و داخوازییەی كوردیش تەنیا بەسوودی ئێستای وڵات و گەلانی ئێراق دەشكێتەوە، هەمیشە سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە كورد بەشێكە لە چارەسەركردن نەك كێشەكانی ئێستای ئێراق و هەرواش بووە، لێرە دەردەكەوێت كورد هەمیشە لەچارەكردنی ئاریشەكان دابووەو لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و شەراكەت و بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش تائێستا هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەهەڵوێست و ئەنجامدانی دیدارو كۆبوونەوەكانی لایەنەكانی ئێراق بەدینەهاتووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بۆیە ئەمجارەش ئێراق پێویستی بەهەوڵ و كۆشش و رێنوینیەكانی سەرۆك بارزانییە بۆ ئەوەی لەم تەنگژە ئاڵۆزەدا رزگاری بێت و پاش شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن حكوومەتێكی نوێ بێتە ئاراوە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە سەرۆكی كوردستان دەستپێشخەرییەكی راگەیاند ئەو دەستپێشخەرییە لەئێستادا لەرێگای ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان (كە لەنوێنەری سەرجەم لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی ئێراق پێكهاتووە) بەلایەنەكانی دیكەی ئێراق دراوە، بە گوتەی ئەندامێكی شاندەكە لەكاتی پێدانی دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی هیچ لایەنێك تێبینیان لەسەر نەبووە، دەستپێشخەرییەكەی ئەمجارەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە جەخت لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەشداریی سەرجەم لایەنەكان دەكاتەوە، ئومێدێكی دیكەی بەگەلانی ئێراقدا بۆ ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە هەوێنێك تا جارێكی دیكە گوڕوتین بە وتوێژەكانی لایەنەكان بداتەوەو لەدواجاریشدا پێكهێنانی حكوومەتی نوێی ئێراقی لێبكەوێتەوە.هەمیشەش لایەنە سیاسییەكانی ئێراق بەگرنگیەوە لە تێبینی و پێشنیازو دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی دەڕوانن، بەجۆرێك هەر كاتێك كێشەو ئاریشەی ئاڵۆز لەئێراق سەرهەڵبدات و چارەسەركردنی زەحمەت بێت، دۆخەكە بەرەو لایەنی چارەسەركردن دەچێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ئێراق لەم بارە ناسەقامگیرو ئاڵۆزو چەقبەستووە رزگار بكات و حكوومەتێكی نوێی بنكەفراوان و شەراكەت پێك بێت