كورد له‌ گێمێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا

شفق نيوز

خۆی، له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

عه‌للاوی كه‌ به‌ ژماره‌ی كورسی و ده‌نگدان توانی له‌ مالیكی بباته‌وه‌، به‌ڵام به‌خت یاوه‌ری نه‌بوو، چونكه‌ ڕكابه‌ره‌كه‌ی‌ به‌و دۆڕانه‌ ساحه‌كه‌ی چۆڵ نه‌كرد و توانی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و عیراقیش یارییه‌كی زیره‌كانه‌ بكات و ته‌نانه‌ت هه‌ردوو زلهێزی خاوه‌ن نفوس له‌ عیراق و ئه‌مریكا و ئێران به‌ لای خۆیدا ڕابكێشت و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی دروستبكات.

به‌مه‌ش مالیكی به‌ڕه‌ی له‌ ژێر پێی عه‌للاوی ده‌ركرد و سه‌لماندی یاریكه‌رێكی به‌هێزی سه‌ر ساحه‌ی عیراقه‌.

له‌م ماوه‌یه‌دا كورد له‌سه‌ر مه‌دره‌جه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشاكه‌ربوو، ته‌نانه‌ت وه‌ك جاران ڕۆڵی ناوبژیكه‌ری نه‌بینی و لێگه‌ڕا تا براوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌مه‌یه‌، به‌ده‌ركه‌وت.

له‌دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ مالیكی ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ كوردیش بێته‌ ناو گۆڕاپانه‌كه‌ و هونه‌ری خۆی بخاته‌ كار تا ئێمه‌ش چه‌پڵه‌ی ئافه‌رینی بۆ لێ بده‌ین.

ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی پێشوودا كورد ته‌نها بینه‌ربووبێت ئه‌وا ئیتر ده‌بێت بێته‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی پێشوو بینیمان هه‌میشه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو هێز و توانایه‌وه‌ هه‌موو ته‌كتیك و ته‌نانه‌ت فرت و فێڵ و پلان و پیلانێكیان خستۆته‌كار له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كاندا.... زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن ئه‌گه‌ر كورد باشتر یاریی بكردایه‌ و بیزانیایه‌ كارته‌كانی به‌كاربێنێت ده‌یتوانی ده‌سكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ستبێنێت.

نموونه‌ی ئه‌و داوایانه‌ی كه‌ كورد له‌ماوه‌ی پێشوودا كورتی تێدا هێناوه‌ زۆره‌، ئه‌گه‌ر ڕیزیان بكه‌ین زۆری ده‌وێت، له‌ هه‌موو جاره‌كانیشدا نوێنه‌ری كورد له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی به‌غدا بیانووی جۆراوجۆریان هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ شكسته‌كانیان.

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عیراقدا ده‌گوزه‌رێت به‌ ته‌نها یاریكردن نییه‌ له‌گه‌ڵ یارزانه‌ عیراقییه‌كان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشیدا یاریكردنه‌ له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و ئه‌جێندای خۆی هه‌یه‌ له‌ عیراقدا.

مالیكی ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن زۆربه‌ی هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌مریكاوه‌ گڵۆپی سووری بۆ هه‌ڵكراوه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی سوننه‌كان له‌ كوتله‌كه‌ی عه‌للاویدان و به‌ ئاسانی نایه‌نه‌ ژێرباری فه‌رمانڕه‌وای مالیكی، ئه‌وه‌ پێویستی زۆری به‌ كورده‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی ڕابگرێت و وا خۆی نیشانبدات كه‌ ده‌توانێت حكومه‌تی نیشتمانیی بنكه‌فراوان پێكبێنێت. له‌م كاته‌دا به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو شكست و كه‌مته‌رخه‌می و هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كان ئه‌ركی یاریزانه‌كانمانه‌ یاریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ببنه‌ گۆڕه‌پانی مالیكی و به‌رله‌وه‌ی چه‌پكه‌گوڵی پیرۆزبایی بۆ ببه‌ن و بهێڵن بۆ جاری دووه‌م له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دابنیشێت، مافه‌ به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌كانی گه‌لی كوردی له‌گه‌ڵدا یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، نه‌كه‌ن ئه‌مجاره‌ش بیسپێرن به‌ به‌ڵێن و موجامه‌له‌ و دوایی به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ بێنه‌وه‌ بۆ كوردستان. بیریشمان نه‌چێت له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌ كورد له‌ به‌غدا ساڵ به‌ ساڵ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و كه‌سیش ناتوانێت گره‌نتی ئاینده‌ی كورد بكات.